سەرۆکی دامەزراوە

دكتۆر محەمەد سابیر ئیسماعیل


 کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی ژیانی باڵیۆز د. محەمەد سابیر بە پی دی ئێف
باڵیۆز دكتۆر محەمەد سابیر ئیسماعیل
پیشە: باڵیۆز (خانەنشین)
ساڵ و شوێنی لەدایكبوون: 1 – 7 -1947 - سلێمانی
باری خێزانی: خێزاندارە و خاوەنی كوڕ و كچێكە، بەناوەكانی (ئاگری ونازكاڵێ)
ئەو زمانانەی دەیزانێت: عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی، سویدی.

ئاستی زانستی:

• بڕوانامەی ئامادەیی لە بەشی زانستی ساڵی 1964 -1965 لە ئامادەیی سلێمانی كوڕان.
• بەكالۆریۆس لە فیزیادا ساڵی 1969 كۆلێجی زانستی زانكۆی بغدا.
• ماجستێر لە فیزیای ئەتۆمی ساڵی 1983 لە زانكۆی ستۆكهۆڵم - سوید. 
• دكتۆرا لە فیزیای ئەتۆمی - زەڕی ساڵی 1988 زانكۆی ستۆكهۆڵم - سوید.
• دبلۆم لە زمانی سویدی ساڵی 1978 - ئۆبسالا.
• دبلۆم لە زمانی فەرەنسی ساڵی 1995 لە زانكۆی سۆربۆرن.
• دبلۆمی باڵا لە زمانی فەرەنسی لە زانكۆی جنێڤ (سویسرا) ساڵی 2014.
• دبلۆمی باڵا لەبواری دبلۆماسی، سیاسی و ئیداری ساڵی 1999.
• بەڵگەنامەی كاركردن وەك بەڕێوەبەر لە كارگەیەكی ئەلەمنیۆمی فەرەنسی لەشاری گرینۆیل بۆ مەشق كردن لەسەر چۆنیەتی دروستكردنی كاغەزی ئەلمنیۆم (رقائق الالمنیوم) ساڵی 1976. 
چالاكییە جۆراوجۆرەكانی لە بواری سیاسی، دبلۆماسی و ئەكادیمی:

بوارە سیاسیەكان :

• لە تەمەنی 17 ساڵیدا، ئەندامی لیژنەی جێبەجێكاری (هیئەی ئیداری)، لە یەكێتیی قوتابییانی كوردستان لە ساڵی 1964 تا كۆتایی 1965.
• ئەندامی ڕێكخراوی پارتی دیموكراتی كوردستان (باڵی مەكتەبی سیاسی) بووە لە زانكۆی بەغدا ساڵی 1965- 1969.
• ساڵی 1969 1969 دووبارە هەڵبژێرداوەتەوە، بەئەندامی (هیئەی ئیداری) واتە سەركردایەتیی یەكێتیی قوتابییانی كوردستان، لە كۆنفرانسی بەكرەجۆدا، وە ئەركی لێپرسراوی لقی سلێمانی پێسپێردرا.
• ساڵی 1970-1971 ئەندامی نهێنی لیژنەی ناوچەی سلێمانی بووە (باڵی مەكتەبی سیاسی).
• ساڵی 1971-1974 ئەندامی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە سلێمانی، پاش تێكەڵاو بوونەوەی هەردوو باڵەكەی پارتی.
• ساڵی 1972 -1974 بەرپرسیاری هەرێمی سلێمانی كۆمەڵەی ماركسی لینینی (كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان) بوو.
• لە ساڵی 1974 زەمالەی خوێندنی باڵای هەبووە لە بولغاریا وە هەموو كاروبارێكی زەمالەكەی بولغاریەی تەواو كردبوو، وە لەسەر رۆیشتن بوو بۆ بولغاریا لە هەمان كاتیشدا (پاڵێوراویش بوو بۆ زەمالە لە بەریتانیا و قاهیرە) بۆ خوێندنی دكتۆرا لە فیزیای ئەتۆمدا، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان سەركردایەتیی سیاسی ئەوسا و ڕژێمی سەدام وازی لە زەمالەكەی هێنا و چووەتە نێو ڕیزەكانی شۆڕشەوە.
• ساڵی 1974-1975 پاش چوونە دەرەوەی بۆ ناو ریزەكانی شۆڕش و لە هەمان ساڵدا ماوەیەك ئەندامی لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ بووە پاشان گوازراوەتەوە، بۆ ئەندامێتی لیژنەی ناوچەی قەزای سلێمانی لە یاخسەمەر تا ئاشبەتاڵ.
•   ساڵی 1977 تا ساڵی 1992 لێپرسراوی لقی ئەروروپای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.
•    ساڵی 1976-1991 بەرپرسیاری ڕێكخراوی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان بووە لە ئەوروپا.
•   لەنێوان ساڵانی 1977-1992 هەموو خۆپیشاندانەكان و مانگرتن لە خواردن كەلە ڕژێمی پێشووی عێراق و باڵوێزخانەكانیان ئەنجام ئەدرا" د. محەمەد سابیر" سەرپەرشتی كردووە و پلان داڕێژەر و بەشداربووە بە تایبەت لەو وڵاتانەی كە خۆی لێیبووە وە سەرپەرشتی ئەو وڵاتانەشی كردووە كە لێی نەبووە، وەك (خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا، سوید و وڵاتانی تریش) وەك  بەرپرسی لقی ئەوروپای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵەی ڕەنجدەران .
• لەكاتی بەرپرسیارێتیی لق و ڕێكخراوی كۆمەڵە لەدەرەوەی ووڵات گۆڤارێكیان بەناوی (ڕاپەرین) لە وڵاتی سوید، (دەنگی یەكێتیش) كە گۆڤارێكی مانگانە بوو وەك لقی ئەوروپای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە چاپیان دەگەیاند وبڵاویان دەكردەوە لەناو ئەوروپادا، هەموو بڵاوكراوەكانی كە لەناوەوەی كوردستان دەردەچوو "د. محەمەد سابیر" لە لقی ئەوروپا سەرپەرشتی چاپكردنەوەی دەكرد و لە ئەوروپا بڵاویان دەكردەوە. لەگەڵ چەندین گۆڤاری تر بە ئینگلیزی، عەرەبی و كوردی لەدەرەوە  سەرپەرشتی چاپكردن و بڵاوكردنەوەی كردووە.
•  لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی ساڵی 2001 هەڵبژێردراوە بە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تا كۆنگرەی سێیەمی ساڵی 2010 بە ئەندامی سەركردایەتی ماوەتەوە.
• لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە لە ساڵی 2010 لە سلێمانی بەسترا، هەڵبژێردراوە بە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
• ساڵی 2018 پاش هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، بەربژێری فەرمی ناوەندی یەكێتیی نیشتماینی كوردستان بووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

بوارە دبلۆماسییەكان :

•  ساڵی 1993 تا 2001 نوێنەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە فەرەنسا.
• ساڵی 2001 تا 2004 نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا. لەو ماوەیەدا لە هەموو دیدارەكانی سەرۆك مام جەلال بەشدار و ئامادەكار بووە لەگەڵ هەریەك لە (دیك تشین، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و دۆناڵد رامسفێڵد وەزیری بەرگری و كۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی ئەمریكا) كە كۆبوونەوەی ئەنجامداوە. زیاتر لەوەش دیداری لەگەڵ كۆنگرێسمانە بەناوبانگەكانی وەك (جۆبایدن وجون مەكین وهیلاری كلینتۆن) ودەیان كۆنگرێسمان وسیاسەتمەداری ئەو كاتە وەك كیسینجەر و ولفوویتز ئەنجامداوە.
•   نوێنەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كردووە، لەزۆربەی كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە وڵاتانی جیهان.
• نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كردووە، بۆ زۆرینەی كۆبوونەوەكانی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال لە وڵاتانی جیهان لەنێوان ساڵانی 1979 تا 2001، هەروەها وەک نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری هەموو كۆنگرەكانی پارتە سۆشیالیست و چەپەكانی ئەوروپای كردووە لەنێوان ساڵانی 1978 -2001.
• وەك نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەندین زەمالەی خوێندنی بۆ خوێندكارانی كورد، وەرگرتووە لە وڵاتانی دەرەوە.
• وەك یەكێك لە ئەندامانی شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ، بەشداربووە لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ساڵی 1991 لە وڵاتی لوبنان.
• وەك یەكێك لە ئەندامانی شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشداربووە لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ساڵی 1992 لە وڵاتی نەمسا.
• وەك یەكێك لە ئەندامانی شاندی یەكێتـیی نیشتماینی كوردستان، بەشداربووە لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ساڵی 1992 لە وڵاتی مصيف صلاح الدين.
• وەك یەكێك لە ئەندامانی شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشداربووە لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ساڵی 2001 لە نیۆرك.
• وەك یەكێك لە ئەندامانی شاندی یەكێتـیی نیشتمانیی كوردستان، بەشداربووە لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ساڵی 2002 لە لەندەن.
• ساڵی 2004 بووە بە باڵێۆز لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
• لە ئەیلولی 2004 وە بووە بە باڵیۆزی عێراق لە كۆماری چینی میللی.
• ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ئەنجومەنی باڵێۆزانی عەرەب و بۆ ماوەیەكیش سەرپەرشتیاری (ڕاگری سلكی دیبلۆماسی بالێۆزانی عەرەبی) بووە لە وڵاتی چین.
• سەرۆكی وەفدی عێراق بووە بۆ كۆبەندی (عەرەبی- چینی) لە (پەكین -دۆحە- قاهیرە).
• سەرۆكی وەفدی عێراق بووە بۆ كۆبەندی (عەرەبی -یابانی) لە تونس لە ساڵی 2012.
• سەرۆكی هەموو وەفدەكانی عێراق بووە، بۆ كۆبوونەوەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتیی وڵاتانی ئاسیا (CICA) كە لە (ئیستەنبوڵ، كازاخستان، چین) گیرا بوو لەنێوان ساڵانی 2010 -2013.
• لە ڕێکەتی 20-5-2010وە سەرۆكی دائیرەی ئاسیا و ئوسترالیا بووە، لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
• لە ڕێکەوت 17-4-2013 تا 1-1-2016 بووە بە باڵیۆزو نوێنەری هەمیشەیی وڵاتی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف.
• ساڵی 2013 عێراق سەرۆكایەتیی كۆنگرەی داماڵینی چەكی ئەتۆمی وەرگرت، كە د. محەمەد سابیر سەرۆكایەتی دەكرد، ئەم كۆنگرەیە ئۆرگانێكی گرنگی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكانە و بارەگاكەی لە جنێیڤە.
• كۆنگرەی داماڵینی چەكی ئەتۆمی 65 وڵات ئەندامن لەو كۆنگرە جیهانیەدا. عێراقیش یەكێكە لەو 65 ئەندامە، ساڵانە كۆبوونەوكانی ئەو كۆنگرەیە لەلایەن نوێنەرانی ئەو 65 وڵاتەوە دەبێت بە دەوری و بە گوێرەی پیتی (ئەبجەدی)، ناوی هەر وڵاتێك لەو 65 ووڵاتە بۆ هەر خولێكی كۆنگرەكە دیاری دەكرێت، هەموو ئەندامی ئەو كۆنگرەیە مافی ڤیتۆ یان هەیە، بریارەكان دەبێت بە كۆی دەنگی هەموو ئەندامان بێت، واتە بە (اجماع) بێت بۆیە بریار وەرگرتن لە كۆنگرەیەكی ئاوا گەورەدا زۆر قورسە، چونكە هەر دەوڵەتێك ڕاوبۆچوونی جیاوازی هەیە لەسەر بڕگەكانی داماڵینی چەكی ئەتۆمی، بەرژەوەندیەكانی خۆیان لەسەروو هەموو شتێكەوە دائەنێن، دیارە قورسی پرسەكە كە پابەندە بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانییەوە، بەتایبەت لەو كۆنگرەیەدا كێشەی گەورەی نێوان هندستان و پاكستانە لە رووی بەرهەم هێنانی چەكی ئەتۆمی و ( موادە) تیشكدارەكان و كڵاوەی ئەتۆمی و تیكنۆلۆجیكەیەوە بۆیە زۆر زەحمەتە بڕیار وەربگیرێت لەم كۆنگرەیەدا، هەر لەبەر ئەو هۆكارانەش بووە كە عێراق سەرۆكایەتی ئەم كۆنگرەی وەرگرت، ماوەی 17 ساڵ بوو كۆنگرە نەیتوانی بوو هیچ بریارێك لەسەر بەندەكانی چۆنیەتی داماڵینی چەكی ئەتۆمی وەرگرێت و چەقی بەستیوو لە شوێنی خۆیدا، چونكە پاكستان لە دواین بەشی كۆبوونەوەكاندا ڤیتۆی بەكار دەهێنا.
• لەو كۆنگرەیەدا كە د. محەمەد سابیر، وەك نوێنەری هەمیشەیی عێراق سەرۆكایەتی دەكرد و لە دانیشتنی یەكەمی كردنەوەی كۆنگرە كە بەرێز هۆشیار زێباری، وەزیری ئەو كاتەی دەرەوەی عێراق بەشداربوو، ووتاری عێراقی پێشكەش كرد و ڕاوبۆچوونەكانی دەوڵەتی عێراقی لەمەر داماڵینی چەكی ئەتۆمی خستە بەر دەست ئەندامانی كۆنگرە.
• سەبارەت بە سەرۆكی ئەو خوولەی كۆنگرە كە (د.محەمەد سابیر) سەرۆكایەتی دەكرد ئەركێكی زۆر قورس و ئەستەمی لەبەر دەمدا بوو، چونكە كارێكی وا ئاسان نەبوو بۆیە لە یەكەم رۆژی دەست بەكاربوونییەوە، دەستی كرد بە كۆبوونەوەو دانووستاندن لەگەڵ هەموو باڵیۆزو نوێنەرانی هەموو وڵاتانی ئەندامی كۆنگرە پرۆگرام و نەخشەی كاری خۆی خستە بەردەمی هەموویان بە تایبەتی پاكستان. دوای هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر و چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەشداربووەكان كە بۆ ماوەی 3 مانگ كۆبوونەوەكان بە درێژایی ڕۆژەكان و بە بێ ماندوو بوون و بەردەوام بوو، رۆژ نەبوو كێشە نەیەتە پێشەوە و هەوڵی چارەسەر كردنی نەدرێت، خۆشبەختانە دواجار لەو كۆنگرەیەدا بە سەرۆكایەتیی د. محەمەد سابیر، بە نوێنەرایەتیی عێراق، دوای (17) ساڵ، توانرا بریارێكی نوێ وەربگیرێت بە كۆی دەنگی هەموو ئەندامانی كۆنگرە، كە ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ ووڵاتی عێراق پاش چەندین ساڵ، بە هەوڵی سەرۆكایەتی( د. محەمەد سابیر) و تیمەكەی ئەو بڕیارە وەرگیرا لەسەر پرۆگرامی داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە جیهاندا، دیارە ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ عێراق و خودی دكتۆر محەمەد.
بۆیە چەندین نامەی پیرۆزبایی و دەست خۆشی و سەركەوتن بۆ د . محەمەد سابیر نێردرا، لەلایەن ووڵاتانی ئەمریكاو بەریتانیا و فەرەنسا و چین و روسیا و چەندین وڵاتی تر، هەروەها سوپاسگوزاری و دەست خۆشی وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرجەم باڵیۆزەكانی عێراق و ئەو باڵیۆزانەی وڵاتان كە لە جنیێڤ كاریان دەكرد، پێشكەش كرا.
•            دكتۆر محەمەد سابیر ئەندامی وەفدی عێراقی بووە كە بە سەرۆكایەتیی وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامدرا بۆ كۆبوونەوەكانی جنێڤ (2) سەبارەت بە كێشەی سوریا، كە لەلایەن كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ڕێكخرا بوو سەرپەرشتی دەكرا لە بارەگای سەرەكی (UN) لە جنێڤ و هەروەها لە شاری مۆنترۆی سویسرا كە چەند کۆبوونەوەیەکی لەو شارە گێڕدرا.

بوارە زانستی و ئەكادیمییەكان:

• پێشكەشكردنی داوا و فۆڕمی دامەزراندن لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1990، بەڵام بەهۆی كورد بوونیەوە وەرنەگیرا، وەڵامدانەوەی ئەو ئاژانسە بۆ دكتۆر محەمەد سابیر بەم جۆرە بوو: (ئەگەر چی هەموو مەرجەكانی وەرگرتنی ئەو پۆستەی كە داوات كردووە لە تۆدایە بەزیادەوە، بەڵام بۆ وەرگرتنی پۆست لەم ئاژانسە دەبێت ئەو كەسە خاوەن دەوڵەت بێت و دەوڵەتەكەی بۆی داوا بكات، ئینجا وەردەگیرێت لەو ئاژانسەدا) هەروەكو ئاماژەی پێكرا سەرجەم مەرجەكانی تێدا بوو جگە لە نەبوونی دەوڵەت.
•توێژەر بووە لە زانكۆی سلێمانی- كۆلێژی زانست- بەشی فیزیا لە ساڵی 1971 تا ساڵی 1975.
• هاوشانی خوێندنی دكتۆرا لە زانكۆی ستۆكهۆڵم مامۆستای یاریدەدەر بووە لە زانكۆكە لەنێوان ساڵانی ( 1981-1988).
• مامۆستا بووە لەبەشی توێژینەوە و گەشەپێدانی ئەتۆمی لە زانكۆی ستۆكهۆڵم لە سوید، لەنێوان ساڵانی 1983-1992.
• توێژەر بووە لە دەزگای پشكنینی ئەتۆمی (SKI) لە وڵاتی سوید، لەنێوان ساڵانی 1989-1992.
• بڵاوكردنەوەی 14 توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە فیزیای ئەتۆمی لە گۆڤارە بەناوبانگەكانی جیهان (جێگەی ئاماژە پێكردنە توێژینەوەی ئەتۆمی یەكێكە لە توێژینەوە باڵاكانی ئێستای دنیا).
•بەشداریكردووە لەزۆربەی كۆنفرانسە زانستییە نێودەوڵەتیەكاندا، كە لەبواری ئەتۆمدا بووە، لە وڵاتانی ئەسكەندەناڤی (سوید، دانیمارك، فنلەندا و ئایسلاند) هەروەها لەو كۆنفرانسانەی كەلە فەرەنسا و بەلجیكا و وڵاتانی تری ئەوروپا گیراوە، لەو بوارەدا ئەنجامی توێژینەوەی خۆی پێشكەش بە كۆنفرانسەكان كردووە.

بەشێك لەو دیدار و كۆبوونەوە تایبەتە لەگەڵ ئەم بەڕێزانەی خوارەوە بوون:

دكتۆر محەمەد سابیر، وەك كارەكتەرێكی ئەكادیمی و زانستی و سیاسی، خاوەن پەیوەندییەكی بەرفراوانی نێودەوڵەتییە و زۆرێك لەو پەیوەنیانەی بەكارهێناوە بۆ خزمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دۆزی كورد، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجامداوە، لەگەڵ سەرۆك و سەركردە ناودارەكانی دنیایی سیاسی و دبلۆماسی، كە سەرجەمیان لەئێستادا بۆتە خەرمانێكی گەورە بۆ حكومەتی هەرێم و كۆدەنگی دۆزی كورد، لەوانە:
• كۆڵن پاوڵ، وەزیری دەرەوەی پێشوو تری ئەمریكا.
• رامسفێڵد، وەزیری بەرگری ئەمریكا (چەندین جار).
• كۆندۆلیزا رایس، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی پێشووتری ئەمریكا.
• سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی یابان.
• سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا.
• سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی وڵاتی هندستان.
• سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆریای باشور.
• سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی كازاخستان.
• سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئازربایجان.
• سەرۆك كۆماری ئەندەنوسیا.
• ویڵی براند، سەرۆكی سۆسیالیست ئەنترناسیۆناڵ (كەسایەتییەكی گەورەی جیهانی بوو).
• ئولف پاڵمیە، سەرۆك وەزیرانی سوید.
• ستیڤن ئەندەرشۆن، وەزیری دەرەوەی سوید.
• ئینگ ڤاركارلسۆن، سەرۆك وەزیرانی سوید.
• ئامادەكردن و ئەنجامدانی سەردانێكی مێژوویی هەڤاڵ "سەرۆك مام جەلال" كە ئەو كات سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ بوو، بۆ وڵاتی چین و دیداری لەگەڵ سەرۆك كۆماری چینی میللی، كە بۆ جاری یەكەم بوو لە مێژووی وڵاتی عێراق و لەسەرەتای دروست بوونی پەیوەندی دبلۆماسی لەنێوان وڵاتی عێراق و چینی میللی لە 1958ەوە سەرۆك كۆمارێكی عێراق سەردنی كۆماری چینی میللی بكات، كە لە سەردانەدا ( سەرۆك مام جەلال) چاوی كەوت بەسەرۆك كۆمار، سەرۆكی وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، سەرجەم دەسەڵاتدارانی حزبی و حكومی وڵاتی چین، لەوەش گرنگتر لەو سەردانەدا و لەسەر داوای سەرۆك مام جەلال وڵاتی چین بڕیاریدا لەقەرزی زیاتر لە (7) ملیار دۆلاری سەر وڵاتی عێراق خۆشبێت.
• دوو جار ئامادەكاری و سەرپەرشتی كردنی سەردانی هەڤال (سەرۆك مام جەلال) وەك سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە، بۆ لای بەرێز (فرانسۆ میتران) سەرۆك كۆماری فەرەنسا، كە دیدارەكانی زۆر سەركەوتوو و پربایەخ بوون،لەگەڵ زۆرینەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، "د.محەمەد سابیر" بۆ هەردوو جارەكە بەشدار بووە لە كۆڕ و كۆبوونەوەو سەردانەكەی سەرۆك مام جەلال.

هەوڵەكانی لە بوارە جۆرا و جۆرەكان، لەپێناوی دۆزی كورد و ئاشنابوونی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە:

• پەیوەندی لەگەڵ چەندین ڕێكخراوی جیهانی درووستكردووە بۆ هاوكاریكرنی هەرێمی كوردستان.
• پەیوەندییەكی پتەوی لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەرەنسا درووستكردووە.
• پەیوەندییەكی پتەوی لەنێوان هەرێمی كوردستان و زۆر لە وڵاتە ئەوروپییەكان درووستكردووە.
• لە وڵاتی فەرەنسا و لەماوەی نوێنەرایەتیكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، دیداری ئەنجامداوە لەگەڵ كەسایەتییە دیارەكانی ئەو وڵاتە وەك (دوو جار فرانسوا میتران سەرۆك كۆماری فەرەنسا، دوو جار ئالان ژوپیە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، فرانسوا لیوتار وەزیری بەرگری فەرەنسا، جەردین جار بیرنارد كۆشنەر، وەزیری مافی مرۆڤی فەرەنسا، وەزیری كولتووری فەرەنسا جاك لانگ).
لە چالاكییە سیاسیەكانی لە فەرەنسا چاوی كەوتووە بە سەرۆكی پەرلەمان و سیناتۆر و سەرۆكی زۆربەی حزبەكانی فەرەنسا وەك میشیل روكارد و فرانسوا ئولاند ...هتد.
• ئەو كاتەی "د.محەمەد سابیر" باڵیۆز بووە لە چین و جنێڤ، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی تر پەیداكردووە بۆ نموونە، لە چین پەیوەندی لەگەڵ 165 باڵیۆزی وڵاتان هەبووە و ت ئێستاش ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ زۆربەیان بەردەوامە و بەهەمان شێوەش لە جنێڤ.
• ساڵی 2014 لە هۆڵی مافی مرۆڤ، لەنەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەكەم جار سمینارێكی گەورەی سازكرد وەك باڵیۆزی عێراق لەسەر هەڵەبجە و ئەنفال و زیاتر لە 120 دیبلۆمات و شارەزا و باڵیۆزی وڵاتان بەشداریان تێدا كردوو وتاریان پێشكەش كرد، لەو سیمینارەدا  فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری پێشكەش كرا، سەبارەت بە تاوانەكانی ڕژێمی عێراق دژی گەلی كورد لەهەڵەبجە (لە ئەنفال و كیمیاباران و لەسێدارەدان) یەكەم جار بوو لە مێژووی نەتەوە یەكگرتووەكاندا سیمینارێكی وا گەورە ڕێكبخرێت سەبارەت بەتاوانەكانی ڕژێمی بەعسی عێراقی بەرامنەر بە كورد و كیمیابارانی هەڵەبجەو و ئەنفال وە ئەو ژمارە زۆرەی ئەو باڵیۆزانەو دیبلۆماتكارانەری (UN) ئامادەبێت، كە ئەم سیمینارەش دكتۆر محەمەد سابیر پێشكەشی كرد بە ناوی (هەڵەبجە و ئەنفال) لەو كۆنفرانسەدا وەفدێكی یاسایی هەرێمی كوردستان و عێراق بەشداریان تێدا كرد، هەروەها كۆمەڵێك شارەزا لەبواری چەكی كیمیایی و جینۆساید لە وڵاتانی سویسرا، نەمسا و فەرەنسا بەشداریان كرد و دید و بۆچوونی خۆیان پێشكەش بە كۆنفرانسەكە كرد، كە ڕۆژێكی تەواوی خایاند.
• لە بەرواری 9-9-2004 تا 30-4-2020 باڵیۆزی عێراق بووە لە كۆماری چینی میللی. لەماوەی كاركردنی وەك باڵیۆزی عێراق لە چین توانیویەتی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ پارتی كۆمیۆنیستی چینی پەیدا بكات و تەنانەت لەسەر ئاستی حزبیش توانیویەتی ساڵانە دوو وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فەرمی بانگهێشتی وڵاتی چین بكات، وەفدێك لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی و وەفدێك لەسەر ئاستی كادرە پێشكەوتووەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەماوەی كاركردنی وەك باڵیۆزی عێراق لە چین دیداری لەگەڵ زۆربەی سەركردە عەرەبەكان ئەنجامداوە كە سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە وەك (پادشای ئوردن، سەرۆكی سۆدان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، كوەیت و فەلەستین) چەندین جار لەگەڵ مەحمود عباس یەكتریان بینیوە و دیداریان ئەنجام داوە.
• پێشوازی كردن لە وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێز هۆشیار زێباری چ لەو كاتەی كە لە چین بووە یان كە لە جنێڤ بووە، وەكو باڵیۆزی عێراق بەهەمان شێوە پێشوازی كردن و ڕێكخستنی هەموو سەردانەكانی وەزیرە جۆر بە جۆرەكانی عێراق چ ئەوانەی هاتوون بۆ چین یان ئەوانەی هاتوون بۆ جنێڤ و هەروەها هەموو ئەو وەفدانەی عێراق كە هاتوون بۆ چین یا جنێڤ، لەو كاتەی كە باڵیۆزی عێراق بووە لەو دوو وڵاتە.
• پێشوازیكردن لە بەڕێز ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی عێراق لە جنێڤ.
• بۆ یەكەمجار لەلایەن نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە جنێڤ دكتۆر محەمەد سابیر و هاوسەرەكەی ( هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد) لەبارەگای سەرەكی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) لە جنێڤ، پێشانگایەكی فۆلكلۆری و بازاری بەرهەمە عێراقییەكان و جلوبەرگی كوردی نمایشكرا و هەموو نوێنەرانی هەمیشەیی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵە كولتوورییەكان كە لە جنێڤ بوون، سەردانی ئەو پێشەنگایەیان كرد و سەرۆكی ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بەرێز ( مایكل مولەر) بوو وە لێپرسراوانی حكومەت و هەموو باڵیۆزەكان و دبلۆماتكارەكان سەردانی پێشانگاكەیان كرد و ڕۆڵێكی زۆر باشی بینی لە ناساندنی كولتوور و بەرهەمەكانی عێراق و جلوبەرگی كوردی و میوزیکی كوردی، بە هەموو نوێنەران و ئەندامانی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان و گەلی سویسرا.
• ئێستا دكتۆر محەمەد سابیر پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرجەم كۆمسیۆنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ.
• باشترین پەیوەندی هەبوو لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتریز، سەرۆكی پەنابەرانی جیهانی (UNHCR) بوو لە جنێڤ و ئێستاش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە نیۆرك.

دیدار و نووسین و چاوپێكەوتنە ڕۆژنامەوانییەكان:

• لە وڵاتی سوید چاوپێكەوتنی كردووە، لەگەڵ زۆرینەی كە ناڵە میدیاییەكان و ڕۆژنامەكانی وەك (داگس نیوهێتەر، سڤانسكاداگ بلادت و ئافتونی بلاد...هتد) سەبارەت بە دۆزی كورد و سیاسەتە پڕتاوانەكانی دەسەڵاتدارانی رژێمی پێشووی عێراق كە دژ بە گەلی كورد پیادەیان كردووە.
• لە وڵاتی فەرەنسا چاوپێكەوتنی كردووە لەگەڵ زۆرینەی كەناڵە میدیاییەكان ورۆژنامەكانی وەك (لوموند، فیگارو، لیبراسیون... هتد).
• لە وڵاتی ئەمریكا چاوپێكەوتنی كردووە لەگەڵ زۆرینەی كەناڵە میدیاییەكان و ڕۆژنامەكانی وەك (FOX News, CNN، نیویرك تایمز و واشنتۆن پۆست... هتد).
• لە وڵاتی چین چاوپێكەوتنی ئەنجامداوە لەگەڵ زۆربەی ڕۆژنامەكانی وەك (China Times ,China Daily ، ڕۆژنامەی گەلی چین زمانحاڵی پارتی كۆمیونستی چین)وە چەندین چاوپێكەوتن لە كەناڵەكانی چین وەك (CCTV,CCTV3,phonex TV)  ئەم كەناڵانە شارەزان لە چاوپێكەوتنی سەركردەكانی جیهان، هەروەها چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی كردووە و دەیان نووسین و چاوپێكەوتنی لە ڕۆژنامەكانی چینیدا بڵاوبووتەوە.
 

وەرگرتنی ڕێزلێنان، لە پاش هەوڵ و كارە سەركەوتووەكانی:

•            وەرگرتنی بڕوانامەی رێزلێنان وەك باڵیۆزی كۆماری عێراق لە وڵاتی چین.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەرێز سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەرێز دكتۆر سعدون دلیمی ، وەزیری رۆشنبیری عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەڕێز هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشوو تری عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەڕێز وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەرێز سامر غەزبان، وەزیری نەوتی پێشوو تری عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەڕێز وەزیری پلاندانانی عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەرێز حسین شهرستانی، وەزیری نەوتی عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەڕێز محەمەد بەیاتی، وەزیری مافی مرۆڤی پێشوو تری عێراق.
•            رێزلێنان و سوپاسنامەی بەرێز دكتۆر عەبدولباست، سەرۆكی دەستەی چاودێریی درایی عێراق.
•            ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەڕێز وەزارەتی دەرەری ئەندەنوسیا.
•            دەیان نامەی ڕێزلێنان و سوپاسگوزاری تری لەلایەن وەزیرەكانی تری حكومەتی عێراق و ئەو وڵاتانەی کە كاری تێدا كردووە.
  د. محەمەد سابیر، وەك كارەكتەرێكی ئەكادیمی و زانستی و سیاسی، خاوەنی پەیوەندییەكی بەرفراوانی نێودەوڵەتییە و زۆرێك لەو پەیوەندییانەی بەكارهێناوە بۆ خزمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دۆزی كورد، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجامداوە، لەگەڵ سەرۆك و سەركردە ناودارەكانی دنیایی سیاسی و دبلۆماسی، كە سەرجەمیان لەئێستادا بووتە خەرمانێكی گەورە بۆ حكومەتی هەرێمی کوردستان و كۆدەنگی دۆزی كورد. 
 
Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved