ژیاننامەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

سەرۆك تاڵەبانی

سەمامی ئەمانی عێراق و سەردەمێك کە چڕ ناکرێتەوە

مێژوویەکی چڕ و پڕ لە خەباتی بزووتنەوەی نیشتمانی و چالاکی دیموکراتی  کە لە کوردستانەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە کۆشکی سەلام لە بەغدا، بە درێژایی ٦٠ ساڵ.

ئەو لە مێردمنداڵییەوە هێنای لەگەڵ زۆر قۆناغ و سەردەمی جیاجیا دا هەڵیکرد و بەردەوام بوو تا کۆچە بەناوبانگ و کاریگەرەکەی.

ئەوە سەردەمێکە کە ناکرێت بە پوختی یان بە بەیاننامەیەکی کورت چڕ بکرێتەوە، کاروانێکی دوور و درێژە ناکرێت لەم ووتارەدا کورت بکرێتەوە. ئەو کاروانە زوو دەستی پێکرد، لە ساڵی ١٩٤٧ ەوە ئەو کاتەی کە کۆمەڵەیەکی خوێندکاریی دامەزراند بە مەبەستی هاندانی خوێندنەوە، ئەگەر چی هێشتا ئەو بچوك بوو ، پاشان چووە ناو کایەی کاری حزبایەتی یەوە لەڕێی خویندکارییەوە ، ئەویش لە ڕێی نووسینی "یەکێتیی قوتابییان بۆچی؟".
کە ئەوە نۆبەرەی نووسینەکانی بوو لە بواری هۆشیاریی سیاسی دا و ئەو کاروانە حزبییە درێژبۆوە بۆ خەباتی پیشەیی و ڕێکخراوەیی و دامەزراندنی یەکێتیی لاوان. هەروەها بەرەو بەشداری کارایانە کە کۆنگرە و چالاکییەکانی خوێندکارانی دەستەبژێر و چالاکییە جەماوەرییەکان بە باشترین شێوە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، لە وارشۆ و مۆسکۆ و شوێنانی دیکەی ووڵاتانی سۆشیالیستی بەشداری کرد، کە بژاردەی چەپ لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حوکمڕانیی پانتایییەکی فراوانیان لە جیهاندا دەکرد.

لێرەشەوە بەرەو خەباتی نهێنی و خەباتی بەرەیی و هاوپەیمانییە دیموکراسی و نیشتمانییەکانی سەردەمی پاشایەتی و هەروەها چەكهەڵگرتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆری، پاشان وەرچەرخان ڕووە و شۆڕشێکی دادپەروەرانە بۆ بەرگری لەو بیرو باوەڕەی کە لەبیری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە سەرچاوەی گرتوە، بەبێ لادان لە ئینتیمای بەرفراوانی مرۆڤانە و بنەماکانی برایەتیی کورد و عەرەب و خاڵ و خەباتە هاوبەشەکانی نێوان ئەو دوو گەلە و پێکهاتەکانی دیکە لە شەبەنگی نیشتمانی کە لە خاکی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە.
شۆڕشێك لە پێناوی مافە نەتەوەیییەکان نەك تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ کۆی نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەش. شۆڕشێکی مرۆڤانە کە خەمی نەتەوەیی شان بە شانی خەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، شەراکەت و یەکسانی لە ئامێز گرتبوو، کە هەمووان بوونی خۆیان تێدا دەبینی یەوە، هەر بەڕاستی شۆڕشێکی نوێی هەمەلایەن بوو، خەباتی نەتەوەیی، خوێندکاری، ژنان، لاوان، دیموکراتخوازان، نووسەران، بیریاران، ڕووناکبیران و هونەرمەندان لەژێر سایەی دا بوو.

سەرۆك تاڵەبانی خۆی لە هەموو ئەو مەیدانانەدا حزووری هەبوو و ڕۆڵی بزوێنەر و پلانداڕێژەری یەکەمی هەبوو، بووە سەرۆك و مامۆستای چەند نەوەیەك لە سەرکردە و پێشڕەو، چ بە بەشداریی و چ بە گفتوگۆ و چ بە وەك جەنگاوەرێکی شکۆمەند، جەنگێکی پاکژی کرد لەپێناوی دادپەروەری و بەگوێرەی مۆدێرنترین پێوەرەکانی بەرگریی پیرۆز.

هەروەك دانووستانکارێکی دیموکراتخواز لەپێناوی مافەکانی گەل و دیموکراسیدا، هەرکاتێك کە کرانەوەیەکی سیاسی دەگمەن بواری بۆ ڕەخساندبێت لە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کە وەك چەقۆ لەسەر سنگی عێراقی یەکان چەقیبوو، ئەو هەرگیز لەو کاروانەدا بۆ ساتێکیش لە باوەڕی بە ئاشتی نیشتمانی غافڵ نەبوو، هەمیشەش جیاوازی لەنێوان حکومەتە شۆڤینێنییەکان و گەلانی سەردەست دا کردووە و پێی وابووە کە ئەوانیش لە زۆرینەی کاتەکاندا چەوساوەن. سەرەڕای دڵڕەقی و عینادی ڕژێمەکان و حکومەتە یەك لەدوای یەکەکانی عێراقیش، بەڵام ئەم کاروانە پڕ بەخششە و بەتایبەتیش سەرپەرشتیارەکەی هەمیشە جەختی لە پەرۆشی بۆ شەراکەت و ئاشتی و دانووستان و گفتوگۆ کردۆتەوە و چالاکی و ڕۆڵی دیپلۆماسی بەلاوە باشترین ڕێگە بووە بۆ خۆلادان لە کارەسات و مەینەتی و و بە ڕێگەیەکی هاوچەرخی زانیوە بۆ چارەسەری گرفتەکان ئاستەنگەکان.
ئەو هەر لەسەر ئەو ڕێبازە نیشتمانییە دڵسۆزانە و دیموکراتخوازیییە عێراقییە بەردەوام بوو وەك پێشڕەوێکی دیاری ناو پێشڕەوانی چاکسازی، دادپەروەری و برایەتی نێوان گەلان.

سەرۆك تاڵەبانی لەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە لێبڕاوانەیەیدا لایەنگری سەرسەختی ستەملێکراوان و بەرزڕاگرتنی دروشمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو، ئەوپەڕی هەوڵی دەدا لەپێناوی بەدیهێنانی ئازادیی و لایەنگری ژنان و سەرخستنی مافەکانیان و پتەوکردنی ئازادی قەڵەم و بیروڕا و ووشە بوو لەو کۆت و بەندانەی لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەیانبەستێتەوە.

هەر ئەو بوو کە یەکەم سەکۆی لە پارکی ئازادیی سلێمانی بنیات نا تا لەوێوە دەرفەت بدات بە هەرکەسێك کە بیەوێت ڕەخنە بگرێت و داواشیکرد با بەر لە هەمووان ڕەخنەکانیان لەوەوە دەستپێبکەن.
ئەوەش لە خۆڕاوە نەهاتووە ، ئەو وەك ڕووناکبیرێکی منەوەر لە خەبات دژی پاشماوەکانی کۆنەپەرستییەوە دەستیپێکرد، هاوشانی ژنان دەوەستایەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان، پاشان هەرلە سەرەتاوە کە تێکەڵ بە تونێلەکانی کاری سیاسی بوو، وەك نووسەر و ڕۆژنامەنووسێك تێکەڵ بوو بە بیر و چاوێکی کراوەوە و هەرگیز لە دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی سڵی نەدەکردەوە و تا دوا خاڵیش بەرگری لە بۆچوونەکانی خۆی دەکرد. نوێنەرایەتی لە سۆشیالیست ئینتەرناسیونالی دەکرد. ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەیییە جیهانییەی کە بۆتە جەمسەرگیری ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسیانەی خاوەنی دیدگایەکی دیموکرات و کۆمەڵایەتین، یان سۆشیالیستی میانڕەون، لەمپەڕی خۆرهەڵاتەوە بۆ ئەو پەڕی خۆرئاوا، ئەوەش قۆناغێکی شەرەفمەندانە و دیارە لە مێژووی تاڵەبانی لە خەباتی مەدەنیدا، کە ناکرێت بەشداریییە کاریگەرەکەی و جێ پەنجەی بە ئاشکرا بەو ڕێکخراوەوە نەبینرێت تا گەیشتە ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەکەی پێ بسپێردرێت  کە نەك هەر بووە خێر بۆ حزبەکەی (یەکێتیی نیشتماینی کوردستان) و ئەو حزبە کوردستانییانەی بەشەکانی تری کە هەمان بیر و بۆچوونیان هەیە، بەڵکو باڵی کێشا بۆ سەر حزووری سیاسی عێراق و سیاسەتی ڕەسمی عێراقیش ، بەو پێیەی یەکەم سەرۆکی عێراقی کوردیش بوو.


ئەو هەندێك چەمکی چەسپاند کە بەڵای زۆرێك لە سیاسەتمەدارانی ناوچەکەوە نوێ بوون، لەپێش هەمووشیانەوە هەستی بەرەنگاربوونەوەی شەڕی ناوخۆ و ڕقلێبوون لە سزای لە سێدارەدان و بەرگریی بەردەوامی لە ئیمزاکردنی یاداشتی وەستاندنی ئەو سزایە و حەرامکردنی خوێنی عێراقییەکان بە دەستی یەکتری کە لە هەموو بۆنەیەکدا دووپاتی دەکردەوە.


مەسەلەی ژنان و یەکسانخوازی لە مافەکانیان لەگەڵ پیاوان و فراوانکردنی بەشدارییان لە ژیانی مەدەنی و سیاسی دا و ڕێگەخۆشکردن بۆیان لەسەرجەم کایەکان دا پانتایی یەکی زۆری لە خەباتی ئەم پیاوەدا داگیرکردبوو، ئەوە ئەو بوو کە بە پشتیوانی ژنان و بەریگریکار لە پشکی ژنان ناسرابوو لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و حوکمڕانی دا، کە بە سیستمی کۆتا ناسراوە بە ڕێژەی ٢٥٪، ئەمەش بە تەواوەتی لە میانی مشتومڕ و گفتوگۆکانی سەردەمی نووسینەوەی دەستوری هەمیشەیی و ئەنجومەنی حوکمدا دەرکەوت، هەروەك لە بڕیارەکەیدا سەبارەت بە قەدەغەکردنی هێنانی ژنی دووەم بەبێ پاساو لەو سەردەمەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە ئیدارەی سلێمانی، کە ئەوە تۆمارێکی شکۆمەندانەیە و مێژوو بە ئاوی زێڕ تۆماری دەکات.

سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارەی کە لە دوای ٢٠٠٣ وە ووڵاتی پێدا تێدەپەڕێت و ئەو پاشەکشە ئابووری و خراپبوونەی دۆخی ئەمنی، سەرۆك تاڵەبانی لە پشتیوانی پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی غافڵ نەبوو، ئەوەش لەڕێی هاندانی وەبەرهێنانی نیشتمانی و سەرمایەی خۆماڵی و ئامادەکردنی دۆخی گونجاو بۆیان، ئەوەش لە سۆنگەی پەرۆشییەوە بۆ چارەنووسی عێراق و زامنکردنی داهاتووی هەموو ڕۆڵەکانی و دەرهێنانی لەو زۆنگاوەی کە خەریکە تێیدا نقوم دەبێت.

قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری، پێگەیشتوویی تێڕوانینی تاڵەبانی و حیکمەتی سیاسی و دانایی ئەو دەردەخات کە هاوشانی کەمە، ئەوەش لە دامەزراندنی سیستمێکی دیموکرات کە نوێنەرایەتی هەمووان دەکات، ووڵاتی ڕزگار کرد لە پاشماوەکانی پشێوی و بێ سیستمی و بەشداریی بە هەمووان کرد لە بەڕێوەبردنی ووڵاتدا کە چەندین ساڵ بوو پەروێزخرابوون. بەمەش تەوافق و ئیئتیلاف و هاوپەیمانی و کاری هاوبەش، شوێنی دەستگرتن بە کورسی دەسەڵات و حوکمڕانی حزبی قائید ودیکتاتۆرییەتی قێزەوەنی گرتەوە.

ئەوەش باشترین و سەرکەوتوو ترین بژاردە بوو لەنێوان هەموو بژاردەکاندا لەو سەردەمەدا، کە دەرگای لەسەر دووبەرەکی و پێکدادان داخست و لە دواتردا ڕێگەی بۆ سیستمێکی دیموکراتی فیدڕاڵیی چەسپاو کردەوە لە دەستووردا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا زۆرینەی گەلی عێراق لە ڕاپرسیدا بە بەڵێ دەنگیان پێ دا.
گرفتەکانی حوکمڕانیی وڵاتێك کە تازە لە دەست دەستەڵاتێکی شمولی ستەمکاری ٣٥ ساڵە ڕزگاری ببوو، تاڵەبانی وا سەرقاڵ نەکرد کە بیر و باوەڕە جێگیرەکەی فەرامۆش بکات لە هەڤاڵبەندیدا لە مەسەلەی پشتیوانی دۆزی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان و بۆ مامەڵەی بنیاتنەرانە لەگەڵ پایتەختەکانی وڵاتانی ئیقلیم و هاندانیان ڕووە و چارەسەری دیموکراتیانە و ڕووەو هاوپەیمانیییەکی عێراقی عەرەبی دژ بە دیکتاتۆرییەت، لەو سۆنگەیەشەوە دەردەکەوێت کاتێك وەڵامی خوێندکارێکی تورك دەداتەوە کە سەبارەت بە پێگەی کوردستان پرسیاری لێکرد و لە وەڵام دا پێی وت: "کوردستان خوا ئەفراندوێتی و من درووستم نەکردووە و هیچ کەسێك ناتوانێت نکووڵی لێ بکات"، هەر بەو گیانە دینامیکییە بەرزەوە سەرۆك تاڵەبانی چاودێری چەند گەڕێکی گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کرد لەنێوان حکومەتی تورکیا و بزووتنەوەی کورد دا لە تورکیا وەك پشتیوانییەك لە مافی نەتەوەیی و سەرخستنی ئاشتیی ئیقلیمی و بەرگرتن بە خوێنی براکان.

هەمووان گەواهی ئەوە دەدەن کە نموونەی هەڵوێستەکانی تاڵەبانی لە پاراستنی هاوسەنگی شێوازێکی دەگمەن بوو، لە هەمان ئەو کاتەدا کە دۆستێکی نزیك و پتەوی شیعە و حزبە سیاسییەکانیان بوو، هاوکات بەرگریکارێکی پێداگربوو لە سوننەکان، لە هەمان کاتیشدا پێکهاتەکانی دیکەی وەك تورکمان و کلدان و ئاشوریی یەکان و کریستیانەکانیشی بە گشتی لەبیر نەدەکرد و هەمیشە پارێزەری مافەکانیان بوو، ئەو تاکە متمانەپێکراوی ئەمریکییەکان بوو، پەرۆشیش بوو بۆ گرنگیپێدان و نزیکایەتی لەگەڵ بەریتانییەکان، ڕووسەکان، چینییەکان، فەرەنسایی و ئەڵمانەکانیش.


هەروەك دۆستایەتییەکی باشیشی لەگەڵ تورکیادا هەبوو و گوێی لێ دەگیرا و تا ئەو کاتەش کە ئەنقەرە پاشەکشەی کرد، تاڵەبانی چاودێری پرۆسەی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان بوو.

هاوکات ئەو لەلای حکومەتی ئێران و حزبە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانیش قورسایی و پێگەی خۆی هەبوو. هەروەك پەیوەندی یەکی برایانەی بەتینی لەگەڵ برایان لە شانشینی عەرەبی سعودیە و دەوڵەتی کوەیت و شانشینی ئوردنی هاشمی، دەسەڵاتی فەڵەستین، سوریا و میسڕدا بنیاتنابوو بەبێ هەڵاوێردن، بەو هۆیەشەوە لە کۆڕ و کۆمەڵە ڕۆژنامەوانی و ڕووناکبیریی سیاسییەکاندا بە (پیاوی پاراستنی هاوسەنگییەکان) وەسف دەکرا.

ئەو تاکە کەس بوو کە دەیتوانی لە یەك کاتدا پێشوازی لە کۆندۆلیزا ڕایس-ی وەزیری پێشووتری ئەمریکا بکات و تەوقە لەگەڵ مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشووتری ئێران دا بکات.
بە درێژایی کاروانە سیاسییەکەی کە زیاتر لە نیو سەدەی تێپەڕاند، تاڵەبانی جگە لە گەشبینی شتێکی تری نەدەزانی و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕاشکاوی بە کلیلی کردنەوەی گرێ و گرفتەکان دەزانی، پێیوابوو بەهاکانی لێبوردەیی ئایینی، مەزهەبی، پتەوکردنی و ڕێزگرتن لە ئایین و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەو ئەولەوییەتانەن کە هەوڵی بەدیهێنانیان دەدات، هەرئەوەش ئەو خۆشەویست یە عەرەبی، شیعی، تورکمانی و مەسیحییەی بەر لە کورد بۆ دروستکرد و نازناوی (صمام الامان) ی عێراقی وەك نیشانەیەکی نیشتمانی لەلایەن سەماحەتی سەید عەلی سیستانییەوە پێ بەخشی.
هیچ شتێك وەك ووتەی ئەو خۆپیشاندەرە عێراقییە لە بەغدا ڕەوانتر نەبوو کە لە ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەم دوایییەی عێراق دا ڕایگەیاند و تەئکیدکردنەوە بوو لە هەڵوێستەکانی تاڵەبانی و کاریگەریییەکانی و بڕوابوون بە تواناکانی ئەو لە چارەسەری زەحمەتییەکاندا، کاتێك بە ئاخ هەڵکێشانەوە بۆی ووتی "ئەگەر مام جەلال بمایە ئەمە بەو جۆرە نەدەبوو".

ژیاننامە   

ناوی تەواوی  جەلال حوسامەددین نوروڵڵا، لە دایكبووی ساڵی ١٩٣٣ ی گوندی کەڵکان لە بناری چیای کۆسرەت سەربەشاری کۆیە لە کوردستانی عێراق، بەڕەچەڵەك دەچێتەوە سەر بنەماڵەی شێخانی تاڵەبان، پاش هەڵبژاردنی باوکی بە مورشیدی تەکیەی تاڵەبانی کۆیە، خێزانەکەی لە کۆیە نیشتەجێ بوو.
دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆك کۆماری عێراق لەماوەی ٢٠٠٥ – ٢٠١٤

ساڵی ١٩٤٥ لە کۆیە ئاهەنگێکی میللی بۆ جەژنی نەورۆز ساز کرا، تاڵەبانی کە لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بوو، بەشداری تێدا کرد و وتەیەکی بەجۆشی خوێندەوە کە بووە مایەی سەرسوڕمانی مامۆستایان و بەشداربووان.

لە ساڵی ١٩٤٦ دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خوێندکار و بە ئامۆژگاری مامۆستایەکی کۆمەڵەیەکی فێرکاریی نهێنی دامەزراند بە ناوی (کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە)(K.P.X)، خۆشی بە سکرتێر هەڵبژێردرا. ئامانجی کۆمەڵە هاندانی خوێندکاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی.
دوای چوونە ناو کاری سیاسییەوە، لە ڕۆژنامەی (ڕزگاری) کە پارتی دیموکراتی کورد بە نهێنی دەریدەکرد، کورتە وتارێکی لەژێر نازناوی (ئاگر) دا بڵاوکردەوە. پاشان ڕووی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و لەڕێی تێکۆشەر عومەر دەبابەوە پەیوەندی بە ئەڵقەیەکی ڕۆشنبیری پارتییەوە کرد.
پەیوەندی ڕێکخراوەیی و سیاسی لەگەڵ پارتیدا، بۆ ساڵی ١٩٤٧ دەگەڕێتەوە لەڕێی مامۆستاکەی تاهیر سەعیدەوە لە ناوەندی کۆیە لێپرسراوێتیی خوێندکارە پارتییەکانی کۆیەی گرتە ئەستۆ.
لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا سەرپەرشتی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە کۆیە لە دژی واژۆکردنی پەیمانی ساڵی ١٩٤٨ی پۆرتسمۆس کرد.

هەر لەو ساڵەدا وەك نوێنەری خوێندکارانی کۆیە بۆ بەشداری کردن لە کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتیی گشتیی خوێندکارانی عێراق هەڵبژێردرا و لەو کۆنگرەیەدا بە ئەندامی یەدەك هەڵبژێردرا. بۆ ساڵی دواتر کرا بە ئەندامی ناوچەی کۆیە.
خوێندنی ئامادەیی لە کەرکوك تەواو کرد و ویستی لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغدا بخوێنێت، بەڵام داواکەی ڕەت کرایەوە، چونکە دەزگا ئەمنییەکان بەڵگەی پشتگیرییان پێ نەدا، بۆیە ڕووی کردە کۆلیجی یاسا و لە ساڵی خوێندنی ١٩٥٢-١٩٥٣ وەرگیرا.
ساڵی ١٩٥٣ لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، لە ١٨ ی شوباتی ١٩٥٣ یەکێتیی قوتابییانی کوردستانی دامەزراند و هەرخۆشی بوو بە سکرتێری.

ساڵی ١٩٥٥ لە چوارچێوەی شاندی خوێندکاران و لاوانی عێراق، بەشداریی کۆنگرەی لاوانی جیهان لە واشۆ- پۆڵۆنیا کرد و لەوێ هەڵمەتێکی بۆ ناساندنی مەسەلەی کورد دەستپێکرد. هەڵسوڕانی لە پۆڵۆنیا سەرنجی چینییەکانی ڕاکێشا، بۆیە هەر لەوێ بانگهێشتنامەیەکی فەرمییان پێشکەش بەم و ئەندامێکی عەرەبی شاندەکەی عێراق کرد. هەردوو بانگهێشتکراوەکە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری لاوانی بانگهێشتکراوی وڵاتانی جیهان بەشەمەندەفەر بەناوخاکی یەکێتیی سۆڤێتدا بەرەو چین بەڕێکەوتن.


لەڕێگە بیری لەوە کردەوە کە ڕێوشوێنێك بدۆزێتەوە بۆ بینینی سەرۆکی پارتی مەلا مستەفا بارزانی کە ئەوسا لە ڕووسیا پەنابەری سیاسی بوو. لە پەکین تا مۆسکۆ نامەیەکی دوورودرێژی بۆ نووسی، لە مۆسکۆ توانی نامەکە ڕادەستی بێژەرێکی عەرەبی عێراق بکات کە لە ڕادیۆی عەرەبی مۆسکۆ کاری دەکرد تاکو بیگەێنێتە دەستی بارزانی. پاش گەیشتنی نامەکە، هەندێ ڕێنمایی بارزانی لەڕێگەی هەڵگری نامەکەوە پێگەیی و هەروەها ئەدرێسی کەسێکی ئێرانی نیشتەجێی ئەڵمانیای ڕۆژئاوای پێ درا تاکو نامەی بۆ بنووسێت و ببێ بە پردێك لە نێوان بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی لەناوخۆی وڵات.
پاش گەڕانەوەی، دەزگا ئەمنیییەکان هەندێ کێشەیان بۆ دروستکرد، بەڵام نەیانتوانی هیچی لەسەر ساغ بکەنەوە. ساڵی ١٩٥٦ پاش بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە هێرشی ئیسرائیل و بەریتانیا و فەرەنسا و بۆسەر میسڕ، فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچوو، هاوکات لە سۆنگەی زۆریی ڕۆژانی ئامادەنەبوونی لە زانکۆ بە گومانی ئەوەی کە ئەندامە لە ڕێکخراوی لایەنگرانی ئاشتی سەر بە پارتی کۆمۆنیستی عێراق، خوێندنی لە کۆلیجی ماف لێ قەدەغە کرا.

ساڵی ١٩٥٧ وەك سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، لە چوارچێوەی شاندی عێراق، بانگهێشتکرا بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی لاوان و خوێندکارانی جیهان لە مۆسکۆ، لەوێ بۆ یەکەم جار چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی کەوت و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دا سازکرد. ئەو کۆبوونەوانە یەکەم کۆبوونەوەی بارزانی بوو وەك سەرۆکی پارتی، لەگەڵ سەرکردایەتی ناوخۆدا.

پاش ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی کۆمار لە عێراق لە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨، گەڕایەوە بۆ خوێندن لە کۆلیجی ماف و بۆ ساڵی دواتر خوێندنی تەواوکرد و وەك پارێزەر ژیانی پیشەیی خۆی دەستپێکرد، بەڵام ژیانی پیشەیی وەك پارێزەر زۆر کورت بوو، چونکە تەنها دووجار لە ژیانیدا پارێزەری کردوە: یەکێکیان لە ساڵی ١٩٦٠ کاتێك ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێری پارتی و سەرنوسەری ڕۆژنامەی "خەبات" دەستگیرکراو تاڵەبانی وچەند پارێزەرێکی تر کەوتنە بەرگریکردن لێی و ئەوی تر کاتێك لە دادگە کێشەی ململانێی نێوان کرێکاران و کۆمپانیایەکی گرتە ئەستۆ و تێیدا پشتگیری لە کرێکارەکان کرد.

پاش گرژبوونی پەیوەندیی نێوان عەبدولکەریم قاسم و پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرکەوت کە بەغدا هێچ بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد نییە. ساڵی ١٩٦١ یاخیبوونی گەورەیان لە دژی قاسم بۆ ڕێگرتن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵ ساز کرد و قاسم فڕۆکەی جەنگی ناردە سەریان. پارتی بڕیاریدا یاخیبوونە خێڵەکییەکە بکاتە شۆڕشێکی نەتەوەیی و خەباتی چەکداری لە دژی حکومەتی قاسم دەستپێکرد. لەو ماوەیەدا تاڵەبانی لە چەمی ڕێزان چالاکییەکانی خەباتی پێشمەرگایەتی هەڵسوڕاند، سەرکردایەتی هێزی ڕزگاریی کرد و ڕابەرایەتی شەڕەکانی شارباژێڕ و پێنجوێن و چەمی ڕێزانی کرد.  

پاش ڕووخانی حکومەتی قاسم و هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە شوباتی ١٩٦٣ دا، مام جەلال و ساڵح یوسفی وەك نوێنەری پارتی لە بەغدا کەوتنە وتوێژ لەگەڵ حکومەتی تازە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێك بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد. حکومەتی بەعس ڕایگەیاند کە لەوانەیە جەمال عەبدولناسر وەك سەرکردەی عروبە ڕازی نەبێت بەو هەنگاوە و بەعس بە لاوازی مەسەلەی ناسیونالی عەرەبایەتی تۆمار بکات. تاڵەبانی هەر ئەو مانگە سەردانی میسڕی کرد و لەوێ چاوی بە سەرۆکی میسر جەمال عبدولناسر کەوت و مەسەلەی داواکردنی ئۆتۆنۆمی بۆ ڕوونکردەوە. لە میسرەوە چوو بۆ جەزائیر و لەوێ لەگەڵ شاندی عێراق چاوی بە سەرۆك "بن بێللا" کەوت و دواتر گەڕایەوە بۆ میسر و دیسان چاوی بە سەرۆك عبدولناسر کەوتەوە و قەناعەتی بە ناسر کرد مەسەلەی کورد و مافەکانی هیچ زیانێکی بۆ نەتەوەی عەرەب نییە.


پاش ئەوەی بەغدا لە سەلماندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان پەشیمان بۆوە و لە بری ئۆتۆنۆمی، پرۆژەی فراوانکردنی دەسەڵاتی پارێزگاکانی پێشنیاز کرد، ئەندازەی گرژیی نێوان کورد و بەغدا زیادی کرد.  لە کاتێکدا کە تاڵەبانی لە لوبنان بوو بۆ کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەسەر مافی کورد. بەغدا هەموو ئەندامانی شاندی کوردی گرت و لە ١٠ ی حوزەیراندا هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر کوردستان.

ساڵی ١٩٦٤ پاش ئاگربڕی نێوان شۆڕش و حکومەتی عەبدولسەلام عارف کە توانیبووی کودەتا بکا و بەعسییەکان لەسەر کار لابدا. قەیرانی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێوان باڵی مەلا مستەفا بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی بەسەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد دەستیپێکرد. تاڵەبانی پشتگیری لە باڵی مەکتەبی سیاسی کرد.
پاش ئەوەی کە هێزەکانی بارزانی پەلاماری هێزەکانی مەکتەبی سیاسییان دا لە ماوەت، هێزەکانی مەکتەبی سیاسی کشانەوە بۆ ناو ئێران و لە هەمەدان گیرسانەوە. پاش ماوەیەك باڵی مەکتەبی سیاسی گەیشت بە ڕێککەوتنێك لەگەڵ مەلا مستەفا، بەڵام پاش زیدبوونی گوشار لەسەر باڵی مەکتەبیس سیاسی و پەرەسەندنی مەترسی لەنابردنی ئەندامەکانی، باڵی مەکتەبی سیاسی لە ساڵی ١٩٦٦ دا گەیشت بە ڕێککەوتنێك لەگەڵ حکومەتی عێراق کە بەهۆیەوە حکومەت ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی ئاشکرای لە شارەکاندا بە باڵی مەکتەبی سیاسی دا و مافی پێکهێنانی هێزی چەکداریشی بۆ سەلماند.
پاش ڕاگەیاندنی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لەلایەن ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆکی عێراقەوە ویەکگرتنەوەی هەردوو باڵی بزووتنەوەی کورد. تاڵەبانی لەگەڵ چەند کادیرێکی دێرینی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردساتن ڕێکخراوێکی چەپی نهێنی بە ناوی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستانەوە دامەزراند.
ساڵی ١٩٧١ پاش یەکگرتنەوەی هەردوو باڵە رکابەرەکەی پارتی، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بارزانی کرابوو، خۆی و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی هیچ لێپرسراوێتییەکیان وەرنەگرت.

ساڵی ١٩٧٢ کوردستانی بەجێهێشت و لە لوبنان گیرسایەوە. لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەلەستینییەکان پەرە پێدا، بە تایبەتی لەگەڵ بەرەی ڕزگاریی گەلی فەلەستینی بە سەرکردایەتی جۆرج حەبەش.
کاتێك شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ دا دوا بە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران هەرەسی هێنا، تاڵەبانی وەك ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە عەرەبییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە دەژیا.
ئەوەندەش کە لە توانایدا بوو، هەوڵی دا سەرکردایەتیی پارتی بباتە سەر ئەو باوەڕەی کە هێشتا دەرفەت بۆ بەرگری و خۆڕاگرتن هەیە و ئەوەشی کرد بە بەڵگە کە نوێنەرێکی یەکێتیی سۆڤێت ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پشتگیری کردنی مەسەلەی کورد بەو مەرجەی کە درێژە بە شۆڕش بدرێ.
ئیتر سێ مانگ پاش هەرەس هێنانی شۆڕش لە کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە سوریا دامەزراند. لەم سەروبەندەدا لە ساڵی ١٩٧٥ دا توانی دوو هەنگاوی گرنگ بۆ سەقامگیرکردنی پێگەی یەکێتی بنێ. یەکێکیان هێنانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی کوردستانە بۆ ناو یەکێتی و ئەوی تر بردنی یەکێتییە بۆ ناو کۆڕی نیشتمانیی عێراقکە هاوپەیمانییەکی سیاسی دژ بە ڕژێمی بەعس بوو.


پاش سازکردنی پێداویستییەکانی دەستپێکردنەوەی خەباتی پێشمەرگایەتیی چەکدار لە کوردستان ، لە ئابی ١٩٧٧ دا گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەرکی ڕابەرایەتیکردنی شۆڕشی گرتە ئەستۆ. ساڵی ١٩٨٠ کاتێك عێراق هێرشی کردە سەر ئێران، دژی ئەم سیاسەتە شەڕخوازییەی عێراق وەستا و هەمان ساڵ بەشداری لە پێکهێنانی بەرەی نیشتمانیی نەتەوایەتیی دیموکراتی عێراق کرد کە لە ٨ گرووپ پێکهاتبوو و ئامانجەکەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس بوو.


ساڵی ١٩٨٤ پرۆسەی وتوێژی لەگەڵ ڕژێمی بەعس دەستپێکرد، بەڵام پاش بێ ئومێد بوون لە گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد، لەناوەڕاستی کانونی دووەمی ١٩٨٥ دا هەڵوەشاندنەوەی وتوێژی ڕاگەیاند.
هەرئەو ساڵە، دوای ئەوەی کە ئێرانییەکان ئامادەیی ئەوەیان دەربڕی کە هەڵوێستیان بەرانبەر بە یەکێتی ڕاست دەکەنەوە و خوازیاری ئاشتبوونەوە و هاریکارین، بە پیریانەوە چوو و پشتیوانی لە چاککردنی پەیوەندی نێوان یەکێتی و ئێران کرد.
لە ساڵی ١٩٨٦ دا پەیوەندییەکان پەرەیان سەند و گەیشتنە ئاستی هاوپەیمانی لە دژی ڕژێمی بەعس.

لێرە بەدواوە کەوتە کارکردن بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد و پرۆژەی ئاشتبوونەوەی گشتی پێشنیاز کرد و بەم پێیە یەکەم جار ئاشتبوونەوەی لەگەڵ حزبی سۆسیالیستی کوردستاندا بە ئەنجام گەیاند، پاشان لەگەڵ پاسۆك و دواتر لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی عێراقدا، لە کۆتاییشدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە تاران . ئەم ئاشتبوونەوە گشتییە بووە هەوێنی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی کە لەساڵی ١٩٨٨ لەنێوان لایەن کوردستانییەکان هاتە کایەوە.

مام جەلال بە پێشبینییە درووستەکانی خۆی پێی وابوو ڕژێمی بەعس لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی لاتەریك دەبێت بۆیە هەموو هێزەکانی کوردستانی هاندا خۆیان بۆ قۆناغی نوێی ژیانی ئازادی کوردستان ئامادە بکەن. ڕاپەڕینی کوردستان سەرەتای وەرچەرخانێکی سیاسی نوێ بوو سەرەڕای شکستی کاتی.
پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١، مام جەلال سەرۆکایەتیی شاندی بەرەی کوردستانی کرد لە وتوێژدا لەگەڵ ڕژێمی بەعس بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراتییانە و دادپەروەرانە بۆ مەسەلەی کورد، بەڵام سەرەڕای گۆشەگیریی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس هێشتا داواکانی کوردی نەسەلماند، بەڵام پاش ئەوەی کە بێ ئومێد بوو لە توانای ڕژێمی بەعس بۆ سەلماندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد، مام جەلال دژی ئەوە وەستایەوە کە ڕێککەوتنێکی کرچ و کاڵ و نامسۆگەر لەنێوان کورد و ڕژێمی بەعسدا واژۆ بکرێت. بە هۆی بوونی دوو بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، بڕیار درا هانا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ببرێت.

لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ دا یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکرات زۆرینەی دەنگەکانیان بە دەستهێنا و دواتر پێکەوە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دروستکرد. لە کۆنگرەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سەڵاحەددین، تاڵەبانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەچوونی ئەجیندای کۆنگرەکەدا گێڕا و بەشدار بوو لە هاندانی کۆنگرە بۆ پەسەندکردنی فیدڕالیزم وەك شێوازێکی حوکمڕانی لە عێراقی ئایندەدا. بە پشتبەستن بەم بڕیارەی کۆنگرەکە، پەرلەمانی کوردستان فیدڕالیزمی وەك ڕێوشوێنێك بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێم پەسەند کرد.


دوابەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا، هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ گێڕانەوەی ئاشتی بۆ کوردستان و پشتیوانی لە هەڵەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئێران  و تورکیا کرد بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی . ساڵی ١٩٩٨ بەسەرپەرشتی ئەمریکا، ڕێککەوتننامەی واشنتۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا واژۆ کرد. دوابەدوای ئەمە هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ یەکخستنەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێم لە کوردستاندا.


پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بە ئەندامی ئەنجومەنی حوکم هەڵبژێردراو لە ساڵی ٢٠٠٤ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی حوکمڕانی کرد. دوای پەسەندکردنی قانونی ئیدارەی دەوڵەت لە عێراق کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە ڕەسمی ناسی و عێراقی وەك دەوڵەتی فیدڕاڵ ڕاگەیاند، لە کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ یەکەم هەڵبژاردنی گشتی بە گوێرەی ئەم یاسایە کراو لە ٧ی نیسانی ٢٠٠٥ مام جەلال لەلایەن کۆمەڵەی نیشتمانی عێراقەوە وەك سەرۆکی کۆماری عێراق لە قۆناغی ڕاگوزەردا هەڵبژێردرا.

لە قۆناغی نووسینەوەی دەستوری عێراق لەگەڵ نوێنەرەکانی گەلی کوردستان و عێراقییە ئازادیخوازەکاندا بەشداری گفتوگۆکان و تەگبیرەکانی نووسینی دەستوری کرد کە یەکەم دەستوری گەل پەسەندیووڵات بوو. بەم شێوەیە مام جەلالی شۆڕشگێر و دیموکرات و ئازادیخواز لەگەڵ هاوڕێکانی لە سەرکردە عێراقییەکان بوو بە یەکێك لە باوکە دامەزرێنەرەکانی دەستووری وڵات و عەڕابی دیموکراسی نوێ لە ناوچەکەدا.

لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٠٦ دا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەسەرۆکی کۆمار بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵبژێردرا و بووە یەکەمین پێشمەرگە و یەکەمین کورد و یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراو لە مێژووی عێراق دا. مام جەلال بە تێکۆشانی دوور مەودا بووە نموونەی سەرۆکێکی گەورە لە مێژووی عێراق دا وەك سەرۆکێکی کورد و دیموکرات وەك پارێزەری دەستوور ڕۆڵی گەورەی لە بیناکردنی دیموکراسی و فرەیی و پەرەپێدانی پێکەوەیی و سەرخستنی بەهاکانی عێراقی فیدڕال گێڕا. لە وتاری ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زمانی عەرەبی و کوردی گوزارشتی لە خواستەکانی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقی فرەیی کرد.
ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێککەوتننامەی ستراتیجیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان واژۆ کرد . کە بەمەش ئاشتییەکی درێژخایەن و ئاوەدانی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشا.
لە تەمموزی ٢٠٠٨ دا و لە بیست و سێهەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونالدا بە جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردرا لە ساڵی ٢٠١٠ دا بۆ دووەم جار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.

لە ماوەی سەرۆکایەتیی مام جەلال وەك باوکی ئاشتی و پێکەوەیی و ڕاوەستان بەیەك مەودا لەگەڵ ناکۆکەکان و وەك چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان دەرکەوت. سفرەی ئاوەدانی لە کۆشکی سەلام لە بەغدا هەمیشە مایەی کۆبوونەوەی ناکۆکەکان بوو بۆ ئاشتی و ئاشتبوونەوە و پێکەوەیی. وەك سەمامی ئەمانی عێراق وابوو بەپێی گوزارشتی سەماحەتی سەید سیستانی، لە ئاستی هەرێمی و عێراقیشدا سەرۆکایەتیی مام جەلال هەیبەت و پرەستیجێکی تازەی دابوو بە عێراقی فیدڕاڵ و دیموکرات سەرەڕای دژوارییەکانی سەردەمی بەرەنگاریی تیرۆر و توند و تیژی تائیفی لە وڵاتدا.


بە داخەوە نەخۆشی و ناخۆشی ڕێگەی لەوە گرت ئەم سەرکردە مەزنە نەخشە ڕێی بیناکردنیووڵاتێکی فیدڕاڵ و دیموکرات و ئاوەدان بە تەواوی سەربخات و بە کولتوورێکی مەزنی سەرۆکایەتی و سیاسەت و ئەزموونێکی دوور و درێژی خەباتی دیموکرات و ئازادیخوازانەوە ئەرکەکەی بۆ کورد و پێکهاتەکانی تری عێراق بەجێهێشت.

ئەوەبوو لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٢ دا لە بەغدا نەخۆشی تینی بۆ هێنا و بەپەلە گەێندرایە نەخۆشخانەی شاریتە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا. لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٤ دا گەڕایەوە بۆ سلێمانی و لە دەباشان گیرسایەوە. لەوماوەیەدا نەخۆشی ڕێی پێ نەدا بەشداری لە ژیانی سیاسی دا بکات.
ڕۆژی ٣/١٠/٢٠١٧ بۆ دواجار ئەم سەرکردە مەزنە، ئەم پێشمەرگە و فەرماندە ئازا و ئازادەی کوردستان، ئەم سەرۆکە مەزنەی عێراق ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

وەك خۆشی هەمیشە لە زمانی هاوشارییە دێرینەکەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی حاجی قادری کۆیی دەیگوتەوە:
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە
ئەوەی باقی بمێنێت هەر ناوە


 
Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved