كۆنفرانسێكی زانستی بۆ ژیان و خەباتی رێكخراوەیی سەرۆك مام جەلال رێكدەخرێت
2024-06-25
بەسەرپەرشتی زانكۆی سلێمانی و بە هەمئاهەنگی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و نۆ زانکۆی دیکەی هەرێمی کوردستان، کە بریتین لە زانکۆی کۆیە، زانکۆی راپەڕین، زانکۆی هەڵەبجە، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، زانکۆی کۆمار، زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی و زانکۆی قەیوان، كۆنفرانسێكی زانستیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مێژووی ژیان و خەبات و كاری رێكخراوەیی و سیاسیی سەرۆك مام جەلال، لە زانكۆی سلێمانی رێكدەخرێت.
لەو كۆنفرانسەدا كە وابڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەشێوەیەكی زانستی رۆشنایی دەخرێتەسەر هەوڵەكانی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە بوارەكانی مافی مرۆڤ، دبلۆماسی و رزگاربوونی كوردستان لەژێر دەسەڵاتی دكتاتۆری و دامەزراندنی حكومەتی هەرێم، هەرواها رۆڵی لە بوونیاتنانی عێراقێكی دیموكراسی و فیدراڵ و هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و بوونی بەیەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی عێراق.
ئامانجی كۆنفرانسەكە ناساندنی دنیابینی سەرۆك مام جەلالە لە بواری بەڕێوەبردن و سەركردایەتیكردندا، هەروەها ناساندنێكی گشتگیر و هەمەلایەنی كەسێتیی سیاسی، هزری، یاسایی و دبلۆماسیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، سەرباری ئەوەش رۆڵ و كاریگەریی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا.
گرنگیدان بە لێهاتوویی و كاریزمای سەرۆك مام جەلال لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكاندا، شیكردنەوەی هەوڵ و بیر و كارەكانی لە پتەوكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان، گرنگیدان بە تێڕوانینی بۆ سەروەری یاسا و مافی ژن، رۆڵی لە گەشەپێدانی زانست و پاراستنی كەلتوور و گرنگیدانی بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، دەرخستنی گرنگیدانی بە ئازادیی بیروڕا و رۆژنامەگەری، گفتوگۆ و شرۆڤەی هزر و ئەدەبیاتی سیاسی، كاریگەریی لە ئاستی عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتی و رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە پاراستنی ژینگە و پاراستنی رەسەنایەتیی شارەكان و تێكنەدانی ناسنامەكەیان، بەشێكی دیكە دەبێت لە ئامانجەكانی كۆنفڕاسەكە.