پێگەی کورد دوای مام جەلال زۆر لاواز بووە، لە سەردەمی مام جەلالدا هەموو شتێک هەبوو

2024-11-04

مەودا پۆلەتیک*
باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ مەودا پۆلەتیک، باسی زۆر لایەنی ژیان و کەسایەتی سەرۆک مام جەلال و پێگە و کاریگەری ئەو لەسەر پرۆسەی سیاسی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان دەکات.
لە بارەی پەیوەندیی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان، باڵیۆز د. محەمەد سابیر دەڵێت: "مام جەلال پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستان و سەرکردەکانیان دروست کردبوو".

دیدارەکە بەوە دەستپێدەکەین کەی و چۆن مام جەلالتان ناسی؟

ساڵی 1961 کە شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێ کرد، ئەو کاتە سەرۆک مام جەلال هات بۆ سلێمانی. من منداڵ بووم، هاتە بەردەرکی سەرا، کلێتەیەکی لەسەر بوو، وتارێکی پێشکەش کرد؛ ئەوە یەکەم جار بوو سەرۆک مام جەلال ببینم.


هیچ شتێکی وتارەکەیت لەبیرە؟
نەخێر وتارەکەیم لەبیر نەماوە، بەس لەبیرمە رانکوچۆغەیەکی خورمایی لەبەردا بوو، کلێتەکەی رووسی بوو، گەنجی وام نەدیبوو. وتارێکی پێشەکەش کرد، خەڵکەکەی سەرسام کرد.

ئەو کاتەش کاریزمای هەبوو، یان لە وتارەکەیدا بەدەر دەکەوت؟

بەڵێ، من زۆر پێی سەرسام بووم.


ئێوە کەی زیاتر لە نزیکەوە مام جەلالتان بینی؟
لەوەبەدوا وردە وردە منیش چوومە ناو پارتی و رێکخراوی قوتابیانییەوە. ئەو کاتەی بەرپرسی قوتابیان بووم، لەو رێگەیەوە سەرۆک مام جەلالم دەبینی. دوای ئەوەی لە ساڵی 1964 ئینشیقاق بوو، ئێمە لەو کاتەدا لە 12ی شوبات کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانمان هەبوو لە چۆخماخ، ئەوکات مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ئەشکەوتی مالوومە بوو. وا دانرابوو ئێمە کۆنفرانسی قوتابیان لە جەژنی رەمەزان ببەستین، بۆ ئەوەی حکومەت هەست پێ نەکات، چونکە قەرەباڵغی دروست دەبوو. ئەوکات دوو بارگیر زەخیرەمان حازر کردبوو، من و شەهید ئەحمەد حەمەکەریمی موهەندیس بە رۆژوو بووین، چووینە مەکتەبی سیاسی بۆ ئەشکەوتەکە، کاک حەمە چاوشینی لێ بوو. کۆنفرانس بەسترا و کاک نەوشیروانیشی لێ بوو، ئێمە بە لای باڵی مەکتەبی سیاسیدا خۆمان شکاندەوە. ئەوەبوو کۆنفرانسی ماوەت گیرا و مەلا مستەفا تەجمید کرا. ئەوسا سەرۆک مام جەلال بەرپرسی هێزی رزگاری بوو لە قەرەداخ، بەرقیەیەکی بەناوبانگی مەلا مستەفا هەبوو، دووجار دەڵێت "جەلالە شێت وەرە بۆ لام"، سەرۆک مام جەلال ئیختیفا بوو لە سلێمانی، ئیتر لێرەوە رۆژ بە رۆژ سەرۆک مام جەلالم زیاتر ناسی. کاتێکیش چوومە بەغدا، هەموو حەفتەیەک سەرۆک مام جەلالم دەبینی.

کێ رابەرایەتی باڵی مەکتەبی سیاسی دەکرد؟
زیاتر مامۆستا ئیبراهیم سەرپەرشتی دەکرد، بەڵام بە جەلالی بەناوبانگ بوو و وا ناسراو بوو، چونکە سەرۆک مام جەلال هێزی عەسکەریی بەدەست بوو و زۆر چالاک بوو.

بە بۆچوونی تۆ مام جەلال کەسێکی جیاواز بوو؟ خەسڵەتە جیاوازەکانی چی بوون؟

بەڵێ، سەرۆک مام جەلال زۆر جیاواز بوو، دەنگێکی زۆر بەتوانا بوو، ئسلوبێکی قەناعەتپێکەری هەبوو، زۆر زیرەک بوو لە هەموو روویەکەوە، زۆر سەرسام بووین پێی. قسەزان بوو، زۆر چالاک بوو، زۆر رۆشنبیر بوو و لە لووتکەدا بوو... شتەکانی وەک قورئان دەچووە مێشکمەوە، هەرچەندە من خۆم کەسێکی دیندار بووم.


ئایا لەپێشتر بوو بەراورد بە تەمەنەکەی؟
بەڵێ، لەچاو تەمەنەکەیدا زۆر لەپێشتر بوو. مامۆستا ئیبراهیمیش وابوو، چەندێک لەگەڵی دابنیشتیتایە، وەڕز نەدەبوویت، زۆر جیاواز بوون لە هاوڕێکانیان؛ مام جەلال بە دەرەجەی یەک و مامۆستا ئیبراهیم بە دەرەجەی دوو.

چۆن بوویت بە هاوڕێی و لەگەڵی بەردەوام بوویت؟
ئەو کاتەی من لە بەغدا بووم، ئەویش لەوێ بوو. لەدوای 1964 و 1965 من لەوێ خوێندکار بووم، لە تەنزیمدا ئیشم دەکرد. ئەگەر هەموو حەفتەیەک یەکمان نەبینیایە، مانگانە یەکمان دەبینی، کۆڕ و کۆبوونەوەی پێ دەکردین. فرسەتی بینینی مامۆستا ئیبراهیمیش هەبوو، جار جار لەگەڵی دادەنیشتم.

ئەوەبوو بەهۆی رێککەوتننامەی ئازارەوە هەردوو باڵەکەی پارتی تێکەڵ بوونەوە، رای مام جەلال چی بوو لەوبارەیەوە؟
بارەگای گۆڤاری رزگاری هەبوو، لەوێ دادەنیشتین، مام جەلال دەهات و قسەی بۆ دەکردین. سەرەڕای پلە و پۆست، هەموومان وەک یەک بووین، پەیوەندیی رۆحیامان هەبوو، هاوڕێ بووین... رۆژێک پێش 11ی ئازار، ئێوارەکەی دانیشتین سەرۆک مام جەلال قسەی دەکرد، وتی: "مفاوەزاتی مەلا مستەفا و حکومەتی عیراقی تێک چوو و سەری نەگرت". هەروەها وتی: "وەفدەکەی لای مەلا مستەفا بێ ئەنجام گەڕاونەتەوە". بەڕەحمەت بێت ئاوات عەبدولغەفور و نەجمەدین عەزیز (کاک سالار) لا بوو، شەو ئێمە پێکەوە بووین، بەیانییەکەی کە 11ی ئازار بوو، خەمبار بووین، نانمان خوارد و چووین بۆ لای مام جەلال لە بەكرەجۆ، مام جەلال لەوێ قسەی کرد و وتی: "ئەمە وەسیقەیەکی تەئریخییە، دەبێت ئێمە تەئیدی بکەین، دەستکەوتێکی گەورەیە..."، لەو بارەیەوە زۆر شتی باس کرد، پاشان وتی:"ئەم رێککەوتنە دەوام ناکات، مەلا مستەفاش و حکومەتیش جێبەجێی ناکەن و سەرناگرێت، بەڵام ئێمە پشتگیری دەکەین و بۆ مێژوو دەمێنێتەوە". دوایی لە رێگەی فاخیر مێرگەسوورییەوە کە مەلا مستەفا کوشتی، پەیام بۆ سەرۆک مام جەلال هات کە مەلا مستەفا دەڵێت با دابنیشین ئەمە حل بکەین، بەڵام ئەوەبوو مام سەفەری دەرەوەی کرد. کۆنگرە بەسترا پارتی (باڵی بەشدار لە بەغدا لە شارع فەلەستین) بۆئەوەی کە چی بکەین، ئێمە کۆمەڵێک کەس بووین وەک نوێنەرانی سلێمانی، سیاسەتی حزبمان بەدڵ نەبوو، ویستمان پارتی پێشڕەو دروست بکەین. دەمانویست حزبی تر دروست بکەین و خەباتی سیاسی بکەین، یان کۆمەڵەمان هەبوو و گرنگیی زیاتری پێ بدەین و بیکەین بە حزبێکی پێشڕەو. هاتە سەر ئەوەی کێ لەو حزبە بێت، مەحمودی مەلا عزەت و کۆمەڵێک کەسی تر پێیان وابوو نابێت ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و لیژنەی مەرکەزیی تێدا بێت، تەنانەت وتیان نابێت سەرۆک مام جەلالی تێدا بێت، چونکە چی بووێت ئەوە دەکات. ئەوە رای مەحمودی مەلا عزەت و کۆمەڵێک کەس بوو. دەیانوت کەس ناتوانێت دەرەقەتی بێت، بە دوو قسە رازیمان دەکات، بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم؛ کاک نەوشیروان وتی دەبێت مام جەلالی تێدا بێت.
ئەوە بوو یەک دوو رۆژی یەکەمی کۆنفرانس مام جەلال لە دەرەوە بوو و ئێمە چیمان بویستایە باسمان دەکرد، بەڵام بۆ بەیانییەکەی رۆژی دواتر، کاتێک چووین بۆ کۆنگرە ، مام جەلال هاتبوو، سێ سەعات قسەی کرد، جەوی کۆنگرە هەڵگەڕایەوە. مام جەلال لەسەر ئەوە قسەی دەکرد کە نابێت تێکەڵی برادەران ببینەوە، کۆبوونەوەکە هەمووی بوو بە مام جەلال و هەموو شتێکی هەڵگێڕایەوە. ئەوانەی رۆژانی پێشتر بڕیاری حزبێکی جیامان دابوو، زۆربەیان پەشیمان بوونەوە. ئیتر کۆنفرانس بوو بە دوو ئاراستە، لایەک لەگەڵ یەکگرتنەوە بوون لەگەڵ باڵی مەلا مستەفا و لایەکیش لەگەڵ ئەوە بوون یەک نەگرینەوە، ئەوە لابرا کە حزبێکی تر دروست بکەین. بۆ بەیانییەکەی قسەمان کردەوە و سەرۆک مام جەلال لەگەڵ ئەوەی دژی یەکگرتنەوە بوو، بەڵام راسپێردرا ببێتە سەرۆکی ئەو شاندەی کە دەچنە لای مەلا مستەفا. ئیتر لەوەوە کۆنگرە بووە دوو خول و بۆ تەواوکردنی، چاوەڕوانی ئەوە بکرێت ئەنجامی گفتوگۆی ئەو شاندە چی دەبێت.

مام جەلال ماوەیەک لە پارتی دوورکەوتەوە و لە دەرەوە خەریکی سیاسەت و پەیوەندیی دیپلۆماسی بوو، چی وای لێ کرد بچێتە دەرەوە؟
پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە، مەلا مستەفا مەرجی ئەوەی هەبوو هەندێک لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی بچن لای ئەو دابنیشن، لەوانە: مامۆستا ئیبراهیم، عومەر دەبابە، مام جەلال و عەلی عەسکەری... دوای ئەوەش مام جەلال بە بیانووی نەخۆشکەوتنی هێرۆ خانەوە چووە دەرەوە.

کە لە دەرەوە بوو، هیچ رۆڵێکی هەبوو؟

بەڵێ بەدڵنیاییەوە، مام جەلال، مام جەلالە... لە هەر کوێ بوایە، کاریگەریی زۆری هەبوو. پەیوەندیی باشی هەبوو، بەتایبەت لەگەڵ حافز ئەسەد لیبییەکان و فەلەستینییەکان، شتی بۆ دەنووسین و یارمەتی دەدان. زۆر نزیک بوو لە جۆرج حەبەش و نایف حواتم و لەگەڵ قاهیرەش سادات پەیوەندیی باشی هەبوو.


دوای ئاشبەتاڵ یەکێتی دامەزرێنرا، کێ رۆڵی سەرەکی هەبوو لە دروستکردنی یەکێتیدا؟
مام جەلال رۆڵی سەرەکی هەبوو لە دروستکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا. خۆی کاتێک ئاشتبەتاڵ بوو، مام جەلال رای وابوو ئاشتبەتاڵ نەکرێت؛ حافز ئەسەد و سادات بە مام جەلالیان وتبوو ئاشتبەتاڵ مەکەن ئێمە یارمەتیتان دەدەین. نامەیەکی لەو بارەیەوە بۆ مەلا مستەفا نووسی، دایە دەستی هێرۆ خان و رەوانەی ئێرانی کرد. هێرۆ خان نامەکەی دایە مامۆستا ئیبراهیم و ئەویش بردی بۆ مەلا مستەفا، بەڵام مەلا مستەفا بڕیاری خۆی دابوو، کە دەیخوێنێتەوە، دەڵێت "برایم تەواو، پەشیمان نابمەوە". لەو کاتەدا ئیدریس لەوێ دەبێت، دەڵێت "با ئەم نامەیە بە نەزەری ئیعتیبار وەربگرین و ئاشبەتاڵ نەکەین"، بەڵام مەلا مستەفا دەڵێت بڕیاری خۆم داوە. مەلا مستەفا هیچی نەهێشتەوە.
پاشان مام جەلال دەوری زۆری گێڕا و هەوڵی دا یەکێتی دروست بکات لەگەڵ هاوڕێکانی، لەگەڵ ئەوەی خەڵک ورەی رووخا بوو، خەڵک بێهیوا بوو، مام جەلال هیوای دروست کردەوە.

کەسانێک هەن دەڵێن ئێمە شۆڕشمان دروست کردەوە؟

ئەوە راست نییە، مام جەلال هەڵگیرسێنەر و رابەری شۆڕشی نوێیە، مام جەلال نەبوایە شۆڕش نەدەبوو، یەکێتییش نەدەبوو، ئەو یەکێتی دروست کرد.


رۆڵی مام جەلال لە رووخانی رژێمی بەعس وەک شەخس و دوور لە یەکێتی، چی بوو؟
لە رووی دیپلۆماسییەوە؛ ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەبوو، مام جەلال کۆیکردنەوە. کۆنفرانسی بەیروت ئەو رێکخەری بوو، مام جەلال نەبوایە نەدەتوانرا نە کۆنفرانسی بەیروت، نە کۆنفرانسی ڤیەننا ببەسترێت، یەکەم کۆنفرانس لە بەیروت بوو، دووەم لە ڤیەننا و سێیەمیش لە سەڵاحەدین. پێنجەم لە لەندەن بوو، لە کۆنفرانسی لەندەن لەگەڵی بووم، زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری ئەمەریکاییەکان بوو.
پێش پرۆسەکە مام جەلال لە ئەمەریکا بوو، من بەشداری کۆبوونەوەکان دەبووم، ئەوان وایاندەزانی عیراق سوپای پێنجەمە لە جیهاندا، مام جەلال دەیوت سوپای عیراق فشەڵە، زوو دەڕووخێت، یەک حەفتە نابات عیراق دەڕووخێت. لە دواییشدا قسەی مام جەلال دەرچوو. ئەمەریکاییەکان وایان دانابوو چل هەزار کەسیان لێ دەکوژرێت، بەڵام ئەوەی مام جەلال وتی لەبارەی عیراقەوە، هەمووی راست دەرچوو.
بەبۆچوونی ئەو، ئەوە گرنگ بوو کە چۆن دەوڵەتی هاوڵاتی دروست ببێت، چونکە شیعە و سوننە و کورد ئاسان نییە پێکەوە هەڵ بکەن، بەتایبەتی زەحمەتە دیموکراسیەت دروست بێت. دوای سەدام چی روو دەدات ئەوە گرنگە؛ رێکخستن و یەکدەنگیی عیراق.

دوای پرۆسەی رزگارکردنی عیراق، مام جەلال چی بۆ کورد بەدەستهێنا؟
ئەو دەستوورەی بەدەستهێنا کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، باشترین دەستوورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مادەی 140، کە ئەگەر بمایە، بەتەواوی جێبەجێ دەکرا. هەروەها مەسەلەی نەوت؛ ئەگەر ئەو بمایە، وای بەسەر نەدەهات.

بە نەمانی مام جەلال پێگەی کورد لاواز بوو؟

بەڵێ، پێگەی کورد دوای مام جەلال زۆر لاواز بووە، لە سەردەمی مام جەلالدا هەموو شتێک هەبوو، ئێستا چیمان هەیە؟ ئەوسا کورد چی بووتایە ئەوە دەبوو.


کۆچی دوایی مام جەلال زیانی چی بوو بۆ یەکێتی؟
کەسی وەک مام جەلال نەک بۆ یەکێتی، بۆ عیراق و جیهانیش بۆشاییەکی جێهێشت بە کەس پڕ نابێتەوە، ئەوەتا زۆر کەس لە یەکێتی جیا دەبنەوە، کە ئەگەر مام جەلال هەبوایە، کێ دەیتوانی وا بکات.

پێت وایە هاوڕێی مام جەلال هەبووە لە شاخ و لە شار زۆر بۆی باش بووە، بەڵام ئەوان لە بەرانبەردا بێوەفا بوون بۆی؟
بەڵێ، لە پێش هەمووشیانەوە کاکە نەوشیروان مستەفا، کاتێک کە خۆشی مابوو. مام جەلال نەوشیروانی زۆر خۆش دەویست، لەو کتیبەی کە ساڵی 1968 دەری کرد (کردستان والحرکة التحرریة)، ناوی دوو گەنجی هێناوە، یەکێکیان نەوشیروان مستەفا و ئەوەی تریان بەکر حسێنە. مام جەلال زۆر سەرسام بوو بە نەوشیروان مستەفا، ئەو سەرسامییە وای لێ کرد لە نەمسا بیهێنەتەوە، کە خۆی بە هەوڵی مام جەلال چوو بۆ نەمسا. مام جەلال هێنای کردی بە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی. مام جەلال زۆر شتی بۆ کاک نەوشیروان کرد، بەڵام ئەو بێوەفا بوو بەرانبەری.

مام جەلال بڕوای بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نەبوو یان بڕوای وابوو زروفەکە لەبار نییە؟
پێی وابوو زروف لەبار نییە. زۆری لەو رووەوە باس کردووە، دەیوت حەمە ئەوە خەونێکە دەبێت بیهێنینە دی، بەڵام کەی دێتە دی، بەستراوەتەوە بە زروفی ناوچەکەوە. هەتا ئێمە دراوسێکانمان (ئێران، عیراق و تورکیا) ئەم رژێمانە بن، ناتوانین دەوڵەت دروست بکەین. دەبێت هەوڵ بدەین سیستمێکی فیدراڵی بێتە ئاراوە و وەرچەرخانێک هەبێت. مام جەلال دەیوت ئاسمانمان لێ دابخەن دەخنکێین. ئەوە خەونە و دەبێت هەوڵی بۆ بدەین و بیهێنینە دی، بەس ئێستا کاتی نییە. مام جەلال پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستان و سەرکردەکانیان دروست کردبوو، بۆ ئەوەی لیژنەیەکی کوردستانی دروست بکەین و کۆنفرانسی بچووک ئەنجام بدەین، ئەوەش وەک رایەڵەیەک بێت بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی.

*گۆڤارێکی وەرزیی سیاسییە ماڵپەڕی مەودا میدیا دەری دەکات ژمارە (٢) ساڵی یەکەم پایزی ٢٠٢٤
مەودا میدیا، ماڵپه‌ڕێكی هه‌واڵیی سیاسی گشتییه‌، ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و دوور له‌ لایه‌نگیری، هه‌واڵ و زانیاری بۆ خوێنه‌رانی بگوێزێته‌وه‌.

گواستنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌واڵه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ئیتیكی كاری رۆژنامه‌وانی و به‌رپرسیارێتی نیشتیمانی و دروستكردنی متمانه‌ی نێوان ماڵپه‌ڕ و خوێنه‌ره‌كانی ده‌بێت.

ئامانج له‌مه‌ش فراوانتركردنی رووبه‌ڕی ئازادی، ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی هاوڵاتیانی كوردستان به‌ زانیاری نوێ و باوه‌ڕپێكراو، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانیاری لای خوێنه‌ره‌كانێتی.
www.mewdamedia.com


 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved