سەرۆک مام جەلال: لە سلێمانیم و بیری بەغدا دەکەم

2024-01-23

سەرۆک مام جەلال... گفتوگۆ  و چەند ھەڵوێستەیەک  بۆ مێژوو

ئاسایش و ئاشتەوایی پێویستییەکی ژیانە بۆ بەدەستھێنانی یەکێتیی نەتەوەیی
مام جەلال: ئەو سیاسەتەی کە دەستبەرداری ئەخلاق و بەھاکان بێت سیاسەتێکی ھەلپەرستە
ئەلمەرسەد دووبارە دەقی دیالۆگی سەرۆک مام جەلال بڵاودەکاتەوە لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی (ئەلفەیحا) دیالۆگی ھێمن
رێکەوت: ١٦/٠٦/٢٠٠٦

پێشکەشکاری بەرنامە: محەمەد تائی:  بەخێر بێیت فەخامەتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بۆ زنجیرەیەکی نوێ و تایبەت  لە بەرنامەی گفتوگۆ ھێمنەکان.
یەکەم: بەخێرھاتنێکی گەرمتان دەکەم.
دووەم: تکایە سڵاو، رێز و پێزانینم بگەیەنن بەھەموو ئەو خوشک و برایانەی لە کەناڵی فەیحا کاردەکەن. پێموایە ئەم کەناڵە بووە بە دڕکێک و چووە بەچاوی سەدامییەکان و دوژمنانی گەلی عێراق، بۆیە من ھێندەی زیاتر سڵاویان لێ دەکەم.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دووبارە ھەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی کۆمار، دیموکراسیەت و یەکێتیی نەتەوەیی پتەوتر دەکات؟
سەرۆک مام جەلال:
یەکەم: ھەڵبژاردنی خۆم وا دەبینم کە بەھێزکردنی دیموکراسییەت و برایەتی عەرەب و کوردە بەکۆدەنگیی ئەو ھێزانەی لە عێراقدا کاردەکەن و چالاکن لە پەرلەمان، لەھەمانکاتدا بۆ مافی یەکسانیی ھاونیشتمانی لە عێراق دا، بەمانای ئەوەی ئەگەر ھەر ھاوڵاتییەکی عێراقی مەرجەکانی لێھاتوویی تێدا بوو دەتوانێت ھەر پۆستێک بەدەستبھێنێت لە دەوڵەتی عێراقی نوێدا، منیش بەبێ خۆبەرزکردنەوەو خۆبەزلزانین، دەتوانم بڵێم تامەزرۆ و بە پەرۆشی ئەم پۆستە نەبووم، ھەر بۆیە پێش ھەڵبژاردن زۆر راشکاوانە وتم: ئەگەر ھەردوو لیستی  یەکێتیی ئیئتلافی عێراقی و تەوافق  بەپەرۆشەوە رەزامەندییان لەسەر نەبێت، ئەوا خۆم ھەڵنابژێرم. دواجار، شێوەیەک لە کۆدەنگی ھەبوو بۆ ھەڵبژاردنم لە خولە ئەسڵیەکەی یەکەمدا، چونکە خوولی پێشووتر لە ڕاستیدا خولێکی ئەزمونی (تەجریبی) بوو بۆ ماوەی ساڵێک، ئەمەیان خولە راستییەکەیە بۆ ماوەی ٤ ساڵ. من زۆر سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە شەرەفی ئەم پۆستەیان پێدام و لەوەش تێدەگەم کەئەمە مانای ھەڵگرتنی لێپرسراوێتییەکە لەبارودۆخێکی تایبەتدا.

بەڕێز سەرۆک کۆمار درێژە بەقسەکانی دەدات و دەڵێت:
- ئەو پۆستانەی ماوەکەی دیاریکراوە تەنھا ئەنجومەنی سەرۆکایەتییە کە بۆ ماوەی ٤ ساڵە، بەڵام سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان، ھەڵنەبژێردراون بۆماوەی ٤ ساڵ، سبەینێ سەرۆک وەزیران دەتوانێت دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات، یاخود پەرلەمان دەتوانێت متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە دوای ساڵیک یان دوو ساڵ، بەڵام ماوەی پەرلەمان لە ڕاستیدا ٤ ساڵە، پەرلەمان تەنانەت دەتوانێت متمانە لە سەرۆکایەتی کۆمار وەربگرێتەوە. ئەوەی ماوەی چوار ساڵ دەمێنێتەوە تەنھا پەرلەمانە. من پێموایە ھەر کەسێکی بەرپرسیار دەبێت لە یادی بێت کە لێپێچینەوە ھەیە، لێپێچینەوە لەلایەن پەرلەمان و خەڵک و لە ھەر ساتێکدا دەکرێت لە پۆستەکەی لا بدرێت کاتێک لە یاسا و لەو ئەرکانەی پێیدراوە لا بدات.

لەنێوان شایستەیی ھەڵبژاردن و شایستەیی نەتەوەیی

لەسەر ئەوەی کە دەڵێن تێکەڵکردن لەنێوان ھەردوو شایستەی ھەڵبژاردن و نەتەوەیی قەیرانی سەرکرادیەتی دروست دەکات لە عێراق، سەرۆک مام جەلال وتی:
-من پێم وایە ئەمە راست نییە، چونکە ھیچ دژایەتیەک نییە لەنێوان شایستەیی ھەڵبژاردن و شایستەیی نەتەوەیی، ئەنجامی ھەڵبژاردن تایبەت و دیاریکراوە ، بەڵام لەھەمانکاتدا ھەڵبژاردن ئەرک و بەرپرسیارێتی سەپاندووە بەسەر کەس و لیستە براوەکاندا.
ئەم بەرپرسیارییەتیانە رەھا و دیاریکراو نین، بەڵکو بەرپرسیارێتیی نیشتمانییە کە پابەندە بە بەھا و بنەماکانی پێویستن بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندن و سەربەخۆیی عێراق. دواتر رەچاوکردنی شایستەیی نیشتمانی بۆ بەدیھێنانی یەکێتیی نیشتمانی و بەرەیەکی نیشتمانیی ناوخۆیی یەکگرتوو بەڕووی تیرۆرو تەکفیرییەکان دەبێت بەکارێکی گرنگ و نایاب.
ھەروەھا دەربارەی دەستوەردانی سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان لە ھەندێک لە کاروباری دەوڵەتدا، سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتی:
-دەستوەردانی سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان جۆرێکە لە رووەکانی دیموکراسییەت، کوتلە سیاسییەکان و سەرۆکەکانی لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردراون بەپێی بەرنامە داڕێژراوەکانیان، بۆیە مافی خۆیانە کە رای خۆیان دەرببڕن و گفتوگۆ بکەن و پێشنیاز پێشکەش بکەن، ھەروەھا مافی قبوڵکردن و رەتکردنەوەیان ھەیە. ئەم بابەتە ئاساییە، چونکە ئەزموونی دیموکراسییەت لە عێراقدا بێھاوتا نوێیە، بۆیە خەڵک سەریان سوڕماوە. ئیتاڵیا وەکو نموونە وەرگرە کە چەند ساڵیک تێپەڕی و چەند پارتێکی زۆری تێدا بوو بەبێ بوونی پارتی زۆرینە، ھەر وەکو ئێمە بەکێشەدا تێپەڕی، ئیسرائیل، نموونەیەکی دیکەیە، کاتێک حکومەتیان پێکھێنا لە پارتەکانی چەپ و راست و ناوەڕاست، کۆک دەبن و بۆچوونی جیاوازیش دەبێت... ھتد. ئەو وڵاتانەی دیموکراسییەت پەیڕەو دەکەن بەدڵنیاییەوە مافی دەستوەردانی تێدایە، بەڵام دەستوەردان بەسنوورو دەسەڵاتی دیاریکراو. دەربارەی گونجاندن، پێم وایە بنەمای گونجاندن کە پەسەند کراوە لەلایەن ئەنجومەنی حکومڕانی لە عێراق، ھەروەھا پەسەند کراوە لەلایەن ھەموو کوتلە سیاسییە عێراقییەکانەوە، بنەمایەکە کە لەگەڵ واقیعی عێراقدا رێکدەکەوێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی عێراق "خوا وای درووستکردووە " پێکھاتووە لە دوو نەتەوەی سەرەکی ئەویش عەرەب و کوردە، ئەمە جگە لە نەتەوەکانی دیکەی تورکمانی و کلدانی و ئاشووری. عیراق پێکدێت لە مسوڵمان و مەسیح، مسوڵمانەکان دابەش دەبن بۆ سوننە و شیعە، سوننەکان دابەشدەبن بۆ شافیعی و حەنەفی، ھەروەھا شیعە لە دنیادا دابەشن بۆ چەند مەزھەبێکی جۆراوجۆر. من پێم سەیرە کە دەڵێن ئەمانە درووستکراوی حزبەکانن یاخود دروستکراوی ئەمریکان، نەخێر، ئەمە درووستکراوی مێژووە، سەدان ساڵە بوونی ھەیە، بەڵام پێشتر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دڕندە ھەبوو کە ھاوڵاتییانی سەرکوت دەکرد و مرۆڤ نەیدەتوانی ھەستەکانی خۆی دەرببڕێت، بەڵام ئێستا بوار ھەیە بۆ دیموکراسییەت و ئەمە شتێکی ئاساییە.

ئەزموونێکی بەسوود و بێھاوتا

دەربارەی دەستپێشخەرییەکان و بانگھێشەتە سیاسییەکان بۆ خوانی نیوەڕۆ بەمەبەستی یەکخستنەوەی ھێزە عێراقیەکان، بەڕێز سەرۆک کۆمار ئاماژەی بۆ ئەوەکردو وتی:
-لە راستیدا ئێمە بەئەزموونێکدا تێپەڕین، ئەزموونێکی بەسوود و بێھاوتا، لەسەرەتادا گرژییەکی زۆرو دەمارگیری و سەنگەرگرتن ھەبوو، بەشێوەیەک ماوەیەک تێپەڕیکردو دانیشتن لەسەر یەک مێز نەدەگونجا و قبول نەدەکرا. ئێمە ھەوڵمان دەدا بەجیا لەگەڵ ھەریەک لە برادەرانی ئیئتلاف و توافق و عێراقیە کۆببینەوە، لەم لا دەڕۆشتین بۆ ئەولا.
لەکۆتاییدا، پێشنیارێکم کرد بۆیان کە لەسەر مێزی خوانی نیوەڕۆ کۆببینەوە دوور لە بابەتی سیاسەت، ھەموو رەزامەندیان پیشاندا. لەدوای ئەو دیدارە پەیوەندییەکان و چاوپێکەوتنەکان دەستیپێکرد، لەسەرەتادا سەخت بوو، بەڵام وردە وردە بۆیان دەرکەوت بابەتەکە سەخت نییە وەکو ئەوانیتر پێشبینیان دەکرد، بەڵکو زۆر باشبوو، چاوپێکەوتن و نزیکبوونەوە وایکرد بەشێوەیەکی باشتر لەیەک تێبگەین.
بۆ نموونە، بۆچوونێک ھەبوو لەسەر برای بەڕێزم دکتور تارق ھاشمی، جێگری سەرۆک کۆمارە، لە راستیدا و لەدوای ماوەیەک لە پەیڕەوکردنی کارەکان لەلایەن برای بەڕێزم تارق ھاشمی، ھەموو ئەو بۆچوونە نەرێنیانە گۆڕدران بۆ ئەرێنی و پێچەوانەکەی دەرکەوت، ئەو پیاوە ئەوە نەبوو کە ھەندێک بیریان لێدەکردەوە، یاخود ھەندێک دەیانویست پیشانی بدەن، دیدار و نزیکبوونەوەکان راستی ھەموو پیاوەکانی دەرخست، راستی ھەموومان بۆ یەکتری، من پێموایە بارودۆخەکە ئێستا باشترە و پێمانوایە ئەوەی کرا لە راستیدا جۆرێکە لە ئاشتەوایی کە خزمەتی یەکێتیی نەتەوەیی دەکات. لەبری ئەوەی کورد، عەرەب، شیعە و سوننە بەرانبەر یەک بجەنگن، ئێستا رێکدەکەون و بەھاوبەشی کاردەکەن و ھاودەنگی و ھاوپەیمانی یەک دەبن. ئەمە بەرەو پێشچوونێکی گەورەیە بە بەراورد بەو بارودۆخەی کە تیایدا بووین و بەو شێوەیەی کە دوژمن دەیوست بۆمان، ئێستا بارودۆخەکە زۆر باشترە، بەڵام درێژیی ماوەکە ھەمووی ناگەڕێتەوە بۆ پارتەکان، لیژنەی ھەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی زۆر ئەنجامە فەرمییەکانی بڵاونەکردەوە، زیاتر لەنیوەی کاتەکە تێپەڕی و ئەنجامی ھەڵبژاردن بە رەسمیی بڵاونەکرایەوە، دواجار پێموایە لەدوای ئەو ماوە سەختەی گەلەکەمان لە عێراق پیایدا تێپەڕی و نەوە نوێکان بواریان نەبوو پەیڕەوی دیموکراسییەت و شێوازەکانی و فێڵەکانی و یارییەکانی بکەن، بەھۆی ئەمانەوە وا دەکات مرۆڤ باوەڕ بەوە بێنێت کە دەکرێت لە بارودۆخێکی وەکو عێراقدا ئەمە رووبدات.
ئاسایش لە عێراقدا پێویستییەکی ژیانە

دەربارەی مەلەفی ئاسایش و ناسنامەی ئەو چەکدارانەی دانووستانیان لەگەڵ دەکرێت، سەرۆک تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو،

-یەکەم، پێموایە ئاسایش لە عێراقدا پێویستییەکی ژیانە، پێویستییەکی ژیانە بۆ دەستەبەرکردنی یەکێتیی نەتەوەیی، پێویستییەکی ژیانە بۆ دەستەبەرکردنی حکومەتی یەکێتیی نەتەوەیی، پێویستییەکی ژیانە بۆ ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری. ھەر بۆیە لەدوای ئاشتەوایی، ئاسایش ئەولەویەتی ھەیە لەو ئەرکانەی کە خراوەتە سەرشانی ھەموومان، من لەمێژەوە باوەڕم بەوەیە کە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری پێویستی بەپلانێکی سیاسی، میدیایی، ئابووری، سەربازی و دانووستانی  گشتگیر ھەیە. دانووستان نەک تەنھا لەگەڵ چەکدارەکان، بەڵکو لەگەڵ دراوسێکانماندا. ئەوەی راستی بێت من بەئاشکرا وتومە، من وەکو سەرۆکی کۆمار بەرپرسیارم لەسەر ھەموو عێراقیەکان تەنانەت ئەو عێراقییەی کە تاوان ئەنجامدەدات و دەچێتە زیندان، من بەرپرسیارم لەژیانی. ھەر بەم سیفەتەوە، جیاوازییەکانی نێوانمان ھەرچییەک بێت، ئامادەم گفتوگۆ لەگەڵ ھەر عێراقییەک بکەم، تەنانەت ئەگەر جیاوازییش ھەبێت من ھەر دەبێت گوێی بۆ بگرم، من بەردەوام ئەو ئایەتە پیرۆزە دەڵێمەوە کە دەڵێت: بسم اللە الرحمن الرحیم (فبشر عباد الذین یستمعون القول فیتبعون احسنە). ئەم ئایەتە پیرۆزە دەڵێت ئەرکی ھەر مسوڵمانێکە کەگوێ لەوە بگرێت کە دەوترێت و مژدە دەدات بەوانەی کە گوێ بۆ قسە دەگرن و دوای باشترینیان دەکەون. ھەر بۆیە پێدەچێت ئەم وتەیە دەنگدانەوەی خۆی بووبێت لەسەر چەکدارەکان. سوێند بەخوای گەورە من راستییەکانت بۆ دەگێڕمەوە، ئێوارەیەک لە ماڵەوە بووم لە بەغدا، یەکێک لە برادەرانی سکرتارییەت ھات و وتی کەسێک بەناوی ئەبو مێگفی دەیەوێت سەردانیت بکات،  ئەو ھاوڕێیەکی دێرینە و فەرماندەیەکی نیشتمانییە، لەکاتی رژێمی دیکتاتۆردا ھاوڕێمان بوو و ھاوکاری یەکتریمان دەکرد. منیش وتم من بیری دەکەم با بفەرموێت، خۆی و ٤ کەسی لەگەڵ بوو ھاتن، ئەو پیاوێکە ھیچ پەیوەندییەکی بەچەکدارەکانەوە نییە،  بەڵام پێ دەچوو ئەو کەسانە زانیویانە کە ئەبو مێگفی خاتری ھەیە لامان و ھاوڕێمانە، ھەر بۆیە راستەوخۆ ھاتن بۆ ماڵەوەو منیش پێشوازیم لێکردن، وتیان ئێمە لە ھێزی بەرھەڵستیکردنین، منیش پێکەنیم و بەگاڵتەوە وتم ئەی چۆن دێن بۆ ماڵی سەرۆک کۆمار بەبێ ترس، وتیان ئێمە باوەڕمان بەتۆو ئیتیکێتی (ئەخلاقیاتی)  تۆ ھەیە زۆرمان لەسەر بیستووی. دەستیانکرد بەڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئەوان خراپەیان ناوێت بۆ خەڵکی عێراق و نایەنەوێت بەردەوامبن لەسەر کاری چەکداری و بێزارن لە ھەڵسوکەوتەکانی زەرقاوییەکان و تەکفیرییەکان و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە پێویستە بەشداربن لە رێرەوی سیاسی و دیموکراسییەت لەوڵاتدا، منیش وتم بەخێر بێن. بۆیان گێڕامەوە کە چی ھەیە لەنێوان ئەوان ئەمریکییەکانداو ئەوان گیشتونەتە قۆناغێکی دیاریکراو لەگەڵ ئەمریکییەکان، منیش ھانمدان. وتیان پیویستمان بە رەزامەندی تۆیە وەک سەرۆک کۆمار، وتم من ئەمەوێت راشکاوانە پێتان بڵیم کە ئەمریکییەکان راوێژیان پێکردم کاتێک لەگەڵ ئێوە گفتوگۆیان دەکرد. ئەمریکییەکان بەمنیان وت: وەکو سەرۆک کۆمار پێشنیارێکمان ھەیە بۆت، رەتی دەکەیتەوە؟ وتم نەخێر، پشتگیری بەڕێوەچوونی دانووستان دەکەم.
ئەو برادەرانە دواتر دووبارە ھاتنەوە بۆلام لە سلێمانی و ھەمان شت دووبارە بووەوە. ئێستاش پەیوەندیم ھەیە لەڕێگەی نێوەندگیرییەوە نەک راستەوخۆ، پێم دەڵێن کە ئەوان دەیانەوێت کە ھاوپەیمانی و ئاشتەوایی نیشتمانی بکرێت و کۆتایی بەکوشتن بێت و بگەڕێنەوە بۆ رێگەی ئاشتی لەڕێگەی من و  لەسەر رەزامەندی من، یاخود پشتگیری من، منیش بەدڵنیاییەوە پێشوازی لەوە دەکەم لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی ھاتوون بۆ لای من نە سەدامین و نە تەکفیرین. ئەوان عێراقین لە عەرەبی سوننە نیگەرانن لە ھەندێک ھەڵسوکەوت، یاخود ھەندێک گرفت و لەیەک تێنەگەیشتنیان ھەیە. من پێم وتن ئەوەی روو دەدات لەنێوانمان دانووستان نییە، چونکە وەکو سەرۆک کۆمار رێگەپێدراو نیم بۆ دانووستان کردن. دانووستان دەسەڵاتی حکومەتە، بەپێی دەستوور برای بەڕێزم مامۆستا نوری مالکی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانە و لێپرسراوی یەکەمی ئەم بابەتانەیە و حکومەت بڕیاری دانووستان و گفتوگۆ و لێبوردنی گشتی دەدات، کەواتە من تەنھا راوێژکارێکم، یاخود عێراقیەکم کە رای خۆی دەردەبڕێت. ئەوەی روودەدات لەنێوان من ئەو برادەرە چەکدارانە دانووستان نییە، بەڵکو جۆرێکە لەگفتوگۆیەکی عێراقی برایانە، من رێگە خۆش دەکەم بۆ ئەو دانووستانە. ئەو برادەرانە پێشنیاریان ھەیەو من دەیخەمە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و برای بەڕێزم سەرۆک وەزیران، ئەویش لەگەڵ وەزیرەکان لێکۆڵینەوەی لێدەکەن، دواجار بڕیار بەدەستی ئەنجومەنی وەزیرانە. ئێمە راستە بەشداری دەکەین لە راوێژکارییەکان و پێشنیار پێشکەش دەکەین، بەڵام بڕیاری کۆتایی جێبەجێکردن لە دەستی ئەنجومەنی وەزیرانە.
               
دەربارەی ناسنامەی ئەم کوتلە چەکدارانە، سەرۆک مام جەلال روونیکردەوە، وابزانم ناسراون، بەڵام من متمانەپێکراوم لەسەر ناوەکانیان و ناتوانم ئاشکرای بکەم. پشت بەخوا بەمزووانە وردەکارییەکانم دەدەنێ و ئامادە دەبم بۆ ئاشکراکردنی بۆ رای گشتی.

لەسەر ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە، سەرۆک مام جەلال وتی:
-بەپێی ئەوەی نێوەندگیرەکان و ئەو برادەرانی چاوم پێیان کەوت پێم دەڵێن، ئەوان سوورن لەسەر کۆتاییھێنان بەشەڕو بەململانێی تائیفی و دژایەتیکردنی شیعە، کورد، عەرەبی سوننە و کۆتاییھێنان بە رشتنی خوێنی عێراقییەکان و سووربوون لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری فیکری. پشت بەخوا ئەگەر ئەو رووبدات ئەوا شتێکی زۆر باش و نایاب دەبێت، چونکە دەوڵەت ناتوانێت ھەتا رۆژی قیامەت بێدەنگ بێت. پشت بەخوا چارەسەری دەکەین بەباشترین شێوە و ناچار نابین رووبکەینە چەک و بەرھەڵستیکردنی حکومەت بەچەک، ئەو کات تەنھا باندە تەکفیرییەکان دەمێننەوە و ئەرکی ھەموومانە قۆڵی مەردانە ھەڵکەین بۆ لەناوبردنی ئەو باندانە. چونکە ئەو باندە قاعیدیە زەرقاوییانە شەڕی جینۆسایدیان راگەیاندووە لەسەر خەڵکی عێراق.  ئەو تاوانبارانە  وتیان ھەموو شیعەکان روافزن (رەتکەراوەن) و ھەموو کورد خیانەتکارن و ئەو عەرەبە سوننانەی کە بەدەنگ فەرمانەکنیانەوە نایەن لادەرن. ئەم تاوانبارانە شەڕی جینۆسایدیان راگەیاندووە دژی خەڵکی عێراق، ھەربۆیە ئەگەر شەڕیان دەوێت، با ببێت بەشەڕی لەناوچوونی دوژمنە تەکفیریەکان، ئەمە بابەتە سەرەکییەکەیە. بەڵام ئەگەر توانیمان برا عەرەبە سوننەکان قەناعەت پێبکەین، ئەوا دەبێت بەخێر بۆ ئەوان و ئێمە و ھەموو عێراق.

دەربارەی ئەو گروپانەی ئامادەی دانووستان نین، سەرۆک تاڵەبانی باسی لەوەکرد،
-پێموایە، ئەوانە سەدامییەکانن، یان ھەڵخەڵەتێنراون لەلایەن قاعیدەوە، جگە لەوە پێموایە ٧ لەو گرووپانە بەلایەنی کەمەوە ئامادەن بۆ چارەسەری سیاسی.

ئایا ئەو گرووپانەی تر کە رازی نین دانووستان بکەن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بەپێی یاسای دژە تیرۆر؟
-بەدڵنیاییەوە، یاسای دژەتیرۆر نەک تەنھا ئەوانەی دەجەنگن، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە یارمەتیان دەدەن و بانگەشەیان بۆ دەکەن، ھەروەھا ئەوانەش کە رێگەیان بۆ خۆش دەکەن. دوای ئەم قۆناغە دەبێت حکومەت، حکومەتی یەکێتیی نەتەوەیی بەھێز بێت کە دەتوانێت یاسای دژەتیرۆر بەڕوونی و راشکاوانە جێبەجێبکات، بەشێوەیەک رێگەنادەین بەھەندێک کەس بەئاشکرا وتاریان ھەبێت و بانگەشە بۆ پلانگێری و تیرۆرو شەڕ بکەن بێ لێپێچینەوە. دەبێت رۆژنامەکان ملکەچ بن بۆ یاسای دژەتیرۆر، تەنانەت نابێت وتاری مزگەوتەکان لەدەرەوی یەکێتی و بەرژەوەندی نیشتمانی بێت و دژایەتی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی خەڵک بکات. 

رۆڵی نەرێنی میدیای عەرەبی

سەبارەت بەو رۆڵە نەرێنیەی کە میدیای عەرەبی دەیبینێت لە عێراقی نوێدا، سەرۆک تاڵەبانی روونیکردەوە،
-من چەند جارێک وتومە، میدیای عەرەبی لە پاڵ گەلی عێراقدا نەوەستاوە، بەشێوەیەکی گشتی، میدیای عەرەبی لە سەردەمی رابردوودا پشتی دیکتاتۆری گرتووە. بەدڵنیاییەوە ئیستیسنای تێدەکەوێت، بەڵام زۆر بەداخەوە میدیای عەرەبی تێگەیشتنی نییە، یاخود بەمەبەست تێگەیشتنی نییە بۆ راستی بارودۆخی عێراق.

دەربارەی دواکەوتنی ھەندێک لە سزا دەرچووەکان بەتایبەتی سزای لە سێدارەدان لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، سەرۆک مام جەلال وتی:
-یەکەم، ھیچ بڕیارێک یاخود حوکمێک لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەوە دوانەخراوە، ئێمە پێش ماوەیەک لەکاتی خۆیدا بەژمارە و بەروار دەرکرد بۆ ئەنجومەنی سەرۆکایەتی، تیایدا روونمان کردەوە کەئەوەی دەوترێت تەنھا بوختان و درۆیە، ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ھیچ رێگرییەکی نەکردووەو ھیچ بڕیارێک دژی تیرۆریستەکان تەنانەت بڕیاری لە سێدارەدان دوانەخستووەو ئەمەش بڵاوکراوەتەوە، دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ ئەو بەیانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بڵاوکراوەتەوە بەژمارەو ئامارەکان و رێکەوتەکان.
 

مەلەفی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان

سەبارەت بەمەلەفی میلیشیاو گروپە چەکدارەکان، سەرۆک کۆمار وتی:
-یەکەم، ئەو برایانەی کە ناوت ھێنان بەگروپە چەکدارەکان، ئەیانکەم بە دوو بەشەوە، بەشێکیان، ئەو ھێزە چەکدارانەن کە لە دژی رژێم خەباتیان کردو قوربانییان داوەو خزمەتیان کردووە لە ئەرکی لەناوبردنی رژێمی دیکتاتۆری کە ناکرێت بەراوردیان بکەین بەوانەی لەدوای ئازادکردنی عێراق دەرکەوتن. بۆ نموونە ئەو حزبەی کە ئێستا ھێزێکی چەکداری دادەمەزرێنێت ناکرێت بەراورد بکرێت لەگەڵ ھێزێکی چەکداری کە خەباتی کردووە دژی رژێمی دیکتاتۆری، شەھید و قوربانی داوەو سەختیی چەشتووە، کەواتە ماوەی ئازادی و پێش ئازادی ھەیە. ئەوانەی دوای ئازادکردنی عێراق ھاتوون، دەگەڕێنەوە بۆ کارەکانی خۆیان بەبێ جیاوازی.  ھەرچی ئەوانەی پێش ئازادکردنی عێراق خەباتیان دەکرد لە مارشەکان و دەشتەکان و شاخەکان، ئەوانە جێگەی سوپاسن و مافیان ھەیە، چۆن دڵنیا نابین لەو کەسانەی کە رۆحیان لەناو دەستیاندا بووە بۆ بەرگریکردن لە عێراق، چۆن دەبێت نەیانخەینە ریزەکانی ھێزە چەکدارەکان و پۆلیس و سوپاوە، لە بەرانبەردا دڵنیابین لەکەسانێک ھەتا دوێنێ سەر بەھێزە چەکدارەکانی رژێمی دیکتاتۆری بوون و شەڕمان لەگەڵ دەکردن، ئایا ئەمە دادپەروەرییە؟
دووەم، ئێمە یاسامان ھەیە، ئەم یاسایە دەبێت جێبەجێ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی بابەتی میلیشیاکان، بە راشکاوانە دەڵێم لەم بوارەدا و لەبوارەکانی دیکەدا، داکۆکی دەکەم بۆ سەروەریی یاسا. سەروەریی بۆ یاسایە، ئەوەی یاسا بڕیاری لەسەر دەدات، جێبەجێی دەکەین و بواری زۆر فراوان ھەیە بۆ جێبەجێ کردنی یاسا، بەدڵنیاییەوە ئەو ھێزانەی خەباتیان کردووە دژی رژێمی دیکتاتۆری ژمارەیان دیاریکراوە، بە سەدان ھەزار نین وەکو باسی دەکەن، ئەم کەسە خەباتگێڕ و تێکۆشەرانە کە شەڕیانکردووە دژی دیکتاتۆرییەت، مافی رێز و پێزانینیان ھەیە، نابێت بەچاوی گومان و دڵەڕاوکێوە سەیریان بکەین، من داکۆکیکارم لە پاداشت و پێزانین. سزادانی ئەو کەسانەی خەباتیان کردووە دژی دیکتاتۆرییەت نادادپەروەرییە.

لەسەر شێوازی پاداشتکردنیان، سەرۆک تاڵەبانی وتی:
-ئەوەی یاسا بڕیاری لەسەر دەدات جێبەجێ دەکرێت، بۆ نموونە ئەفسەرەکان دەگەڕێنەوە بۆ سوپا، ئەو ئەفسەرانەی خەباتیان کردووە دژی رژێمی دیکتاتۆری زیاتر شایستەی گەڕانەوەن بۆ ریزەکانی سوپای عێراقی لەکەسانی تر. ئەم سوپا نوێیە سوپای رزگاریخوازە، سوپای دژایەتیکردنی دکتاتۆرییەتە. من پشتگیری دووبارە وەرگرتنەوەی ئەفسەرەکانی سوپای پێشەوە دەکەم، کەواتە باشترە لەپاڵ گەڕانەوەی ئەو ئەفسەرە عیراقیانە بم کە خەباتیان کردووە دژی ئەو دیکتاتۆرەی کە رووخێنرا، ئەمە مافێکی سروشتییە. لەلایەکی دیکەوە ئەو برادەرانەی دیکە کە دەیانەوێت بۆ نموونە خۆیان ناونووس بکەن لە ریزەکانی پۆلیس، ئێمە بواری فراوانمان ھەیە، بواری پاسەوانی سنوورمان ھەیەو پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی دارستان و پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانمان ھەیە، باوەڕم وایە، ئەوانەی پێشتر خەباتیان کردووە دژی یکتاتۆر باشتر پارێزگاری لەدامەزراوەکانی نەوت دەکەن و زیاتر ئاگاداری دەبن بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی دوێنێ لە ریزی سوپای رژێمی پێشوودا بوون.

 من ئەوانی دیکە جیاناکەمەوە، پێموایە ھەزارەھا ئەفسەر لە سوپای عێراقیدا ھەن و من خۆم پەیوەندیم لەگەڵ سەدان ئەفسەری عێراقی نیشتمانی و دڵسۆز ھەیە کە پێویستمان پێیانە و گەلەکەمان پارەیەکی زۆری تیادا سەرف کردوون و دەبێت قەدریان بزانین و بیانگەڕێنینەوە بۆ ناو سوپا بەشوێن و پێگەی گونجاو، جگە لە سەدامییەکان کە نابێت رێگەیان پێبدرێت نزیکی سوپا و پۆلیس ببنەوە، دەبێت سەدامییەکان دووربخرێنەوە لە سوپا و پۆلیس و ھێزە چەکدارییەکان، چونکە ئەوان پیلانگێڕن و باوەڕیان بە ھەڵبژاردن و وەرگرتنی دەسەڵات نییە لەڕێگەی ھەڵبژاردن، بەڵام من دژی بوونیان نیم لەبواری تردا. بۆ نموونە من لاریم نییە لە بوونی ئەو مامۆستایانەی لەگەڵ حزبی بەعسی سەدامی بوون لە زانکۆکان و خوێندنگەکان بەمەرجێک پابەند بن بەیاسا، رێسا و مەنھەجی خوێندنی ئێستا، یاخود پزیشک، ئەندازیار و کارمەندی مەدەنی، بەڵام سوپا و پۆلیس نا، دەبێت سەدامیەکان قەدەغە بن و بێبەش بکرێن لە ھێزی چەکداری.
 

پێویستی بەستنی پەیوەندی باش لەگەڵ گشت وڵاتانی دراوسێ

لەسەر پەیوەندییەکانی ئێرانی و عێراقی و  پێگەی عێراق لەو پەیوەندی و رێکەوتنانە، سەرۆک مام جەلال وتی:
-یەکەم دەمەوێت راشکاو بم و لەوانەیە راشکاویەکەم ھەموو لایەنەکان ناڕازی بن لێی، بەبێ جیاوازی ئێمە پێویستمان بەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵ ھەموو وڵاتانی دراوسێ ھەبێت، ھەر بۆیە لەلای ئێمەوە نابێت ھیچ شتێک رووبدات کە ئەو پەیوەندیانە تێکبدات، یاخود رێگریی لێبکات. ئێران دوو بەشە: ئێرانی شا کە دژایەتی دەکردین و من خۆم بەھەموو توانایەکمەوە پشتگیری ئۆپۆزیسیۆنم دژی رژێمی شا و ھاوکاریم دەکردن و تەنانەت کارم لەگەڵ ئیمامی خومەینی دەکرد کاتێک لە نەجەفی شەریف بوو، پەیوەندیمان ھەبوو لەگەڵی و بەدڵنیاییەوە پێزانینمان ھەبوو بۆی و ھانمان دەدا. تەنانەن کاتێک کە لە شاخ بووین نامەیەکمان بۆ نووسی و پێشنیارمان بۆ کردو پێمان وت ھێزی پێشمەرگە ئامادەیە و ئەگەر دەتەوێت دەچین بۆ ئێران بۆ شەڕکردن لەگەڵ رژێمی شا، رژێمی شا بەسەرچوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران ھات کە چاکەی ھەیە بەسەرمانەوە، ئایا ئێمە دەتوانین نکوڵی لە مێژوو بکەین؟ کێ یارمەتی داین لەببەرەنگاربوونەوەی رژێمی دیکتاتۆر؟
سوریاو ئێران یارمەتیان داین، لەببارودۆخێکدا ھەندێک وڵاتەکان، تەنانەت لەدەستەخوشکەکانمان لەوڵاتە عەرەبییەکان ڤیزەیان نەدەدا بۆ سەردانیکردنیان. ئێران بەپارەبو چەک یارمەتی دەداین، سوریا بەپارەبو چەک یارمەتی داوین، چی بڵێین دەربارەی ئەمە، ئایا بێ منەت بین و ئەو چاکەیەمان لە بیر بچێتەوە؟
مرۆڤی دادپەروەر ناتوانێت چاکە لە بیر بکات، ئێمە سوپاسیان دەکەین بۆ ئەو یارمەتیانەی پێشکەشیان کردووین، کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتێکی زیرەکانەی پەیرەو کرد بەرانبەر بەئێمە، خۆزگە برادەرانمان لە سوریا چاویان لێ بکردنایە. پێش ھەموو شتێک خۆشحاڵ بوون بەرووخانی رژێمی دیکتاتۆری و یارمەتیان داین لە رووخانی رژێم، نەیان گوت ئەمریکییەکان رژێمیان رووخاند و دەبێت بمێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە تێبینی خۆیان ھەبوو لەگەڵ دژایەتی، بەڵام دڵخۆش بوون بەرووخانی رژێمی دیکتاتۆری، چونکە لەڕاستیدا جۆرێک بوو لە یارمەتی بۆ ئەوانیش. ئەمریکییەکان بەڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری، ئێرانیان رزگار کرد لە دوژمنێکی گەورە، سەدام حسێن نییەتی خراپی ھەبوو بۆیان و سوپای سەدام لەدژیان بەکارھێنرا بوو. دوای ئەوە ئێرانییەکان راستەخۆ پشتگیری ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیان کرد لەدوای ئازادی وەکو چۆن پێشتر یارمەتی دابوون، بەمانای بەردەوامبوونی سیاسەتی پشتگیری ئێرانی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی پێش ئازادیی عێراق و لەدوای ئازادی، ھەربۆیە کاتێک ئەنجومەنی حوکمڕانی پێکھێنرا، ئێرانییەکان دەم و دەست دانیان پێدانا و وەفدێکیان نارد بۆ پیرۆزبایی، پاشان بانگھێشتی وەفدیکیان کرد لە ئەنجومەنی حوکمرانی کە من سەرۆکایەتیم دەکرد چووین بۆ ئێران، رێکەوتنی نوێمان واژۆ کرد و ئامادەیی تەواویان راگەیاند بۆ یارمەتیدانمان. من سەرۆکی وەفدەکە بووم، چوم بۆ ئێران زۆر بەڕێزەوە و بەئاستێکی بەرز وەکو سەرۆکی دەوڵەتێک پێشوازیان لێ کردین. رۆشتین بۆ تورکیا، ئەوانیش بەھەمانشێوە، بەڵام بەئاستێکی کەمتر، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازیان لێ کردین و رێکەوتنی نوێیان واژۆ کرد لەگەڵمان، بەڵام برادەرانمان لە سوریا رەتیانکردەوە پێشوازیمان لێ بکەن، لەگەڵ ئەوەی ھاوڕێیەتییەکی کۆن و بەتین کۆماندەکاتەوە لەگەڵ سوریا کە ھێشتا شانازی پێوە دەکەم، بەڵام رەتیان کردەوە پێشوازی لەوەفدەکە بکەن، وتیان پێشوازی لە جەلال تاڵەبانی دەکەین، بەڵام پێشوازی لە ئەنجومەنی حوکمرانی ناکەین. لەدوای پێکھێنانی حکومەتی ئینتیقالی ئێران پیرۆزبایی کرد و کاتێک ھەڵبژاردن بەڕێوەچوو پشتگیری ھەرسێ ھەڵبژاردنەکەی کرد، پشتگیری پرۆسەی ریفراندۆمیان کرد و ئەنجامەکانی بەسەرکەوتن بۆ گەلی عێراق وەسف کرد، لەکاتێکدا ھەندێک لەبرادەرانی دیکە پشتگیری ھەڵبژاردنیان نەکرد و بەساختە و فێڵیان دەزانی. کاتێک کەوەک سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرام، ئێرانییەکان پیرۆزباییان کردو پشتگیرییان کردو بانگھێشتیان کردم و چووم بۆ ئێران بەسەرۆکایەتیی وەفدێک لەساڵی پاردا. ھەروەھا کاتێک دووبارە ھەڵبژێردرامەوە وەکو سەرۆکی دەوڵەت، یەکەم سەرۆک دەوڵەت کە پەیوەندی پێەوە کردم لە شەودا،

سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران برای بەڕێزم ئەحمەدی نەژاد بوو، وەفدێکیان نارد بۆ عێراق و پێش ماوەیەک وەزیری دەرەوە ھات و چەند وشەیەکی باشی وت بۆ ئەمریکییەکان کەئێمە لەھەمانکاتدا خۆشحاڵین بەوەڵامی باڵیۆزی ئەمریکا و پێی دەزانین. وەزیری دەرەوەی ئێران وتی چی ماوە ئێمە نەمان کردبێت لە عێراق، پشتگیری رووخانی رژێم و ئەنجومەنی حکومرانیمان کرد، پشتگیری ئەم پرۆسە ئەمریکییەمان کرد، پشتگیری حکومەتی کاتیمان کرد، پشتگیری ھەرسێ ھەڵبژاردنەکەمان کرد، پشتگیری ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەمان کرد، پشتگیری ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکایەتیی وەزارەتەکانمان کردووەو ھەر پرۆسەیەک کە بەڕێوەدەچێت لەم وڵاتەدا بەسەرپەرشتی ئەمریکییەکان ئێمە پشتگیریمان کردووە، کەواتە کوا دژایەتی و پێشێلکاری و رێگریی ئێران لەم پرۆسە سیاسییەی عێراقدا؟
ئەمەم گەیاند بەباڵیۆزی ئەمریکی، وتی "ئەمە راستە، بەڵام پێیان بڵێ کە ئێمەش رزگارمان کردوون لە سەدام حسێن و دیکتاتۆرێک کە دژایەتی دەکردن، عێراق شوێنێک بوو بۆ پیلانگێڕان لە دژی ئەوان، جەنگێکی ٨ ساڵە و کێشەی زۆر، ئێمەش دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش دروست بکەین لەگەڵیان.

مەبەستم ئەوەیە ئێران دۆخێکی تایبەتی ھەیەو ئێمە ناکرێت چاکەی ئێران لە بیر بکەین. من خۆم پێموایە ئەو سیاسەتەی خاڵییە لە ئەخلاق و بەھاکان، سیاسەتێکی ھەلپەرست و بێ مانایە و شایەنی ژیان نییە. ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە لە ھەموو شتێک رازین کە ئێران دەیکات و ھیچ قسەمان نییە لەسەری، ئەوانیش قسەی خۆیان ھەیە، بەڵام ئایا ئەو کێشانە مەحاڵە چارەسەرکردنیان؟ نەخێر، پێم وایە کە ئێمە دەتوانین لەگەڵ برادەرە ئێرانییەکان دابنیشین و بگەینە ئەنجام لەھەموو بوارەکاندا.

وەفدێکی رێگەپێدراوم بدەنێ و ئەگەر شکستم ھێنا، دەست لەکارکێشانەوەکەم دەنێرم بۆتان

من جارێک وتم ئەو کێشانە کە ھەیە لەنێوان ئێمە، ئێران، ئێمە، تورکیا، ئێمە و سوریا دەکرێت چارەسەر بکرێت و ئەمەم پێشنیار کرد: من دەڵێم، تەحەدای ئەوانە دەکەم کە دەڵێن ئەو کێشانە مەحاڵە چارەسەر بکرێن، وەفدێکی عێراقی رێگەپێدراوم بدەنێ و سەردانی ئەو سێ دەوڵەتە دەکەم، ئەگەر سەرکەوتوو بووم لەچارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوا دەگەڕێمەوە بەغدا و ئەگەر شکستم ھێنا ئەوا دەست لەکارکێشانەوەکەم دەنێرم بۆ بەغداو دەگەڕێمەوە بۆ سلێمانی. من پێش مانگێک ئەم قسەیەم کردووە دوا بەدوای پێکھێنانی حکومەت. ھەمان پێشنیار دووبارە دەکەمەوە لەم بەرنامەیەوە کە ئەگەرێکی زۆر روون ھەیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەمە، ئێمە بەدڵنیاییەوە راو بۆچوونی خۆمان ھەیە لەسەر چەند بابەتێکی تایبەت، بەڵام ھیچیان بۆ مەبەستی شێواندن و ناوزڕاندن و تۆقاندن و ...ھتد نین، دادەنیشین لەسەر مێزی دانووستان و راشکاو دەبین لەگەڵ یەکو ئەم کێشانە چارەسەر دەکەین.

ئەمە یەک، دووەم، بابەتی تورکیا بواری چارسەرکردنی ھەیە، بوونی ھێز لەسنوور کە پێویست ناکات ئەم بابەت گەورە بکرێت، بۆچی ھیزەکانی ئێران ھاتنە ناو سنووری عێراقەوە؟ چونکە پارتێک ھەیە ناوی پیژاکەو سەر بە پەکەکەیە، ئەم حزبە دەچێتە ناو سنووری ئێرانەوەو کاری کوشتن و دزی دەکەن و بۆسە لەسەر رێگەکان دادەنێن. ئایا ھیچ وڵاتێک بەمە رازی دەبێت؟ ئەوان ھاتن بۆ لامان و داوایان لێ کردین چارەسەری بکەین، بەڵام ئێمە وتمان ناتوانین و سەرقاڵین بەبابەتی زۆرەوە لەوانە پێکھێنانی حکومەت و لەناوبردنی تیرۆر، دوای ئەوانە دەتوانین باس لەبابەتەکە بکەین. دەبێت تێگەیشتنمان ھەبێت بۆ بابەتەکە، بۆیە نابێت گەورەی بکەین، داوا لە ئێران دەکەین، تکایە بۆردومانی دێھاتەکان مەکەن و زیان بەخەڵکی مەدەنی و بەرژەوەندی عێراق مەگەیەنن. من ھەمان ھەڵوەستەم ھەیە لەگەڵ تورکیا، وەکو باسم کرد تورکیاش چاکەی ھەیە بەسەرمانەوە لەکاتی سەدامدا، تورکیا تاکە رێگەی (رێرەو) بۆ ئێمە. سەدەھا ھەزار لە خەڵکی ئاوارە روویان کردە تورکیا و ئەوانیش پێشوازیان لێ کردن. تورکیا دژایەتی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی نەکردووە، تەنانەت خوالێخۆشبوو تورکوت ئۆزال بەئاشکرا پێشوازی لەوەفدیINC  کرد، بۆیە تورکیا ھەڵویستەکانی دۆستانە بووە لەگەڵ ئێمە. بەدڵنیاییەوە کێشەی مێژووی کۆن و نوێ ھەیە لەگەڵ تورکیا، بەڵام دەکرێت چارەسەر بکرێت لەڕێی دانووستان و دیالۆگ.

کەرکوک کێشەیەکی عێراقییە کەس بۆی نییە دەستوەردانی تیادا بکات

تەنانەت دەربارەی بابەتی کەرکوکیش؟
-بابەتی کەرکوک کێشەیەکی عێراقیە کەس ناتوانێت دەستوەربدات لەو بابەتە. ئەگەر برادەرە تورکەکان قسەیان لەسەر بابەتی کەرکوک کرد، پێیان دەڵێین تکایە واز لەم کێشەیە بێنن و ئەمە کێشەیەکی عێراقیە، چۆن ئێمە ناتوانین قسە لەسەر بابەتی دیار بەکر بکەین و چۆن عەرەبی عێراق بۆیان نییە قسە لەسەر بابەتی ئەسکەندەرونە بکەن. بەم شێوەیە برا تورکەکانمان ناتوانن دەستوەربدەن لە بابەتی کەرکوک و موسڵ و ئەوانیتر بەھەمان شێوە ئێرانیش، بۆیان نییە دەستوەر بدەن لە بابەتی نەجەف، کەربەلا، سلێمانی و ئێمەش مافی ئەوەمان نییە دەستوەربدەین لە بابەتی خوزستان و ئەھواز و ...ھتد

ئەی چی دەربارەی سوریا؟
-سوریا بارودۆخێکی تایبەت و ھەستیاری ھەیە. پێش ھەموو شتێک، من ھەرچەند قسە لەسەر سوریا بکەم ، دەبێت سوپاسیان بکەم بۆ ئەو یارمەتیە گەورانەی پێشکەشی کردووین. قۆناغێک لەمێژوو تێپەڕی و تیایدا سوریا تاکە ووڵات بوو کە پێشوازی لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کرد و داڵدەی داین و یارمەتی داین، چەکی پێداین، ئایا ئەو ھەموو چاکەیە لە بیر دەکەین؟ ئەو بارودۆخەمان بیر دەچێتەوە کە پێویستمان بە تفەنگێک بوو، سوریا بۆی دابین کردین؟ سوریاو سەرۆک حافز ئەسەد چاکەیەکی زۆریان ھەیە بەسەرمانەوە. لەماوەی دوو ساڵی کۆتایی حوکمی سەدام، سوریا سیاسەتێکی پەیڕەو دەکرد کە ئێمە پێی رازی نەبووین، سیاسەتێک کە پێمان وابوو راست نییە، بەڵام من رێگەم بەخۆم نەداوەو ناشیدەم کە رەخنە لەو سیاسەتە بگرم بەئاشکرا روونی بکەمەوە. ئەمە وەکو کێشەیەکی ناوخۆیی بەجێدەھێڵین، ئێمە براو ھاوڕێی یەکین، کاتێک چاومان بەیەک کەوت، گلەییان لێ دەکەین و ئەوانیش گلەیی لە ئێمە دەکەن. من ھیچ بەرژەوەندییەک نابینم کە پەیوەندی سوری - عێراقی بەرەو مشتومڕو راگەیاندن و لێدوانی دژ بەیەک بەرین. بۆیە لە بیرت بێت من یەک وشەم دژی سوریا نەوتووە لەگەڵ ئەوەی لەناو دڵم و مێشکمدا کێشە و بابەتی زۆر ھەن کە دەمەوێت باسیان لێوە بکەم کاتێک چاوم دەکەوێت بەبرای بەڕێزم بەشار ئەسەد.

من پێم وایە دیالۆگ تاکە رێگەی راستە بۆ چارەسەری ناکۆکی لەگەڵ سوریا. ھەر من بووم وتم وەفدێکی رێگەپێدراوم بدەنێ و دەچم بۆ دیمەشق و پێموایە کێشەکە چارەسەر دەکەم. ئاسایش، بابەتی سەرەکی ئێمەیە لەگەڵ سوریا. ئێمە ناکۆک نین لەسەر قامیشلی و موسڵ، نە ئێمە داوای قامیشلیمان کردووە نە سوریا داوای موسڵی کردووە. کێشەکە کێشەی ئاسایشە، ئێمە راو بۆچوونی خۆمان ھەیە لەوبارەیەوە، لەسەرەتادا ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لە سوریا، بە راشکاوی پشتگیری خۆیان رابگەینن بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق. دوابەدوای راگەیاندنی پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق چەند ئەنجامێک بەدوای خۆیدا دەھێنێت، لەوانە سەرۆک کۆمار دەتوانێت سەرۆکایەتیی وەفدێک بکات و بچین بۆ دیمەشق و پێموایە ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکەین. بەڵام نە لە بەرژەوەندی عێراقەو نە سوریا و نە فەلستینە کە ئێمە ھەڵمەتێکی راگەیاندن بکەین دژی سوریا و پەستانی زیاتر بخەینە سەریان، ئەمانە ھیچی رێگەپێدراو نییە لەلۆژیک و عەقڵدا.

سەبارەت بەوڵاتەکانی دیکەی دراوسێ، ئەوا ئوردون ھەڵوێستی زۆر شەرەفمەندانەیە، ھەروەھا کوەیت و سعودیەش ھەڵوێستیان باشە.


ئێمە سیستمێکی  نوێین
ئایا ئێمە سیستمێکی تەقلیدین؟
-نەخێر، ئێمە سیستەمێکی  نوێین

دەربارەی ھاوپەیمانانی عێراق سەرۆک مام جەلال وتی:
-لەھەر قۆناغێکدا ھاوپەیمانێک دەستنیشان دەکرێت بەپێی پێویستی ئەو قۆناغە. ھەموو ئەوانی پشتگیریمان دەکەن بۆ رزگاربوون لە تیرۆرو تەکفیرییەکان ھاوپەیمانمانن و ھەر یەکێک لەپشت تەکفیرییەکان و تێرۆریستەکان دژی ئێمە بوەستێت ئەوا خۆیان کردووە بەدوژمنی ئێمە. من ماوەیەک لەماوەکان دروشمی سەرۆکی ھەمیشە زیندوو جەمال عەبدولناسرم دەوتەوە کە دەیگوت: (دژایەتیی ئەوانە دەکەین کە دژایەتیمان دەکەن و دۆستین لەگەڵ ئەوانەی دۆستایەتیمان لەگەڵ دەکەن)، من دەمگوت (دۆستین لەگەڵ ئەوانەی دۆستایەتیمان لەگەڵ دەکەن و دژایەتی ناکەین تەنھا لەگەڵ ئەوانەی دژایەتیمان دەکەن). لەئێستادا ھاوپەیمانمان زۆرە لەبواری ئابووری و گەشەکردن، بەڵام بابەتی ئاسایش، بابەتێکی زۆر گرنگە. پێش چەند رۆژێک پێشوازیم لە سکرتێری گشتیی سۆسیالیزمی نێودەوڵەتی کرد، کە رێکخراوێکی فراوانەو ١٥٢ پارت لەخۆدەگرێت، ھەندێکیان لەسەر حوکمن و ھەندێکیان ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ھەمووی حزبی بەھێزن، پشتگیری خۆیان راگەیاند بۆ سەقامگیری عێراق و گەشەی عێراق و بۆ رزگارکردنی عێراق لە تێرۆر. کەواتە ئەوانە ھاوڕێ و ھاوپەیمانی ئێمەن، ئامادەیی خۆیان راگەیاند بۆ یارمەتیدانمان بەھەموو شێوەیەک. ھەروەھا پێشوازیم کرد لەسەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، براو ھاورێی کۆنم ماسیمۆ دالیما کە سەرۆکی گەورەترین پارتی چەپە لە ئیتاڵیا و سەردانی عێراقی کرد بۆ وتووێژ لەسەر پرسی ھێزە ئیتاڵیەکان و بەردەوامبوون لە یارمەتی ئیتاڵی بە ئاشتیانە لەڕووی ئابووری و کەلتووری و راھێنانەوە. کەواتە عێراق ھاوڕێی زۆری ھەیەو کێشەمان تەنھا لەگەڵ ئەوانە ھەیە کە دژایەتیمان دەکەن و پشتگیری تیرۆر دەکەن.
 

فێدراڵی یەکێتیی عێراق بە ھێز دەکات

بۆچی رێگریی کرا لە پێکھێنانی دامەزراوە فیدرالێیەکان لە عێراق؟
-من پێم وایە فیدرالێیەت باشترین سیستەمە لەدنیادا. فیدراڵییەت دروست بووە بۆ یەکخستنەوەی ھەرێمەکان و ناوچەکان نەک بۆ بەش کردنیان.
وانە لە مێژوو وەربگرن، دەبینن کە فیدرالییەت پێکھات بۆ یەکخستنەوەی ئەمریکا، یەکخستنەوەی کەنەدا، یەکخستنەوەی ئەڵمانیا کە یەک نەتەوەو یەک کەلتوورە، ھەروەھا یەکخستنەوەی چەندەھا دەوڵەت. فیدرالییەت سیستمێکی ئیداری مۆدێرنە، گەرەنتی مەرکەزییەتی شیاو دەکات لەگەڵ لا مەرکەزییەت و ھەروەھا گەرەنتی مافی دیموکراسی دەکات بەباشترین شێوەکانی، بەپێی ئەوەی خەڵکی ناوچەکە کارەکانی خۆیان بەڕێوەدەبەن و لەھەمانکاتدا گەرەنتی ھاوپەیمانێتی دەکەن لەگەڵ رۆڵەکانی دیکەی دەوڵەتدا. من پێموایە کە کێشە درووستبووە لە ئەنجامی تێنەگیشتن لەبنەمای فیدراڵییەت. ھەندێک نارەزایی ھەیە لەلایەن برا عەرەەبە سوننەکانەوە دەربارەی فیدرالیەتی باشوور، من پاسا و بۆ ئەو نارەزاییە ناھێنمەوە و پێم وایە فیدراڵیەت باشترین سیستمە بۆ ئەو وڵاتانەی چەند نەتەوەیەک و چەند رەگەزنامەیەک لە خۆ دەگرن.

سەرۆکی فەرنسا، خوا لێخۆشبوو فرانسوا میتەران ھەمیشە دەیگوت: وڵاتی فرەنەتەوە ناتوانێت بەردەوام بێت لە ژیان ئەگەر دوو مەرجی تیادا بەردەست نەبێت  (فیدرالیەت و دیموکراسیەت). بەم شێوەیە ئەزموونی ئەوروپای رۆژھەڵات سەلماندی کە ئەو ووڵاتانەی فیدرالیەت و دیموکراسیەتی تیادا دەستەبەر نەبێت دەروخێت. فیدرالیەت وەکو ھاوسەرگیری وایە، کامیان زیاتر بەردوام دەبن؟ ھاوسەرگیری خۆبەخشانە یاخود ھاوسەرگیری ستەمکارانە. ئەگەر فیدرالیەت لە باشوور و رۆژئاوا پەیرەو بکرێت ئەوا لە بەرژەوەندی ھەموواندا دەبێت، فیدرالیەت زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکات و نابێتە ھۆی دابەش کردن، بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی بەھێز کردنی یەکێتیی نەتەوەیی.
سەرنجی عێراق بدەن، ئایا سیستمی دیکتاتۆری توانیوێتی یەکێتیی عێراقی راستەقینە دەستەبەر بکات؟ ئەو یەکێتیەی کە لەسەردەمی رژێمی دیکتاتۆری ھەبوو، یەکێتیەکی تەواو سەرکوتکەر بوو لەکاتێکدا ئێمە لە شاخ و لە باشوور خەباتمان دژی رژێمی دیکتاتۆری دەکرد.

جەواھیری شاعیر وەسفی ئەم بارودۆخە دەکات لە سەردەمی مالکیدا و دەڵێت:
ذُعِر الجْنوبُ فقيلَ : كيدُ خوارجٍ ! __ وسكا الشَّمالُ فقيلَ : صنْعُ جِوار!
بە مانای لە سەرتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی، باشوور ترس و دڵەراوکێی ھەیە و باکووریش گلەیی دەکات، واتا یەکێتیەکی راستەقینە نەبووە، بەڵکو یەکێتییەکی زۆرەملێ و سەپێنراو بووە. ئەمرۆ یەکێتیەکی خۆبەخشی پێکھینراوە، کەواتە فیدرالیەت گەرەنتی یەکێتیی راستەقینەی عێراق دەکات، ھیچ پاساوێک نییە بۆ ترس و دڵەراوکێ، ئەوانەی دەڵێن فیدرالییەت دەبێتە ھۆی دابەشکردنی عێراق لە فیدرالییەت نەگەیشتون.
سەیری سلێمانی بکەن، خەڵکەکەی سەلامەت و دڵنیان، ئاوەدانکردنەوەو پێشکەوتنێکی دڵخۆشکەرانە بەدی دەکرێت، ئەمە چاکەیەکە لە چاکەکانی فیدرالییەت. ھەر بۆیە پشت بەخوا کە فیدرالیەت جێگیر بوو، دەبینین چۆن دەبێتە مایەی گەشەسندنی عێراق و جۆرێک لە ھاوکاری. تێبینی پەیوەندیەکی کەسی بکەن کاتێک لەسەر بنەمای خۆشەویستی و دۆستایەتی و رێز بوونیادنراوە ، ئایا بە ھێزتر نییە لە پەیوەندیەکی سەپێنراو بە سەرکوتکردن و چەک و تۆقاندن؟ فیدرالییەت ئەو پەیەوەندیە ئازادە دوستانە و برایانەیە کە پێکھاتووە لەسەر بنەمای ھاوپەیمانی و رێزگرتن لە یەکتری و بە دەستھێنانی مافی ھەمووان.

لەسەر فیدرالییەتی کوردستان، سەرۆک مام جەلال وتی:
-پەیرەوکردنی کردنی فیدرالیەت لە کوردستان نەبۆتە ھۆی جیاکردنەوەی لە عێراق، بە پێچەوانەوە جەختی کردۆتەوە لەسەر یەکێتیی عێراق لە ئامادەنەبوونی دەوڵەتی بەغدا، پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگ مانەوەی لە چوارچێوەی عێراق پەسەند کردووە لەسەر بنەمای لەسەر بنەمای فیدرالییەت لە عێراقی دیموکراسی.

چۆن دەتوانن بەشداربن لە سەرخستنی ئەم ئەزموونە لە ناوچەکانی دیکە؟
-پێم وایە بەھێز کردنی ئەم ئەزموونە و تێگەیاندنی برا عەربەکانمان و بانگھێشت کردنی وەفدی زۆر بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان ببینن کە چی روودەدات و ھەروەھا بانگھێشت کردنی ھێزە سیاسیەکان ھەندێک جار بۆ کۆبوونەوە لە کوردستان و سەردانی ناوچە کوردییەکان بکەن.

لە سلێمانیم و بیری بەغدا دەکەم

ئایا مانەوەت لە سلێمانی لە خۆشەویستیە بۆ شارەکە یاخود ئیسراحەت و پشووە؟
-بەڵێ ھەمووی، من ئەمەوێت شتێک بڵێم، من خەڵکی سلێمانی نیم، سلێمانی شارێکی ئازیزە بۆ کوردەکان، بەردەوام ناوی دەنێن دڵی کوردستان. لە راستیدا من سلێمانیم خۆش دەوێت و من ماندوو بووم و بۆ ماوەی حەفتا و پێنج رۆژ تەنانەت چێژم لە پشووی حەفتانە نەبینیوە، وەکو دەزانیت کێشەی زۆر ھەبوو، بۆیە مافی خۆمە چەند رۆژێک لە سلێمانی بمێنمەوە، ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە من سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانم و ئاھەنگەکانی یادی ٣١ ساڵەی دامەزراندنی حیزب بەرێوەدەچوو بۆیە غیابی من گونجاو نەدەبوو، ھەروەھا مافی خۆمە ئەرکە حیزبیەکانم جێ بە جێ بکەم. بە دڵنیاییەوە من بەغدام خۆش دەوێت و دیجلەی خێرم خۆشدەوێت و لە غەریبیدا لەگەڵ جەواھیری ئەم شیعرەمان دوتەوە:
يا دجلةَ الخير يا نبْعاً أفارقُهُ             على الكراهةِ بين الحينِ والحينِ
إنّـي وردْتُ عيونَ الماءِ صافيةً         نبْعاً فنبْعاً، فما كـانت لترويني
بیری بەغدا دەکەم، بەڵام مافی خۆمە چەند رۆژێک لە سلێمانی و چەند رۆژێک لە ھەولێر و چەند رۆژێک لە کەرکوک بمێنمەوە.

دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ وتووێژ و دانووستان لەگ لایەنە عێراقیەکان بە جۆرەکانیەوە و ئایا توشی نیگەرانی بووە؟ وتی:
-من گفتوگۆ دەکەم لەگەڵ ھێزە ئیسلامیە سونی و شیعەکان، ھێزی کراوەی تێدایە و تێیدایە کەمێک داخراوە، بەڵام گفتوگۆ خۆی لە خۆی دا شتێکی جوانە. من پێم وایە توندرەوی تنھا لە ئیسلامیەکانەوە نییە، ھەندێ جار ئادۆلیژیستەکان مشتومر دەکەن. من ماندوو نەبووم لە وتووێژ لەگەڵ ئیسلامییەکان جا سوننە بن یاخود شیعە، بە پێچەوانەوە ھەرچەند گفتوگۆ بکەم لەگەڵیان زیاتر سوود وەردەگەرم و زانیاری دەگۆرینەوە، ستاندەردی ھاوبەش ھەیە لە نێوانمان کە ئەویش لە بەرژەوەندی عێراقە. لە بیرت نەچێت منیش مسوڵمانم، لە ئیسلام و بەھاکان و بنەماکانی تێدەگەم و ھەندێک جار وتووێژ دەکەم ئایا ئەوانەی دەیڵێن ئیسلامیی راستیە یاخود نا، لە کۆتاییدا ھیچ سەختیەک نابینم لە گفتوگۆ. بۆ نمونە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ ئێمە لە پەیوەندیەکی باشداین لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق. ئەنجومەنی باڵا چەند حزبێکی جیاوازی لە خۆ گرتبو، ھەر لە سەرەتای ئۆپۆزیسیۆنەوە ئێمە لە پەیوەندیەکی باشدابووین لەگەڵ حزبی دەعوە و بۆ زیاتر لە ١٠ ساڵ ئێمە لە پەیوەندیی باشدا بوین لەگەڵ حزبی ئیسلامیی عێراقی. بوونی رێکخراوی ئیسلامی رێگری ناکات لە رێککەوتن بە پێچەوانەوە ئەمە دیاردەیەکە بوونی ھەیە لە کۆمەڵگەکەماندا و ئیسلامییەکان لە واقعی کۆمەڵگەی عێراقی-وە ھەڵدەقوڵێن و دەبێت گفتوگۆ بکەین و تێگەیشتنمان ھەبێت بۆیان، وابزانم ئەمە دەکرێت.

وشە لە عەقڵ و ویژدانەوە دەردەچێت

ئایا زۆربوونی کێشت کاری کردۆتە سەر وشە رەشیقەکانت یاخود لێدوانەکانت قورس بووە؟
-ووشە لە لەشەوە دەرناچێت، وشە لە عەقڵ و ویژدانەوە دەردەچێت و ئەمەش ناگۆردرێت، خۆزگەم عەقڵیشم وەکو قەبارەم گەورە ببوایە، عەقلم گەورە ببێت ئەوە نیعمەتێکی خوایە، بەڵام عەقڵ ھەر بەو قەبارەیە دەمێنێتەوە کە خوا دروستی کردوە، من نەگۆراوم و ناشگۆرێم و کێشەی پرۆتۆکۆلم ھەیە لەگەڵ سەرۆکی پرۆتۆکۆل لە سەرۆکایەتیی کۆمار کە ناتوانم ئەوانە قبوڵ بکەم کە لێم داوا دەکات. وابزانم من نوکتەکانم کەم نەکردۆتەوە تەنانەت لەسەر خۆشم، من نوکتە لەسەر خۆم دەکەم  نوکتەم پێ قبوڵە و گوێ بۆ نوکتە دەگرم  و کۆیان دەکەمەوە لەھەر شوێنێک بێت. ئەمەش نوکتەیەک بۆ ئێوە:
کوردێک دوکانێکی کردەوە لە ئوردون، بۆ ئەوەی رێکلامی بۆ بکات ناوی نا دوکانەکانی مام جەلال و شەریکەکانی (ھاوبەشەکانی)، پۆلیسی ئوردون رۆشتن بۆلای و پرسیاریان لێ کرد: "کێن ھاوبەشەکانی، ئەویش ناوەکانی نەدانێ، بۆیە فەرمانیان کرد دوکانەکەی داخەن."
ھەمان کورد دوکانێکی کردەوە لە سعودیە، ئەم جارە ناوی نا دوکانەکانی مام جەلال، بێ شەریکە، پۆلیسی سعودیە گرتیان، پێیان وت چۆن وا دەڵێیت، تەنھا خودا تاکەو بێ شەریکە.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved