جەنگیز چاندار: پرۆسەی ئاشتیی ئێستا لەسەر بناغەی پرۆسەکەی مام جەلالە

2025-12-19

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دەم و نووسەری دیاری تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8 گوتی، تاوەکو ئەو کاتەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کورستان لە زیندانبێت، کێشەی کورد بە تەواوەتی و یەکجارەیی چارەسەر نابێت.

چاندار کە هاوڕێی نزیکی مام جەلال، سەرککۆماری کۆچکردووی عێراق بووە و ئاگاداری هەوڵەکانی مام جەلال بووە لە پرۆسەی ئاشتی یەکەم لە ساڵی 1993 گوتی، پرۆسەی ئاشتی ئێستا لەسەر بناغەی پرۆسەکەی مام جەلال بەڕێوەدەچێت کە لە 1993 کاری لەسەر کرد، هەر بۆیە ئێستا هەست بەو بۆشاییە دەکەن، کە نائامادەیی مام جەلال دروستی کردووە.

جەنگیز چاندار مام جەلالی بە دەوڵەتمەدارێکی خاوەن ئەزموون ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بووایە، پرۆسەی ئێستای خێراتر دەکرد و هێزی زیاتری بە پرۆسەکە دەدا بە ئەنجام بگات.

دەقی دیمانەکەی جەنگیز چاندار لەگەڵ کەناڵ8؛

کەناڵ8: بە گشتیی هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەو پرۆسەیە چییە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە؟
جەنگیز چاندار: ئەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و قورسە، کۆتاییهاتنە بە خەباتێکی چەکداریی 41 ساڵە، هەر بۆیە پێویستە لەو خاوبوونەوە و دواکەوتنانە تێبگەین جار جار ڕوودەدات. پرۆسەکە تاوەکو ئەم ئاستە هاتووە و بەهیواین لەمەودواش بەشێوەیەکی باش بەردەوام بێت. زۆرترین ئومێد بەوەی پرۆسەکە سەربگرێت، ئەوەیە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە دەستیپێکراوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەش پشتیوانییان کردووە.

کەناڵ8: پرۆسەی ئێستا چی جیاوازییەکی لەگەڵ پرۆسەکانی ڕابردوو هەیە، بەتایبەت پرۆسەی 2013-2015؟
جەنگیز چاندار: ئەم پرۆسەیەی ئێستا پرۆسەیەکی بێوێنەیە و لە جیهاندا هاوشێوەی نەبووە، هاوکات لە هیچ کام لەو پرۆسانەش ناچێت کە پێشتر لە تورکیا هەبوون. بۆیە نابێت باس لەو پرۆسانە بکرێت کە لە ئیرلەندا، سریلانکا و وڵاتانی دیکە هەبوون. ئەوەی گرنگە لەم پرۆسەیەدا کۆتاییهاتنە بە خەباتێکی سەرهەڵدانێکی 41 ساڵە و ئایا پاش ئەمە چی ڕوودەدات؟

کەناڵ8: بۆچوونتان وایە ڕاپۆرتی پارتەکان پرۆسەکە خێراتر بکەن و بیگەیەنن بە قۆناغی یاسایی؟
جەنگیز چاندار: ڕاپۆرتی هەموو پارتەکان وەردەگیرێت و دەکرێنە ڕاپۆرتی هاوبەشی لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی. هەموو پارتەکان واژۆ لەسەر ڕاپۆرتەکە دەکەن و بۆ ڕای گشتی دەخرێتەڕوو. پاشان لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە هەمواری یاسایی ئامادە دەکرێت، بۆ ئەوەی زەمینەی یاسایی لەبارەی چارەنووسی ئەندام و بەرپرسانی پەکەکە، زیندانیکراوانی دۆسییەی پەکەکە و بەرپرسانی پەکەکە لە ئەوروپا ئامادە بکرێت، پاش ئەوە ژینگە و دۆخێکی سیاسیی نوێ دێتەئارا.

کەناڵ8: بۆچوونتان وایە چارەنووسی ئەندام و بەرپرسانی پەکەکە چۆن دەبێت، چونکە دواین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، بەرپرسانی دیاری پەکەکە ناگەڕێنەوە بۆ تورکیا و لەنێوان ئەورووپا و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.

جەنگیز چاندار: بۆچوونم وایە بەڕوونی باسکردنی ئەم بابەتە بە هەڵەماندا ببات. ئێمە نازانین بەشێک لە پەکەکە لە دەرەوەی تورکیا دەمێننەوە یان نا، ئەمە پاش دەرکردنی یاسا دەردەکەوێت. بۆیە دەبێت چاوەڕێی مانگی یەک و دووی ساڵی داهاتوو بکەین.

کەناڵ8: بۆچوونتان وایە پێویستە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش و سزادراوانی دۆسییەی کۆبانێ ئازاد بکرێن؟
جەنگیز چاندار: پرسی دەمیرتاش پرسێکی جیاوازە. دەمیرتاش و یوکسەکداغ دەبوو ئازادبکرانایە، چونکە لەو بارەیەوە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هەیە، هەر بۆیە پێویست بە بڕیاری نوێ ناکات و تەنیا پێویست بەوە دەکات بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێبکرێن، چونکە بەبێ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە پرۆسە و چاسەر بەڕێوەناچن.

کەناڵ8: بە بۆچوونی ئێوە هاوشێوەی پرۆسەی 2013-2015، دەکرێت پرسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، شکست بە پرۆسەکەی ئێستا بهێنن؟
جەنگیز چاندار: نابێت پرسی سووریا ببێتە هۆی شکستی پرۆسەی ئێستا. بێگومان ناکرێت بە دڵنیاییەوە بگوترێت هۆکاری شکستی پرۆسەی پێشوو پرسی سووریا بوو، بێگومان ئەم قسەیە دەکرێت. پرسی سووریا دەکرێت وەک یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی پرۆسەی پێشوو تەماشا بکرێت، نابێت پرسی سووریا ببێتە هۆی شکستی ئەم پرۆسەیە، چونکە ئەم پرۆسەیە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، بەتایبەت کە مەزڵوم عەبدیش گوتویەتی، سەرکەوتنی پرۆسەکە لە تورکیا کاریگەریی لەسەر سووریاش دەبێت. بۆچوونم وایە پرۆسەکەی تورکیا لەسەر رێگەی خۆی بڕوات کاریگەریی لەسەر سووریاش دەبێت. بۆیە دانانی پرۆسەکەی سووریا لەبەردەم پرۆسەکەی تورکیا، کارێکی باش نییە. ئەوەی کە دەگوترێت هەسەدە ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری جێبەجێ نەکردووە، قسەی هەندێک لایەنی تورکیایە، بەڵام پرسیار لە مەزڵوم عەبدی بکەیت، دەڵێت؛ حکومەتی ئەحمەد شەرع لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دواکەوتووە و هەنگاوی پێویست نانێت. تورکیاش تەنیا سەرنج خستووەتە سەر ماددەی پێنجی ڕێککەوتنەکە کە باس لە تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سووریا دەکات. دەبێت بزانرێت کە ئەمە مانای خۆڕادەستکردن نییە، بەڵکو تێکەڵبوونە کە پێویستی بە گفتوگۆیە. ئێستا وا قسە دەکرێت، وەک ئەوەی حەوت خاڵەکەی دیکەی رێککەوتنەکە جێبەجێکرابێت و تەنیا ئەو ماددەیە مابێت جێبەجێبکرێت. ئەمە بەڵگەهێنانەوەیەکی ڕاست و دروست نییە. ئەگەر تورکیا نابێتە ڕێگر لە بەردەوام ئەو پرۆسەیەی لە سووریا هەیە، پێویستە هانی گفتوگۆ بدات. ڕاستە کاتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەم دوو هەفتەیەدا کۆتایی دێت، بەڵام دەکرێت درێژ بکرێتەوە. ئەوەی گرنگە ئەو پرۆسەیەی لە سووریا هەیە نەبێتە ڕێگر لە بەردەم ئەو پرۆسەیەی لە تورکیا هەیە.
کەناڵ8: بۆچوونت وایە ڕۆژێک ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا وتار بدات و کاری سیاسی بکات؟

جەنگیز چاندار: ئیمە جادووگەر نین و کەسانی سیاسین. وەک دەرئەنجام؛ ئەگەر ڕۆژێک کێشەی کورد چارەسەر بکرێت کە دەبێت چارەسەر بکرێت، خۆ دەبێت ئەو ڕۆژە عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بووبێت. واتە تاوەکو ئەو کاتەی ئۆجەلان لە زینداندا بمێنێتەوە، کێشەی کورد بە تەواویی چارەسەر نابێت، کە گەیشتینە ئەو ڕۆژەی کێشەی کوردی تێدا چارەسەر بکرێت، وەک گوتم دەبێت ئۆجەلان ئازاد ببێت. ئەو کاتە دەبینین ئایا عەبدوڵا ئۆجەلانی ئازاد لە پەرلەمانی تورکیا دەبینرێت و قسە دەکات یان نا. جارێ ڕێگەی زۆرمان لە بەردەمدایە و با بەو ڕۆژە بگەین.

کەناڵ8: بەڕێزتان لە پرۆسەی یەکەمی ئاشتیدا لە 1993 ئاگاداری هەوڵەکانی مام جەلال بوون لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری تورکیا. ئەگەر مام جەلال ئێستا لە ژیاندا بووایە، چی کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی ئێستا دەبوو؟

جەنگیز چاندار: ئەو پرۆسەیەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، وەک بناغە و سەرەتا ئاماژەیە بۆ پرۆسەی ساڵی 1993 کە مام جەلال و ئۆجەلان کاریان لەسەر کرد و بە هەوڵ و بەشداری گەورەی مام جەلال دەستیپێکرد، بۆیە مام جەلال وەک خاوەنی پرۆژەی ئاشتی و دەوڵەمەدارێکی خاوەن ئەزموون، وەک فیگەرێکی سیاسیی کاریگەر کە توانای هەبوو لە هەموو جیهان لایەنی بەرامبەر قایل بکات، ئەمڕۆ لە ژیاندا بووایە، هێزێکی گەورەی بەم پرۆسەیە دەدا و دەکرا پرۆسەکە بە هێز و خێراییەکی زیاترەوە ڕووە و ئامانجی ئاشتی بڕۆشتایە، بەشدار دەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد، هەربۆیە دەتوانم بڵێم ئێستا بیری دەکەین و زیاتر هەست بە ئامادەنەبوونی دەکەین، بەڵام لەسەر ئەو ڕێگەیەی ئەو کردییەوە و بە هەستکردن بە هەوڵەکانی، پرۆسەکەی ئێستا بەردەوام دەبێت."

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved