ھێرۆ خانی پێشمەرگە و سەرکردە راستگۆکەی گەل و یەکێتییەکەی
2024-08-28
زۆر لەمێژە دەمەوێت بە خستنەڕووی راستییەکان وەڵامی ئەو پلار و تانە و تەشەرە ناڕەوایانە بدەمەوە کە دەرھەق بە پێشمەرگە، کادیر، فەرماندە و سەرکردەکانی دەورانی شۆڕشی چەکدار و خەباتی شاخی (ی. ن. ک.) دەوترێت، بەڵێ شۆڕشێکی وا مەزن کە ھەزاران پێشمەرگە لەدەوری ئاڵاکەی کۆببوونەوەبە دڵنیاییەوە کەموکورتیی، پێشێلکاریی نەریت و رەوشتی پێشمەرگە و خەباتگێڕانی رزگاریی گەل و نیشتمان و ھەڵە و ناعەدالەتیشی تیادا روودەدات.
بەڵام لەنێو ئەو ھەزاران پێشمەرگە و خەباتگێڕانەدا چۆن سەرکێش و نەریت شکێن ھەبووە، سەدان نمونەی جوانیش ھەن بە نووسینێک، بە وتارێک ھەموو ئەو ناوانە رێکناخرێن، بەڵام دەکرێت چەند تێکۆشەرێکیان بەنمونە باس بکرێن کە لەژیاندان، لەوانە:- یوسف زۆزانی، مامۆستا جەمالی حاجی محەمەد، کاک ئازادی سەگرمە، عادل شکور، مامۆستا عەلی ٥٥ی قەرەداغ (مامۆستا عەلی پەرلەمان)، ئازادی تیپی ٣١ی سلێمانی، وریا ئاغجەلەری، شێرزاد حافز، مامۆستا سەیفەدین عوسمانی حاجی مەحمود، محەمەد تۆفیق رەحیم فەرھادی رێکخستن و کەرتی زیندان، سالاری کۆمەڵایەتی سەدان فەرماندەی تر و ھەزاران پێشمەرگەش نمونەی دەست و داوێن پاکین، کە جگە لە خزمەتکردن و قوربانیدا ھیچ ئامانج و مەبەستێکی تریان نەبووە. پەنجەش دەکەن بەچاوی ھەرکەسێکدا کە بەجۆرێک تانەیان لێ بدەن. سەرەتا ویستم باسی کاک ئازادی سەگرمە بکەم کە چەک و فیشەک و مەخزەن و تەنانەت زمەی تفەنگەکانیشی بە لیست و ژمارەبوون لە تیپەکایدا، بەڵام بەرنامەیەکی دیکۆمینتاری کەناڵی کوردساتی ئازیز لەبارەی مامۆستای گەورە نەجمەدین مەلا، رەوتی نووسینەکەمی گۆڕی کە سەرباری خستنەروی گەورەیی ئەم زاتە و بەخششەکانی بۆ گەلەکەی، رۆڵی ژنێکی مەزنی وەک ھێرۆخانیشی خستەڕوو بۆ فریاکەوتنی بەرھەمەکانی تا لەناو نەچن و ئارامگەکەیشی لە چیای ئەزمڕ بەو جۆرە نۆژەنکردەوە کە شایستەی پێگەی مامۆستای مەزن بێت و لەشێوەی کەشتیی نوحەکەی نەجمەدین مەلا ئارامگەکەی نوێ کردەوە. بۆیە پێم باش بوو لەڕیز بەندییەکەدا دادە ھێرۆ بخەمە ریزی پێشەوە کە ئەویش بەشێکی گرنگە لە مێژووی خەباتی شاخ و خەباتی شار ی (ی.ن.ک.) داوای لەشساغیی و تەمەنی درێژ بۆ ئەو و تەواوی شۆڕشگێڕە پاک و قوربانیدەرەکەنی تر دەکەم .
ئەم زاتە مەزنە بەخۆڕایی و لەپڕێکدا نەبووە بەم ھێرۆ خان یان (دادە ھێرۆ)یە، مێژوییەکی سەخت و دژواری پڕ لە چەرمەسەریی کردوویەتی بەم ژنە پۆڵایینە خزمەتگوزار و میھرەبان و دڵ فراوانە .ئەو لەوەتەی ھاتۆتە ناو مەیدانی خەبات و تێکۆشان ھەمیشە ھەوڵ دەدات زۆرترین خزمەت بە گەلەکەی و بیروباوەڕ وپرانسیبە پڕ بەھاکان بکات کە باوەڕی پێیەتی، ببێتە بەھێزترین داکۆکیکاری راستیی و ھەق بێژیی. ئەوەندەیشی لەتوانایدا بێت بیرۆکە و پەیامە لێوان لێو لە مرۆڤایەتییەکانی جێبەجێ کردووە سەرباری کۆسپ و رێگرییەکان ھێرۆخان ئەو پێگە و جێگە سیاسی و کۆمەڵایەتیی و مرۆڤ دۆستانەیەی ھەیەتی، کار و و ھەوڵ و تێکۆشان و ماندو نەزانینەکەی لە خەبات بۆی دروست کردوە، واتە بەو ھۆیە نییە کە تەنیا کچی مامۆستای نەمر ئیبراھیم ئەحمەد، یان ھاوسەری سەرۆک مام جەلالە (ئەگەر چی ھەردو نزیکییەکە جێی شانازیین بۆی) ئەو مێژوە پرشنگدارەی بەرھەمی خەمخۆریی و پەرۆشییە ھەمیشەکانیەتی کە بەداخەوە کەمترین بایەخیان پێدراوە لە میدیاکاندا و ھیچ رووناکییەکی کامێرا و رۆژنامەکانیان لەسەر نەبووە، دیارە لەوەدا خەتای خۆیەتی کە داوا و راسپاردە و فەرمانەکانی لەوەداکۆبوەتەوە کە کامێرای لێ نزیک نەبێت.
وەک خۆی دەڵێت ئەوانە ئەرکی سەرشانیەتی و پێویستە جێبەجێیان بکات، ئیتر کامێرا و دەرکەوتن و باسکردنیان بۆچییە؟ خۆی وتەنی "ھەزاران سەربازی ون لە مێژوی گەلەکەمان و شۆڕشەکانیدا بە شۆڕشی نوێشەوە خاوەنی تۆمارکردنی دەسکەوت و سەروەرییەکانن بێھیچ پاداشت و ناوێک و بەبێ دەنگیی و دور لە ھەڵاو بگر ئەرکی خۆیان راپەڕاندوە،ئیتر بۆچی من ئەرکی سەرشانم جێبەجێ بکەم ئەبێت ھەمو دنیا بزانێت .
ھێرۆ خانی خۆمان سەرباری ئەوەی ھەر خزمەتێکی گەلەکەی و حزبەکەی بکات و داکۆکی لەھەڤاڵەکانی بکات لە کاتی تەنگانەدا، بە ئەرکی خۆی دەزانێت. نە درەنگ ھاتووە بۆ ناوجەرگەی خەبات، نە کەمیش ماندووبوە تا پێویستی بەوە بێت باسی کارەکانی بکات بۆیە ھەرگیز میدیای سێبەری نەویستوە و ناشیەوێت تا جوانکاریی بۆ کارەکانی بکات یا لە کاتێکدا بیەوێت بیان بکات بە گژ نەیارەکاندا .
ھێرۆ خان بەھۆی ململانێی لایەنە سیاسییەکان و کێشەکانی ناوخۆی حزب لە کوردستانی عێراق زوڵمی زۆری لێکراوە و ناھەقیی و غەدری زۆری بەرانبەر کراوە (بە تایبەتی لەو کاتەوەی کە میتۆد بێ مۆڕاڵیی جنێو فرۆشیی بووەتە نەریت) .
بەڵام خۆشبەختانە لە بەشەکانی تری کوردستان و عیراق و ناوچەک و جیھانیش پێگەکەی وەک خۆی و زیاتری پارێزراوە و ئەو ناھەقییانەی بەرانبەر نەکراوە .
زۆر وێستگەی گرنگی خەباتی ئەم کەسایەتییە مرۆڤ دۆستە ھەن بێ ئەوەی رۆژێک باسیان بکات لەوانە :-
- ساڵی ١٩٧٥ لەسەروو بەندی بڵاوەپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا لەو کاتەی پیاوانی دەسەڵاتداری ( لە دەسەڵات کەوتوو) فڕکان فڕکانی دەربازکردنی سەر و ماڵیان بوون، خانمی یەکەمی پێشوی عێراق (٢٠٠٥-٢٠١٤) ھەم لە روانگەی پەرۆشیی وخەمخۆرییەکەی، ھەم وەک ئەرکی خەبات، ژیانی خۆی خستۆتە بەر مەترسی و دەستگیر کردن و نامەیەکی سەرۆک مام جەلالی لەدەرەوە ھێناوە تا بیگەنێت بە سەرکردەکانی شوڕش بۆئەوەی خۆ بگرن وچاوەڕێ بکەن نەڕوخێن .
-ھێرۆ خان ئاگاداریی ورد ودرشتی دامەزراندنی (ی. ن. ک.)ە، نە خۆی باسیکردوە نە گلەیی و بۆڵەیەکیکردوە کە بۆچی ناوی ئەو نەھێنراوە (وەک چۆن ئێستا ئەگەر لە ھەواڵێکدا ناوی کەسێک نەیەت قیامەت ھەڵدەستێت).
- کە شۆڕشی نوێ ھەڵگیرسا و ھەڤاڵ مام جەلال لە ٢٢-یۆلیۆ⁄تەموز⁄١٩٧٧گەیشتەوە چیاکانی کوردستانی عێراق ھێرۆ خانیش لەگەڵیدا بوو، ئەویش بووە پێشمەرگەیەکی سەرەتاکانی شۆڕش و بەشداریی سەختیی و دژوارییەکانی ئەو وێستگە پڕ ھەوراز و نشێوەی کرد، چەندینجار بە نھێنیی نامەی گەیاندۆتە شارکە وەک ھەر پێشمەرگەیەکی ئاسایی و جێ متمانە ئەرکی شۆڕشی بەجێ گەیاندوە ،لەوەشدا ھەر لە ریزیی پیشەوەی گیان بەخشین بوە .
وەک ھەڤاڵ کاک یوسف زۆزانی ھاوخەباتی نزیکی ھەڤاڵ مام جەلال و ھێرۆ خان لە نووسینێکی دا بە زمانی عەرەبی لە رۆژنامەی (الاتحاد) لەساڵی ٢٠٠٥ بەبۆنەی وەستاندنی دادە شانبەشانی شاژنی ئوردون لە مەراسیمی پێشوازیکردن لە سەرۆک مام جەلال باسی کردوە، ھێرۆ خان بەشداریی ھەمو سەختییەکانی سەردەمە دژوارەکانی شوڕشی کردوە وەک پیشمەرگە و تێکۆشەرێک، ئەویش وەک ھەرپێشمەرگەیەکی تر چەندینجار لە لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە، ئەوەش مێژوییەکی پرشنگداری ھێرۆ خانە وەک ھەر سەرکردە و پێشمەرگەیەکی تر کە شانازیی پێوە ئەکات و نایکاتە منەت .
لەدوای راپەڕینیش ھێرۆ خان شانی دایە بەر ئەرکی خەباتی نوێ و سەردەم ھەر لەبواری بایەخدان بە مناڵ و کەم ئەندام تا بوارەکانی ھونەر و ئەدەب بە ھەمو بەشەکانییەوە، راگەیاندن، ئاوەدانکردنەوە،
سەرباری ئەوەی ھەر وەک پشت و پەنای ھەڤاڵە کانی پێشمەرگایەتی مایەوە بۆ رێنوێنی و ھاریکاریی کردنیان لە کاتیپێویستدا. لە چارەسەر کردنی کێشە و ململانێکانی ناوخۆی حزبیشدا یارمەتی دەر و ئەھلی خێر بوەیارمەتیھەڤاڵەکەنی داوە (کە بەشی زۆری ململانێکان بەرژەوەندیی تاکە کەسیی بوون) ھەمویان پێویستیان بە نێوەند گیریی و قسەی خێری دادە ھەبووە بۆ رەواندنەوەی ئاڵوزییەکان و قایلکردنیان بۆ دەستبەرداربوون لەو بیرکردنەوە چەوتانە کە لە زیان زیاتر چ دەستکەوتێکی نییە بۆ گەل و (ی. ن. ک) .
- ھێرۆخان خاوەنی پرۆژەی رزگارکردن و فریاکەوتنی منداڵانە تا باخچەی مناڵییان لە ناو کێشە خێزانیی و ئابووری و سیاسییەکاندا نەبێتە خەزان، بۆ جەوانان و نەوجەوانانیش بەرنامەی تۆکمەی داڕشت تا کۆببنەوە و بەھرەکانیان ھەڵنەوەرێت (کازیوەکان، مناڵانی سەرجادە، سەنتەرەکانی گەنجان) نمونەیەکی ئەوپرۆژانەن.
- پرۆژەی رزگارکردنی منداڵانی توشبو بە نەخۆشییەکانی خوێن (تالاسیما و شێرپەنجەی خوێن) ھەر بە ھیمەتی ھێرۆخان ھاتەدی، سەرباری رزگارکردنی سەدان منداڵ لەنەخۆشییە زگماکییەکانی دڵ و ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، سەرەنجامیش نەخۆشخانەی ھیوا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێر پەنجە کرایەوە کە بە تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو سەرتاسەری عێراقە. ئەوەش ھیمەتی ھێرۆ دان و سەرۆک مام جەلالی مەزنی پێوەدیارە .
-لە رێی منداڵ پارێزی کوردستانەوە سەدان پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە، ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێکراون .
ھەرچەندە ئەم نووسینە پانۆرامای کاروچالاکییەکانی ھێرۆ خان نییە، بەڵام ناکرێت کاتێک باسی ئەو زاتە دەکرێت ئاماژە نەکرێت بۆئەو ھەموو خزمەت و پەخششانەی پێشکەشیکردوە بە گەل و نیشتمانەکەی کە بە وتار و نووسینێک و کتێبێک نرخی خۆیانی نادرێتێ. خۆ ئەگەر باسی کارەکانی شاخی بکرێت کە چۆن شانبەشانی پێشمەرگەکان بەشداریی نەبەردییەکانی کردوون بۆ تۆمار و ئەرشیف کردنی قارەمانێتیی و داستانەکانی پێشمەرگە ئەوا چەندین رۆمان و کتێبی مێژووی لێدێتە بەرھەم. ئەگەر دەربارەی ئاوڕدانەوە لە ھونەرمەندە دێرین و فەرامۆشکراوەکانیش قسەبکەین ئەوا بەرھەمە نوێکراوەکانی ئەو ھونەرمەندە کۆچکردو و زیندوە. لەبیرکراوانە شایەتیی دەدەن کە ھێرۆ خان چەندە بە پەرۆشییەوە فریایان کەوتوە، لەوانە ئەحمەد شەماڵ و محەمەدی نێرگز و زۆری تریش. سەبارەت بە فریاکەوتنی کەلەپوور و شوێنەوارەکانیش مۆزەخانەی سلێمانی و پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر لە ساڵانی نەوەد شایەتی زیندوون خۆ فریاکەوتنی ھێرۆخان بۆ رێگرتن لە روخاندنی سەرای سلێمانی و چەندین ماڵی تری ناوداری تری وه ك سوفى كەريم له شارەکەمان(سليمانى) ئەوە ھەر باس ناکرێن .
کەواتە پێویستە ھەمووان دەست بخەینە سەر ویژدانمان و کارتەکان تێکەڵ نەکەین و رەش و سپی وەک یەک نەبینین .
بەو ھیوایەی بتوانم لە داھاتوودا دەربارەی ئەو زاتانەی تریش بکەم کە ھەر وەک سیمبولی پاکیی لێیان دەڕوانین لە شاخ و شاریش .