دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی؛ پیرۆزبایی ٤٨ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات

2023-05-31

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە بۆنەی چلو هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە دەنووسێت: " ئەم یادە تەنیا یادکردنەوەیەکی سادەی دامەزراندنی حزبێکی خەباتگێڕو خاوەن قوربانی زۆر و دەستکەوتی فرەو گەورە نییە، بەڵکو یادکردنەوەی شۆڕشی میللەتێکە لە پێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ...".

دەقی پەیامەکەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی


لە ٤٨تەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ٤٧تەمین ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا، بەڕابەرایەتی ی.ن.ک؛ وێڕای پیرۆزبایی گەرممان بۆ سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگەو تێکۆشەرانی دێرین و نوێ و زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی سەنگەر و ژنانی تێکۆشەری نێو یەکێتی، سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاک و بەرزەفڕی شکۆی نەتەوە و نیشتمان، سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی رێگەی رزگاریی کورد و کوردستان.

ئەم یادە تەنها یادکردنەوەیەکی سادەی دامەزراندنی حزبێکی خەباتگێڕ و خاوەن قوربانی زۆر و دەستکەوتی فرەو گەورە نییە، بەڵکو یادکردنەوەی شۆڕشی میللەتێکە لەپێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و نەھێشتنی دیکاتۆریەت و ھێنانە کایەی بیر و ئاراستەی سیاسیی جیاواز و فرەی کە ئێستا ئەزموونەکەمان لەسایەیدا بە ھەرێمێکی دەستووری و دامەزراوە یاساییەکانی لە حکومەت و پەرلەمان و سیستمێکی فیدراڵی شاد بووە.


لە مێژووی رابردوی شۆرشی نوێ؛ دوای شکستی ١٩٧٥ و بێئومێدی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ی.ن.ک لەرۆژی ١-٦-١٩٧٥، بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی و ئومێدی خەڵکی بڵاوکردەوە و شۆڕشێکی راستەقینە لەو ساتەوە ھەڵگیرسا؛ کە بە خوێنی ھەزاران شەھیدی سەر بەرز گەیشتە ئامانجی رەوای خۆی کەسەربەستی میللەتی کورد و رزگاربوون لە فاشیەتی بەعس.

ئەم یادە یادکردنەوەی ھەزاران شەھیدی قارەمان و سەرکردەی بەتوانا و سەرۆکێکی مێژوویی و حەکیم و نموونەییە کە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی گەلەکەی تەرخان کرد؛ تا دوا ساتی تەمەنی ببووە سەمامی ئەمان لە عیراق و کوردستانیش بۆ مافی ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکان.


یادکردنەوەی ئەم بۆنە گرنگە ھاوکاتە لەگەڵ بارودۆخێکی نەخوازراو و دوڕدۆنگ کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە و تەبایی و یەکڕیزی ئەزموونەکەمان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکانی خستووەتە بەر مەترسی و لەسەروو ھەمووشیانەوە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان، بۆیە لەھەموو کات زیاتر میللەتەکەمان پێویستی بە پرەنسیپەکانی لێبوردەیی و حیکمەت و دووربینی و قبوڵکردنی بەرانبەر ھەیە کە سەرۆک مام جەلال سەرمەشق وداھێنەریان بووە و کردوونیەتە بنەمای کار و خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەم ھەلومەرجە ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە غیابی سەرۆک مام جەلال چەندە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریگەرە و جێگەی پڕنابێتەوە، کوردستان-یش سەرۆک و پایەیەکی گەورەی حوکمڕانی و سەرکردایەتیکردنی بەرەو کەناری ئارامی لەدەستداوە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدرککردن بە ھەستیاری رەوشەکە، بەتوندی دەستی بە تێز و بنەماکانی کاری سەرۆک مام جەلال-ەوە گرتووە و کردوونیەتە ئەجێندا و کارنامەی بۆ ئێستا و داھاتووی خۆی.

دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزارندنی حزبی شەھیدان
بەرز و باڵا بێت خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بەرابەرایەتی ی.ن.ک.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved