وتاری سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە مەراسیمی بڵاوکردنەوە کتێبی (جەلال تاڵەبانی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی مێژوو)

2023-12-07

خوشک و برایانی ئازیز، میوانە بەڕێزەکان و ئامادەبوانی خۆشەویست

بەناوی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانییەوە گەرمترین بەخێر هاتنتان لێدەکەم وسوپاستان دەکەم بۆئامادەبوونتان و بەشداریتان لەم ڕێ  وڕەسمەدا.
هیوای شادی و سەرکەوتن بۆ هەموو کەسایەتییەکان ولایەنەکان و بەشداربووانی ئەم مەراسیمە دەخوازم.

ئاشکرایە ئەمڕۆ ئێمە لێرەدا کۆبووینەتەوە بۆ بڵاوکردنەوەو پێبەخشین و واژۆ کردنی کتێبێکی گرنگی مام جلال و هەڵدانەوەی چەند لاپەرەیەکی مێژوو کە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن بەڕێز غسان شربل رۆژنامەنووسی بەناوبانگی لوبنانی  چەند چاوپێکەوتنێکی یەک لە دوای یەکدا لەگەڵ ڕەوان شاد مام جەلال کردووە، کە چاوپێکەوتنێکی یەکجار گرنگ و مێژووییە و لە گۆڤاری ( الوسط) دا بە (٤) بەش بڵاوکردۆتەوە، ئەگەر چی بەشەکان و پرسیارەکان بە گوێرەی ڕیزبەندی ژیان و ڕۆڵەکانی سەرکردەی مەزن مام جلال نیە و باس کردنی رووداوە مێژووییە گرنگەکان بە گوێرەی ڕیزبەندی نەکراوە بەڵام ئەمە لە نرخی کتێبەکە و پرسیارەکان و رووداوەکان و وەڵامە راشکاوەکانی مام جلال کەم ناکاتەوە.
دیارە بەشی یەکەمی کتێبەکە سەبارەت بە گەڕانەوەی بەعسە بۆ دەسەڵات لەساڵی ١٩٦٨ دا، هەروەها سەبارە بە گفتووگۆکانی شۆڕشە لەگەڵ بەغداد پاش وەرگرتنی دەسەڵات لە انقلابی ١٩٦٣دا لە بەغداد و پاشان چوون بۆ قاهیرە و ڕازی کردنی جمال عبدالناصر بە داوا ڕەواکانی گەلەکەمان و پاشان ئامۆژگارییەکانی سەرکردە جمال عبدالناصر  بۆ کورد و وەفدی کوردی و مام جلال، سەفەری مام جلال بۆ جەزائیر و چاوپێکەوتنی لەگەڵ )بن بلة( و پاشان هاتنەوەی بۆ بەیروت و پاشان چوونی بۆ پاریس کە لەم هاتووچۆ و بینینی کارەکتەرەکان و دەوڵەتان مام جلال بە ڕاشکاوی  ووردەکاریەوە وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەداتەوە.
هەروەها لە بەشەکانی تردا چوونی مام جلال بۆ سۆڤیەت و بینینی رەحمەتی بارزانی و لەساڵی ١٩٥٧ دا گێڕانەوەی ڕۆڵی پارتی لە شۆڕشی (١٤)ی تەمموز و پەیوەندی بارزانی و عبدالکریم قاسم و چۆنیەتی تێکچوونی پەیوەندییان و چۆنیەتی دەستپێکردنی  شۆڕشی ئەیلول و پاشان لەیەک ترازانی باڵی مەکتەبی سیاسی و بارزانی پاش بەیانی موشیر بارزانی لە ١٠ ی شباط /١٩٦٤دا.
هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ئێران و تا ئەگاتە بەیانی ئازار و هەرەس هێنانی وهتد...

هەموو ئەو قۆناغانە مام جلال زۆر بەڕاشکاوی و بە ئامانەتەوە دەگێڕێتەوە تا دێتە سەر هەرەس و دامەزراندنی یەکێتی و پەیوەندی لەگەڵ سوریا و لیبیا و میسر و ....هتد.
دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ و قۆناغەکانی شۆڕشی نوێ و گفتووگۆکانی لە ٨٠ کاندا و کیمیابارانی هەڵەبجەو هەروەها داگیر کردنی کوەیت و پێش بینی مام جلال لەو داگیر کردنەوە و پاشان راپەرین و گفتووگۆکانی پاش راپەرین لەگەڵ رژێم و شەری ناوخۆ و ٣١ی ئاب و رێککەوتنەوەی یەکێتی و پارتی و ڕێکەوتننامەی واشنطن و پرۆسەی ئازادی و روخاندنی رژێم و دەستور و فیدرالیزم و هەتا دوایی.
هەرەها ڕۆڵی مام جلال لەدابین کردنی ئاشتەوایی لە کوردستانی باکور و ناسینی ئۆجەلان هەموو ئەم بابەتە گرنگانە مام جلال زۆر بە باشی و ڕاشکاوانە و وردەکارییەکی زۆرەوە باس کردوو کە بە ڕاستی ئەوە دەهێنێت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی ئێستا و داهاتوو لێی بە ئاگا بن و زانیاری تەواوەتیان هەبێت سەبارەت بەو قۆناغانە لە مێژووی گەلەکەماندا، کە هەموو ئەو ووردەکارییانە و راستی ڕوداوە مێژوییەکان وەکو خۆیان مام جلال لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە لێی کراوە لەو (٤) بەشەی کتێبەکەدا لە لایەن بەڕێز غسان شربلەوە کە بە عەرەبی ئەنجام دراوە و لە گۆڤاری ( الوسط) دا بڵاو کراوەتەوە لە ساڵی ١٩٩٨دا.
وە لەبەر چاوگرتنی گرنگی ئەو پرسیارانە و وەڵامدانەوەی مام جلال وئەو مێژووەی شۆرشی کورد و خەباتەکەی بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی ئێستا و داهاتووی لێ بە ئاگا بێت کە بایەخێکی گرنگی هەیە لە مێژووی میللەتەکەماندا ئەم کتێبە بڵاو دەکەینەوە.

بە سوپاسێکی زۆرەوە شاناز خان  نوسەر و رۆژنامەنووسی بە توانا وەریگێراوەتە سەر زمانی دایک واتە کوردی، هەروەها پەراوێزەکانیشی لەلایەن بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر احمد حەمە دەمین نوسراوە کە ماندوو بونێکی زۆر زۆری ویستووە بۆ نوسینی ئەو پەراوێزانە کە بەو شێوە ئەکادیمییە ئاماژەی بە هەموو ناوەکان و رووداوەکان و سەرچاوەکان و دیدارەکانی تری مام جلال کردووە، دەستەکانی خۆش بێت جێی تەقدیرێکی زۆرە داهێنانێکی نوێ و زۆر بە نرخە و کتێبەکەی زۆر دەوڵەمەند کردووە، پیرۆزبایی لێ دەکەم و هەوڵ و ماندوو بوونەکانی بە فیڕۆ نەچووە هیوادارم نوسەرانی تریش بەم ڕێچکە گرنگەدا بڕۆن بۆ پەراوێزی کتێبەکانی داهاتوو.
هەروەها دەست خۆشی بێ پایان  لە خوشکی بەڕێزمان شاناز خان  دەکەین بۆ ئەم کارە نایابە و وەرگێڕانی ئەو کتێبە گرنگەی مام جلال، نمونەی شاناز خان و د. احمد لە زیاد بووندا بێت و بەرهەمی زیاترمان پێشکەش بکەن.
هەروەها لێرەدا جێی خۆیەتی کە سوپاسی بەڕیز کاک دەربازی کاک کۆسرەت ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسیاری پەیوەندییەکانی یەکێتی بکەم کە ئەرکی تێچوونی چاپ کردنی ئەم کتێبە وئەم بەرهەمە بە نرخەی گرتۆتە ئەستۆ، هەروەها زۆر سوپاسی دەکەین کە شەرەفی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە گرنگەی سپاردووە بە دامەزراوەکەمان  (دامەزراوەی سەرۆک جلال تاڵەبانی  )نمونەی زۆر بێت و هیوادارین لەمەو دواش هەم یارمەتی دامەزراوەکەمان بدات وهەم لەو جۆرە کارانەی لە زیاد بووندا بێت.

بۆیە لە کۆتایدا لە ناخی  دڵمانەوە پیرۆزبایی وسوپاس و دەست خۆشی لە کاک دەرباز و شاناز خان و د. احمد و هەر کەسێکی تر کە بەشداری لە بەرهەم هێنانی ئەم کتێبەدا کردووە.
چ بە پیادا چوونەوە و وەرگێڕانەوە تا دەگاتە چاپ کردن و بەرهەم هێنانی ئەم کتێبە گرنگە مێژووییەی سەرۆک مام جلال.
دیارە بەندە هەر لە ساڵی ١٩٩٨ پاش بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکە لە گۆڤاری (الوسط)دا خوێندومەتەوە، بەڕاستی کتێبێکی زۆر بە سودە بۆ ئەندامانی یەکێتی و تێکۆشەران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
هیوادارم هەموتان بە ووردی بیخوێننەوەو لەو وەڵامانە و خەبات و ڕووداوەکانی ئەو قۆناغە سود وەربگرن و بزانن سەرکردەیەکی مەزن وەکو مام جلال چۆن کار و خەباتی خۆی کردووە،چۆن بە گژ دوژمنەکانی گەلەکەماندا چۆتەوە، چۆن گفتووگۆی کردووە و چۆن لە هیچ مەترسییەک سڵی نەکردۆتەوە، چۆن ژیانی خۆی لە پێناوی گەلەکەیدا خستۆتە مەترسییەوە کە نموونەی ئەو سەرکردە مەزنە هەرگیز نابێتەوە.
بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ئەندامانی یەکێتی و هەموو دڵسۆزانی گەلەکەمان و نەوەکانی ئێستا و داهاتوو سوود لە ئەزموونی ئەم سەرکردە مەزنە وەرگرن و رێبازەکەی لە بیر نەکەن و وابەستەی بن و سوودی لێ وەربگرن.
لە کۆتاییدا حەز دەکەم پاش خوێندنەوەی کتێبەکە هەندێ هەڵەی چاپەمەنی و شتی تری تێدایە هەم لە وەرگێڕانەکەدا و هەم لە پەراوێزەکاندا کە پێویستی بە ڕاست کردنەوە هەیە،ئەوە شاناز خان ئەو هەڵانە راست دەکاتەوە و بۆتانی دەنێرین.




لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند کتێبێکی تری مام جلال دەخەینە بەردەستی خوێنەران وەک:
کتێبی نووسینەکانی لە (خاک) ی (کوردستانی نوێ)دا
دیداری تەمەن بە زمانی تورکی
دیداری تەمەن بە زمانی ئینگلیزی
ئیتر جارێکی تر زۆر بە خێر بێن و هەر شاد و سەرکەوتوو بن .   
 
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved