كوردستان لە پیشانگەی نامەكانی گێرترود بێڵدا

2023-12-12
ئا: فەتاح سەرتیپ
لە زانكۆی ئێكستەری بەریتانیا لە سەرەتای مانگی كانونی یەكەمەوە پیشانگایەك بۆ دیكۆمێنت و نامە و وێنەكانی گێرترود بێڵ ناسراو بە (میس بێڵ) كرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بێت.
 میس بێڵ گەشتیار و شوێنەوارناس و وێنەگر و نووسەر و ئەفسەری سیاسی بەریتانیا بوو كە لە پێش جەنگی یەكەمی جیهان هاتبووە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

پیشانگاكە لە پەیمانگەی توێژینەوەی عەرەبی و ئیسلامی زانكۆی ئێكستەر بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی نیوكاسڵ كرایەوە، نامە و دیكۆمێنت و وێنەكانی ناو پیشانگاكە رۆڵی میس بێڵ لە ئیدارەی بەریتانیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەری ئەو لە دروستكردنی عیراق لە ساڵی 1921 و لكاندنی باشووری كوردستان بە عیراقەوە دەردەخات.

پێشتر پیشانگاكە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە مۆزەخانەی گریت نۆرس هانكۆك لە نیوكاسڵ ئەپۆن تاین نمایشكرابوو، ئەم پیشانگایە بەرهەمی سێ ساڵی كۆكردنەوە و ئەرشیفی تایبەتی زانكۆی نیوكاسڵ بوو. ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو زیادكردنی بەشی كوردی و بەشی عوسمانی بوو لە پیشانگەكەی زانكۆی ئێكستەردا.

رۆڵی خراپی میس بێڵ

هەرچەندە رێكخەرانی پێشانگاكە دەیانویست بێ هیچ دەستكارییەك پێشانگاكە وەك خۆی لە زانكۆی ئێكستەر نمایش بكرێت، بەڵام بەهۆی پێداگری د. فەرەنگیس قادری بەڕێوەبەری سەنتەری خوێندن و ئەرشیفی كوردی زانكۆی ئێكستەر، گۆڕانكاری لە نمایشكردنی وێنە و دیكۆمێنت و نامەكاندا هات و بەشێكی تایبەت بە مێژووی كورد و هەوڵەكانی شێخ مەحمودی مەلیك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بۆ زیاد كرا، دكتۆر فەرەنگیس قادری لە رێگەی خستنەڕووی كۆمەڵێك دیكۆمێنت و رۆژنامە و وێنەی سەردەمی حكومەتی شێخ مەحمودەوە رۆڵی نێگەتیڤی میس بێڵ لە بە ئاكام نەگەیشتنی كورد بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خستەڕوو.

د. فەرەنگیس قادری سەربارەت بە هۆكاری پێداگریان لەسەر خستنەڕووی وێنە و دیكۆمێنتە كوردەییەكان لەو پیشانگەیەدا رایدەگەیەنێت: مێژووی سەرەتای سەدەی بیستەم پێمان دەڵێ پێش كۆنفرانسی قاهیرە لە ساڵی 1921، میس بێڵ لەسەرەتادا لایەنگری فۆرمێك لە ئۆتۆنۆمی بوو بۆ كوردستان لەچوارچێوەی عیراقدا. بەڵام دوابەدوای گۆڕانی سیاسەتی ئیمپراتۆری بەریتانیا لە حوكمڕانی راستەوخۆوە بۆ سیستمی ئینتیداب و پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی بەریتانیا و عەرەب، بۆچوونەكانی گۆڕانی بەسەرداهات و پێی وابوو هەرجۆرە ئۆتۆنۆمییەك بۆ كورد دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەكگرتوویی دەوڵەتی عیراق. 

كورد لەسەربەخۆیی بێبەش كرا 

پێشتر لە پیشانگەكەدا هیچ ئاماژەیەك بە كاریگەری سیاسەت و بۆچوونەكانی میس بێڵ لەسەر چارەنووسی كوردستان نەكرابوو، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە روونمان كردەوە كە پیشانگەكە ناتوانێ وێنەیەكی تەواوی بۆچوونەكانی میس بێڵ بخاتەڕوو، چونكە بەهۆی راوێژ و گوشارەكانی ئەوەوە لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوو كورد لە سەربەخۆیی بێبەش كراوە، بەخۆشحاڵییەوە رێكخەرانی پێشانگاكە رازی بوون بەشێك لە پێشانگاكە تەرخان بكرێت بۆ تێڕوانینی كورد و پێشاندانی چەندین وێنە و بەڵگەنامە و نامەی خۆڕاگریی كورد و رۆڵی سەركردەی كورد شێخ مەحمود بەرزنجی لە سەركردایەتیكردنی زنجیرەیەك راپەڕین دژی بەریتانییەكان دەخاتەڕوو. هەروەها لە پیشانگەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە چۆن هەم ئینگلیز و هەم كورد میدیای چاپكراویان بۆ پێشخستنی سیاسەتەكانیان بەكارهێناوە.

د. فەرەنگیس وتیشی: لكاندنی باشووری كوردستان بە عیراقەوە كە پێچەوانەی بڕیارەكانی كۆنگرەی قاهیرە بوو، ئەوەش وایكرد لە 100 ساڵی رابردوودا گەلی كورد لەم بەشەی كوردستاندا باجێكی قورس و خوێناوی بدات و ئەنفال و كیمیاباران كردنی كوردستان لە دەرهاویشتە پڕ لە تراژیدیاكانی ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بە تایبەتی میس بێڵ و كۆكس بوون، بۆ دەرخستنی ئەو كاریگەرییە كارەساتبارانەی كە دوای لكاندنی كوردستان بە عیراقەوە كەوتەوە وەك بەشی كوردی بە نیازین لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا چەند پانێلێك بۆ پسپۆڕان و مێژوونووسانی كورد رێكخبەین تا لە رێگەی توێژینەوەكانیانەوە وردەكاریی رۆڵ و كاریگەریی گێرترود بێڵ لە لكاندنی باشووری كوردستان بە عیراقەوە بخەنەڕوو.

میس بێڵ، گێرترود مارگرێت لوتیان بێڵ (1868 - 1926) لە كاتی جەنگی یەکەمی جیهان پەیوەندی عەرەبی وەزارەتی موستەعمەراتی بەریتانیاوە كرد و شانبەشانی لۆرنسی عەرەب زانیاری هەواڵگریی لەسەر جوگرافیا و هۆزەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەرووی خۆی بەرز دەكردەوە. كارەكانی یارمەتی سوپای بەریتانیادا ساڵی 1916 شۆڕشێكی گەورەی خێڵە عەرەبەكان لە دژی عوسمانییەكان هەڵگیرسێنێت.

میس بێڵ ساڵی 1917 گەیشتە بەغدا و درێژەی بە كاری هەواڵگریی خۆی دا و بە بەردەوامی راپۆرت و زانیاریی بۆ وەزارەتی جەنگ دەنووسی. ساڵانی 1920 وەك راوێژكاری پێرسی كۆكس كۆمیساری باڵای بەریتانیا لە عیراق كاری دەكرد. لە كۆنفرانسی قاهیرە لە ساڵی 1921 شانبەشانی كۆكس و وینستن چەرچڵ، وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا، رۆڵێكی چالاكانەی لە دامەزراندنی عیراقی نوێدا هەبوو. تاكە ئەفسەری سیاسی ژن بوو لە هێزەكانی بەریتانیا و تا كۆتایی ژیانی لە بەغدا مایەوە و لە ساڵی 1926 دوای مانگێك لە لكاندنی ویلایەتی موسڵ بە عیراقەوە كۆچی دوایی كرد، هەر لەوێش بەخاك سپێردرا.

* لە رۆژناموی کوردستانی نوێ وەرگیراوە

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved