سەرۆک مام جەلال: من دایمەن مراقیبی پۆلەکە بووم، ئێمە وەکو گەورە و پیاو رەفتارمان دەکرد.

2024-06-03
سەرۆک مام جەلال لە ١ی نیساندا گاڵتەیەک لەگەڵ هاوڕێیەکی دەکات و  ئەویش بەڕاستی وەریدەگرێت و تەلەفون بۆ حافز ئەسەد دەکات
بۆچی مام جەلال لە قوتابخانەی کۆیسنجەقەوە خۆی نەقڵ دەکات بۆ قوتابخانەی حاجی قادری کۆیی؟
لەبەر چی سەرۆک مام جەلال لە قۆناغەکانی خوێندن دووجار مامۆستاکانی لێدەدەن؟
سەرۆک مام جەلال: من دایمەن مراقیبی پۆلەکە بووم، ئێمە وەکو گەورە و پیاو رەفتارمان دەکرد.
وەڵامی ئەم پرسیارانە لە دەقی چاوپێکەوتنێکی سەرۆک مام جەلالەوە وەرگیراوە
......................

پ/ ئەگەر لەبیرت بێت ھیچ مامۆستایەک لە یەکێ لە قۆناغەکانی خوێندندا لێی داویت؟

سەرۆک مام جەلال: بەڵێ. ئەرێ وەڵڵا مامۆستایەکمان ھەبوو ناوی (حەنا فەندی) بوو , پیاوێکی باشیش بوو, بەڵام قڕەقڕمان بوو لەسەر سیاسەت, دوو داری لێدام, ئیزڕابێکمان کرد لەمەکتەب ئەویش منی بەباش زانی وتی وەرە وەرە دەستت بکەوەو دوو داری لێدام, مامۆستایەکی تریشم  جارێک زلەیەکی لێدام (محەمەد تۆفیق ووردی) ئەو مامۆستامان بوو نازانم لەسەر چی زلەیەکی  لێدام, لەپاشان تۆرام و نەچوومەوە مەکتەب, جیرانمان بوو, ھات بەدوامدا گووتی ئەمن نەمزانیوە, ئەم لاولای ماچ کردم و دەستی گرتم و بردمیەوە بۆ مەکتەب.

  پ /بەڵێ مامە گیان تۆ لە قسەکانتدا باسی ئەمەت کرد فێری شیعری نیشتمانیان کردویت,کێ بووە لە ماڵەوە فێری کردووی؟

سەرۆک مام جەلال: من ئامۆزایەکم ھەیە ناوی کاکە سوورە، ھەم قورئان و ھەم شیعریشی پێ لەبەر دەکردین, دیارە جگە لە شیعری نیشتمانی ئەو شیعرانەشی پێ لەبەر دەکردین کە مەتحی عەشیرەتی  تاڵەبانی و شتی وابوو, چونکە بە ئیعتیباری ئەوەی ئێمە بنەماڵەیەکی تاڵەبانی بووین لەکۆیە، ھەروەھا شیعری حاجی قادر و شێخ رەزای پێ لەبەر دەکردین. پیاوێک ھەبوو جیرانمان بوو دوایی لێرە شەھید بوو, ئەویش زۆر تەئسیری ھەبوو لەسەر ڕەوتی ژیانم ناوی (حاجی ئەفەندی) بوو. ئەو حاجی ئەفەندییە پیاوێکی بیر ڕۆشن بوو, پێشکەوتووخواز بوو, وەکو جیران تێکەڵاو بووین, ئەویش زۆر تەئسیری ھەبوو لەسەرم و ئەویش شیعری نیشتمانی فێر دەکردم. جگە لە مامۆستاکانیشم یەعنی حاجی ئەفەندی وەکو یەکێک لە بنەماڵەکەمان حسێب دەکرا لەگەڵ کاکە سوور پێکەوە شیعرو ئەدەبیاتیان فێر دەکردم. 

پ/ مامە گیان بە منداڵی دەخیلەت ھەبووە بۆ پارە کۆکردنەوە؟

سەرۆک مام جەلال: نەوەڵا، من ھەر کەپارەی خۆمم وەردەگرت زۆرتر دەمدا بەکتێب و مجەلەشم دەکڕی. مەسەلەن گەلاوێژم پێدەکڕی. لە پێنجی ئیبتیدائیشەوە ئیشتراکم کرد لەجەریدەی (الاھالی) جا لەبەر ئەوە پارەکانم ھەموو بۆ مجلەو شتی وەھابوو, مەکتەبەیەکیشم ھەبوو. دوو مەکتەبەی تریش ھەبوو یەکێکیان مەکتەبەی کۆیسنجاق ھی شیوعییەکان بوو. ئەوی تریش مەکتەبەی حاجی قادری کۆیی ھی پارتییەکان بوو. من ئەوەڵجار لە مەکتەبەی کوێسنجاق موشتەریک بووم، ئابوونەم دەدا (١٠٠)فلس لەوێندەرێ، دوای لەوێ تێکچووم، مامۆستایەکی شیوعیمان ھەبوو کاک فاتیحی ناوبوو، فاتیح رەسوڵ. ئەو فاتیح رەسوڵە حەدیقەیەکی بۆ دروستکردبووین. بە بیروباوەڕی حزبی شیوعی پەروەردەی دەکردین، رۆژێک من لێم پرسی کورد نەتەوەیە یان نەتەوە نییە؟ گووتی نەخێر کورد نەتەوە نییە دیارە ئەگەر کورد نەتەوە نییە مافی چارەی خۆنووسینی نییە، لەسەر ئەوە تێکچووین، بەجێمھێشت و ئیدی لە مەکتەبی کوێسنجاقەوە گواستمەوە بۆ مەکتەبی حاجی قادری کۆیی، بڵێین بۆ خەتی پارتی، من پارەم لەو شتانە سەرف دەکرد.

پ/ بەڵێ، مامە تۆ بە منداڵی حەزت لەچ یارییەکی ئەو سەردەمانە بوو، یاری منداڵان؟

 سەرۆک مام جەلال:  گوێت لێبێ، من بە منداڵی، یەعنی عومرم (٨، ٩ ،١٠)ساڵ، زۆر مناڵێکی بزێو بووم، ھەر غارم دەکرد رام دەکرد، دەھاتم و دەچووم.... تەکییە حەدیقەیەکی گەورەی ھەبوو زۆر حەزم لەو یارییانە بوو کە راکردنی تێدابێ، وەکو تۆپێن و ئەو شتانە، بەڵام من لەمەکتەب یەک یاری فێربووم ئەویش پینگ پۆنگە، ھیچی دیکەم نەدەزانی، یەعنی بالێ و ئەو شتانەم نەدەزانی، تەنھا پینگ پۆنگم دەزانی، یەعنی یەکێک بووم لەئاخیردا باش یاریم دەکرد.

 پ/ بەڕێزت وتت پارەکانی وەرتدەگرت، دەتدایە گۆڤار و کتێب، ئەی قەت پێی نەدەچوویت بۆ سینەما؟

سەرۆک مام جەلال: سینەما نەبوو لە کۆیە، ھەندێک لەو پارانە، برادەر و خوێندکار و شتی وەھا بوون نەبوو بوون، یارمەتیم دەدان. 

  پ/ ئەی لەشەوی بەراتدا لەگەڵ منداڵاندا ئەگەڕایت؟

 سەرۆک مام جەلال: ئەرێوەڵڵا، لەشەوی بەراتدا گەڕاوم و پێشتر لە شەڕە گەڕەکێ بەشداریم کردووەو لە شەوی شەو بەراتیش چوومە و شتیشم وەرگرتووە.

  پ/ ئەی مامەگیان لە تەمەنی لاویدا بیرت لە خۆشەویستی کردۆتەوە؟

 سەرۆک مام جەلال: بەڵێ، من لە جیلی ئەو تێکۆشەرانە بووم کە وەکو سۆفی پەروەردە بوون، وەکو دەروێش. زەمانی ئێمە بەڕاستی وابوو. دەبوو وەکو سیاسی خووڕەوشت زۆر بەرز بێت، کچ بەخوشکی خۆت بزانی، کوڕ بەبرای خۆت بزانی، ئەوە ئەخلاقی ئێمە بوو. ئەمە یەک بوو لە شتەکان. جیلی ئێمە وەکو سۆفی وابووین، مشروبات خواردنەوەمان پێ عەیب بوو، قومارکردن جێی سەرزەنشت بوو، سوک بوو لەبەرچاومان. لەبەرئەوە بە نەوعێک پەروەدە بووین، بەڵام دیارە ھەر یەکێک لە ئێمە گەیشتینە عومرێک وەکو ئینسان دڵی وردە وردە لێدەدات.

پ/  ئەو خوێندکارانەی کە لە تەنیشتیتەوە دادەنیشتن لە قۆناغەکانی خوێندن کێ بوون؟

 سەرۆک مام جەلال:  یەکێک لەو خوێندکارانەی کە ھەتا ساڵانێک بەیەکەوە بووین کاک وریا عەلی کانی مارانییە کەئێستا جێگری سەرۆکی مەحکەمەی تەمیزە، لەگەڵ ئەو ھەر بەیەکەوە بووینە پارتی و ھەر بەیەکەوە بووین، برادەرێکی ترم ھەبوو ناوی جەمیل خۆشناو بوو، زوو ئەمری خوای کرد، برادەرێکی ترم ھەبوو ناوی جەمال تاھیر بوو. یەکێکی ترم ھەبوو ناوی فەوزی عومەر بوو. کۆمەڵێک لەو برادەرانە بەتایبەتی کۆمەڵەی پێشکەوتنی خوێندەواری ( K P X)    نزیکەی (٧٠ ) خوێندکار بووین ھی دوو مەکتەب بووین، ئەولا و سانییە، بەڵام پێیان دەوت خوارێ و سەرێ، لەگەڵ ھەموویان دۆست بووم.

 پ/  ئەی قەت رێکەوتووە یەکێک لەو خوێندکارانە ئەوەندە عەجول بێ داوا لە مامۆستاکەت بکەیت لای ئەوەوە لات بەرێت؟

سەرۆک مام جەلال: من دایمەن مراقیبی پۆلەکە بووم، لەبەرئەوە من خۆم خەڵکم دادەنیشان عاقڵ بن. ئێمە وەکو گەورە و پیاو رەفتارمان دەکرد، حەزمان دەکرد زوو گەورە بین.

 پ/  یادەوەریت لەگەڵ ١ی نیساندا ھەیە؟

 سەرۆک مام جەلال: یەکی نیسان یادەوەرییەکی زۆر سەیرم ھەیە. ساڵێکیان لە شام بووم (سوریا) برادەرێکمان ھەیە ناوی (ئەبو تەمیم) بوو، ئەندامی قیادەی قەومی حزبی بەعس بوو، بەیانیەکیان زوو ١ی نیسان تەلەفونم لەگەڵ کردو گوتم ئەبو تەمیم رادیۆت کردووتەوە؟ وتی نەوەڵا، گووتم لەبەغدا ئینقیلاب بووە . گووتی چی؟! گووتم وەڵڵا نەشید لێ دەدات و گەرمە. ئەویش سەبری نەگرتبوو رادیۆ بکاتەوە یەکسەر تەلەفۆنی لەگەڵ قەسری جمھوری کردبوو. گوتبووی سەرۆک حافز ئەسەد ئاگادار بکەن ئینقیلابە لە بەغداد، گووتبویان نووستووە. گوتبووی ھەڵیبستێنن سەرۆک حافز ئەسەدیان ھەڵساندبوو, سەرۆک حافز ئەسەد کە رادیۆی بەغداد دەکاتەوە تەماشا دەکات قورئانە. تەلەفونی لەگەڵ دەکاتەوە و دەڵێت ئەبو تەمیم قورئانە ھیچ لە ئارادا نییە, ئەبو تەمیمیش تەلەفونی لەگەڵ من کردەوە و منیش گووتم کاکە یەکی نیسانە! ئاگات لێ نییە؟ ئەوە بوو بەھین لەسەری. کڵاوێکی باشم لەسەری نا.

 * کتێبی مام جەلال لە وەڵامی ٧٤ پرسیاردا لەلایەن رێبوار ستارەوە، ئامادەکراوە،  باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێشەکی بۆ نووسیوە و لەسەر ئەرکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی چاپ کراوە. 
*ئەم کتێبە دەقی چاوپێکەوتنی رادیۆی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٠ دا.

 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved