هێرۆخان بۆ مام جەلال حەفلەیەکم قەرزداریت

2024-06-12
سەرۆک مام جەلال حەزی لە دەنگی کام گۆرانیبێژە کورد و عەرەبەکان بوو؟
ئەو فیلمە کامە بوو سەرۆک مام جەلال (١٠) جار سەیری کردووە؟
مام جەلال یادگارییەکی خۆی و خالید دلێر دەگێڕێتەوە؟
کام جۆرە وەرزشە دڵخوازی سەرۆک مام جەلال بووە؟
مام جەلال کەی هێرۆخان دەناسێت و چیرۆکی هاوسەرگێرییەکەیان چۆن بووە؟
هێرۆخان بۆ مام جەلال حەفلەیەکم قەرزداریت

وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەند پرسیارێکی دیکە لە زوبانی سەرۆک مام جەلالەوە
 

پ/ ئەو گۆرانیبێژانە کێن کە حەز دەکەی گوێت لە دەنگیان بێت لە کورد و عەرەب؟

سەرۆک مام جەلال: ئەمن لەو گۆرانیبێژە قەدیمانە وەکو لاوی ئەو سەردەمە نیمە، من لە گۆرانیبێژەکانی عەرەبی حەزم لە دەنگی (عەبدولوەھاب) بوو، من برادەرێکم ھەبوو ئەمری خوای کرد (قادری کاکە زیاد), زۆر رەفیقم بوو ساڵێکیان پێکەوە خانوومان گرتبوو لە ھەولێر, ئەو زۆر حەزی لە دەنگی عەبدولوەھاب بوو, من ئەو وەختە وەکو پێم گوتی وەکو سۆفی وابووین, گۆرانی و شتی وام گوێ لێنەدەگرت, گووتی بابە گوێ لێ بگرە بزانە چییە، منیش لەو سەردەمەدا تازە کتێبێکی ستالینم خوێندبووە وە تێیدا لەسەر فەن دەڵێت (الفن ھندسة النفوس) لەوەوە وا تێگەیشتم  کە لازمە ئیھتیمام بدەم بە فەن. منیش ئیدی گوێم لێگرت, لە دەنگی عەبدولوەھاب بەسوتفە گۆرانییەکە (یاجارە الوادی)م گوێ لێگرت, بەڕاستی زۆر خۆش بوو, ھەم لە حنەکەی و ھەم مەعناکەی و ھەم دەنگیشی خۆش بوو. لەو ساتەوە بوومە گوێگری بەردەوامی عەبدولوەھاب لە عەرەبەکان،  عەبدولوەھابم بەدڵ بوو, نازم غەزالی... لە ژنان ئوم کەلسوم و سەباح, ئەو وەختە ئەوانە باویان بوون. ساڵێک لە کەرکوک بووم چاوم دێشا چووبوومە ئەوێ. فیلمێک ھەبوو ساڵی ١٩٤٦  وابزانم ناوی (القلب لە واحد) ڕەنگە دە جار چووبمە سەیری ئەو فیلمە, چونکە ھیچ نەبوو ھەموو جارێ ئەچووم گۆرانیەکانی سەباحم بەدڵ بوو, دوای دیارە فەیروز.  لە ھی عێراق زھورە حوسێنم زۆر بەدڵ بوو. ئێستاش ئەو شریتانەم ھەیە لێیان دەدەم, ئەگەر وەختم ھەبێت لە کورد-دا (کاوێسی ئاغا) زۆر معجبم بە دەنگی (کاوێس ئاغا,تاھیر تۆفیق,محەمەد ساڵح دیلان، سید علی ئەسغەری کوردستانی) ئەوانم زۆر بە دڵ بوو.

پ/مامە گیان بەدەم ڕێوە یان بەدەم ئیشەوە یان لەناو سەیارەدا ھیچ گۆرانییەک دەڵێیت؟
 سەرۆک مام جەلال: ئا بەڵێ گۆرانی ئەڵێم. من دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم, لە متەوەستەی کۆیە خوێندکار بووم لە ئەوسا لە دەرەوەی شار بوو, من زۆرم حەز لێ بوو وەختی باران چەترێکم ھەبوو بڕۆم باران ببارێت, برادەرێکم ھەبوو ناوی (کاک خالید دلێر) بوو کاک خالید دلێر خاڵی ئەو نەرمین خانەی خۆمان، کاک خالید دلێر  لە قسەکردندا لاڵ بوو, بەڵام لە گۆرانیدا دەنگی زۆر ساف بوو. دایمەن پێکەوە دەچووین. من چەترەکەم ھەڵدەدا گۆرانییەکان ئەو دەیگوت. لە تەنیشت یەک دەرۆیشتین ھەندێک لەو گۆرانیانە ئێستاش بەعزێ جار لاشعوری دەیڵێمەوە. یەک لەوانە خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دڵگیرو شیرینە, ئەی کوردینە ئەی مەردینە.
 پ/ بەڕێزت بەینت لەگەڵ ئەم شتانە چۆنە؟گوڵ و گوڵزار؟
سەرۆک مام جەلال: زۆر زۆر دۆستمە زۆرم پێ جوانە. 
پ / ئەی تەیروتور؟
سەرۆک مام جەلال: ئەوەندە بەینم نییە لەگەڵیان.
  پ / ئەی وەرزش؟
سەرۆک مام جەلال: وەڵاھی پێم باشە خەڵک بیکات, بەڵام خۆم کەم نایکەم. 

پ/ حەزت لە چ وەرزشێکە زیاتر؟
 سەرۆک مام جەلال: من خۆم حەزم لە پیاسەیە. بۆ خۆم, پیاسەم لە ھەمووی پێ باشترە, ئەو شتەی کە نایزانم بەداخەوە مەلەیە, مەلە کردنیشم زۆر پێ خۆشە, بەڵام نایزانم, یارییەکانی تریش ھەمووی تەماشا دەکەم, پێم وایە وەرزش زۆر زۆر گرنگە, بۆیە من زۆر پشتیوانی لیژنەی ئۆڵۆمپی و وەرزشە جیاجیاکان دەکەم, لام وایە بۆ گەلێک شت باشەو پێویستە لە ناو کۆمەڵدا پەرەی پێبدرێت.
  پ / ئایا مام جەلال لەکاتی بەفر باریندا شەرە تۆپەڵی کردووە؟
 سەرۆک مام جەلال: بەڵێ, کردومە.پ/ کەی؟ سەرۆک مام جەلال: کەلە متەوەستە بووم, کەلە شاخیش بووین لە پێشمەرگایەتیدا لێیان داوم لە شاخدا مەسەلەن بەفرسەتیان زانیوە. تۆپەڵە بەفریان تێگرتووم, لە مناڵیش لە متەوەستە کردوومە.  پ/ ئەی لە سلێمانی؟ سەرۆک مام جەلال: نەخێر لە سلێمانی نەمکردووە.

پ/ بەڕێزت کەی ھێرۆ خانت ناسی؟
 سەرۆک مام جەلال: ھێرۆ خان دەمێکە دەناسم, ھێرۆ خان منداڵ بوو دەیناسم, ساڵی (١٩٥٠)من ھاتمە سلێمانی مامۆستا ھەمزە لێرە بوو تازە لە سجن بەرببوو بوو, خاڵیەتی, ئەو ھاتبوو بۆ زیارەتی مامۆستا ھەمزە, ھێرۆ خانم دیت ئەو کاتە بچووک بوو. دوای تەبعەن کە ھێرۆ خان باوکیشی بەربوو, من ئەو ساڵە لە کەرکوک بووم. ئەو ساڵە باوکی نەفی بوو لە کەرکوک. من ئەو شەوەی کە ھەڵۆی برای لە دایکبوو لە بیرمە کە مامۆستا برایم دەعوەتی کردین بۆ ماڵی خۆی, من بووم,ساڵح دیلان بوو, چووینە ماڵیان, ئەو وەختە ھێرۆ خان مناڵ بوو ھەر سێ چوار ساڵ دەبوو.

  پ/ئەی چۆن بۆتە ھاوسەرت؟
سەرۆک مام جەلال: چۆن بۆتە ھاوسەرم، من پێشتر چەند ھەوڵێکم دا بۆ ژنھێنان ھیچی سەری نەگرتووە، ئاخرەکەی لە ساڵی  (١٩٦٥)دا برادەرەکانی خۆمان، بەڕەحمەت بێت ئەوەڵ کەس کە پێشنیاری بۆ کردم مەرحوم حلمی عەلی شەریف بوو، کۆمەڵێک مەتحی کرد و گوتی جگە لەوەی کە کچی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدە، کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەتی خۆیشی ھەیە. ئیتر لەساڵی (١٩٦٧) دا خوازبێنیم کردو لە ١٩٦٧/٤/١٤نیشانەم کرد.

  پ/ بەڵێ ئەو کاتە وەکو خۆت گوتت لە ماڵەوە نازیان دابویە و لای باوکت خۆشەویست بوویت دەکرێت بزانین شاییەکەی جەنابت چۆن بوو؟
سەرۆک مام جەلال: نا من ھیچ شایم بۆ نەکرد. من و ھێرۆ خان بەشێوەیەکی مۆدێرن زەواجمان کرد، وابزانم موقەدەمە و موئەخەرەمان یەک دیناربوو، مووئەخەرش شتێکی کەم بوو، گواستیشمەوە تەنھا چووین بۆ دەرەوە سەفەرێکمان کرد. بەیەکەوە چووین بۆ لوبنان، بەریتانیا و فەرەنسا، لەوە زیاتر ھیچ شتێکی دیکەمان نەکرد و ئینجا دوای ئەوە ھێرۆ خان ھەموو جارێ پێی دەوتم شایی و حەفلەیەکم قەرزاری، تا کوڕێکمان بوو، بافڵمان بوو ئینجا حەفلەیەکمان بۆ کرد حەفلەیەکی گەورەمان بۆ کرد لە قاھیرە، گوتم ئەمە بەشی تۆش.  

پ/ ئایا پەیوەندیت لەگەڵ برادەرەکانی مناڵیدا چۆنە و ناوی ھەندێکمان پێ بڵێ، ئەگەر ئێستاش ھاوڕێتن؟
 سەرۆک مام جەلال: من پەیوەندیم لەگەڵ ھەموو ئەوانەی دەم ناسین و بەتایبەتی ئەو جیلەی کە ھەموو پێکەوە سیاسەتمان دەکرد، تەواو پەیوەندیم باشە، ئێستاش مەسەلەن لەگەڵ کاک وریا کانیمارانی جێگری سەرۆکی مەحکەمەی تەمیز بەینم باشە، لەگەڵ ھەندێ برادەرانی تر کە ئێستا نامەوێ ناویان بھێنم، چونکە ئیستا لای خۆمان نین، وە تێک نەچووم لەگەڵ ئەو برادەرانەی کە لە متەوەستە ناسیومن، ھەتا ئەوانەی ھاوبیریشم نەبوون، مەسەلەن کە شیوعی بوون، ھەتا ئێستاش ناسیاویم ھەیە لەگەڵیان.
 * کتێبی مام جەلال لە وەڵامی ٧٤ پرسیاردا لەلایەن رێبوار ستارەوە، ئامادەکراوە،  باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێشەکی بۆ نووسیوە و لەسەر ئەرکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی چاپ کراوە. 

*ئەم کتێبە دەقی چاوپێکەوتنی رادیۆی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٠ دا.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved