کوردی
العربیة
English
سەرەکی
دامەزراوە
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
سەرۆکی دامەزراوە
جێگری سەرۆک
ڕێکخەری میدیا
پەیوەندی
میدیا
هەواڵ
سەردان
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
چاوپێکەوتن
کتێب
سکۆلارشیپ
وتار
گەلەری
هەواڵ
سەرۆک مام جەلال: کوردستانی نوێ دەرگەشى لەسەر پشت كردەوە بۆ حزبەكانى ترو هانیدان ئەوانيش رۆژنامە دەربكەن
2024-08-07
بیرۆکەی گەڵاڵەبوونی بەچاپگەیاندنی کوردستانی نوێ لای سەرۆک مام جەلال چۆن درووستبوو؟
یەکەم کەس کێ بوو پێشنیازی دەرچاندنی کوردستانی نوێ بۆ سەرۆک مام جەلال کرد؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە لە کتێبی (بیرەوەریی رۆژنامەنووسی) مــام جــەلال: چەپکە گوڵم پێ جوانترە لە تاقە گوڵ، چاوپێکەوتنی رۆژنامەنووس هاوار مستەفا خانە لەگەڵ سەرۆک مام جەلال وەرگیراوە.
هاوار مستەفا خان: بەبۆنەى نزيكبوونەوەى يادى (100) ساڵەى رۆژنامەنووسى كوردى، بەپێويستمان زانى چەند پرسيارێك ئاراستەى بەڕێز مام جەلال سكرتێرى گشتى يەكێتیى نيشتمانيى كوردستان بكەين، كە جەنابى ساڵانێكى دوورو درێژ لە بوارى ڕۆژنامەنووسیدا كارى كردووە، هەروەك بەرچاوو روونيشە لە دواى ڕاپەريندا رۆڵى كاريگەرى نواندووە لە دەرچواندنى يەكەمين رۆژنامەى رۆژانەى كوردى لە كوردستانى ئازادكراودا، كە ئەويش رۆژنامەى ( كوردستانى نوێ)يە.
سەرەتا بەڕێز مام جەلال حەز دەكەين لە گەڵاڵەبوونى بيرۆكەى بە چاپ گەياندنى رۆژنامەى (كوردستانى نوێ) وە دەست پێبكەين، كە بەدرێژايى مێژووى بزاڤى رۆژنامەگەرى كوردى، هيچ رۆژنامەيەكى رۆژانە لە كوردستانى ئازادكراودا بەو تەمەنە دوورو درێژە نەيتوانيوە برەو بەرۆژنامەنووسى كوردى بدات.
- سەرۆک مام جەلال: خۆتان دەزانن يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان هەر لە سەرەتاى دامەزراندنيەوە لە هەموو بوارەكانى عەسكەری و پێشمەرگايەتى و سياسى و راديۆو تەلەفزيۆنەوە هەميشە دەست پێشكەربووە… چونكە خۆى يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان، بە پێچەوانەى گوتەى هەندێ كەس، زۆربەى كادير و سەركردەكانى خوێندەوار و هۆشيارو پياوى بيرو باوەڕ بوونە، بۆيە ديارە ئەو مەيدانەى كە مەيدانى خۆى بووەو خۆى پێ شۆڕەسوارى ئەو مەيدانە بووە، چى لە دەستى هاتووە لەو مەيدانە درێغى نەكردووە. دواى راپەڕين و رزگاركردنى بەشێكى كوردستان و هاتنەكايەى هەل و مەرجێكى نوێ ، ئەوەبوو بيرۆكەى دەركردنى رۆژنامەيێكى رۆژانەى كوردستان بە ناوى(كوردستانى نوێ) هاتە كايەوە.
ئەوەى راستى بێ لە پێش هەموو كەسێكدا هەڤاڵ كاك ئەرسەلان باييز ئەو مەسەلەيەى پێشنياز كردوو هێنايە لاى من، منيش بە گەرمى پشتيوانيم لێكردوو لەسەر ناوەكەش رێكەوتين. ئيتر خرايە بەردەم ( مەكتەبى سياسى) و مەكتەبى سياسيش موافەقەتى كرد.
يەكەم جار هەتا گەلێك لە هەڤاڵانى خۆشمان پێيان وابوو ئێمە ناتوانين رۆژنامەيەكى رۆژانە دەربكەين، لەبەر ئەوە پێيان وابوو جارێ هەفتانە يا دوو هەفتە جارێك دەربچێت، بەڵام هەم من و هەم كاك ئەرسەلان و هەندێ هەڤاڵى تر كە لە دەورى ئەو بيروباوەڕەدا كۆببونەوە سوربووين لەسەر ئەوەى دەبێ ئەو رۆژنامەيە ببێتە رۆژنامەيەكى سياسیى رۆژانەو لەو بوارەشدا يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان دەست پێشكەربێ، چونكە چ حزبێكى تر بيرى لەوە نەكردبۆوە.
هەتا ئەوانەى لەرووى پارەوپولەوە زۆريش لە ئێمە دەوڵەمەندتر بوون، ئەسڵەن بە خراپيشيان دەزانى رۆژنامەيەكى وادەربچێت، بۆيە بەراستى ئەو بيرۆكەى كە هاتەكايەوە هەندێ گيروگرفتى هەبوو، بەڵام بەهيمەتى ئەو هەڤاڵانەى كاريان تێدا دەكرد كارەكە دەستى پێكرا، كەدەستيش پێكرا وردە وردە گەشەى كردو پێشكەوت تا ئەمڕۆ بووە رۆژنامەيەكى رۆژانەى سياسیى خەڵكى كوردستان.
ئەوەبوو دواى رۆژنامەى رۆژانەى( كوردستانى نوێ) حزبەكانى تريش چاويان لێكردوو ئەوانيش دەستيان كرد بە دەرچوواندنى رۆژنامەى كوردیى سياسیى لە كوردستانى رزگاركراودا .
كەواتە دەتوانين بڵێين ( كوردستانى نوێ) نەك هەر خۆى بە تەنيا رۆژنامەى سياسیى رۆژانەى كوردیى بوو لە كوردستانى عێراقدا، بەڵكو دەرگەشى لەسەر پشت كردەوە بۆ حزبەكانى ترو هانیدان ئەوانيش رۆژنامە دەربكەن.
ئەوەبوو ( كوردستانى نوێ) بوو بە پێشڕەوى ڕۆژنامەگەرى كوردى لە كوردستانى عێراقدا.
هاوار مستەفا خان: بێ گومان ئەمەش هيمەتى جەنابتان بووە كە هانى برادەرانتان داوە پەلە بكەن لە دەركردنى رۆژنامەيەكى رۆژانە، ديارە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كارى رۆژنامەنووسى جەنابتان لە رابردوودا، هەورەك لەرۆژنامەى (كوردستان)دا كە مامۆستا ئيبراهيم ئەحمەد خاوەنى ئيمتيازى بووەو بەڕێزيشتان وەكو سەرنووسەر ياخود سەرۆكى نووسينى ئەو رۆژنامەيە بوونە.
ئەگەر بكرێ تاوێك بگەڕێينەوە سەر رۆژنامەى (كوردستان) . كە لە دواى روخانى سستمی پاشایەتی دەرچووە پاش ئەوەى تاڕادەيەك ئازادیى بيروڕاو چاپەمەنى هاتە كايەوەو بەڕێزيشتان لەو بوارەدا توانيوتانە برەو بە بارى رۆژنامەنووسى ئەوساى كوردى بدەن .
- مام جەلال: ئەوەى راستى بێ من دەمێكە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسى كورديدا ئاشنام.
لە ساڵانى پەنجاكان بە تايبەتى لەساڵى 1955 بەولاوە كە رۆژنامەى نهێنیى سياسیى كوردیى لەلايەن حزبەوە ( پارتى ديموكراتى كوردستان) دەردەچوو، من دەورى هەم نووسين وهەم چاپكردن و تايپ كردنيشم تيادا دەبينى .
ماوەيەكيان لە كەركوك، ماوەيەكيشيان لە سلێمانى. ئەوەش بيرەوەريەكى تايبەتى هەيە ئينشائەڵڵا جارێكى تر بۆتانى دەگێڕمەوە چونكە بەلامەوە شتێكى گرنگە.. بەڵام ئەوەى كە دواى رووخانى رژێمى مەلەكى و هاتنەكايەى جەمهورى عێراقى هاتەپێش ، ئەوە بوو ماوە درا رۆژنامەو گۆڤارى كوردى دەربچێ، كە ئەو دەرفەتە رەخسا يەكەم كەس پێشنيارم بۆ مامۆستا ئيبراهيم ئەحمەد كرد كە سكرتێرى حزب بوو ( پارتى ديمكراتى كوردستان) ئێمە گۆڤارێك دەربكەين بەناوى (رزگارى) يەوە ، خێرا پەسەندى كرد.
لەگەڵ ئەوەى من پێم باش بوو سەرنووسەرەكەى مامۆستا ( ساڵح حەيدەرى ) بێت كە ئەوكاتە مامۆستا حەيدەرى لە حزب دا بوو. بەڵام برادەرێكى فەيلى كە كاك ( فوئاد) بوو كرا بە سەرنووسەرى ئەو گۆڤارەو منيش وەك كارمەندێكى سەرەكى لە گۆڤارەكە ئيشم دەكرد.
دوا بەدواى ئەوەش رۆژنامەى ( خەبات) دەرچوو، كە رۆژنامەى (خەبات) دەرچوو من بۆ ماوەيەك لەوێدا ئيشم دەكرد و يەكێك بووم لە نووسەرەكانى سەرەكى رۆژنامەكە، كە تەقريبەن لەگەڵ مامۆستا (حيلمى عەبدولكەريم) پێكەوە وەك دوو كارمەندى سەرەكى بووين لەو رۆژنامەيەدا.
زیاتر بخوێنەرەوە
هەواڵ
بەرەو هەشتەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆک جەلال تاڵەبانی- شاری سلێمانی – ٢٠٢٥
هەواڵ
پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە
هەواڵ
هێما و شوناس لە شیعری (هەر کورد دەبین)ی برایم ئەحمەد دا
هەواڵ
پەیامی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەیادی پەنجاویەکەمین ساڵڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێ-دا
هەواڵ
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەپای پێبەخشینی کۆمەڵێک کتێب سوپاس و پێزانین ئاراستەی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی دەکات
هەواڵ
رێکخراوی پوکواش دەچێتە شاری هەڵەبجە و گوێبیستی شایەتحاڵی کیمیابارانی شارەکە دەبێت
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
دامەزراوە
ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
پەیوەندی
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
لینکی زیاتر
کتێب
وتار
گەلەری
سکۆلارشیپ
میدیا
هەواڵەکان
سەردان
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2025 pjtfoundation.org ,All rigth reserved