لەبارەی ماڵەکەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی-یەوە

2025-01-06


چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە هێرش کراوەتە سەر ماڵی سەرۆک مام جەلال، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق لە دیمەشق. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، کلیلی ماڵەکە لەلایەن هێزەکانی سووریاوە براوە و وایان زانیوە رژێمی پێشووی سووریا داویەتی بە مام جەلال.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەوبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە 06-01-2025  رایگەیاند، "هێزەکانی سووریا چوونەتە ماڵەکەی سەرۆک مام جەلال، کلیلی شووقەکەیان بردووە و پێیان وابووە ئەو شوقەیە لەلایەن رژێمی پێشووی سووریاوە بە مام جەلال دراوە."
 
هەر لەوبارەیەوە شۆڕش خالید سەعید، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "دوای ئەوەی لە بابەتەکە ئاگادار کراینەوە، یاداشتنامەیەکمان ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا کرد، پێمان راگەیاندن کە شوقەکە خاوەندارێتیی بۆ ماڵی سەرۆک مام جەلال دەگەڕێتەوە و خۆیان زوو کڕیویانە.
 
بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لەسەر هێڵین لەگەڵیان بۆئەوەی کلیلی شوقەکە وەربگرینەوە." گوتیشی، دەستکاریی ماڵەکە نەکراوە و باڵیۆزخانەی عێراقیش لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ حکومەتی سووریا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە.
 
ماڵەكەی سەرۆک مام جەلال لە گەڕەكی مەزرعەیە، شوقەیەكە لە نهۆمی حەوتەم، لە ساڵی 1974 كڕدراوە و تاوەکو كۆتایی حەفتاكان شوێنی چەندین كۆبوونەوە و دیداری سیاسیی سەرۆک مام جەلال بووە.

سەرچاوە، رووداو

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved