بەردان ئۆزتورک: پێویستە هەمووان بگەڕێینەوە بۆ پرۆژەکەی سەرۆک مام جەلال
2025-01-07
بەردان ئۆزتورک: پێویستە هەمووان بگەڕێینەوە بۆ پرۆژەکەی سەرۆک مام جەلال
پڕۆسهی ئاشتی لە باکووری کوردستان و رۆڵی سهرۆك مام جەلال و كاربهدهستانی ئهوكاتهی تورکیا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بهمهبهستی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی توركیادا هەنگاوێکی ئەرێنی بوو دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە شەڕی خوێناویی و کوشتار لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، بۆیە زۆرێک لە چالاکوانانی سیاسیی ئەو وڵاتە بە کورد و تورکەوە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەو پرسە بە رێگەی چەک و کوشتار هیچ ئەنجامێکی نییە و دوا هەنگاو بۆ چارەسەر هەر گەڕانەوەیە بۆ دانوستان و بەدیهێنانی ئاشتی، و هەندێکیش لەو سیاسەتمەدارانە پێیانوایە راستترین بنەما بۆ دەستپێکردنی پرسی ئاشتی و چارەسەری، گەڕانەوەیە بۆ پرۆژەکەی سەرۆک مام جەلال کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا خستییە بەردەم سەرۆک ئۆزال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری.
بهردان ئۆزتورك، بهرپرسی پهیوهندییهكانی دهرهوهی (DEM PARTI) راگهیاند: هەر هەنگاوێک له پێناو چارەسەركردنی پرسی کورد زۆر گرنگە و هەر هەنگاوێک بە ئاراستهی ئاشتی بنرێت، وەک (DEM PARTI)، دوو هەنگاو دەنێین و گرنگی پێدەدەین. چونکە هەمیشە دەستی ئاشتییمان درێژکردووە تا تورکیا لە ململانێی ناوخۆیی دووربخەینەوە و کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەربکرێن.
لەو رووەشەوە ئوزتورک نموونەی بە قسەیەکی سەرۆک مام جەلال هێنایەوە کە دەیوت: «باکووری کوردستان کلیلی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کوردە و ئەگەر کێشەی کورد لەوێ چارەسەر ببێت، لە پارچەکانی تریش چارەسەر دەبێت».
وتیشی: لە مێژووی تورکیادا زۆر نکووڵی لە بوون و زمان و کهلتوری کورد کراوە، بەڵام رۆژگار ئەوەی سەلماند کە ئەم نکووڵیکردنە هیچ ئەنجامێکی نابێت و سەرناگرێت. بۆیە چارەسەری راستەقینە برایەتی و یەکترقبووڵکردنە لە نێوان کورد و تورک و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەدا، بەو پێیەی ئێستا چ کورد و چ گەلانی دیکەی تورکیاش هۆشیاربوونەتەوە لەڕووی ناسینی مافەکانیانەوە و کەس ئامانجی دابەشکردنی تورکیا نییە، بەڵکو بنەڕەتی خەباتەکە بۆ بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوونە بە پاراستنی تایبەتمەندیی کەلتوریی و زمان و بەشداریی سیاسیی و ئیدارییەوە.
بەردان ئۆزتورك له درێژهی قسهكانیدا وتی: لە مێژووی کورددا مام جەلال بەهایەکی گەورەی هەیە و ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان، چونکە خاوەنی پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی بەهێز بوو لهپێناوی چارەسەرکردنی پرسی کورددا، بۆیە وەفدی (DEM PARTI) لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی مەزارەکەیان بەسەرکردەوە و پەیامی خۆیان لەوبارەیەوە لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا نووسی.
لە کۆتاییشدا رایگەیاند پێویستە ههموو هێز و لایەنە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان بە بە گوێرەی دیدگا و هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلالدا هەنگاو بنێن، بۆ هێنانەدیی ئاشتیی ناوخۆیی لەنێوان کورد خۆی و گەلانی دیکەی ناوچەکەدا، دیارە هەنگاوی یەکەم ئاشتیی ناوماڵی کوردە، چونکە ئەگەر یەکگرتوو بین لەسەر ئاستی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەهێزتر دەبین و دەتوانین مافەکانمان بەدەست بهێنین. ئێستاش چاوەڕوانی ئەو هەوڵانەین کە لە مانگی ئۆكتۆبهری 2024ەوە دەستیپێکردووە لە دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلیی سەرۆکی (MHP)ەوە، کە ئەمەیان قۆناغی سێیەمی پڕۆسەی چارەسەرییە لەدوای پڕۆسەکانی 1993 و 2012 -ەوە.
سەرچاوە: کوردستانی نوێ