پەیامی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەیادی پەنجاویەکەمین ساڵڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێ-دا

2025-04-28
نیوسەدە زیاتر تێپەڕدەبێت بەسەر بۆردوومانی شاری قەڵادزێی سەربەرز و زانکۆی سلێمانی لەو شارەدا، بەداخەوە رژێمی بەعسی رووخاو لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤، بە دڕندانەترین شێوە و بە بۆمبی ناپاڵم؛ بێبەزەیانە و بێدەست پاراستن لە هاوڵاتیانی سڤیلی شاری قەڵادزێ بۆردوومان کرد و پیلانی گڵاوی خۆی ئەنجامدا، لاپەڕەیەکی دیکەی مێژووی خوێنینی خۆی تۆمارکرد، بەهۆیەوە ١٣٤ هاونیشتمانی شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

دەسەڵاتە فاشیلەکەی بەعس نامرۆڤانە کۆمەڵکوژی شارەکەی ئەنجامدا، بەسەدان خەڵک لە نێویاندا خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی شەهید کرد، بەشێکی زۆری سەرخان و ژێرخانی ئەوشارەی خاپوور کرد و خزمەتگوزارییەکانی شارەکەی وەستاند.

قەڵادزێ؛ سەرباری زیانی گەورە هەر بە خۆڕاگری دەنگی دلێری خۆی مایەوە و دژ بە ستەمکاریی داگیرکاریی بەعسی فاشی وەستایەوە و کۆڵی لەڕێگەی کوردایەتی و رێبازی نوێی خەبات نەدا لە دوای راپەرێنی شارەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغ بە قۆناغ پلانی ئاوەدانی شارەکەی داناوە، بەشێوازێکی فەرمی تائێستا هاوڵاتییان و شارەکە قەرەبووی بۆردوومانەکە نەکراونەتەوە لەسەر حکومەتی عیراق-ە کە بە کاری خۆی هەڵسێت و ساڕێژی زامی شارەکە بکات.

ئێمە لە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وەفا و رێز؛ دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێی خۆڕاگر و تەواوی شەهیدانی رێکەی کوردایەتی.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥
....

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved