دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و زانکۆی کۆیە پرۆژەیەک رادەگەیەنن و چەندین هەلی کار دەڕەخسێنن
رۆژی چوارشەممە ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی زانکۆی کۆیە پرۆژەیەکی گرنگیان بۆ خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئاماژەیان بەوەکرد پرۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆى تەكنيكى باشوور لە بەسڕە ئەنجامدەدرێت و دەبێتە هۆی بەدەستخستنی چەندین هەلی کار.
لە چوارچێوەى نامەى لێكتێگەيشتنى نێوان دامەزراوەى سەرۆك جەلال تاڵەبانى و زانكۆى كۆيە و بە هەماهەنگى لەگەڵ زانكۆى تەكنيكى باشوور لە بەسڕە بەرنامەيەكى مەشق و راهێنان رادەگەيەنين بۆ خوێندكارانى بەشەكانى ئەندازيارىی نەوت و ئەندازياریى كيمياوى لەبوارى نەوت و گاز، تايبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و پڕۆسیسکردنی نەوت و گاز لە كێڵگە،كۆمپانيا و كارگەكانى بوارى نەوت و گازى نێودەوڵەتى و ناوخۆيى.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "ئەم بەرنامەی راهێنانە لەکاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە پێداویستییەکی زۆر هەیە بۆ پێشخستنی تواناکانی خوێندکارانمان لە یەکێک لە هەرە گرنگترین کەرتەکان لە عیراق و جیهاندا ئەویش کەرتی نەوت و گازە، بەرنامەکە راهێنانێکی کرداریی چڕ دەگرێتە خۆ کە مامۆستایانی پسپۆڕ سەرپەرشتی دەکەن و تیایدا سەردانی مەیدانی بۆ وێستگەکانی نەوتی باشوور ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی پڕ کردنەوەی کەلێنی نێوان خوێندنی تیۆری و کرداری و پێگەیاندنی کادری گەنجی کارامە و زیرەک بۆ پێشبڕکێی بازاڕی کاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ".
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتیشی: "ئەم هاریکارییەی زانکۆکان لەنێوان هەرێم و باشوور بە تایبەت زانکۆی تەکنیکی باشوور رۆحی هاوکاریی نیشتمانی لە خزمەتی زانست و زانیندا بەرجەستە دەکات و هیوادارین ئەمە سەرەتای پرۆژەی راهێنان و ئاکادیمیی تر بێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانمان و بەرەوپێشبردنی وڵاتەکەمان".
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "پرۆژەکەمان دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ بەدەستخستنی هەلی کار لەو کۆمپانیایانەی مەشقیان تیادا ئەنجام دەدرێت".
پ. د. محەمەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە وتی: "ئەم بەرنامەی مەشق و راهێنانە بەشداریپێکردنی (٤٠) خوێندکارە بۆماوەی (١٥) رۆژ، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەو خوێندکارانە بەشداری ئەم مەشقە دەکەن بەتایبەت دوای راوەستانی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، خوێندکارانی ئەم بوارە کە وەک پێویست ناتوانن مەشقەکانیان ئەنجام بدەن لە هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی زانکۆی کۆیە وتیشی: "خوێندکارە بەشداربووەکان لەماوەی مەشق و راهێنانەکەدا سەردانى چەندین كێڵگە و كۆمپانيای ناوخۆىی و نێودەوڵەتى دەكەن ئەمەش ئەزمونێکی باشیان پێدەبەخشێت بەتایبەت ئەو کۆمپانیانەی لە هەرێمی کوردستان نین لەوانە كۆمپانياى گازى باشوور و كارگەى پتڕۆكيمياوى، ئەمە جگە لە سەردانی دوو کێڵگەی نەوتی گەورە لە عیراق، ئەوانیش هەریەک لە کێڵگەی رومێلە و کێڵگەی زوبێرن، هەروەها وەرگرتنی ئەزموون لەبواری گواستنەوەی نەوت و گاز لەڕێگەی ئاوەوە وەک لە بەندەرەکانی ئەو ناوچەیە".
بەرنامەى مەشق و راهێنان بۆ خوێندكاران لەبوارى نەوت و گاز بۆ (٤٠) خوێندكار لەگەڵ (٥) مامۆستاى سەرپەرشتيار كە بەم شێوەى خوارەوە دەبێت (١٥) رۆژ لە ٢٠/٧/٢٠٢٥ تاكو ٥/٨/٢٠٢٥. ژمارەى خوێندكار و سەرپەرشتيار ، (٣٦) خوێندكار لە هەردوو بەشى ئەندازيارىی نەوت و ئەندازيارىی كيمياوى لە زانكۆى كۆيە (٢) خوێندكار لە بەشى ئەندازيارى نەوت و وزە لە زانكۆى پۆليتەكنيكى سلێمانى (٢) خوێندكار لە بەشى ئەندازيارىی نەوت لە زانكۆى كۆمار. پێنج سەرپەرشتيار لە مامۆستايانی پسپۆڕى هەردوو بەشى ئەندازيارىی نەوت و ئەندازيارىی كيمياوى لە زانكۆى كۆيە.
ئەو شوێنانەى کە لەماوەی مەشقەکەدا خوێندکاران سەرداني دەكەن:-
1- Zubair oilfield.
2- ZPEC chinese co. - China
3- Schlumberger co. USA
4- Almajal Co. Join venture with different international companies
5- Wood Group Co. Scotland
6- LukOil - Russia
7- Iron and Steel factory - Turkey join venture
8- Petrochemical Industry - Iraq
9- North Rumaila Oilfields .