ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەگۆڕدرێت

2025-09-30
 

لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەگۆڕدرێت بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی دامەزراوەكەش دەڵێت: "دوای زیاتر لە چوار ساڵ هەوڵەكانمان بە ئامانج گەیشت و  سەرۆك مام جەلالیش وەك سەرۆكی وڵاتانی دیكە شایستەی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەك رێز لە خەبات و تێكۆشانی بگیرێت، ناونانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش بەناویەوە خزمەتێكی بچووكە بە مێژووی سەرۆك مام جەلال".

باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، راگەیاند:
 "لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە بە گۆڕینی ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، كە زیاتر لە چوار ساڵە هەوڵەكان لەوپێناوەدا بەردەوامبووە".

باڵیۆز د. محەمەد سابیر راشیگەیاند: "بڕیارەكە ئاڕاستەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و فڕۆكەخانەكانی عیراق كراوە و تەنها چەند رێكارێكی یاسایی ماوە، بەڵام بڕیاری گۆڕینی ناوەكەی دراوەو".

سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو: "لەدوای تەواوبوونی رێكارەكان لە مەڕاسیمێكی شایستەدا، ناوی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەگۆڕێت بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانێ ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەم هەنگاوەمان خزمەتێكی بچووكە بە خەبات و تێكۆشان و هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال بۆ گەلی كورد و گەلانی عیراق و هێشتنەوەی ناوی بەڕێزیانە بەزیندوویی، وەك سەرجەم سەركردەی وڵاتانی دیكە كە ناوی فڕۆكەخانەی وڵاتەكەیان كردووە بەناوی سەرۆكەكانیانەوە".

 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved