پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک مام جەلال لە کەرکوک لادرا
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 5ی11ی2025 بە ئامادەبوونی وبەڕێز شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق و بەڕێز ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری کەرکوک - سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بەڕێز رێبوار تەها، پارێزگاری شاری کەرکوک پەردە لەسەر گەورەترین پەیکەری سەرۆک مام جەلال لە پارکێکی دەروازەی شار لە کەرکوک لادرا و هەمووانیش دووپاتیان کردەوە سەرۆک مام جەلال خۆشەویستی تەواوی پێکهاتەکانی کەرکوک بوو.
سەرۆک مام جەلال خۆشەویستی تەواوی پێکهاتەکانی کەرکوکە
لەسەرەتای رێوڕەسمەکەدا، بەڕێز ئاسۆ مامەند لە وتارێکیدا رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی سەرۆک مام جەلال سەرقاڵ بوو، بەڵام بەردەوام دەهاتە کەرکوک و لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان کۆدەبوویەوە، بۆیە تەنها یەکێتی و کورد سەرۆک مام جەلال-یان خۆشناوێت، بەڵکو تەواوی پێکهاتەکان سەرۆک مام جەلال-یان خۆشدەوێت".
دووپاتیشی کردەوە: "ئەگەر بمانەوێت رۆحی سەرۆک مام جەلال شاد بکەین، پێویستە خزمەتی زیاتری کەرکوک بکەین".
لە بارەی سیاسەتی یەکێتیش بۆ شاری کەرکوک، ئاسۆ مامەند ئاماژەی بەوەکرد: "بەدڵنیاییەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ بەهەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال کار دەکات، چونکە کەرکوک شاری پێکەوەژیان و خۆشەویستییە".
وتیشی: "کەرکوکییەکان شایستەی ئەوەن خزمەتی زیاتر بکرێن و شایستەی ئەوەیە لە هەموو شارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، خەڵک حەز بکات بێتە کەرکوک و لێرە دابنیشێت".
ئاسۆ مامەند دووپاتیشی کردەوە: "کەرکوکییەکان زۆر بەوەفابوون بۆ رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال، ئێمەش بەڵێن دەدەین لەسەر رێبازەکەی بەردەوام دەبین و خزمەت دەکەین".
سەرۆک مام جەلال ژیانی خۆی بۆ خزمەت تەرخان کردبوو
هاوکات، باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە وتارێکیدا رایگەیاند: "ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی بێوێنایە بۆ نیشاندانی ئەو خۆشەویستە قوڵەی کە کەرکوکییەکان بۆ ئەو رابەرە مەزنە هەیانە، کە ژیانی خۆی بۆ خزمەت تەرخانکردبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد: "رێگایەک نییە بۆ بوونیاتنانی نیشتمان، جگە لە خۆشەویستی و پێکەوەژیان سەرۆک مام جەلال دایڕشتووە".
سەرۆک مام جەلال کەرکوکی بە نموونەیەکی زیندووی یەکڕیزی و پێکەوەژیانی هاوبەش دەبینی.
هەر لەو رێوڕسمەدا، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی لیستی222ی یەکێتی لە کەرکوک رایگەیاند: "پەیکەر تەنها بەردێکی داتاشراو نییە، بەڵکو سیمبولێکە بۆ وەفاداری و یادگایەکی هەمیشەییە بۆ سەرکردەیەک کە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی وڵاتەکەی تەرخان کرد".
راشیگەیاند: "سەرۆک مام جەلال کەرکوکی بە پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکەیەوە خۆشدەویست، ئەم شارەی بە نموونەیەکی زیندووی یەکڕیزی و پێکەوە ژیانی هاوبەش دەبینی، بەو پەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵیدەدا کە کەرکوک وەک سیمبولێکی برایەتی لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشورییەکان بمێنێتەوە".
لە بارەی پرۆژەکەشەوە رایگەیاند: "پرۆژەکە لەسەر ئەرکی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دروستکراوە"
لە کۆتایشدا رێبوار تەها ئاماژەی بەوەکرد: "هەرچییەک بکەین هەرچۆنێک کار و خزمەت بکەین، هەرگیز ناتوانین بگەین بە وەفای سەرۆک مام جەلال بۆ کەرکوک، بۆیە بەوپەری شانازییەوە رێبازی سەرۆک مام جەلال پەیڕەو دەکەین، چونکە رێبازی خزمەتکردنە".