سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پۆستێكی گرنگی جیهانی وەردەگرێت

2025-12-09


کۆمەڵەی شورای مەزنی چین باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆکی شەرەفی کۆمەڵەی شورای مەزن بۆ خولی ساڵی دووەم (۲۰۲٦-۲۰۲۷). دەستنیشان دەکات.

کۆمەڵەی شورای مەزن لە نامەیەکی راسپیردراودا بۆ سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی  دەڵێت: "لە پای هەوڵە نایابەکانت و بەشداریکردنت لە برەودان بە دۆستایەتی و هاوکاری لەنێوان چین و هەرێمی کوردستانی عێراقدا،  بەڕێزتان بانگهێشت کراون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شەرەفی "کۆمەڵەی شورای مەزن"  بۆ خولی ساڵی دووەم (۲۰۲٦-۲۰۲۷)."

کۆمەڵەکە بۆ باڵیۆز د. محەمەد سابیر دەشڵێت: " ڕێنمایی و ئامۆژگاریتان بۆ ئیڤێنت و چالاکییەکانی ئایندەی  کۆمەڵەی شورای مەزن بەرز دەنرخێنین".

باڵیۆز د. محەمەد سابیر لە وەڵامی دەستنیشانکردنی وەک سەرۆکی کۆمەڵەی شورای چین نامەیەکی سوپاس ئاراستەی بەڕێزان کونسوڵی گشتی کۆماری گەلی چین لە هەرێمی کوردستان،
بەڕێز باڵێۆزی کۆماری گەلی چین لە عیراق دەکات.

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی رایدەگەیەنێت: "ئێستاش جێی دڵخۆشییە و مایەی دەستخۆشی و ستایشە کە دەبینین ئەم کۆمەڵەیە لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت. هەر بۆیە، پیرۆزباییەکی دڵسۆزانەم ئاراستەی کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر و بەتایبەت بەڕێز (لیو جون) دەکەم بۆ بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەم کارە گەورەیە.  بەو هیوایەی کە ئەم کۆمەڵەیە ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و چین و ببێتەهۆی  قووڵکردنەوەی هاوکاری لە بوارەکانی کەلتور و بازرگانیدا و ببێتە خەرمانێکی نوێ لە پەیوەندییە درێژخایەن و بەسوودەکانماندا".

راشیگەیاند: "سەرکەوتنی گەورە بۆ کۆمەڵەی شورای چین لە هەرێمی کوردستان دەخوازم و بە شانازییەوە هەر ئەرکێک لە ئەستۆ دەگرم کە سوودی بۆ هەردوو گەلی چینی خۆشەویست و گەلی کورد هەبێت".

باڵیۆز د. محەمەد سابیر باس لەو دەکات: "شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لەم بۆنە گرنگەدا بەشدارم کە ڕێورەسمی پێکهێنانی کۆمەڵەی شورای چین-ە لە هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی باس لەوەش دەکات: "بێگومان هەموومان زانیاریمان لەبارەی شورای مەزنی چین هەیە، بونیادنانی ئەو شورایە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، واتە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین، و ئەمڕۆکەش وەک یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی ئەندازیاری  لە جیهاندا ناسراوە و وەک یەکێک لە شوێنەوارە کەلەپورییەکانی یونسکۆ تۆمار کراوە. شورای مەزن ڕەمزێکی نەمری خۆڕاگری، دەوڵەمەندیی کەلتوری و پەیوەندییە کە شارستانیەتی مەزنی چینی پاراست و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و کاڵاکانی لە ڕێگەی ئاوریشمەوە لەنیوان چین و وڵاتانی تردا ئاسان کرد. هەر بۆیە، زۆر گونجاوە کە ئەم پردە نوێیەی دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلەکانمان ناوی ئەو شورایە هەڵبگرێت، لەو ماوەیەدا کە باڵیۆزی عێراق بووم لە چین، شەرەفی ئەوەم هەبوو کە کار و چالاکییە کاریگەرەکانی کۆمەڵەی شورای چین لە بێجین ببینم و بەشداری چالاکییەکانیان بکەم . من لە نزیکەوە بینیم کە چۆن ئەم کۆمەڵەیە وەک سەکۆیەکی زیندوو دۆستانی چینی کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەزموونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن و تێگەیشتنی دوولایەنە بەرەو قوڵایی ببەن".

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved