بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، رێککەوتن لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی کلتووریی پارادایگما
ڕۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ١٢-٢-٢٠٢٦، باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، لەگەڵ بەڕێز خافێر مارتین فێرناندێز، سەرۆکی دامەزراوەی پارادایگما بۆ کلتوور و پێکەوەژیانی ئاشتییانە کۆبووەوە.
ئەم دیدارە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاریی کلتووری و گفتوگۆیانەدا بوو پشتگیری لە بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دروستکردنی پردی لێکتێگەیشتن لەنێوان کۆمەڵگاکاندا دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولا کرا و رێککەوتن کرا لەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن.
ئامانجی ئەم یاداشتنامەیە پەرەپێدانی پرۆژە و بەرنامەی هاوبەشە بۆ چەسپاندنی کلتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەپێدانی گفتوگۆی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دیدگای هاوبەشی هەردوولا بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئاشتییە.
هەر لەو دیدارەدا، ئاماژە بە بیر و فکری سەرۆک مام جەلال و ڕۆڵی دیاری لە لێکنزیککردنەوەی ڕا و بۆچوونەکان و چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکان کرا، هەروەها جەخت لەسەر هەوڵەکانی جەنابیان کرایەوە بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان و برەودان بە زمانی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا، وەک نموونەیەکی کاری سیاسی کە لەسەر بنەمای میانڕەوی و لێکتێگەیشتنی نێوان پێکهاتەکان بوونیاد نراوە.
لەکۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان کردەوە، بەو ئامانجەی ببێتە هۆی دەستپێکردنی دەسپێشخەرییە کلتووری و فیکرییە هاوبەشەکان کە کلتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەهێز دەکەن و خزمەت بە ئامانجەکانی ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەگەیەنن.