دەقی وتاری سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین لە یادکردنەوەی ٥٢هەمین ساڵڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێدا

2026-04-24

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان 


بەڕێزان میوانانی ئازیز بە پاراستنی پلە و پێگەکانتان
 ئەندامانی ئەنجوومەن، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی خۆشەویست...
بەڕێز سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەڵال تاڵەبانی...

بەڕێزان... دەڤەری ڕاپەڕین بەشدارییەکی کارای هەبووە لە قۆناغە جیاوازەکانی شۆڕشدا بۆیەش چەند یاد و یادەوەری لەو دەڤەرە شۆڕشگێڕادە تۆمارکراون.
 
لە ناویشیاندا بۆردومانەکەی شار قەڵادزێ لە ۲٤ ی نیسانی ۱۹۷٤  هێرشێکی دڕندانەی ڕژێمی فاشیست بوو بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی  لەوانە زانکۆی سلێمانی (زانکۆی دایک)  و شاری قەڵادزی کە تێدا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا، خوێندکار، فەرمانبەر و خەلکی سڤیلی شارەکە بوونە قوربانی، زیاتر لە ٤٠٠ هاوڵاتی دیکەش برینداربون و بەشێکی شارەکە بەتەواوی وێرانکرا و ژمارەیەک لە دانیشتوانەکەشی ئاوارەبوون.
 

بۆردوومانی شار و زانکۆ لە دەوڵەت سازیدا تەنها لەو دۆخانەدا ڕوودەدات

کە دەوڵەت بە پلان سەرکووتی شۆڕش یان گەشەی فکری سیاسی بکات. بۆیە بۆردومانی شاری قەڵادزی وەک بەرچاوترین پەلاماری چەکداری  ڕژێم دادەندرێت  بە ئامانجی سەرکوت کردنی شۆڕشی زانست دوای گواستنەوە زانکۆی سلێمانی بۆ شاری قەڵادزی.

دەڤەری پشدەر هەمیشە ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە شۆڕشەکانی میللەتەکەماندا بۆیە لە ساڵیادی ٢٤ی ٤ی ۱۹۸۲ بۆ یادکردنەوە  ئەوکارەساتە جارێکی تر خەلکی شۆڕشگێڕی شاری قەڵادزی
 خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان دژ بە سیاسەتەکانی ڕژێمی ئەنجامدا، بەداخەوە لەلایەن دارودەستە و هێزە چەکدارەکانی ڕژێمەوە بە گوللـە وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە و چەندین هاوڵاتی شەهید و بریندارکران و چەندان کەسیشیان ڕاپێچی زیندانە تاریکەکانی ڕژێم کران،

بەڕێزان ڕژێم بۆ تۆڵە سەندنەوە لە شاری قەڵادزی لە ۲٦/٦/۱۹۸۹ بەیەکجاری شاری وێرانکردو

و خەڵکەکەی ڕاگواست، ڕاگواستن بەشێک بوو لە سیاسەتە لە بنهینەرەکانی ڕژێم بۆ پەرتەوازەکردنی خەڵکی شۆڕشگێری شاری قەڵادزی و کەمکردنەوە پاڵپشت بۆ شۆڕشی میللەتەکەمان.
 
بەڕیزان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی  شەهیدان‌ و قوربانیانی مەرگەساتی بۆردومانی قەڵادزێ‌‌ و زانکۆی سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٤ / ۳ / ۲٠۱۳ بە بڕیاری (۲۲٦۲) ڕۆژی ۲٤ / ٤ی وەک ڕۆژی (شەهیدی زانکۆ) دیاریکرد و هەروەها داوای لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان کرد، ساڵانه‌ له‌و ڕوژه‌دا به‌ چالاکی ڕۆشنبیری‌ و زانستی یادی شەهیدان‌ و قوربانیانی زانست‌ و قه‌ڵه‌م لە کوردستان به‌رز ڕابگر بەداخەوە کە ئەم ساڵە یادەکە دەکەوێتە پشووی فەرمییەوە.

جەماوەری تێکۆشەر و کەسوکاری هەمیشە سەربەرزی شەھیدانی

مەرگەساتی قەڵادزێ، ئێمە لە زانکۆی ڕاپەڕین و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکوموتی هورێمی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و زانستی بەگرینگی دەزانین بەردەوامبین لە کارکردن لەسەر کارەساتەکان و پلاندانان بۆ بە ئەرشیف کردنی کارەساتەکانی دەڤەرەکەمان لە داهاتوودا بۆئەوەی لە ئەرشیفێکی دیجیتاڵیدا بپاڕێزرین بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

بۆیە لێرەوە لە ڕۆژی شەهیدی زانکۆدا پەیامی ڕێز و وەفا بۆ کەس و کاری قوربانیان دەنێرین و سەر ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەوکارەساتە و کوردستان دادەنەوێنین. لەکۆتایدا بە پێویستی دەزانم سوپاسگوزاریی زانکۆمان (زانکۆی ڕاپەڕین) و دەڤەرەکەمان بە بەڕێز باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەڵال تاڵەبانی و سەرجەم ستافی دامەزراوە بگەیەنین بۆ بەردەوامبوون لە هاوبەشیکردن و پاڵپشتی کردنی یادی بۆردومانی قەڵادزی. 
سوپاسی تایبەتمان بۆ پانێڵستە بەڕیزەکان، لێژنە جیاوازەکان، ڕاگرایەتی کۆلێژی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و سەرجەم ئەو لایەنانە کە هاوکاتبوون بۆ بەرز ڕاگرتنی ٢٤ی ٤.
هیوادارم کە ئەو چالاکییە بمانبات بۆ ناو خەباتی گرینگی شاری قەڵادزیدا
زۆر سوپاس و دووبارە بەخێربین

پ. ی. د. پەیمان ڕەمەزان، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved