دەقی وتاری سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە یادکردنەوەی ٥٢هەمین ساڵڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێدا

2026-04-24
 

بەڕێز سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین دکتۆرە پەیمان، مامۆستایان و خویندکاران و هاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری قەڵادزێ بەخێربین.

بۆردومانى شاری قەڵادزێ یەکێک بوو لەو کارەساتە تراژیدیا ئامێزانەى کە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس  دژى دانیشتوانى مەدەنی لەشاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرا 

ڕژێمی بەعس ئامانجی سەرەکی لەباربردنی هەموو  پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی کوردبوو هەموو ڕێگایەکیان دەگرتەبەر بۆ ئەوەى کاروانى خەبات و شۆڕش و پێشکەوتن بوەستێنن، هەر لەبەر ئەو هۆیە بوو سەر لە بەیانى ڕۆژى ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ چەند فڕۆکەیەک بە بۆمبى قەدەغەکراوى ناپاڵم بۆمبارانى شارى قەڵادزێیان کرد، ڕق و توڕەییەکانى بە زانکۆ  خەڵکى سڤیلى ئەو شارەدا ڕشت، ئەم شارەى دووچارى مەرگەساتێک کرد کە لە هیچ پێوەرێکى ئەخلاقى، ویژدانى، مرۆڤایەتى جێگاى نابێتەوە، لە چاو تروکانێکدا ١٢٣ کەس لە ژن و منداڵ و پیر و لاو و قوتابى و مامۆستا و کرێکار و جوتیار شەهید بوون لەگەڵ برینداربوونى زیاتر لە ٤٠٠ کەس و بە تایبەتی بۆ من وەک شایەتحاڵێک لەو رۆژە سەخت وناهەموارە دا لەوێ بووم کە بەچاوی خۆم هەموو ئەوکارەساتە دڵتەزێنەم بینی وبەراستی رۆژێکی پرمەینەت و ناخۆش بوو بۆ هەموو گەلی کورد بەگشتی و بۆ خەڵکی ستەم دیدەی قەڵادزێ وە بە تایبەت بۆ من کە کۆمەڵێک قوتابی زانکۆ لە نێوان شەهیدەکاندا بوو لەوانە ( بورهان عەبدوڵڵا شاسوار ، سۆران محەمەد سەڵتە ، هیوا عەبدول غەفوور ، حمە ساڵح سام سام ، سەروەر علی قادر ، ئازاد حسێن  ) چەندین قوتابی تر کە ئەم گەنجانە جگە لەوەی قوتابی زانکۆ بوون زۆر نزیکم بوون  ئەندامانی کۆمەڵەی مارکسییش بوون کە ئەو کاتە من بەرپرسیاری رێکخستنی کۆمەڵە بووم لە شاری سلێمانی .دیارە بەهۆی ئەو تاوانە مەزنەی رژێمی فاشستی بغدادەوە بەشێکی زۆر لە قوتابیانی زانکۆ شەهید بوون ، هەرگیز ئەو کارەساتەم لە یاد ناچێت کە بەچاوی خۆم هەموو ئەو شەهید و بریندارانەم بینی...
جگە لە زیانە گیانییەکان ئەوکارەساتە بووە هۆی وێرانبوونی سەرخان و ژێرخانی شارەکەو هەموو خزمەتگوزارییەکانی شارەکەی وەستاند، بەمەش  ڕژێمی بەعس لاپەڕەیەکی دیکەی مێژووی خوێنینی خۆی تۆمارکرد.

ئەم تاوانە ویژدانى هەموو کورد و کوردستانیانى هێنایە هەژان

و بوو بە وانەیەکى زیندوو لە ناخى هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەردا، کە هەموو ساڵێک یادى دەکرێتەوە، وە هەر ئەم کارەساتەشبوو کە بووە هەوێنی ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٩٨٢، ١٩٨٣ و ١٩٨٧ کە لەو رۆژەدا دەنگى ناڕەزاى لە تەواوى شارەکانى کوردستان لە لایەن چین و توێژەکانى جەماوەر دژى ڕژێمى بەعس بەرز دەکرایەوە.
قەڵادزێ سەرباری زیانی گەورە هەر بە خۆڕاگری دەنگی دلێری خۆی مایەوە و دژ بە ستەمکاریی داگیرکاریی بەعسی فاشی وەستایەوە و کۆڵی لەڕێگەی کوردایەتی و ڕێبازی نوێی خەبات نەدا، لە دوای راپەرێنی شارەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغ بە قۆناغ پلانی ئاوەدانی شارەکەی داناوە، بەڵام بەشێوازێکی فەرمی تائێستا هاوڵاتییان و شارەکە قەرەبووی بۆردوومانەکە نەکراونەتەوە ، لەسەر حکومەتی عێراقە کە بە کاری خۆی هەڵسێت و ساڕێژی زامی شارەکە بکات.

بۆردومانی قەڵادزێ تەنها کارەساتیک نییە بۆ یادکردنەوە

بەڵکو دەبێت کاری گرنگی لەسەر بکرێت بەتایبەت لە ناساندنی کارەساتەکەو ئەشیفکردنی ڕوداوەکان بۆ نەوەی داهاتوو، وە ئەرکی زانکۆو ناوەندە ئەکادیمییەکانە توێژینەوەی زانستی لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم کارەساتە بکەن  تاوەکو هەمیشە بە زیندویی لە یادگەی تاک بەتاکی  کورددا بمێنێتەوە ، دیارە شاری قەڵادزی خۆراگر و تێکۆشەر دژ بە رژێمی فاشست لە هەموو قۆناغەکاندا وەستاونەتەوە و ئەتوانین بڵێن بە لانکەی شۆرشی نوێ دائەنرێت هەر بەم بۆنەیەوە شارەکە لە لایەن رژێمی فاشستەوە تەخت کراوەو خەڵکەکەیشی راگوزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ لە بازیان. 
ئێمە لە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وەفا و رێز دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کارەساتی بۆردوومانی قەڵادزێی خۆڕاگر و تەواوی شەهیدانی ڕێکەی کوردایەتی.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved