رۆژی هەینی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٦ هاوکات لەگەڵ ٥٢هەمین ساڵڕۆژی بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێدا (٢٤ی ٤ی ١٩٧٤) بە سەرپەرشتی و هاوبەشی پ. ی. د. پەیمان رەمەزان، سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یادەکە زیندووکرایەوە و بەرز ڕاگیرا، چەند چالاکییەکی شایسەتە بەو یادە ئەنجامدرا.
بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێ؛ رۆژى ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ چەند فڕۆکەیەک بە بۆمبى قەدەغەکراوى ناپاڵم بۆمبارانى شارى قەڵادزێ-یان کرد، ڕق و توڕەییە نامرۆڤییەکانی بە زانکۆ سلێمانی و خەڵکى سڤیلى ئەو شارەدا ڕشت لە چرکەیەکدا ١٢٣ کەس لە ژن و منداڵ و پیر، لاو، قوتابى، مامۆستا، کرێکار و جوتیار شەهید بوون لەگەڵ برینداربوونى زیاتر لە ٤٠٠ کەس.
لە چالاکییەکانی یادی ٥٢هەمین ساڵڕۆژی بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێدا سەردانیکردنی جەماوەری و ماتەمی بوو بۆسەر گۆڕستانی شەهیدانی شاری قەڵادزێ و خوێندنی سورەتی فاتیحە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و دانانی چەپکە گووڵی رێز و وەفا بۆ شەهیدانی شارەکە.
لەبەشێکی دیکەی چالاکییەکانی یادی ٥٢هەمین ساڵڕۆژی بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێدا کردنەوەی پێشانگەیەکی وێنەیی لەبارەی بۆمبارانکردن و یادەکەوە تیشکخستن و بیرهێنانەوەی رۆژی ٢٤ی ٤ی ١٩٧٤، لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی راپەڕین لە شاری قەڵادزێ، لە کۆتایی چالاکییەکانی ئەم یادەدا پێشکەش کردنی چەند پانێڵێک و خستنەڕووی قێزەونی ئەنجامدانی ئەم تاوانە کارەساتە تراژیدیایە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس دژى دانیشتوانى مەدەنی لەشاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرا.
لەو پانێڵەدا پ. ی. د. پەیمان ڕەمەزان، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتاێکی پێشەکەش کرد وتی: " بۆردوومانی شار و زانکۆ لە دەوڵەت سازیدا تەنها لەو دۆخانەدا ڕوودەدات کە دەوڵەت بە پلان سەرکووتی شۆڕش یان گەشەی فکری سیاسی بکات. بۆیە بۆردومانی شاری قەڵادزی وەک بەرچاوترین پەلاماری چەکداری ڕژێم دادەندرێت بە ئامانجی سەرکوت کردنی شۆڕشی زانست دوای گواستنەوە زانکۆی سلێمانی بۆ شاری قەڵادزی".
سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتیشی: "دەڤەری پشدەر هەمیشە ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە شۆڕشەکانی میللەتەکەماندا بۆیە لە ساڵیادی ٢٤ی ٤ی ۱۹۸۲ بۆ یادکردنەوە ئەوکارەساتە جارێکی تر خەلکی شۆڕشگێڕی شاری قەڵادزی
خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان دژ بە سیاسەتەکانی ڕژێمی ئەنجامدا، بەداخەوە لەلایەن دارودەستە و هێزە چەکدارەکانی ڕژێمەوە بە گوللـە وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە و چەندین هاوڵاتی شەهید و بریندارکران و چەندان کەسیشیان ڕاپێچی زیندانە تاریکەکانی ڕژێم کران".
لەو پانێڵەکەدا باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە وتارێکدا ئاماژەی کرد بە: " بۆردومانى شاری قەڵادزێ کە ڕژێمی بەعس ئامانجی سەرەکی لەباربردنی هەموو پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی کوردبوو هەموو ڕێگەیەکیان دەگرتەبەر بۆئەوەى کاروانى خەبات و شۆڕش و پێشکەوتن بوەستێنن، هەر لەبەر ئەو هۆیە بوو سەر لە بەیانى ڕۆژى ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ چەند فڕۆکەیەک بە بۆمبى قەدەغەکراوى ناپاڵم بۆمبارانى شارى قەڵادزێیان کرد، ڕق و توڕەییەکانى بە زانکۆ خەڵکى سڤیلى ئەو شارەدا ڕشت، ئەم شارەى دووچارى مەرگەساتێک کرد کە لە هیچ پێوەرێکى ئەخلاقى، ویژدانى، مرۆڤایەتى جێگاى نابێتەوە، لە چاو تروکانێکدا ١٢٣ کەس لە ژن و منداڵ و پیر و لاو و قوتابى و مامۆستا و کرێکار و جوتیار شەهید بوون لەگەڵ برینداربوونى زیاتر لە ٤٠٠ کەس و بە تایبەتی بۆ من وەک شایەتحاڵێک لەو رۆژە سەخت وناهەموارە دا لەوێ بووم کە بەچاوی خۆم هەموو ئەوکارەساتە دڵتەزێنەم بینی وبەراستی رۆژێکی پرمەینەت و ناخۆش بوو بۆ هەموو گەلی کورد بەگشتی و بۆ خەڵکی ستەم دیدەی قەڵادزێ وە بە تایبەت بۆ من کە کۆمەڵێک قوتابی زانکۆ لە نێوان شەهیدەکاندا بوو لەوانە ( بورهان عەبدوڵڵا شاسوار ، سۆران محەمەد سەڵتە ، هیوا عەبدول غەفوور ، حمە ساڵح سام سام ، سەروەر علی قادر ، ئازاد حسێن ) چەندین قوتابی تر کە ئەم گەنجانە جگە لەوەی قوتابی زانکۆ بوون زۆر نزیکم بوون ئەندامانی کۆمەڵەی مارکسییش بوون کە ئەو کاتە من بەرپرسیاری رێکخستنی کۆمەڵە بووم لە شاری سلێمانی .دیارە بەهۆی ئەو تاوانە مەزنەی رژێمی فاشستی بغدادەوە بەشێکی زۆر لە قوتابیانی زانکۆ شەهید بوون ، هەرگیز ئەو کارەساتەم لە یاد ناچێت کە بەچاوی خۆم هەموو ئەو شەهید و بریندارانەم بینی".
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی تیشکی خستەسەر: "قەڵادزێ سەرباری زیانی گەورە هەر بە خۆڕاگری دەنگی دلێری خۆی مایەوە و دژ بە ستەمکاریی داگیرکاریی بەعسی فاشی وەستایەوە و کۆڵی لەڕێگەی کوردایەتی و ڕێبازی نوێی خەبات نەدا، لە دوای راپەرێنی شارەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناغ بە قۆناغ پلانی ئاوەدانی شارەکەی داناوە، بەڵام بەشێوازێکی فەرمی تائێستا هاوڵاتییان و شارەکە قەرەبووی بۆردوومانەکە نەکراونەتەوە ، لەسەر حکومەتی عێراقە کە بە کاری خۆی هەڵسێت و ساڕێژی زامی شارەکە بکات".