راهێنان لەبواری راگەیاندندا توانای پیشەییبون بەرز دەکاتەوە... دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی خولی تایبەت بە هونەری وەڵامدانەوەی میدیاکاران رێکدەخات

2026-05-12


دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ۆرکشۆپی ئەکادیمیی تایبەتی بە ناونیشانی "هونەر و شێوازەکانی وەڵامدانەوەی میدیاکاران" ڕێکخست، بە بەشداری ژمارەیەک لە وتەبێژ و بەرپرسانی راگەیاندن لە دامەزراوە حکومییەکان و بەڕیوەبەرایەتییە گشتییەکانی شاری سلێمانی ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دامەزراوە بۆ بەرزکردنەوەی توانا پیشەییەکان و پێشخستنی ئاستی کاری میدیایی.

ۆرکشۆپەکە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک تەوەری ڕاهێنان کە تیشکیان خستە سەر شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان، میکانیزمەکانی داڕشتنی پەیامەکانی میدیا بەشێوەی پیشەیی، هاوکات تواناکانی وەڵامدانەوەی پرسە ڕۆژنامەوانییەکان لە هەموو بارودۆخێکدا، کە لەلایەن کۆمەڵێک لە پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندنەوە پێشکەشکرا.

بەڕێز کاڵێ محەمەد سابیر، بەڕێوەبەری بەشی پرۆژەکانی دامەزراوە، جەختی لەوە کردەوە کە رێکخستنی ئەم خولە جەختکردنەوەیە لە دیدی دامەزراوە بۆ پشتگیریکردنی کادرەکانی میدیا و پەرەپێدانی تواناکانیان، ئاماژەی بەوەشکرد "دامەزراوە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامە تایبەتییانەی ئامانجیان خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی کاری دامەزراوەییە لەڕێگەی بوونیادنانی تواناکانی کارمەندان لە بەشە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لەبواری راگەیاندن کە بەستەرێکی گرنگی پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکان و خەڵکە."

بەڕێوەبەری بەشی پرۆژەکان ئەوەشی وت دامەزراوە بەردەوام هەوڵدەدات دەستپێشخەری راهێنان و هۆشیاری بخاتەڕوو بەشێوەیەک هاوتەریبی پێشهاتە نوێیەکان بن و سوودبەخش بن لە چەسپاندنی بنەماکانی پیشەییبوون و بەرپرسیارێتی لە کاری راگەیاندندا.

لەکۆتایی ۆرکشۆپەکەدا، بڕوانامەی بەشداربوون بەخشرا بە ئامادەبووان لەبەرانبەر هەوڵ و پابەندبوونیان بە پەرەپێدانی توانا پیشەییەکانیان.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved