دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەڵگە فیلم و کتێبی گوڵبژێرێک لە باخچەی خاتوونێک بڵاودەکاتەوە

2026-06-14

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ی کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەسەرپەرشتی باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەکە و بەبەشداری کۆمەڵێک میوانی حزبی، حکومی و هاوڕێیانی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد مەراسیمێکی پڕشکۆیان بۆ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رێکخست.
دەسپێکی مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی وتارێک لەلایەکی سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی-یەوە دەستیپێکرد.

باڵیۆز، د. محمەد سابیر لەوتارەکەیدا وتی: "دادە هێرۆ هەمیشە لە خەمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و باشترکردنی سیستمی بەڕێوەبردندا بوو، لەڕێگەی گۆڤاری سیخورمەوە دەست دەخرایە سەر سەرجەم ئەوبرینانەی کە هۆکاری دواکەوتن و گەشەنەکردنی کۆمەڵگەی کوردی بوو بە هەموو لایەنە جیاوازەکانییەوە، گۆڤاری سیخورمە بووە دادگەی خەڵک و راگرتنی هەموو ئەوکەسانەی کە سڵیان لە نادادی و تاوان نەدەکردەوە"

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتیشی: "هێرۆخان بە خەونی زۆر گەورەوە بەردەوام بوو ئەو دەیویست دەنگی کورد بگات بە هەموو جیهان، ناسنامەی کەلتووری ئێمە بگاتە ناوەندە کەلتوورییەکان، باشترین رێگەش بۆ ئەوە دامەزراندنی کەناڵێکی ئاسمانی بوو کە خەونی گەورەی هەموو کوردێک بوو، ئەو خەونە هاتەدی و ساڵی ٢٠٠٠ کەناڵی (کوردسات)ی دامەزراندوو بووە دەنگی هەموو کوردێک"

پاشان وتاری خانەوەدا لەلایەن خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەدەوە خوێندرایەوە، خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وتی: "لە کاروانی ژیاندا هەمیشە کەسانێکی دەگمەن هەن کە تەنها بە بوونیان و ناسنامە جوانەکەیانەوە دەبنە قوتابخانە؛ ئەوان وانەی خۆڕاگری، بەخشندەیی و کۆڵنەدان بە دەوروبەریان دەڵێنەوە."

خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتیشی: "هێنانەوەی ناوی "هێرۆ"، وەک گوڵە هێرۆکەی سەر چیاکانی کوردستان،
تەنیا پیاهەڵدانێکی سۆزئامێز نییە، بەڵکو رەنگدانەوەیەکی راستەقینەی ناخمانە"
خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارەکەیدا کە لە مەراسیمەکەدا پێشکەشی کرد دەڵێت: "گوڵی هێرۆ لە کوێستانەکانی کوردستاندا هێمای خۆڕاگری، رەسەنایەتی و جوانییەکی سروشتییە لە ناو سەختیی بەرد و تاشەبەردی چیاکاندا سەرهەڵدەبڕێت"

لەبەش ێکی دیکەی مەراسیمەکەدا گروپی میوزیکی خاک چەند پارچە میوزێک و گۆرانیان پێشکەش کرد بە میوانان.لەکوتایی مەراسیمەکەدا سوپاس و پێزانینی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەخشرایە ئەو هاوڕێ و هاوکارانەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە بەشداریان کردووە بە گفتوگۆ بۆ کتێبی "گوڵبژێرێک لەباخچەی خاتوونێک" کە لە مەراسیمەکەدا بەدیاری بەخشرایە ئامادەبووان، پاشان سوپاس و پێزانینی دامەزراوەکە بەخشرایە دەزگای میدیای کوردسات و ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک.
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی زۆری هەبوو بۆ کەناڵی کوردسات کە سپۆنسەری میدیایی مەراسیمەکەیان کرد و راستەوخۆ پەخشیان دەکرد.
عرض أقل

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved