چەسپاندنی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، گۆڕانکارییەکی نوێیە لە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتیدا

2026-07-16
چەسپاندنی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، گۆڕانکارییەکی نوێیە لە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتیدا
سلێمانی، ئەسرین محەمەد، کوردستانی نوێ

دوای چوار مانگ لە پەسەندکردنی گۆڕینی ناوی (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی) بۆ (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی) بە رەسمی، رۆژی 14/7/2026 مەراسیمی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەفدێکی حکومەتی عیراق و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتار و باڵیۆزی وڵاتان بەڕێوەچوو.
د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: ئەم ساتەوەختە بۆنەیەکی نیشتمانی گرنگە و ئاماژەیەکی قووڵە بۆ دڵسۆزی و وەفاداری بۆ مێژوو، بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، تەنیا ناولێنانێکی سەرزارەکی نییە، بەڵکو گوزارشتێکی روونە لە ویستێکی سیاسی قووڵ.
گوتیشی: سەرۆک مام جەلال ئامادەییەکی ناوازە و دەگمەنی هەبووە لە ژیانی سیاسی عیراقدا، نەک تەنیا وەک یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو، بەڵکو وەک یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی لە داڕشتنی سیماکانی قۆناغی نوێ لە مێژووی عیراقدا بەشداریکردووە، هاوکات سەرۆک مام جەلال بەوە ناسرابوو کە پەیوەندی قووڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە و توانا ناوازەکەی بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن لە سەختترین دۆخەکاندا، تا وایلێهات ببێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا، بە جۆرێک رۆڵەکەی هەموو بوارەکانی دیکەی گرتەوە، ناونانیشی لەم فڕۆکەخانەیە بیرەوەرییەکی زیندووە و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە لەم پرۆسەیەدا هاوکارییان کردین.
ساتەوەختی ئەمەک و دڵسۆزی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، سەرەتای ساڵی 2000 مام جەلال بڕیاری دروستکردنی داوە و 29ی تشرینى دووەمى ساڵی 2003 بەردی بناغەکەی دانراوە، رووبەری فڕۆکەخانەکە 13.5 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
لە مەراسیمی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکەدا، نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند: مایەی خۆشحاڵیمە ئەمڕۆ پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕین بۆ ساتەوەختی ئەمەک و دڵسۆزی بۆ سەرۆک و سیمبولێکی نەمر کە سەرۆک مام جەلال-ە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە سەربەزییەوە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لێدەنرێت، ئەم بۆنەیەش مۆرکێکی ویژدانانە لەخۆدەگرێت بۆ ئەو رۆڵە خەباتگێڕییە مەزنەی سەرۆک مام جەلال ژیانی خۆی لەپێناویدا تەرخانکرد، بۆ دروستکردنی ژیانێکی دیموکراسی و ئازاد بۆ کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرجەم هێزە جیاوازەکاندا.
گوتیشی: ژیانی سەرۆک مام جەلال و بیرە رۆشنەکەی هەمیشە نموونەیەکی بەرزیان پێشکەشکردووین بۆ متمانەکردن بە دواڕۆژ و رۆڵی زیندووی لە دوای ساڵی 2003وە گرنگ و بنەڕەتی بووە بۆ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی لەنێوان هێزە جیاوازەکاندا، ئەوەش رۆڵێکە کە هەمیشە دڵسۆزان لە یادیان بووە و ستایشیانکردووە و بەردەوام بیری دەکەین و یادی دەکەینەوە، سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەی ئەم فڕۆکەخانەیەی داناو هەر خۆشی کردیەوە و بەردەوامیش هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدا، لەبەرئەوە سەربەرزین بە ناونانی ئەم فڕۆکەخانەیە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم فڕۆکەخانەیە دەستکەوتێکی مەزنە لەسەر دەستی مام جەلال بەدیهاتووە و فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی دەبێتە هێمایەکی هەمیشەیی بۆ زیندووهێشتنەوەی رۆڵی مام جەلال.
زیندووهێشتنەوەی ناوی مام جەلال
گۆڕینی ناوی (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی) بۆ (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی)  لەسەر پێشنیازی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بووە و پرۆسەکە ماوەی چوار ساڵی خایاندووە.
لە مەراسیمەکەدا ئیحسان عەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند: خۆشحاڵین بە نوێنەرایەتی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیران لەم بۆنە مێژووییەدا لە گەڵتان بەشداردەبین، بە ناونانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە ناوی مام جەلال-ەوە، وەك وەفایەك بۆ رۆڵی مام جەلال لە دروستكردنی عیراقی نوێدا، هەروەها زیندووهێشتنەوەی ناوی مام جەلال بۆ وەبیرهێنانەوەی خەباتی هێزە نیشتمانییەكانی عیراق و لە نێویاندا هێزە كوردییەكان لە رووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆرییەت و تیرۆر و سەركوتكردندا. 
گوتیشی: سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆك وەزیرانتان پێدەگەیەنین، لە دەستپێشخەریتان بۆ گۆڕینی ناوی (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی) بۆ (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی).
دواتر کابتن ئەمفەد جبوری جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سڤیلی عیراق، ستایشی ئەم هەنگاوەی کرد و ئاماژەی بە رۆڵی گەورەی سەرۆک مام جەلال کرد لە بنیاتنانی عیراقی نوێدا.
ئامانج لە گۆڕینی ناوی (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی) بۆ (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی) بۆ رێزگرتنە لە یادی سەرۆک مام جەلال و خەباتی رزگاریخوازی بێوچانی لەپێناو دیموکراسی و رێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانی عیراقدا دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، هەر بۆیە ئەم گۆڕانکارییە تەنیا رێوڕەسمێکی پرۆتۆکۆڵی ناوخۆیی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی نوێیە لە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتیدا و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نیودەوڵەتی(ئیکاو)) پەسەندکراوە.
قۆناغەکانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە
رۆژی 30ی ئەیلولی 2025 بە رەسمی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عیراق و رەزاق محێبس وەزیری پێشووی گواستنەوە رەزامەندییان لەسەر گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە دا.
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 رەزامەندی رەسمیی و کۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆک وەزیرانەوە دەرچوو، راستەوخۆ دوای ئەوە رێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ هەموارکردنەوەی زانیارییە تەکنیکییەکانی فڕۆکەخانەکە دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی شوباتی 2026 بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سڤیلی عیراقی (ICAA) بە رەسمیی وادەی دیاریکراوی چوونە بواری جێبەجێکردنی تەکنیکی ناوی نوێی فڕۆکەخانەکەیان راگەیاند، هەروەها کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادارکرانەوە بۆ ئامادەکردنی سیستم و بەڵگەنامە رێدۆزییە ئاسمانییەکانیان.
رۆژی 19ی ئازاری 2026 بڕیاری کۆتایی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سڤیلی عیراقییەوە دەرچوو و ناوە نوێیەکەی فڕۆکەخانەکە (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی) بە تەواوی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
مێژووی فڕۆکەخانەکە
فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی، سەرەتای ساڵی 2000 لەلایەن سەرۆک مام جەلال-ەوە بڕیاری دروستکردنی درا و ساڵی 2003 بەردی بناغەی دانرا، رۆژی 20/7/2005 بە رەسمیی فڕۆکەخانەکە کرایەوە و سەرەتا تەنیا گەشتی ناوخۆیی تێدا دەکرا، رۆژی 2ى تشرینى دووەمى 2005 ناسنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێدراو ‌ئێستا له‌ژێر ئیداره‌ی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی عیراقیدایه‌، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ش به‌ سه‌رجه‌م سیستم و پلانی‌ فڕۆكه‌خانه‌ نێوده‌وڵه‌تیيه‌كان كارده‌كات و  له‌ چه‌ندین به‌ش پێكهاتووه‌، فڕۆکەخانەکە دەکەوێتە ناوچەى بەکرەجۆ و 15 کیلۆمەتر لە ناوەندى شاری سلێمانییەوە دوورە.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved