ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و رەخساندنی درەفەت بۆ گەشەپێدانی لاوان بەشێکە لە ئامانجی لێکتێگەیشتنی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی ڤیژن

2026-08-20

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی٢٠ی ٨ی ٢٠٢٦ باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و بەڕێز یوسف زۆزانی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەکە و شاندی یاوەریان پێشوازیان لە بەڕێز عەدنان عوسمان، سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئەنجومەنی دامەزراوەکە کرد و لە دانیشتنێکدا واژۆی لێکتێکەیشتنیان کرد.

لە لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە: "ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها داڕشتنی پلانی ستراتیجی بەمەبەستی بەشداریکردن لە گەشەپێدانی وڵاتدا هەروەها ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر ژیان و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەسەرجەم رەهەندە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیبلۆماسییەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، حکومداری، ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، سوودوەرگرتن لەم توێژینەوانە وەک بنەمایەک بۆ بەڕێوبردن و کاری سیاسی لە کوردستان و عێراق".

لە بەشیکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە: "ئەنجامدانی (سیمینار، ۆرکشۆپ، دیدار، کۆنفرانس)ی هاوبەش لەسەر ئەو بوارانەی کە ئامانجەکانی هەردوولا بەدی دەهێنێت، هەروەها بەرزکردنەوەی توانا مرۆییەکانی گەنجان لەبوارە جیاوازەکاندا بە رەخساندنی هەلی بەشداریکردن لە خول و وۆرکشۆپە جیاوازەکان بەتایبەت لەبوارە زانستی و پیشەییەکاندا".

"ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش لەبواری ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، رەخساندنی درەفەت بۆ گەشەپێدانی لاوان لەبواری دیبلۆماسییەت و پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان بە کردنەوەی خولی تایبەت لەو بوارەدا" خاڵێکی دیکەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی ڤیژن-ە.

ئەم لێکتێگەیشتنە پێكدێت لە (٦) خاڵ، کاری پێدەکرێت بۆماوەی (٣) ساڵ بەڕەزامەندی هەردوو لایەن نوێ دەکرێتەوە.
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی؛ دامەزراوەیەکی ناحکومی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێلایەنی کەلتووری، مرۆڤایەتی، نیشتمانییە کاردەکات بۆ ناساندن، ئەرشیفکردن، پاراستنی ژیان و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و گرنگی دەدات بە بوارەکانی گەشەپیدانی مرۆیی، مافەکانی مرۆڤ، ئازادییەکان و توێژینەوەی زانستی، کەلتووری پیکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی؛ ئەم دامەزراوەیە وەک خانەیەکی هزری بوونیادنەر کار دەکات، لەپێناو دروستکردنی تێگەشتنی هاوبەش، بە ئامانجی دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رێگەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved