دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و تۆڕی میدیایی عێراق تاوتوێی دەسپێکردنی هاوکارییەکی هاوبەش و مەشقپێکردنی دەرچووانی خوێندنی باڵا دەکات

2026-08-21

شاندێکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی (نووسینگەی بەغداد) سەردانی تۆڕی میدیایی عێراق-یان کرد و لەگەڵ بەڕێز کەریم حەمادی، سەرۆکی تۆڕەکە کۆبوونەوە.

 لە دیدارێکدا ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش و پەرەپێدانی بوارەکانی کاری میدیایی و مەشقکردن تاوتوێ کرا، بەو ئامانجەی پەرە بە وزەی گەنجان بدرێت و کارامەیی پیشەیی لە کەرتی راگەیاندندا بەهێز بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە ئامادەکردن و واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و تۆڕی میدیایی عێراقی کرا، کە ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ هاوکاری لەبوارەکانی میدیایی، ڕۆشنبیری و مەشقکردن بکاتەوە و بەرنامەی جۆری بۆ پەرەپێدانی تواناکانی دەرچووان و ئارەزوومەندانی کاری میدیایی دابین بکات.

هەر لەو دیدارەدا هەردوولا جەختیان کردەووە لە گرنگی سوودوەرگرتن لە توانا و ئەزموونەکانی "پەیمانگەی مەشقی میدیایی" لە تۆڕی میدیایی عێراق، بەتایبەت لەبواری مەشقپێکردنی دەرچووانی بەش و پسپۆڕییە جیاوازەکانی راگەیاندن، لەڕێگەی خولی پیشەیی کە زانیاریی تیۆری و جێبەجێکردنی پراکتیکی کۆدەکاتەوە، ئەم خولانە لەژێر سەرپەرشتی نوخبەیەک لە راگەیاندنکاران و پسپۆڕان دەبن، لەگەڵ رەخساندنی دەرفەتی مەشقی پراکتیکی لەناو ستۆدیۆکانی تۆڕی میدیایی عێراق لە بەغداد و بەخشینی بڕوانامەی باوەڕپێکراو بە بەشداربووان.

ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پەرۆشی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دێت بۆ بوونیادنانی شەراکەتی کارا لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکان و وەبەرهێنان لە توانای گەنجان و دەرچووان، هەروەها کردنەوەی رێگەی راستەقینە لەبەردەمیان بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی پیشەیی و بەرزکردنەوەی تواناکانیان بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی میدیای هاوچەرخ بگونجێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا لای خۆیەوە، بەڕێز کەریم حەمادی، سەرۆکی تۆڕی میدیایی عێراق ئامادەیی تۆڕەکەی نیشاندا بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و هەنگاونان بەرەو واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بە مەبەستی چەسپاندنی شەراکەتی نێوان هەردوولا و دانانی بناغەیەک بۆ بەرنامە و دەسپێشخەرییە میدیایی و مەشقکارییە بەردەوامەکان.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved