بەشی ئەرشیفی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە دروستکردنی رایەڵەیەکی فراوان ئەرشیفی ژیان و خەباتی سەرۆک مام جەلال کۆدەکاتەوە

2026-09-20
لەم سۆنگەیەوە دامەزراوەکە پرۆژەیەکی درێژخایەنی هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئەرشیف و چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە هاوڕێ و هاوخەباتی سەرۆک مام جەلال بوون، هەموو ئەوکەسانەش کە کاریان لەگەڵکردووە.
بەڕێز کاک حەمە سەعید مەلاکەریمی جاف، بیرەوەرییەکانی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال بەشێکی گرنگە لە ئەرشیفی زارەکی ئەو مێژووە بۆیە تۆماردەکرێت و لەگەڵ بەڵگەنامەکان بەشێوەیەکی زانستی بە پاراستنی مافی خاوەندارێتی لەئەرشیفی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەپارێزرێت.
لە ئامانجە گرنگەکانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، پاراستن و کۆکردنەوەی ئەرشیفی سەرۆک جەلال تاڵەبانییە وەک دەستکەوتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی.
بۆ ئەو مەبەستە بەشی ئەرشیفی دامەزراوە بە دروستکردنی رایەڵەیەکی فراوان لە ناوخۆی کوردستان، عێراق و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کار لە سەر سێ بنەمای سەرەکی دەکات، بریتین لە: (کۆکردنەوە، پاراستن و پەرەپێدان).
قۆناغی یەکەم؛ مەبەست لە کۆکردنەوە دەستڕاگەیشتنە بە سەرجەم بابەتە ئەرشیفییەکان وەک (ڤیدیۆ، وێنە، نامە، بروسکە، بەڵگەنامە، دەستنووس، کتێب، نامیلکە، ڕۆژنامە، گۆڤار، نامە زانستییەکان و سەرجەم ئەو بابەتانەی، کە لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە میدیاییەکان) لە سەر سەرۆک مام جەلال بڵاوکراونەتەوە.
ئەم کارەش لەڕێگەی سەرچاوەکانی کۆکردنەوەوە دەکرێت، کە بریتین لە: (ناوەندە میدیاییەکان: تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، گۆڤار، ماڵپەڕەکان، ناوەندە کولتووری، ئەرشیفی، ئەکادیمییەکان، ناوەندە حکومییەکان، ڕێکخراوەکان، ناوەندە حیزبییەکان، ئەرشیفی کەسی و کتێبخانەکان) لەناوە و دەرەوەی کوردستان و عێراق، بە شێوەیەکی مەیدانی و زانستی کار بۆ کۆکردنەوەی دەکرێت.
قۆناغی دووەم؛ بریتییە لە ئەرشیفکردن و پاراستن، لەم قۆناغەدا سەرجەم بەرهەمە کۆکراوەکان کاری (پشکنین، ڕیکخستن، پۆلێنکردن، ناسنامەدارکردن و مێتاداتا)یان بۆ دەکرێت و بە نوێترین سیستمی بواری ئەرشیفکردن کاری لە سەر دەکرێت.
قۆناغی سێیەم؛ پەرەپێدانە مەبەست لەم قۆناغە ئامادەکردنی سەرجەم کۆکراوەکانە بۆ کاری توێژینەوەی زانستی لە لایەن توێژەر و ناوەندە ئەکادیمییەکان لە سەر ژیان، فیکر، سیاسەت و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی. هەروەها لەبواری بەرهەمهێنانی میدیایی، فیلمسازی، بڵاوکردنەوەی کتێب سوودی لێ وەردەگیرێت. ئەم ئەرشیفە بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و بەجیهانیکردنی یەکێکی ترە لە کارەکانی دامەزراوەکە. بۆ ئەم مەبەستەیش لەگەڵ ناوەندە ئەرشیفییە جیهانییەکان لە هەماهەنگیی بەردەوامداین بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گرنگە، کە دەبێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ دامەزراندنی ئەرشیفی نیشتمانی.
....

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved