سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە شاندێکی ئەکادیمی، بیرمەند و سیاسیی میسری دەکات

2026-09-28

رۆژی یەکشەممە ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٦  باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و بەڕێز یوسف زۆزانی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەکە و شاندێکی یاوەری پێشوازییان لە شاندێکی ئەکادیمی، بیرمەند و سیاسی میسری بەسەرۆکایەتیی باڵیۆز شەریف شاهێن، دیپلۆماتکار و باڵیۆزی پێشووی میسر لە عێراق کرد، بە ئامادەبوونی سمکۆ هەڵمەت، یاریدەدەری بەرێز قوباد تاڵەبانی بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی کە لەسەر پێشنیازی بەڕێزیان بانگهێشتی کوردستان کرابوون،  فەرید ئەسەسەرد، رووناکبیر و سیاسەتمەدار و د. یاسین رەووف رەسوڵ، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وڵاتی میسر ئامادەی دانیشتنەکبوون.

لە دیدارێکدا باڵیۆز، د. محەمەد سابیر، لەبارەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی-یەوە، وتی: " دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دامەزراوەیەکی نا حکومی سەربەخۆی قازانج نەویست، بێلایەن، کەلتووری، مرۆڤایەتی و نیشتمانییە، کاردەکات بۆ ناساندن، پاراستن، ئەرشیفکردنی ژیان و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی".

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا روونکردنەوە لەبارەی ئەرشیفی دامەزراوەکەوە بۆ شاندە میسرییەکە درا "ئەرشیفی دامەزراەوەکە بریتییە لە (ڤیدیۆ، وێنە، نامە، بروسکە، بەڵگەنامە، دەستنووس، کتێب، نامیلکە، رۆژنامە، گۆڤار، نامە زانستییەکان و سەرجەم ئەو بابەتانەی، کە لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە میدیاییەکان) لە سەر سەرۆک مام جەلال بڵاوکراونەتەوە، ئەم کارەش  بەسێ قۆناغ دەبێت قۆناغی یەکەم؛ کۆکردنەوەوە، قۆناغی دووەم؛ ئەرشیفکردن و پاراستن، قۆناغی سێیەم؛ پەرەپێدان، مەبەست لەم قۆناغە ئامادەکردنی سەرجەم کۆکراوەکانە بۆ کاری توێژینەوەی زانستی.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆز شەریف شاهێن بەناوی شاندەکەوە سوپاسی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێنکرا، هەروەها  تیشکخرایە سەر مێژووی پڕ لە شانازی و پەیوەندییەکانی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ سەرکردە و ناوەندە فکرییەکان و  دیپلۆماتکارە میسرییەکان.

 باڵیۆزی پێشووی میسر لە عێراق وتی: "سەرۆک جەلال تاڵەبانی، وەک سەرکردەیەکی دیاری رزگاریخوازی گەلی کورد و دواتریش وەک یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق، پەیوەندییەکی مێژوویی، بەهێز و دیپلۆماتی قووڵی لەگەڵ میسر و سەرکردەکانیدا هەبوو و تائێستاش رەنگدانەوەی ماوە و ئێمەش دەیپارێزین و پەرەی پێدەدەین".

لەکۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا بریاریاندا گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە کەلتووری و مەعریفییەکان بەردەوام بێت و جەخت لەسەر پێویستیی درێژەپێدان بەو رێبازە حەکیمانەیەی سەرۆک مام جەلال کرایەوە و جەختیان لە گرنگیی بەستنی پردی هاوکاری لەنێوان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوە ئەکادیمی و کەلتوورییەکانی قاهیرە کردەوە، بەو مەبەستەی کارئاسانی بۆ توێژەران و رووناکبیرانی هەردوولا بکرێت.

لای خۆشیانەوە، شاندی میوان ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاریی هاوبەش لەبوارەکانی ئەرشیف، توێژینەوەی مێژوویی، ئەنجامدانی چالاکی و کۆنفرانسی هاوبەش لەنێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و کۆماری میسری عەرەبی. ئەم هەنگاوە وەک درێژپێدەری ئەو دیدگا کراوەیەی مام جەلال دەبینرێت کە هەمیشە جەختی لەسەر دیپلۆماسییەتی کەلتووری و دیالۆگی نێوان نەتەوەکان دەکردەوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved