سەركێشی پەڕینەوە لە رووباری دیجلە

2023-10-29
 گومانی تێدا نییە خوێندنەوەی مام جەلال بۆ پێشهاتەكانی، كە ئەوكات ناوچەكە و عیراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی بەخۆوەی دەبینی، هەروەها چاودێری وردی بۆ راپەرینی سەرتاسەری كوردستانی عیراق كە بووە هۆی ئازادكردنی ئەم بەشەی كوردستان لە سوپای سەدام حسێن، لەپشت بڕیاری خێرای ئەوبوو بۆ بەجێهێشتنی شام و گەڕانەوە بۆ كوردستان، بەمەبەستی بەشداریكردن و سەركردایەتیكردنی مەیدانی راپەڕینەكە، لەوەشدا پشت بەستو بوو  بە بڕیارەكانی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراق لە بەیروت و هەروەها شكاندنی بەربەرستی دژایەتی حكومەتی توركیا بۆ كورد و گەیشتن بە خاڵی هاوبەش لەگەڵ توركەكان بۆ روخاندنی رژێمی بەعس، هەموو ئەمانەش هاندەربوون بۆ مام جەلال بۆ ئەوەی شام بەجێبهێڵێت و بە خێرایی بگەڕێتەوە بۆ كوردستان بۆ ئیدارەدانی راپەڕینەكە.

بەرەو قامیشلۆ ئینجا كوردستانی عیراق

ئەوەبوو مام جەلال لە 21/3/1991 لە شامەوە بەرەو قامیشلۆ بەڕێكەوت، بۆ ئەوەی لەوێوە بەزووترین كات بپەڕێتەوە بەرەو كوردستانی عیراق، بەڵام لە قامیشلۆ سێ شەو و سێ رۆژ دواكەوت، بەهۆی باران بارینی چڕەوە، چونكە بارانەكە ببوو لە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی رووباری دیجلە، ئەوەش رێگری دروستدەكرد بۆ پەڕینەوەی مام جەلال و هاوەڵانی كە هەریەك لە (جەبار فەرمان و یوسف زۆزانی و ئەحمەد بامەڕنی) تێدا بوو لەپاڵ ژمارەیەك راگەیاندكار و پەیامنێری رۆژنامەوكەناڵە جیهانییەكان و هەندێك لەكارمەندانی رێكخراوە مرۆییەكان، لەبەر ئەوە پەڕینەوە لە دەروازەی سیمالكاوە، كە تەنها دەروازە بوو بۆ كوردستانی عیراق ئەستەم بوو.
بەڵام ئەو چەند رۆژەی مام جەلال لەشاری قامیشلۆ بوو، شوێنی مانەوەی كە ئۆتێل (مدینە الشباب)بوو، كۆبوونەوە و قەرەباڵغییەكی زۆری لەبەردەم دروست بوبوو، خەڵكی شارەكە هاتبوون بۆ بەخێرهاتنی مام جەلال و پاڵپشتیكردن لە راپەڕینی سەرەتاسەری كوردستانی عیراق، حەشاماتی خەڵك و وەفدی سیاسیی و رۆشنبیری و جەماوەریی لەسەر یەك دەهاتن بۆ ئەوێ، رێكخستنی ئەو خەڵكەو پیشوازیكردن لێیان لەلایەن هەڤاڵانی پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا بەهەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە قامیشلۆ دەكرا، كە ئەوكات خوالێخۆشبوو بۆزی میرانی (ئەبو عەلی) بەڕێوەی دەبرد.
شەوی 24/3/1991 لایەنە ئەمنییەكان بەمام جەلالیان وت، بەڕێوەبەرایەتی كەشوهەوا جەخت لەوەدەكاتەوە كە سبەی باران بارین دەوەستێت، بۆیە دەتوانن هەركاتێك بیانەوێت سەفەری خۆیان بكەن، دكتۆر ئەحمەد بامەڕنی كە هاوەڵی مام جەلال بوو لەوكاتدا، دەڵێت: مام كاتێك ئەو هەواڵەی بیست پێی وتین، «لەناو ئوتێلەكەدا هەواڵی ئەوە بڵاوبكەنەوە كە من دەگەڕێمەوە بۆ شام لەبەر ئەوەی سەرۆك حافز ئەسەد داوای كردووە بمبینێت پێش ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ كوردستان...)، ئەوەش تەكتیكێك بوو مەبەست لێی شاردنەوەی وادەی گەڕانەوەی بوو بۆ كوردستان، بەرەبەیانی رۆژی 25/3/1991 هەموان پێیان سەیربوو كە كاروانی مام جەلالیان بینی بەرەو سنووری سیمالكا (فیشخابور) بەڕێ دەكەوێت.
 

پەیامنێرانی جیهان هاوەڵی بوون

هەر لەدیمەشق مارسیل لوروای جێگری سەرۆكی رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوورو  نیكۆل دومیتزی نێردەی رێكخراوەكە لەسوریا چوبوونە ناو وەفدی هاوەڵی مام جەلال، بەڵام هەردووكیان دەیانویست چوونیان بۆ كوردستان نهێنی بێت، بۆیە وا خۆیان نیشان دا كە رۆژنامەنووسی سەربەخۆن و تێكەڵی رۆژنامەنووسەكانی تر بوون، كە لە زۆربەی وڵاتانی دنیاوە هاتبوون و دەیانویست لە نزیكترین كاتدا بگەنە عیراق بۆ رووماڵكردنی راپەڕینەكە كە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی عیراقی گرتبۆوە، هەروەها بۆ ئەوەی ببن بە شایەتحاڵی ئازادكردنی ناوچەكانی كوردستانی عیراق.
بامەڕنی لەرێگای چوون بۆ دەروازەی سیمالكا لەمام جەلال دەپرسێت، ئایە مەلەكردن دەزانێت، مامیش دەڵێ نەخێر، كاتێكیش دەگەنە دەروازەكە دەبینن تەوژمی رووبارەكە زۆر بەهێزەو لق و پۆپی دارودرەختی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و تەنها بەلەمێكی بچوكیش لەوێ بوو كە كوڕێكی گەنجی لەسەربوو ئەمبەر و ئەوبەری رووبارەكەی پێدەكرد، تەنهاش دەیتوانی سێ كەس لەهەموو كاروانێك بگوازێتەوە، ماتۆڕی بەلەمەكەی زوو زوو لەناوەڕاستی رووبارەكە دەكوژایەوە و دووبارە دەیخستەوە كار، ئەمە ترسی لای هاوەڵانی مام جەلال دروستكرد و سەركەوتنی بەلەمەكەیان بەسەركێشی گەورە دەبینی، ئەحمەد بامەڕنی لەوڕوەوە دەڵێت، بۆ ساتێك لەمام جەلال جیا نەبوومەوە و سەلامەتی مامم بەبەرپرسیارێتییەكی مێژوویی دەزانی لەگەڵ خۆم و هەروەها لەگەڵ گەلی كورد، ئەوەش دەڵێت: لەراستیدا دەمزانی ئەگەر بكەوینە ئاوەكەوە ئەوا پێكەوە رزگارمان نابێت بەهۆی خێرایی تەوژمەكەیەوە، ئەگەر كارەساتێكی واش رووبدات، ئەوا قەت لەخۆم خۆش نابم، چونكە نەمتوانیوە رێگری لێبكەم، ئەمە چ جای ئەوەی گەلی كوردیش قەت لێم خۆش نابێت، لەبەرئەوەی بوونی مام جەلال لەو كاتەدا زۆر پێویست و چارەنووسساز بوو، بۆیە دەبوایە زۆر ئاگاداربم و بەهەر شێوەیەك بێت مام جەلال بە سەلامەتی بیگەینمە ئەوپەڕی رووبارەكەوە.

سەركێشییەك هاوشێوەی خۆكوژی

لەسەركێشییەكی هاوشێوەی خۆكوژی، مام جەلال بەو قورسییەی خۆی چووە نێو بەلەمە بچوكەوەوە و لای راستی ئەحمەد بامەڕنییەوە دانیشت و لای چەپیشی گەنجێكی شارەزا لەمەلەكردن دانیشتبوو، ئەوەبوو بەلەمەكە دەستی بەجووڵە كرد بەرەو دیوی ئەوبەر و لەنێو تەوژمی خێرای رووبارەكەدا و لەنێو دوعا و نزای ئامادەبووان، لەوبەریش هێرۆخان و ژمارەیەك پێشمەرگەی سكرتارییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و زۆرێك خەڵك لەچاوڕانیدا بوون، كە ساتی زۆر قورسیان بەڕێكرد تا مام جەلال بەسەلامەتی پەڕیوە لایان، دكتۆر بامەڕنی لەو  بارەیەوە دەڵێت: راستە پەڕینەوەكە چەند خولەكێكی خایاند، بەڵام لای من وەكو ئەوە وابوو چەندین سەعات بێت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved