کوردی
العربیة
English
سەرەکی
دامەزراوە
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
سەرۆکی دامەزراوە
جێگری سەرۆک
ڕێکخەری میدیا
پەیوەندی
میدیا
هەواڵ
سەردان
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
چاوپێکەوتن
کتێب
سکۆلارشیپ
وتار
گەلەری
وتار
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... کێشەی نەگەیشتنی شەپۆلی رادیۆ لە شاخەوە
2026-11-08
لەم دیدگا واقعییەوە بۆ تەگبیری راگەیاندنی شۆڕش، مام جەلال لە چەندین وێستگەی تردا دەخوازێت دامەزراوەکانی راگەیاندن تایبەتمەند بن، بەڵام تەواوکاری یەکتریش بن، بۆیە داوادەکات بابەتەکانی رێبازی نوێ و شەرارە لە رادیۆی شۆڕش، لە دەنگی گەلی کوردستان، بخوێنرێتەوە.
دوای راپەڕینیش داوا دەکات بابەتەکانی کوردستانی نوێ و ئیتحاد لە رادیۆ و تەلەفزیۆن بخوێنرێتەوە و کەڵک لە توانا هونەرییەکانی رادیۆ و تیڤیش وەربگیرێت بۆ کۆی کارەکانی راگەیاندن. هەمووشی بخرێتە خزمەت پەنجەرەی راگەیاندن لە دەرەوەی وڵات وەک بەشێک لە دیپلۆماسی کوردایەتی و شۆڕش، لە کوردستانی نوێی چاپی دەرەوە بۆ بڵاوکراوەی (المنار)، بۆ کوردستانی نوێی روسی (کتێبی کوردستانی نوێ بە زمانی روسی، د.مەغدید سەپان لە بڵاوکراوەکانی کوردستانی نوێ) و بڵاوکراوەکانی تر بە زمانەکانی تر لە دەرەوەی وڵات.
ئەم پرۆسە گشتگیرە هەمان ئەو نموونانەیە کە باسەکانی رۆژنامەگەری جیهانی سێیەم دووپاتی دەکاتەوە کە کەرەستە ناوخۆییەکانی ناوەوەی وڵات بۆ خەباتی میدیایی بەکار ببرێت.
مام جەلال رابەرایەتی ئەم خوێندنگە رێنوێنیەی دونیای میدیای شۆڕشگێڕی کردووە. کە لە نموونەکانی دونیای سێدا باس دەکرێت.
(لە نێو ئەو کێشانەدا کە کاریگەرییەکی خراپیان هەیە، کێشەی گەیشتنی دەنگی ئەو رادیۆیانەیە بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە. گەلێک لەو وڵاتانەی کە لە باری جوگرافییەوە، شاخ و داخ و بەرزى و نشێوییان تێدایه، به ئاسانی دەنگی رادیۆکانیان بۆ وەرناگیرێ، هەندێ وڵاتی تر هەن کە دانیشتوانیان پەرت و بڵاوبوونهتەوە بەسەر چەند ناوچەیەکی لەیەک دابڕاودا، وەکو ئەندەنوسیا که بە دەیان دورگەی گرتووەتە خۆ و بڵاوبوونهتەوە بەسەر پانتاییەکی بەربڵاودا. بڕوانە کتێبی رابەری رۆژنامەنووس لە جیهانی سێهەمدا ئەلبرت ل. هەستر و وای لان ج. تو، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: حەسەن عەبدولکریم لاپەڕە 229).
ئەزموونەکە لە جیهانی سێیەمی خۆم (کوردستان) وایە کە دەستپێکی پەخشی رادیۆ بە مانای گواستنەوە دێت بۆ قۆناغی جێگیری دامەزراوەکان. ئەوەتا ئامانج کاکە سوور دەڵێ: (دەنگی گەلی کوردستان لە 21ی ئاداری ساڵی 1979دا، بە راسپاردەی بەرێز مام جەلال، دەستی بە پەخشکردن کرد. مام جەلال گەیشتبووە ئەو بڕوایە کە بارودۆخی دوای روخانی شای ئێران و دامەزراندنی هەندێک بنکەی جێگیر لەوپەڕی چیای مامەندە کە بەسەر شاری قەڵادزێدا دەڕوانێت، هاوکاریی دامەزراندنی وێستگەیەکی رادیۆیی لە جێیەکی پارێزراودا دەدات. بڕوانە :لمحات من تأريخ إذاعة صوت شعب كردستان_ امانج كاكه سور_ من منشورات مكتب الفكر والتوعية_ لاپەڕە 6).
مام هەر بەوەوە ناوەستێت راسپاردە بدات لەسەر کردنەوەی رادیۆکە، بەڵکو خۆشی دەچێتە وردەکاریی کارەکەوە. (بەمەبەستی تاقیکردنەوە و فێربوون ئەنتێنێکیان لەسەربان داچەقاند، تەلعەت گلی ئەندازیاری ئەلیکترۆنی بوو و شارەزاییەکی باشی هەبوو لەم بوارەدا، چەند کاسێتێکی گۆرانییان پەخش کرد. مام جەلال لە سەربانی ماڵی خۆیانەوە ئاگاداری دەکردینەوە لە چۆنیەتی وەگرتنی رادیۆکە، (راگەیاندن و هونەر لە شۆرشی نوێدا- عەباس عەبدولرەزاق- لاپەڕە 71).
لەم کۆششانەشدا، مام جەلال هەندێک جار وەکو رابەرێکی مشورخۆری شۆرشێکی هەمەلایەنە کە گرانایی زۆر دەداتە سەر میدیا و هەندێک جاریش وەک سەرپەرشتیاریی دامەزراوەیەکی پرۆفیشناڵانەی تۆرێکی کەناڵی میدیایی و چەندین جاریش وەکو سەرنووسەرێکی پێداگر لەسەر ئەرکەکانی رۆژنامەی کاغەزی، هەڵسوکەوتی کردووە.
تەگبیری مام جەلال لە کایەی راگەیاندندا وەک تەگبیرەکانی لە کایەکانی شۆڕشدا: خستنەگەڕی ئەو توانا و کەرەستانەی لەبەردەستدان بۆ بەدەستهێنانی باشترین و شیاو و لەبەر دەستترین دەرەنجام بەرجەستە و دیارن. ئەم خەم و خەیاڵەی لەناو شۆرش و وێستگەکانی کاری راگەیاندنی شۆڕشدا، تەنانەت لە کوردستانی رزگاریی دوای راپەڕینیش هەر بانگەوازی بۆ کردووە.
ئەم فەرهەنگە بووە مایەی دروستبوونی یەکەم تەلەفزیۆنی ئازاد لە کوردستاندا لە بنچینەدا (تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان) بەرهەمی ئیرادەی پتەوی دروستکردن و کەمی کەرەستە و ئامرازەکانی بەردەست بووە، کوردستانی نوێ و ئیتحادیش لە رووی کادر و تەکنیکار و رۆژنامەنووسەوە، بەرهەمی خەباتی هاوبەشی میدیاکارانی شاخ و میدیاکارانی شار لە هەرێمی ئازادکراو، تێکەڵکردنی چاپخانە و پێویستییەکانی تەکنیکی ئەو بوارە بووە.
زیاتر بخوێنەرەوە
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... روانگەی ژنان بۆ چیرۆکی شۆڕش روانگەی یەکسانییە
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... ئەدگاری ئەندێشەی راگەیاندنی مام جەلال
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... کاغەزێکی خەت و خاڵ روون بە قەڵەمی مام جەلال
حەسەن یاسین
رۆڵی مام جەلال لە هاوسەنگکردنی هێز لە هەرێمی کوردستاندا
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... پێدانی ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی (کوردەواری) بە بزووتنەوە سیاسییەکەی کوردایەتی
ستران عەبدوڵڵا
مام جەلال لەژووری هەواڵدا... لەجێی سەرنووسەری (کوردستان) و (رزگاری) دەبێتە سەرلەشکری (رزگاری)
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
دامەزراوە
ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
پەیوەندی
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
لینکی زیاتر
کتێب
وتار
گەلەری
سکۆلارشیپ
میدیا
هەواڵەکان
سەردان
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2026 pjtfoundation.org ,All rigth reserved