-
- وتار
- د. سەلام عەبدولکەریم
مام جەلال و پرسی دامەزراندنی بەرەی كوردستانی
2026-11-25
دەسپێك
قۆناغی دوای ئاشتبوونەوەی گشتیی لەنێوان لایەنەكانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی كورددا، سەرەتا و زەمینەسازیی بوو بۆ هاتنە ئارا و دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، چونكە لەلایەك ناكۆكی و ململانێ چەكدارییەكانی رابردوو، بەهۆی ئاشتبوونەوەی گشتیی و تەبایی لایەنە سەرەكییەكانی نێو جووڵانەوەكە كۆتایی پێهاتبوو، بەحوكمی ئەوەی دۆخی شەڕی ناوخۆ رێگر بوو لەوەی ئەم هێزانە لەچوارچێوەی بەرەیەكی سیاسی و چەكداریی هاوبەشدا كۆببنەوە. لەلایەكیتریشەوە پەیوەندییە سیاسییەكانی ئەو قۆناغە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا جۆرێك لە ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمە سەرباری ئەوەی لەو ماوەیەدا جارجار لە هەندێك جێگەدا چالاكیی هاوبەشی چەكدارییان دژی حكومەتی بەعس ئەنجام دەدا، بەڵام هێشتا نەتوانرابوو، بەرەیەكی سیاسی و چەكداریی هاوبەش لەسەرتاسەری كوردستان لەو هێزانە پێكبهێنرێت تا لەسەر بەرنامە و پەیڕەو و پرۆگرامێكی یەكگرتوو پێكەوە كار بكەن، تەنیا هێندە هەبوو كە جۆرێك لە متمانە و نزیكبوونەوە و رێكەوتن لەنێوانیاندا دروست بوو بوو.(1)
هەرچەندە پێشتر بەرەی هاوبەش هەبوو، بەتایبەت هەر دوو بەرەی (جوقد و جود)، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم دوو بەرەیە لەهەموو هێزەكانی نێو جووڵانەوەكە پێكنەهاتبوو، بەپێچەوانەشەوە هەر بەرەیەك لە كۆمەڵێك هێزی سیاسی و چەكدار پێكهاتبوو. هاوكات ئەم دووبەرەیە نەك نەبوونە زەمینە و سەرەتایەك بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، بەڵكو بە پێچەوانەوە بوون بە دوو تەوەرە و دووبەرەی شەڕ دژ بەیەكتری، بۆیە لەو قۆناغەی جووڵانەوەی رزگاریخوازی كوردیشدا توانا و ئومێدی دامەزراندنی بەرەی كوردستانییان بەجارێك لەنێوبرد.(2)
پێشتریش بەمەبەستی پێكهێنانی بەرەی هاوبەشی كوردستانی كۆمەڵێك هەوڵدرا بوو، بەتایبەت بانگەوازەكانی كۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەكێتی كورد (كاژیك) و دواتریش پارتی سۆسیالیستی كورد (پاسۆك) لەنیوەی دووەمی ساڵانی حەفتاكان، بەڵام ئەو هەوڵانە شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبوو.(3)
بروسكەنامەكەی مام جەلال و دەستپێشخەریی بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی (22ی نیسانی 1987)
لەو ماوەیەدا بەهۆی هاتنە ئارای كەش و هەوای ئاشتبوونەوەی گشتیی و تەبایی نێوان لایەنەكان، بە پێشنیازی حسك و دەستێپشخەری یەكێتی لەسەر پێشنیاز و داوای مام جەلال، كە لە رێگای بروسكەیەكەوە لە رۆژی (22/4/1987) ئاراستەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی تری نێو جووڵانەوەی رزگاریخوازیی كورد، بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانیی كرد بوو، بەكردەوە زەمینە و سەرەتایەك بۆ پێكهێنانی بەرەی كوردستانی هاتەئاراوە و سەركردەی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەش هەریەكە لای خۆیەوە بەشێوەیەكی باش وەڵامی پێشنیازەكەیان دایەوە و ئامادەیی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕی و كەوتنە كاركردن.(4)
دەقی بروسكەكەی مام جەلال:
برای هێژا كاك مەسعود بارزانی- پارتی
برای هێژا كاك رەسول مامەند- حسك
برای هێژا كاك ئازاد- پاسۆك
برای هێژا كاك سامی – حگدك (پارتی گەل- توێژەر)
سڵاوێكی شۆڕشگێڕانەی گەرم
پێشنیار دەكەم ئاشتبوونەوەی نیشتمانیمان گەشە پێبدەین و بیگەیەنینە ئاستی دامەزراندنی (بەرەی كوردستانی)، بۆ ئەوەی ئەم بەرەیە رێبەرایەتی خەبات و شۆڕشی كوردمان بكات و ببێتە نموونەیەكی بەرچاویش بۆ دامەزراندنی بەرەی عیراقی فراوان.
پێشنیار دەكەم نوێنەرانمان دەستبەجێ بە ئامادەبوونی نوێنەرێكی (حشع)ی تێكۆشەر بۆ داڕشتنی پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی بەرەی كوردستانی دەست بە كۆبوونەوە و وتووێژ بكەن.
پێشم چاكە كۆبوونەوەكان لە ناوچە رزگاركراوەكانی كوردستان ببەسترێ. ئێمە لەباری خۆمانەوە بەوپەڕی شانازی ئامادەین پێشوازی و میوانداری كۆبوونەوەكان بكەین، هەروەها ئامادەین بۆ هەر شوێنێكی لەباری دیكە كە ئێوە پێشنیاری بكەن.
قۆناغی گرنگی ئیمڕۆی شۆڕشی رزگاریمان پێویستیی بە هەرچی زووتر دامەزراندنی بەرەی كوردستانییە... ئەو بەرەیەی كە دەبێتە رێگەخۆشكەری خەباتی هاوبەشمان لەپێناو هێنانە كایەی بەرەی نیشتمانیی عیراقیی فراوان.
چاوەڕێی وەڵامی ئیجابیتانم
رێز و سڵاو
برای دڵسۆزتان
مام جەلال
وەڵامی لایەنە سیاسییەكان بۆ بروسكە و دەستپێشخەرییەكەی مام جەلال
هەر چوار لایەنە ئاماژەپێكراوەكەی ناو بروسكەنامەكە دەمودەست پێشنیارەكەی (مام جەلال)یان قۆستەوە و پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕی، ئەمەش وەڵامەكانیانە:
یەكەم- وەڵامی (مەسعود بارزانی) لە پارتی دیموكراتی كوردستان:
لە كاك مەسعود بارزانییەوە
برای بەڕێز مام جەلال
سڵاوێكی شۆڕشگێڕانەی گەرم
پێشنیارەكەتان بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی پێویستییەكی گرنگ و پەسەندە، چونكە گەلەكەمان بە قۆناغێكی مێژوویی ترسناكدا تێدەپەڕێ. خەباتمان لە بەرەی كوردستانیدا زامنێكی گرنكە بۆ هەڵوەشانەوەی پیلانەكانی دوژمن. سەركردایەتی حزب لە پێشنیارەكەتان دەكۆڵێتەوە لە پێناو رێ خۆشكردنی پێكهێنانی ئەو بەرەیە.
30/4/1987
دووەم- وەڵامی (رەسول مامەند) لە (حزبی سۆسیالیستی كوردستان)
لە كاك رەسول مامەندەوە
بۆ ئەمینداری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،
هەڤاڵی هێژا مام جەلال
سڵاوێكی شۆڕشگیڕانەی گەرم
بە سوپاس و تەقدیری زۆرەوە پێشنیارەكەی رۆژی 22/4/1987 ی بەڕێزتانمان وەرگرت كە ئاراستەی ئێمە و لایەنە كوردستانییەكانی ترتان كرد بوو، وە تێیدا داواتان كرد بوو ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە كوردستاندا گەشە پێبدەین و بیخەمڵێنین بە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی بۆ رابەریكردنی شۆڕش و خەباتی گەلی كوردمان. وە داوای وتوێژی دەستبەجێتان كرد بوو بۆ هەمان مەبەست بە ئامادەبوونی نوێنەری حشع.
ئێمە ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیەی بەڕێزتان بە هەڵوێستێكی مەسئولانە دەزانین، وە لە كاتێكی لەبار دایە. جگە لەوەی تەعبیر لە ئارەزووی دێرینی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات وەڵامێكی شۆڕشگیڕانەی جەرگ بڕە بۆ فاشیستەكانی بەغدا و ئاواتە گڵاوەكانیان لەم كاتەدا دڕندەترین و چەپەڵترین هێرش و شاڵاوی ترسنۆكانە و نامرۆڤانەیان دەست داوەتێ بۆ قەڵاچۆكردنی گەلی كورد و وێرانكردنی تەواوی ناوچەكانی كوردستان لە رێگای بەكارهێنانی كوشندەترین چەكی كیمیاوی و راگواستن و تەخت كردنی شار و گوندەكانمان، هەروەها پێكهێنانی بەرەی كوردستانی هەروەكو چەكێكی كاریگەرە بۆ تێكشكاندنی نەخشە و پیلانە رەگەزپەرستەكانی رژێمی فاشی بەغدا دژی گەلی كورد و هەنگاوێكی گرنگ و زەمینەیەكی باشیشە بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی بەرەی نیشتیمانیی عیراقی فراوان كە وزە و توانای هەموو هێزە نیشتمانییەكانی عیراق لە بەرنامەیەكدا بەخۆیەوە بگرێ و رابەری خەباتی گەلی عیراق بە عەرەب و كورد و كەمە نەتەوایەتییەكانەوە لە ئەستۆ بگرێ بۆ رووخاندنی رژێمی فاشیستی بەغدا و دامەزراندنی جێگرێكی نیشتمانی كە هەڵقوڵاوی خواست و ویستی گەلی عیراق بێت و بتوانێت دیموكراتی بۆ عیراق و مافە رەواكانی گەلی كورد مسۆگەر بكات، وە كۆتایی بە جەنگە شومەكەی قادسیە و ئاثارە رەشەكانی بهێنێت.
هەڤاڵی هێژا، ئێمە لە كاتێكدا جەماوەری گەلەكەمان دڵنیا دەكەین لە هیچ هەوڵ و كۆششێكی فیداكاریمان درێغی ناكەین بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە و ئەو راستیەش رادەگەیەنین كە كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزبمان كە لە 1 تا 3/4/1987 بەسترا وەفدێكی لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی پێكهێناوە بۆ باسكردن و تەواوكردنی مەسەلەی بەرەی كوردستانی عیراقی لە 15/4/1987 بە رێكەوتن بۆ دیدەنی بەڕێزتان و لایەنەكانی تر، بۆیە ئامادەین لە هەر شوێنێك پەسەند بكرێ دەست بە وتوویژ بكەن بۆ پێكهێنانی بەرەی كوردستانی، هیوادارین جهودی هاوبەشی هەموو لایەك لەم پێناوەدا سەركەوتوو بێت و گەلەكەمان چەكی كاریگەری یەكێتی ریزەكانی شۆڕش بەرەنگاری دوا نەخشە گڵاوەكانی رژێمی فاشی بەغدا ببێتەوەو وە تێكیان بشكێنێت و جارێكی تریش بیسەلمێنن كە ئیرادەی پۆڵایینی خەڵكی كوردستان لە شكان نەهاتووە. ئەمجارەش زۆر لە سیلاحی كیمیاوی كە دوا چەكی فاشیستە ترسنۆكەكانە بەهێزترە و عەفلەقییە تاوانبارەكانی بەغداش بەو تاوانەیان دژی گەلی كورد كە خۆی لە خۆیدا نیشانەی نائومێدیانە یەكێتیی نیشتمانیی عیراق و برایەتی كورد و عەرەب دەخەنە مەترسییەوە كە هەر خۆیان ئۆباڵەكەی هەڵدەگرن و باوەڕیشمان وایە جگە لە ریسوایی و نەفرەتی مێژوو بەولاوە هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە. جارێكی تریش سوپاسی پێشنیارەكەی بەڕێزتان دەكەین و وەفدی مەكتەبی سیاسی حزبمان ئاگادار دەكەین كە ئەو پێشنیارانە وەكو وەثیقەیەكی گرنگ لەبەر چاو بگرن لەكاتی وتووێژ و ئامادەكردنی پڕۆژەی بەرنامەی بەرەی كوردستانی.
ئیتر هەر بژین بۆ خزمەتی كێشەی رەوای گەلەكەمان.
سكرتێری ح.س.ك.ع
سێیەم- وەڵامی ئازاد مستەفا لە (پارتی سۆسیالیستی كورد- پاسۆك):
لە كاك ئازاد مستەفاوە
برا و هەڤاڵی هێژمان مام جەلال- ی بەڕێز
سڵاوی ئازادی و یەكسانی...
پێشنیارە مێژووییە دڵسۆزانەكەی 22/4/1987 تان لەمەڕ «بەرەی كوردستانی» بە خۆشی و گرنگییەوە وەرگرت... بە هەموو هەوڵ و دڵێكمانەوە و بەوپەڕی ئامادەگی و بەسەر و ماڵ و ئەوەی هەمانە و نیمانە ئامادەین، بەوەی پێمان دەكرێ، بەشداری ئەو هەوڵ و هەنگاوە مەزنەی پێشنیارتان كردووە بكەین و لە ئێستاوە ئێمە ئامادەین و چاوەڕوانی فرمانی بەڕێزتان و برا و هاوپەیمانە دڵسۆزە شۆڕشگێڕە كوردستانییەكانی دیكەمانین و ئێمەش پێمان چاكە كە ئەو پێكگەیشتن و كۆبوونەوە و هەنگاوانە لە ئامێزی وڵاتەكەمان و لەسەر بستووە خاكی بەخوێن رزگاركراوی كوردستانە خۆشەویستەكەمان دا بێت تا سەر ئێسك و مۆخ كوردستانی بێ و رسكاوی ناو كۆشی ئەم چیا و بەندەن و دۆڵانە بێت.
بەڕاستی «بەرەی یەكگرتووی كوردستانی»، كە تەنیا دەرفەت و زەمینەیەكی پتەو و رەسەنی بەرچاوروونی عیراقیشە، ئەو چوارچێوەیە كە مانا و گوڕ و تین و تاو و ناوەڕۆك بە پێكهاتنەوە و تەباییە گشتییە مێژووییەكە دەبەخشێ و وزە و توانای شۆڕشگیڕانەی كورد گرد دەكاتەوە و بە دروستی و وەكو پێویست لەجەنگی (مان و نەمان) و (دیاری كردنی مافی چارەنووسی نەتەوەكەمان) رۆڵی چارەنووسساز و بەلاداخەر دەگێڕێ. ئەو هیوا و ئاوات و خۆزگەیەی جەماوەر و پێداویستییە مەوزوعیەكەی ئەم قۆناغی خەباتەشمان دێنێتە دی و قەدر و حورمەت و رێزی نەتەوەكەمان و مەسەلەكەمان و خۆشمان، لای دۆست و دوژمن باڵا دەبا و دەیگەیەنێتە ئاستی رەوای مەسەلەكەمان و ئەو هەموو قوربانی و گیانبازییەی چارەكە چەرخێ پترە جەماوەرە رەنجدەر و ستەمدیدەكەی كوردستان بە سەخاوەتی جوامێرانە و هەر لەخۆی هاتوو بێ بڕانەوە و كۆڵ دان داویە و دەیدات... لەهەموو ئەمانەش بترازێ تاكە رێگە و مەرج و پێداویستی سەركەوتنی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەكەمانە... بۆیە جارێكی دیكە لەگەڵ خۆشامادی و هەستی پێ زانینی قەدری ئەو پێشنیارەتان دەستی تكا بە بەر پشتوێنی شۆڕشگێڕانە و دڵسۆزانەی هەموو ئەو برا و هەڤاڵە شۆڕشگێڕە دڵسۆزە كوردستانییانەی دیكەمان دەكەین كە بە پەلە و جد بەرەو پیری ئەم ئەركە مێژووییە بێن و لێی بەكار بن و هاوڕێیانی (حشع)یشمان وەك ئەركی نیشتمانی و نێونەتەوایەتیان زەخمی ئیجابی پشتگیری خۆیان بهاوێنە سەر ئەم هەوڵە پیرۆز و پاك و رەوایە. بەهیوای هەڵاتنی گزنگی خۆرەتاوی ئازادی و سەربەخۆیی و سەرفرازی نەتەوەكەمان كە لەو ئاسۆگەی «بەرەی كوردستانی»یەوە دەبینین.
حورمەت و رێزمان قەبووڵ بفەرموون.
و هەر بژین بۆ كورد
لەبری مەكتەبی سیاسی پاسۆك
برای دڵسۆزتان
ئازاد مستەفا
24/4/1987
قۆناغی دوای ئاشتبوونەوەی گشتیی لەنێوان لایەنەكانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی كورددا، سەرەتا و زەمینەسازیی بوو بۆ هاتنەئارا و دامەزراندنی بەرەی كوردستانی
چوارەم- وەڵامی حزبی دیموكراتی گەلی كوردستان:
لە مەكتەبی سیاسیی حزبی دیموكراتی گەلی كوردستانەوە
برای تێكۆشەر مام جەلال
سڵاوی خەبات و شۆڕش و برایەتی و تێكۆشان
گەشەپێدانی ئاشتبوونەوەی گشتی بەرەو پێكهێنانی بەرەی كوردستانی بۆ سەركردایەتی شۆڕشی گەلی كوردمان پێشنیارێكی گرنگ و بایەخدارە.
پێمانخۆشە نوێنەری هەموو حزبەكان كە لە بروسكەكە ناویان هاتووە بەردەوام یەكتر ببینن و كۆبوونەوە بكەن بۆ دانانی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بەرەی كوردستانی و لێكۆڵینەوە لەهەموو لایەنەكانی ئەو پڕۆژە گرنگە.
بەرەی كوردستانی مافێكی رەوای گەلە چەوساوە و تێكۆشەرەكەمانە و دەبێتە بەردی بناغەی بەرەی عیراقی فراوان و سەرچاوەی بەهێزكردنی پەیوەندیی هاوخەباتی لەگەڵ و هێز و بزوتنەوە رزگاریخوازەكانی گەلانی ناوچەكە. بە خۆشحاڵییەوە پەسندی میوانداریتان بۆ بەستنی كۆبوونەوەكان دەكەین، یان لە هەر شوێنێكی تر كە بەباش دەزانرێت.(5)
لەگەڵ رێز و سڵاومان دا
* مامۆستای زانکۆی سلێمانی
پەراوێزو سەرچاوەكان
(1) فاتح رسول: صفحات من تاریخ كفاح الشعب الكردی (أحداث ووثائق 1982-1990)، ترجمة (كمال غمبار)، ج3، مطبعة (شفان)، السلیمانیة، 2006، منشورات مدیریة النشر، وزارة الثقافة حكومة اقلیم كوردستان (117)، ص460.
(2) ئازاد مستەفا: كورتە باسێكی بەرەی كوردستانی، چ1، چاپەمەنی شەهید فەرهاد، سوید، 1989، ل24.
(3) ئازاد مستەفا باس لەوە دەكات، كاژیك لە مانگی كانوونی دووەمی (1975) بە بەیاننامەیەكی فەرمی داوای لە پارتی و بارزانی كردووە، كە بەرەی كوردستانی لە پارتی و كاژیك و سەركردایەتی هەرێمی كوردستانی حشع بەرابەرایەتی بارزانی پێكبهێنرێ، بەڵام پارتی قبوڵی نەبووە و بەپێچەوانەشەوە كەوتوونەتە بەر وێزەیان و ئەندامانی كاژیك و سزادراون. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە دواتر لە هاوینی (1976)دا نوێنەرانی پاسۆك دووجار لەشاری سلێمانی بە نوێنەرایەتی یەكێتی و (كۆمەڵەی ماركسی- لینینی كوردستان) لەگەڵ نوێنەرێكی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستاندا كەوتوونەتە قسە و باس بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی و دەقی پرۆژەكە خراوەتە بەردەستی نوێنەرانی سەركردایەتی كاتیی پارتی لە ناوچەی شارباژێر، بەڵام بەرهەمێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە. بڕوانە ئازاد مستەفا: كورتە باسێكی بەرەی كوردستانی، س.پ، ل(7-23).
(4) فەرید ئەسەسەرد و ئەوانیتر: ئینسایكبۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ب1، چ3، 2013، ل174.
(5) بۆ زانیاری و راست و دروستی دەقی بروسكەنامەكەی مام جەلال و وەڵامی هەریەكە لە (مەسعود بارزانی و رەسول مامەند و ئازاد مستەفا و مەكتەبی سیاسی پارتی گەل) بڕوانە ئازاد مستەفا: كورتە باسێكی بەرەی كوردستانی، س.پ، ل(87-94)، هەروەها بۆ زانیاری لەسەر دەستپێشخەرییەكەی مام جەلال و سەرەتای دامەزراندنی بەرەی كوردستانی بڕوانە یوسف حنا یوسف: مذكرات یوسف حنا یوسف، ط1، مطبعة التعلیم العالی، اربیل، بلاسنة الطبع، ص102، هەروەها چاوپێكەوتنی توێژەر لەگەڵ (محەمەدی حاجی مەحمود) لەرۆژی (11/5/2009)، گوندی گوڵەخانە.