شكێنەری تابۆكان

2023-11-12
دوای ئەو پێشهات و كارەساتانەی عیراق بەخۆوەی بینی، دوای جەنگی سەدام دژ بە ئێران لە (1980-1988) و  بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو دژ بە گەلی كورد لە كوردستانی عیراق و  هەڵمەتی بەدناوی ئەنفال لە ساڵی 1988دا و داگیركردنی كوێت لە 1990دا، دواتریش دەستوەردانی نێودەوڵەتی بۆ دەركردنی سوپای بەعس لە كوێت و بەرپابوونی راپەڕین لە كوردستانی عیراق دژ بەرژێمی سەدام كە دواتر بە كۆڕەوی ملیۆنی ساڵی 1991 كۆتایی هات، هەموو ئەم پێشهاتانە دەرگاكانی واڵاكرد بۆ گەلی عیراق بەگشتی و كورد بەتایبەتی، كە داوای روخاندنی رژێمی سەدام حسێن بكەن لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەبەر ئەوەی ئەم رژێمە ببو بە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر هەموو جیهان.

پاڵپشتی نێودەوڵەتی 

مام جەلال بە دنیابینی و بیرتیژی خۆی، دركی بەوەكردبوو روخاندنی ئەم رژێمە خوێناوییە بەدی نایەت، ئەگەر پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریكا بەدەست نەهێنێت بەلای گەلی كورد و خەباتەكەی لەپێناو بونیاتنانی سستمێكی فیدرالی لەعیراقدا، كە مافە نەتەوەییەكانی كوردی تێدا پارێزراو بێت، هەروەها بەوەی ئەو پاڵپشتییە پەیوەستە بە ئاستی نزیكایەتی نێوان سەركردایەتی كوردی عیراق و حكومەتی توركیا، چونكە واشنتۆن ناتوانێت پاڵپشتی كورد بكات بێ رەزامەندی توركیا كە لەگەڵ ئەمریكادا لە هاوپەیمانی ناتۆن، مام جەلال هەروەها دركی بەوەش كردبوو كە نزیكایەتی بزووتنەوەی كوردی عیراق و توركیا رێگرییەكی تری لەبەردەمدایە، ئەویش ئەو شەڕ و ململانێ خوێناویەیە كە لە نێوان ئەنقەرە و پارتی كرێكارانی كوردستاندا هەیە، ئەوەش وای لە مام جەلال كرد بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێت بۆ شكاندنی ئەو تابۆیەی هەبوو، كە ئەویش رتكردنەوەی هەر پەیوەندییەكی راستەوخۆ بوو لەلایەن ئەنقەرەوە لەگەڵ سەركردایەتی كورد لە كوردستانی عیراق.

كلیلێك بۆ كردنەوەی دەرگای كۆشكی كۆماری

لەبەر ئەوە مام جەلال بۆ كلیلێك دەگەڕا، كە دەرگای كۆشكی كۆماری توركیای بەروودا بكاتەوە، ئەو كلیلەش «جەنگیز چاندار»بوو، كە مام جەلال لەساڵی 1973دا لە بەیروت ناسی بووی، ئەویش كەسایەتییەكی خەباتگێڕ و چەپی توركیا بوو، كە ئەوكات هەڵاتبوو بۆ سوریا دوای كودەتا سەربازییەكەی توركیا لە 12-3-1971دا، دواتریش چوبووە نێو ریزەكانی بزووتنەوەی رزگاری فەلەستین و لە 6-2-1991 یش بوو بە راوێژكاری تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆك كۆماری توركیا و قەناعەتی بە ئۆزال كرد كار لەسەر دۆسێی كورد لە توركیا بكات و رازیشی بكات بە دیدار لەگەڵ مام جەلال و پێشوازی كردنی لە كۆشكی كۆماری لە  14-6-1991دا، چاندار لەم رووەوە لە كتێبی (شەمەندۆفێری میزۆبۆتامیا) دەڵێت: من یەكەم پەیوەندی نێوان تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆك كۆماری توركیا و جەلال تاڵەبانیم دروستكرد، ئەوەش یەكەم حاڵەتی لەو جۆرە بوو دوای 86 ساڵ، واتا لە دروستبوونی كۆماری توركیاوە.
سەرۆک مام جەلال و تۆرگۆت ئۆزال - کۆشکی چانکایا 1993
سەرۆک مام جەلال و تۆرگۆت ئۆزال - کۆشکی چانکایا 1993

مام لە شام

بوونی مام جەلال لەشام لە كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكان هاوكات بوو لەگەڵ بوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شام، هەردوولاش پەیوەندییان زۆر بەهێز بوو، بۆیە چاندار بیرۆكەی پەیوەندی بەستنی لەگەڵ مام جەلال بە تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆك كۆماری توركیا دا، بەئامانجی رێخۆشكردن بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان و هەروەها نێوەندگیری مام جەلال بەمەبەستی چارەسەركردنی مەسەلەی كورد لە توركیا، ئۆزالیش لەبەر بڕوای بەوەی توركیا ناتوانێت بەڕووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بكرێتەوە بێ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد و كوردەكان كە لە توركیا دەژین، بۆیە سەرۆك كۆمار رازی بوو لەسەر پێشنیازەكەی چاندار، بێ پێدانی هیچ بەڵێنێكی پێشوەختە، چاندار لەم بارەیەوە دەڵێت: من پێشنیازی دیدارم لەگەڵ ئۆجەلان كرد و ئەو نیازەشەم بە ئۆزال راگەیاند و ئەو نە باش و نە خراپی وت، تەنها وتی «بڕۆ بۆ لای و بگەڕێوە دواتر قسە دەكەین و بزانین چی دەبێت».

مەترسیی لە سەركێشیەكە

گومانی تیا نییە كە ئۆزال ئاستی مەترسی ئەو سەركێشی و هەنگاوەی درك پێ كردبوو، كە بەلای ئەوەوە وەكو خۆكوژی وابوو، چونكە توركیا ترسی لەوە هەبوو، قەوارەیەكی كورد لە كوردستانی عیراق دوای روخانی رژێمی بەعس لەبەغدا دروست ببێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر گەلی كورد لە توركیا بەجێبهێڵێت، توركیاش هەردەم ترسی لەوە هەبوو گەلی كورد دەستكەوتی نەتەوەیی بەدەستبهێنێت لە عیراق و ئەو هیواو خواستەش بپەڕێتەوە بۆ كوردی توركیا، لەگەڵ ئەوەشدا ئۆزال بوێریی ئەوەی كرد ئەم هەنگاوە مێژووییە بنێت، لەبەر بڕوای بۆ زەروورەتی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ مەسەلەی كورد لە توركیا باجەكەی هەرچییەكیش بێت، چاندار لەسەر زاری ئۆزالەوە دەگێڕێتەوە: «ئەمە قەرزی كۆتایی گەلەكەمە لەسەرم، چارەسەری ئەم مەسەلەیەش قەرزێكە لە ئەستۆم بەو پێیەی سەرۆك كۆمارم».
بەم قەناعەتە گەورەیەوە ئۆزال رازی بوو لەسەر پیشوازیكردن لەمام جەلال لە كۆشكی كۆماری لە 14-6-1991دا، ئەمەش یەكەمجار بوو لە مێژووی كورددا كە سەرۆكێكی تورك لەكۆشكی كۆماری پێشوازی لە سەركردەیەكی كوردی هاوشێوەی مام جەلال بكات، كە لای خۆیەوە دیدارەكەی بەمێژوویی وەسف كردبوو هەورەها بەوەی لە هیچ دیدارێكی تر ناچێت،  وەكو چانداریش لەسەر زاری مام جەلال گێڕاویەتییەوە، «تەنها كورد دەتوانێت لەمەغەزای دیداری سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ كوردێك لەپێگەی مندا تێبگات»، بەمەش سەرۆك ئۆزال توانی یەكێك لە گەورەترین تابۆكانی كۆماری توركیا بشكێنێت، ئەمەش بەدی نەدەهات ئەگەر سەرۆك كۆمارێكی شكێنەری تابۆی هاوشێوەی ئۆزال لە كۆشكی كۆماری نەبوایە».

ئاگربەست لەنێوان كورد و توركیا

دوای ئەو دیدارە، چاندار لەلایەن تۆرگۆت ئۆزالەوە فەرمانی پێكرا بەرەو شام بڕوات بۆ بینینی مام جەلال و لەگەڵیدا كار بكات بۆ رازیكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان، بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێك بۆ ماوەی مانگێك لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیادا، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ژمارەیەكی زۆر پەیامنێر و رۆژنامەنووس ئامادەی بوون لە شارۆچكەی بەرئەلیاسی لوبنان لە 2-3-1993 بەرەسمی راگەیەنرا، ، چاندار لەو بارەیەوە دەڵێت: «مام جەلالی سكرتێری یەكێتی نیشتمانیی كوردستانم پێشتر لە سەفەرەكەم ئاگاداركردەوە، كە ئەوكات لە دیمەشق بوو،  ئەویش رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی لە راگەیاندنی ئاگربەستەكەدا بینی».

و: گۆران فەتحی

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved