ناتوانین بەچەك رووبەڕووی فیكر ببینەوە

2023-11-19
مام جەلال لەكاتی نیشتەجێبوونی لە شام، چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەوت، رێزیش لە نێوانیاندا هەبوو، هەروەها هەماهەنگ بوون لە زۆر هەڵوێست و مەسەلەی سیاسییدا، بەهۆی ئەم پەیوەندییەی كۆی دەكردنەوە، مام جەلال بە هاریكاری رۆژنامەنووسانی ناودار جەنگیز چاندار و كامەران قەرەداغی، هەوڵی نێوەندگیریی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی توركیای دەدا، كە لە 14/6/1991 لە كۆشكی كۆماری پێشوازیی لە مام جەلال كردبوو. هەموانیش كاریان بۆ راگرتنی شەڕ دەكرد لە نێوان سوپای توركیا و پەكەكەدا، هەروەها رێگەخۆشكردن بۆ هەوڵەكانی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ مەسەلەی كورد لە توركیا، لە كۆتاییشدا ئەو هەوڵانە بوونە هۆی رازیكردنی ئۆجەلان بە راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی مانگێك، ئەوەش یەكەم حاڵەتی لەو جۆرە بوو دوای بەرپابوونی ململانێی خوێناوی نێوان هەردوولا كە لەساڵی 1984ەوە دەستیپێكردبوو.

سەرخستنی دەستپێشخەرییەكە

 مام جەلال سوور بوو لەسەر سەرخستنی ئەو دەستپێشخەرییە مێژووییە، بۆیە كە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری 1993 هاتەوە بۆ شام، كامەران قەرەداغی راگەیاندكاری دیاری لەگەڵدا بوو، پەیوەندیی بە ئۆجەلانەوە كرد، بەمەبەستی كاركردن بۆ سەرخستنی ئاگربەستەكە و راگەیاندنی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا،  كە دواتر و  لە شارۆچكەی بەر ئەلیاسی لوبنانی لە 20/3/1993 دا راگەیەنرا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندكارانی جیهان، لەسەرووی هەموویانەوە جەنگیز چاندار (راوێژكاری تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی توركیا) و عیسمەت ئامست (كە لەلایەن راوێژكاری سەرۆكی حكومەت سلێمان دێمیریلەوە نێردرابوو).

 مام جەلال هەوڵیدا قەناعەت بە ئۆجەلان بهێنێت بۆ سوود وەرگرتن لە چانسی بوونی كەسایەتییەكی سیاسیی بوێری وەكو تۆرگۆت ئۆزال لە هەرەمی دەسەڵاتی توركیادا، كە بڕوای بە هەوڵی سەربازی نەبوو بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی كورد لە توركیا و قەناعەتی بە دیالۆگی ئاشتیانە بوو بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، لەم رووەوە جەنگیر چاندار لە كتێبی شەمەندۆفێری میزۆبۆتامیادا لەسەر زاری ئۆزالەوە دەڵێت: «فیكر هەیە، هانی تیرۆر دەدات، دەبێت دان بەوەشدا بنێین ئەوانەی پاڵپشتی تیرۆر دەكەن، هاووڵاتی توركن، هەروەها دەبێـت بزانین، كێشەكە لەرێگەی پێدانی پارەوە چارەسەر نابێت، چونكە پاڵنەرێكی فیكریی لە پشتەوەیە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت، كە خەباتێكی فیكریش لە ئارادایە لە مەسەلەكەدا، بۆیە ناتوانین بە چەك رووبەڕووی فیكر ببینەوە، لەبەرئەوە ئێوە ناچارن ئێستادا مافی كەمە نەتەوەییەكان بدەن».

ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە

لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانیش بۆ سەرخستنی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی كە بڕیاربوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەر ئەلیاسی بیقاع لە جەژنی نەورۆزی 1993دا بیبەستێت، مام جەلال لە ماڵەكەی خۆی لە شام پێشوازیی لە ئۆجەلان كرد، رۆژی دواتریش مام جەلال لەگەڵ كامەران قەرەداغی و عومەر عەبدولڕەزاق تۆفیق سەردانی ئۆجەلانیان كرد، مام جەلال و ئۆجەلان گفتوگۆیان لەبارەی وردەكاریی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە و بە وردەكارییە بچووكەكانیشەوە كرد، هەربۆیە مام جەلال لە ئۆجەلانی پرسی بەنیازە بە چ جلوبەرگێكەوە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا دەربكەوێت؟ كاتێ زانی ئۆجەلان دەیەوێت بە جلوبەرگی خاكی چەكدارانەوە دەربكەوێت، ناڕەزایی نیشاندا و وەكو كامەران قەرەداغیش لە بابەتێكی خۆی بە ناونیشانی (كە عەبدوڵڵا ئۆجەلانم رازی كرد، بۆینباخ ببەستێت)، لەسەر زاری مام جەلال-ەوە دەڵێت: «هەڤاڵ! دەبێت دیپلۆماسی بیت لە قسەكان و دەركەوتنت لەگەڵ رۆژنامەوانانی جیهاندا، چونكە تۆ لەبەردەم زوومی ئەو راگەیاندنانەدا دەبیت، لێدوان و وێنەكانیشت لە راگەیاندنە جیهانییەكانەوە بڵاودەكرێنەوە،  ئەو لێدوانانەی ئەو رۆژنامانە لەسەر مێز و نووسینگەی سەرۆكی وڵاتانی جیهان دایدەنێن، لەبەر گرنگییان، بۆیە پێشنیازدەكەم چاكەت و پانتۆڵێكی مەدەنی شیك لەبەر بكەیت)، كامەران قەرەداغیش تەنها بەوە نەوەستا كە مام جەلال داوای كردبوو، هاتبووە قسە و وتبووی: «هەڤاڵ ئاپۆ پێویستە بوینباخیش ببەستیت»،  ئەوەبوو ئۆجەلان رازی بوو بە پێشنیازەكە دوای ئەوەی مام جەلالیش پاڵپشتی لێكرد.

پێش بەجێهێشتنی شوقەكەی ئۆجەلان، كامەران قەرەداغی ئیزنی لە مام جەلال وەرگرت، ئەگەر ئیمكان هەیە دیدارێكی رۆژنامەوانی بۆ رۆژنامەی ئەلحەیات لەگەڵ ئۆجەلاندا بكات، مام رازی بوو، هەروەها ئۆجەلانیش، ئەوەبوو ئۆجەلان لە دیدارەكەدا نیازی خۆی ئاشكرا كرد بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێكی كاتی بۆ راگرتنی شەڕ، كە قەرەداغی لە هەمان رۆژدا لە رۆژنامەكەدا بڵاویكردەوە، قەرەداغی سەبارەت بەو دیدارە دەڵێت: «دیدارێكی درێژ بوو، ئۆجەلان تێیدا ئاشكرای كرد دوای چەند رۆژێك لە بەر ئەلیاس ئاگربەست بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە رادەگەیەنم، هەروەها باسی لە دیدگای خۆی بۆ مەسەلەی كورد كرد و داوای ئەوەشی كرد، توركیا بكرێت بە دەوڵەتێكی فیدراڵی كە كورد تێیدا هەرێمێكی فیدراڵی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی باسی لە بیرۆكەی خۆشی كرد بۆ دروستكردنی ئیدارەی خۆسەری و دیموكراتی.

لەبەر هەستیاریی دۆسێی پارتی كرێكارانی كوردستان و گرنگی بەلای حكومەتی سوریاشەوە، ئەوا مام جەلال باش دەركی بەوەكردبوو، ئەو هەوڵانە سەركەوتوو نابن، بەبێ رەزامەندی و بێ لایەنی حكومەتی سوریا، لەبەرئەوە مام جەلال چاوی بە حافز ئەسەدی سەرۆكی ئەوکاتی سوریا كەوت، پێش راگەیاندنی دەستپێشخەرییەكە بە رەسمی، بۆئەوەی ئاگادار بێت لە ورد و درشتی راگەیاندنەكە، دیدارەكانی مام جەلالیش لەگەڵ حافز ئەسەد لەو ماوەیەدا، سەبارەت بەو مەسەلەیە هەندێکجار زیاتر لە دوو سەعاتی دەخایاند.

تابۆ نەتەوەییەكانی شكاند

مام جەلال دەركی بەوەش كردبوو، ئەو كرانەوەیەی تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی توركیا بەرامبەر بە مەسەلەی كورد لە توركیا و عیراق، بەو بوێرییەی تابۆ نەتەوەییەكانی دەوڵەتی توركیای شكاندبوو، هێزە نەتەوەییە تەقلیدییەكانی توركیای تووڕە دەكرد، ئەوەش هەڕەشەی بۆ سەر ژیانی دروست دەكرد، بۆیە مام جەلال سووربوو لەسەر سەرخستنی دەستپێشخەرییەكە بە هاوكاری جەنگیز چاندار كە لە كتێبە نوێكەیدا (ئەركی ئەستەمی توركیا: جەنگ و ئاشتی لەگەڵ كورد)، دەڵێت: «ئۆزال بەتەنها لەناو كێڵگەی میندا رێی دەكرد، چونكە هیچ كەسێكی غەیری ئەو كەرەستە بنەڕەتییەكانی بەرەوپێشبردنی ئاشتیانەی مەسەلەی كوردی لەبەردەستتدا نەبوو، راگرتنی شەڕیش لەلایەن ئۆجەلانەوە بۆ ماوەی مانگێك، دیارییەكی بەنرخ بوو بۆ ئۆزال، بۆ راگەیاندنی دەستپێشخەریی  چارەسەری ئاشتیانە بۆ ئەو ململانێیەی گەورەترین قوربانی و ئامادەگی هەبوو لە توركیادا، پارێزگاری لە ئاگربەستیش بۆ كۆتاییهێنانی بەو ململانێیە، هەڵوێستی ئۆزالی لەناو سیاسەتی ناوخۆی توركیادا بەهێز و دەچەسپاند.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved