نووسینەكان لە خاك-ی كوردستانی نوێ-دا گەنجینەیەكی تری مام جەلال

2023-11-19
نووسینەكان لە خاك-ی كوردستانی نوێ-دا، نوێترین كتێبی چاپكراوی هاوبەشی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیارییە، سەرجەم ئەو وتارانە لە خۆدەگرێت كە سەرۆك مام جەلال لە رابردوودا لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ و گۆڤاری خاك-دا بەپێنووسی خۆی نووسیونی.
كتێبەكە، دابەشكراوە بەسەر دوو بەشی سەرەكیدا، بەشی یەكەمیان تەرخانكراوە بۆ نووسینەكانی مام جەلال لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، لە سەرەتای دەرچوونی رۆژنامەكەوە لە ساڵی 1992ەوە تا دوا وتاری خۆی لە رۆژنامەکەدا. بەشی دووەمی كتێبەكەش بۆ وتارەكانی مام جەلالە كە مانگانە لە كاتی خۆی لە گۆڤاری خاك دەینووسین، كە گۆڤارەكە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی خاك دەریدەكرد، ئەمە جگە لەوەی پاشكۆیەكی وێنەداریش لەخۆدەگرێت كە وێنەی مام جەلالە لە كوردستانی نوێ‌ و خاك-دا.

لە پێشەكی كتێبەكەدا، كە لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووس ستران عەبدوڵڵا نووسراوە، هاتووە: 
نووسینە كوردییەكانی سەرۆك مام جەلال لە دوای راپەڕینی 1991ەوە بەسەر چوار تەوەردا دابەشن:
1- ئەوانەی بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ نووسیونی  كە هەندێكیان رێنمایی و سیاسەتی رۆژانەن و هەندێكیانیش گێڕانەوە و بیرەوەریی قۆناغی جیاجیان.
 
2- ئەوانەی بۆ گۆڤاری خاك نووسیونی  كە هەر هەموویان بیرەوەری قۆناغی جیاجیای خەبات و بەسەركردنەوەی وەفادارانەی هەڤاڵان و تێكۆشەرانی دێرینن. ئەم زنجیرە وتارانەی گۆڤاری خاك زیاتر هی قۆناغی تێكۆشانی گەرموگوڕی مامە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی یەكریزی و گەشانەوەی كوردایەتی هاوچەرخ لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا.

3- ئەوانەی لە گۆڤارەكانی رێبازی نوێ و پێشمەرگە و ئەوانی تردا نووسیونی.

4- ئەوانەی وەك پێشەكی ناسین و ناساندنی كتێبە دڵخوازەكانی خۆی و پێویستی رووناكبیری و سیاسی نووسیوونی، وەك پێشەكی بۆ كتێبی (كێشەی موسڵ)ی دكتۆر فازڵ حسێن وەرگێڕانی محەمەد شاكەلی.

لە كتێبی (نووسینەكان لە خاك-ی كوردستانی نوێ-دا) باس باسی نووسینەكانە، نەك گوتار و دیدار و گوتەی لە هەموو سەكۆكانی تری حزبی، حكومی و جەماوەری كە مام بۆ گەیاندنی بیرو ڕوانینەكانی خۆی و یەكێتی بەكاری هێناون. ئەدەبیاتی مام بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و هی تریش ئەدەبیاتێكی دەوڵەمەند و فرە رەهەندن كە پێویستە بە قۆناغبەندی و دۆسێمەندكردنی هەوڵ بۆ كۆكردنەوەی بدرێت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved