״ سوێند دەخۆم مام جەلال بوو بە سەرۆك كۆمار״

2023-12-10
هەواڵی هەڵبژاردنی مام جەلال بەسەرۆكی عیراقی فیدڕاڵ لە 6/4/2005دا، بووە جێی شانازیی و دڵخۆشیی زۆر بۆ هەموو گەلی كورد، چونكە ئەو یەكەم سەرۆك بوو لە مێژووی عیراقدا كە بەشێوەیەكی دیموكراسی هەڵبژێردرێت، هەروەها یەكەم كەسایەتی كورد بوو، ئەم پۆستە سیادییە باڵایە وەكو نوێنەری كورد لە وڵاتێكی گرنگی وەكو عیراق بەدەستبهێنێت، مام جەلال هێزی زیاتری بەم پۆستە سیادییە بەخشی، بەهۆی ئەزموونی دەوڵەمەندی و پەیوەندییە فراوانەكانی و شارەزایی لەسەركردایەتیكردن و هەروەها كاریزمایی خۆی، وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن مام جەلالەوە گۆڕانێكی مێژوویی بوو لە رێڕەوی خەباتی گەلی كورد و بازدانێكی گەورەش بوو بۆ نەتەوەیی كورد.
سەرۆک مام جەلال

گرنگی بوونی مام بەسەرۆك كۆمار

لەراستیدا ئەم رووداوە مێژووییە گەورەیە، چەندە لەرووی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆییەوە گرنگی پێدرا، ئەوندەش سەرەنجی نێوەندە سیاسیی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكانی سوریای بەلای خۆیدا راكێشا، ئەو نێوەندانەی پەیوەندی بەهێزی دۆستایەتی و رێز و خۆشەویستی كۆی دەكردنەوە لەگەڵ مام جەلال، پەیوەندییەك كە مام خۆی لەكاتی مانەوەی لەشامدا دروستی كردبوون، جگە لەمانەش كۆمەڵگەی كوردی سوریا و بەتایبەتیش هەڤاڵانی پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كورد و جەماوەرە فراوانەكەی، پێشوازی گەرمیان لە هەواڵی بردنەوەی مام جەلال بە پۆستی سەرۆكایەتی عیراق لەرێگەی خۆشی دەربڕین  و رێكخستنی ئاهەنگ و گۆرانی و هەڵپەڕكێی كردەوە.
یەكیك لەو شوێنانەی ئاهەنگی تێیدا گێڕرا بەو بۆنەیەوە، بەردەم ماڵی مام جەلال لەگەڕەكی مەزرەعە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، كە ژمارەیەكی زۆر خەڵك و وەفدی سیاسیی و رۆشنبیری بە جیاوازی ئینتما نەتەوەیی و ئاینی و سیاسییەكانەوە بەشداربوون تێیدا، لە دیدارێكدا كە رۆژنامەنووس ئیبراهیم حاجی عەبدی لەگەڵ نەجاح حەفیزی ژنەئەكتەری سوری كۆچكردوو كردی، كە بەشداری ئاهەنگەكەی كردبوو بەو پێیەی دراوسێی ماڵی مام جەلال بوو وتی: هەستم بەشانازیی كرد و زۆر خۆشحاڵ بووم، مام جەلال بوو بەسەرۆكی عیراق، چونكە دراوسێی من بوو بەسەرۆك، بێگومان ئەوەش شتیكە زۆر دڵخۆشی كردم». 

یەكەم سەردانی مام جەلال وەكو سەرۆك

سەبارەت بەیەكەم سەردانی رەسمی مام جەلال وەكو سەرۆكی عیراق بۆ شام، نەجاح حەفیز دەڵێت: لەسەردانی مام جەلالدا وەكو سەرۆك بۆ سوریا، نەمتوانی بەو شێوە گونجاوەی خۆم حەزم پێدەكرد پێشوازی لێبكەم،  چونكە بەراستی ئەمویست مەدەخەلی بیناكەمان بە گوڵ بڕازێنمەوە و منداڵانی گەڕەكیش بێنم بۆ ئەوەی گوڵی پێشكەش بكەن، وەكو دەربڕینی خۆشەویستی ئێمە بۆ جەنابیان، بەڵام مەشغەڵەتی ئێمەو بەرنامەی چڕی سەردانەكەی و بوونی ئەو هەموو پاسەوانە لەگەڵیدا، ئەمە چ جای رێ و رەسمی سەردانەكە وایكرد نەتوانین بەو شێوەیەی مەبەستمانە پێشوازی لێبكەین لەكاتی هاتنی بۆ شوقەكەی خۆی لە بیناكەماندا.
گومانیشی تێدا نییە، بەدیهاتنی رووداوێكی مێژوویی لەو جۆرە بەلای نەوەكانی پێشووەوە وەكو خەونێكی نزیك لە مەحاڵ بوو، بەڵام خەونەكە هاتە دی و لەسەر ئەرزی واقع بەهۆی خەباتی گەلی كورد و قوربانییە گەورەكانی، رەنگە خۆشترین نوكتەش لەو كاتەدا، ئەو نوكتەیە بێت كە لادێ نشینێكی كوردی سوریا وتوویەتی كە ئەویش خوالێخۆشبوو  ئیبراهیم گەورێی ناودار بە قۆشمەیی بێت، كە كاتێ لەسەر جێ نەخۆشی شێرپەنجە بووە و گوێی لەهەواڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەلایەن مام جەلالەوە بیستووە، بۆ گۆڕینی كەشوهەوای پڕ حوزنی ماڵەوە بەتایبەت بۆ ئەوەی كەسانەی هاتبوون بۆ دڵنەوایی و نزاكردن بۆی وتویەتی: خۆتان بە نەخۆشیەكەی منەوە سەرقاڵ مەكەن، چونكە مردن هەقەو من دەزانم ئەمڕۆ یا سبەی دەمرم، بەڵام دەمەوێ وەسێتەكەی خۆمتان پێ بڵێم، ئەویش ئەوەیە قورئانێك بخەنە ناو گۆڕەكەمەوە كاتێك مردم»، بەوەش ئامادەبووان واقیان وڕدەمێنێت و وا دەزانن وڕێنە دەكات بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە، بەڵام ئەو دەست بە قسەكردن دەكاتەوەو دەڵێت: دەزانن بۆچی ئەم وەسێتەم بۆ كردن؟ چونكە ئەگەر لە گۆڕستانی لادێ بمنێژن، كە روفاتی خزم و دۆست و هاوڕێیانمی تێدایە، ئەوا هەموویان دوای مردنم دێن بۆلام و پێشوازیم لێ دەكەن و هەواڵی دونیام لێدەپرسن، منیش بە تەئكید پێیان دەڵێم مام جەلال بووە بەسەرۆك كۆماری عیراق، ئەوانیش بێگومان بەدرۆم دەخەنەوە و بڕوا بە قسەكام ناكەن و هەواڵەكە بە مەحاڵ دەزانن، منیش لەو كاتەدا قورئانەكە دەردەهێنم  و سوێندی پێ دەخۆم ئەوەی دەیڵێم راستە».، دوای قسەكانی ئیبراهیم گەورێ، میوانەكان لە مەغەزای نوكتەكە تێدەگەن و دەدەنە قاقای پێكەنین و بەوەش كەشی ناخۆش و دڵتەنگی ناو ژوورەكە نامێنێـت.
ئەم بەسەرهاتە سادە لەرووكەش و دەوڵەمەند لەناوەڕۆكەدا، هەقیقەتی خەونی كورد و ئەو مەحاڵ بوونەی دەردەخات، كە دواتر لە 6/4/2005 هاتە دی، خەونێك لە كەسایەتی مام جەلالدا هاتەدی، كە توانی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بەهێزتر بكات و بە ئەدای تایبەتی خۆی ببێت بە خاڵێ هاوبەشی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراق و خەیمەیەكیش بێت كە هەموو لایەنە دژ بەیەكەكان و بەجیاوازی نەتەوەو ئاین و فیكرەوە لەژێریدا كۆببنەوە.

سەمام ئەمانی عیراق

پۆستی سەرۆك كۆمار بەهۆی مام جەلالەوە بەهێزتر و گەورەتربوو،  دوای ئەو هەوڵە كارایانەی مام جەلال دای بۆ بچوككردنەوەی ناكۆكی نێوان لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكانیانی نێوانیان، رۆڵێك كە ئایەتوڵا عەلی سیستانی دانی پێدا ناو مام جەلالیشی بەسەمام ئەمانی عیراق ناوبرد، بەڵگەش لەسەر گەورەیی رۆڵی مام جەلال لەسەرۆكایەتی كۆمار ئەو بۆشاییەیە كە بەكۆچكردنی لە 3/10/2017 بەجێهیشت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی مێشك بوو، نەخۆشكەوتنی مام جەلال وایكرد جارێكی تر عیراق بەرەورووی چەندین كێشەو تەحەدای ناوخۆیی و دەرەكی بۆوە، ئەمەش نیچیرڤان بارزانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 13/3/2014 لەهەولێر دانی پێدا ناو، وتی: غیابی مام جەلال لەم قۆناغەدا، كاریگەرییەكی روونی هەبوو لەسەر پەیدابوونی زۆرێك كێشەو پەرەسەندنی ململانێ، لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، هەروەها لەنێوان باقی پێكهاتە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق، چونكە رۆڵی فەخامەتی سەرۆك تاڵەبانی و ئامادەبوونی لەسەر گۆڕەپانەكە، میحوەری بوو لایەنە سیاسییەكانیش بە جیاوازی پێكهاتەو بیروبۆچەكانەوە لەدەوری ئەو كۆدەبوونەوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved