شێتێک کەباجی نادادپەروەری دا!

2024-11-09

"نیشتمان هەموو تەمەنی گەنجێتی و خۆشیەکانی لێ دزیم، تازە هیچ نیشتمانێکی تر ناتوانێت ئەوەم بۆ بگەڕێنێتەوە"
- بیرەوەری-
شەوێکی زستانی ٢٠٠١ ئارەزوی سەروپێ خواردنمان کرد ،  لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا چوین بۆ ژێرپردەکە بۆ خواردنی سەروپێکەی نوری.  دوای سەروپێکە بەپێوە چامان دەخواردەوە جەمال رینگۆم بینی، لەگەڵ جەمال قسەوباسم زۆربوو، هاتە لامەوە وتی: دایی سەیرێک بکە بزانە پیرەمەگرون بەفری پێوە نیە؟ وتم دایی لێرەوە پیرەمەگروون دیار نیە و بۆچیتە؟ وتی: رەق بومەتەوە ئەمشەو چۆن بنوم بەو سەرمایە؟ 

لێم پرسی بۆ تۆ لە کوێ ئەخەویت؟ بەردەمی دوکانێکی نیشان دام کە شۆستەیەکی بەرزی بەدەمەوە بوو هەر ٥٠ سم پان بوو، وتی ئا لێرەدا ئەخەوم. وتم ئەی بەتانی؟ لێفە؟ سەرین؟ وتی ئەوانەم نیە من بەس بەتانیەکم ئەوێ، پێمووت بۆ سەرما لێفە باشە،وتی بۆ من باش نیە، چونکە کە لەسەر ئەو قەراغە ئەخەوم پارچەیەکی شۆڕ ئەبێتەوە و خەڵک رای ئەکێشن و خەبەرم ئەکەنەوە، بەس بەتانیەکە لەخۆم ئەپێچم و نایەڵم چمکی بەدەرەوە بێت تا رای بکێشن.

دواتر چومەوە ماڵەوە و بەتانیەکەم و لێفەیەکم هێنا چومەوە مالەوە بەتانیەکەم بۆهێنا، وتی بەس باشە پێم بڵی کە خەڵک یەن بۆسەروپێ خواردن، بۆ ئەوەنە قسە ئەکەن؟ وتم بۆ؟ وتی نایەڵن بخەوم! وتم بۆ دوور ناکەویتەوە بچیتە شوێنێکی تر؟ وتی:هیچ دوکانێک ئەو لێوارەی نیە ئاوا پان بێت بۆم؟ جەمال بۆیە حەزی لەو لێوارە بەرزە بوو ئەگەر باران بباریایە تەڕ نەئەبوو بۆیە حەزی لەو شوێنەبوو. 

رۆژی دوایی لەکوردسات چیرۆکەکەم بۆ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد باسکرد، زۆری پێناخۆش بوو، وتی: بڕۆ لەو شوێنەی خۆی ژورێکی لە ئوتێلێک بۆ بگرە و پارەی ساڵیکی پێشەکی ئەدەم بەمەرجێک ئاگایان لێی بێت و پاکی بکەنەوە شوێنەکەی. هێرۆخان خۆی بەشی سایکۆلۆژی خوێندبوو زۆرباش لەو کەسانە دەگەیشت،  وتم باشە بۆ هەرلەو ناوچەیە؟ خۆ لەشوێنی تر باشترە و پاک تەمیزو باشترە، بەس رەنگە گرانتر بێت، هێرۆخان وتی: مەسەلە گرانی و هەرزانی نیە، جەمال لەو جادەی مەولەوی ونزیکی چاخانەی  سەعەتا کۆیی دورکەوێتەوە ئەمرێت! بەلامەوە سەیربوو بەڵام تێگەیشتم ئەوانەی وەک جەمالن دەبنە کەلتوری گەرەکێک یان شەقامێک و نابێت دوربخرێنەوە لێی، وەک چۆن شەباب بوبووە کەلتوری شەقامی تویمەلیک. 

من پێشتر جارێکی تر تەکلیفم کردبوو بۆ خانەقاکەی مەحوی لەهێرۆخان کە کتێبخانەکەی خراپ بووە و هەموو شتەکانی مەحوین، بەباشی کەسێکی راسپارد هەمویان چاککرد، ئەمە جگە لەچیرۆکەکانی هێشتنەوەی ئەمنە سورەکەو سەراو شەڕەکانی بۆئەو شوێنانە کەمن شایەتحاڵی بەشیکیان بووم، هەروەها کڕینی چەندین خانووی بەنرخ بۆ رۆشنبیری سلێمانی کە زۆر خەمی ماڵی پیرەمێرد و شێخ مەحمود و هەموو ئەو ناوە دیارانەی سلێمانی هەبوو، سەڕەڕای خەمی مناڵانی سەرجادە لەرێگەی مناڵپاریزەوە...دیارە چیرۆکەکان زۆرن و دەکرێت ئەوانەی راستەوخۆ بەشداربون بیگێڕنەوە.

جەمال لەکۆڕەوەکەدا کاتێک خەڵکەکەی سلێمانیان بەجێهێشت لە سلێمانی بەجێما، سوپای بەعس چاوێکیان کوێر کرد، پاشان توشی روداوێک بوبو چاوەکەی تری لەدەست دابوو، دەیانجار بەهۆی ستایشکردنی شؤڕشەوە ڕووبەڕووی لێدانو ئازاری پیاوانی ڕژێم بوبووەوە، نابینا بوو بەڵام بەهەنگاو هەموو دوکانەکانی شەقامی مەولەوی و لای چاخانەکەی سەعەتا کۆیی و شەقامی مەولەوی و بەریدەکەی ئەزانی.

ڕینگۆ، کە خەڵکی گەڕەکی چوارباخ بوو، لە سەردەمی هەرزەرکاریدا کە باوی فیلمی عەسابەی ڕینگۆ بووە، ئەم نازناوەی بەهۆی شەقاوەیی بەسەردا دابڕاوە. جەمال تا پۆلی پێنجی ئامادەیی خوێندووە و لە ساڵی 1963دا کە رژێمی بەعس براکەی لەگەڵ سێ کەسیتر لەسێدارەدا ئەو دەچێتە سەر تەرمەکانیان، ئیتر تەسلیمی ئەو چارەنوسە دەبێت کە دەڵێت “شێتی زۆر لە خۆشەویستی دەچێت” سنوری عەقڵی تێکشکاند ولەشەقام جنیوی دەداو ستایشی پێشمەرگەی دەکرد. 

 بۆ من وەڵامەکەی هێرۆخان زۆر خۆش بوو، وامئەزانی تەواو کێشەکەی چارەسەر دەبێت، هەربۆیە بەپەلە خۆم گەیاندە لای جەمال رینگۆ و خەبەرەکەم پێووت. خەبەرەکەی زۆر پێخۆشبوو، وتی: بابرۆین لێرەوە. دیارە بەگۆچانەکەی ئاماژەی ئەکرد. ڕێمانکرد، لەشوێنێکدا وتی بۆستە، کەوەستاین بەگۆچانەکەی ئیشارەتی بۆ دوکانێک کرد وتی بڕۆ ئەو دوکانە ساحێبی ئوتێلەکەیە، پێی بڵی ژورێکم ئەوێ بەس مەڵی بۆ جەمالە! وتم چۆن ئەبێت تۆ لەوێ ئەخەویت هەر ئەبێ پێی بڵێم، وتی بزانێت بۆ منە نایدات چونکە ئەو پارتیە!

زیاتر بخوێنەرەوە

شوان شێخە قەرەنی

بۆیادی "سایەی شکۆمەندیی"
Copyright © 2025 . PJT Foundation. All right reserved