کوردی
العربیة
English
سەرەکی
دامەزراوە
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
سەرۆکی دامەزراوە
جێگری سەرۆک
ڕێکخەری میدیا
پەیوەندی
میدیا
هەواڵ
سەردان
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
چاوپێکەوتن
کتێب
سکۆلارشیپ
وتار
گەلەری
وتار
ئالان رەئوف
مام جەلال دۆستەكانی لە بیر ناكات
2025-05-11
سەردانەكەی سەرۆك مام جەلال بۆ ماڵی دانیاڵ میتران، لەناو رۆژنامە و ناوەندە میدیاییەكانی فەرەنسا دەنگدانەوەی گەورە و گرنگی دایەوە، بە جۆرێك كە مانشێتی یەكێك لە هەواڵەكان بۆ ئەم سەردانە بەمجۆرە نووسرابوو، (سەرۆك كۆماری عیراق، مام جەلال دۆستەكانی لە فەرەنسا لە بیر ناكات)
رۆژی 30/10/2006 سەعات 7ی بەیانی لە دەباشانەوە چوینە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەوێشەوە راستەوخۆ بۆ پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێكەوتین. ئەمەش بۆ یەكەم جاربوو مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی عیراق، سەردانی ئەو وڵاتەو دۆستە فەرەنسییەكانی بكات، ژمارەیەك وەزیر و پەرلەمانتاری عیراق و چەند رۆژنامەنوسێكیش یاوەری سەرۆك مام جەلال بووین لەو سەردانەیدا.
لە روخساری دانیاڵ میتراندا ئەوە دەبینرا، زۆر دڵخۆشە كە دۆستێكی دێرین و تێكۆشەر و سەركردەیەكی سیاسیی و خەباتكارێكی چەندین ساڵە بۆ مافی میللەتەكەی، ئەمرۆ وەك سەرۆك كۆماری عیراق سەردانی دەكات و لەبیری نەكردووە
دڵخۆش بوو بە سەردانی سەرۆك شیراك
نزیكەی 5 سەعات بە فڕۆكە بە ئاسمانەوە بووین تا گەیشتینە پاریس، بە درێژایی ئەو ماوەیەش سەرۆك مام جەلال بە كەیف و دڵخۆش بوو، بۆ ئەنجامدانی ئەم سەردانە، كە وەك سەرۆك كۆماری عیراق دەچێتە پاریس و هاوتا سەرۆكەكەی جاك شیراك و كاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەبینێت.
لەناو فڕۆكەكە، سەرۆك مام جەلال، ناوە ناوە لە شوێنی خۆی هەڵدەستا و ئەندامانی وەفدەكەی، تەنانەت ئێمەی رۆژنامەنووسانیشی بەسەر دەكردەوە و هەواڵی دەپرسین و قسەی خۆش و دەمەتەقێ لەگەڵ دەكردین.
هەمووی 2 سەعاتێك دەبوو لەناو فڕۆكەدا بووین، سەرۆك مام جەلال لە پەنجەرەی فڕۆكەكەوە تەماشای دەرەوەی دەكرد، ئەو بەردەوام لە هەموو ئەو گەشتانەی بە فڕۆكە دەیكرد حەزی بەوە بوو دەرەوە ببینێت، لەو بەرزاییەی ئاسمانەوە سروشت و بچوكی شار و گوند و رێگاكان ببینێت.
كاتێك گەیشتینە پاریس، لە فڕۆكەخانە لەلایەن كاربەدەستانی باڵای فەرنسا لە وەزیر و بەرپرسانی حكومی بە گەرمی پێشوازی كرا لە مام جەلال و وەفدی یاوەری، دوای ئەنجامدانی رێورەسمی پرۆتۆكۆڵیش بۆ پێشوازی كردن لە سەرۆك مام جەلال بەرەو شوێنی حەوانەوەی خۆمان بە رێكەوتین.
كۆشكی ئەلیزێ
رۆژی دواتر كۆبونەوە و دیدارە رەسمییەكانی سەرۆك مام جەلال و وەفدی یاوەری بە مەراسیمی پێشوازی پاسەوانی شەرەف لە كۆشكی ئەلیزێ دەستی پێكرد، ماوەی دیدار و كۆبونەوە رەسمییەكان لە پاریس كە پرۆتۆكۆڵ دیاری كردبوو 3 رۆژ بوو، بەڵام ئێمە 8 رۆژ لە پاریس ماینەوە.
دوای ئەو 3 رۆژە رەسمییە، سەرۆك مام جەلال چەندین دیدار و كۆبونەوەی تری ئەنجامدا، لەگەڵ جالییەی عیراقی و خاوەن كار و كۆمپانیاكانی فەرەنسا و نوێنەرانی چین و توێژەكان و چەندین كەسایەتی دیار و دیبلۆماتی فەرەنسی.
سەردانی دانیاڵ میتران
پاش نیوەرۆیەك لە هۆتێلەوە سەرۆك مام جەلال و هێرۆخان، خۆیان ئامادە كردبوو بۆ رۆیشتن، ئێمەش حازربووین، پێیان وتین بەس خۆمان دەرۆین بۆ ماڵی دۆستێكی خۆمان، مەبەستیشیان ئەوە بوو خۆمان، واتا ئەندامانی وەفدەكە نایەن، دۆستەكەش ماڵی خاتوو دانیاڵ میتران بوو.
كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆك مام جەلال لەبەر هۆتێلەكەوە بە رێكەوت و من و ئازادی وێنەگر لەبەر ئەوەی كاری هەواڵ نووسین و وێنەگرتنمان دەكرد، لە ئۆتۆمبێلی پێشەوە بووین و چەند ئۆتۆمبێل و ماتۆرسكیلی پۆلیسی هاتوچۆ لە پێش و پاشی كەژاوەكەوە بوون، تا گەیشتینە ماڵی خاتو دانیاڵ میتران.
ماڵی میتران لە گەرەكێكی ئاسایی پاریس بوو، زۆری ئۆتۆمبێلەكان و لورەلوری ئۆتۆمبێلی پۆلیس و پرۆتۆكۆڵەكان، سەرنجی رێبوارانی ئەو كۆڵانە و خەڵكی ئەو گەڕەكەی راكێشا، كە ئاخۆ ئەوە كێیە دەچێتە ماڵی خانەوادەی میتران، كە ساڵانێك بوو فرانسۆ میترانی هاوسەری سەرۆكی فەرەنسا بوو، دانیال میترانیش خانمی یەكەم و كەسایەتی دیار و گرنگی فەرەنسا بوو.
دڵخۆش بوو بە سەرۆك بوونی
مام جەلال
كاتێك چوینە ژوورەوە، خانویەكی زۆر سادەو ساكار بوو، دانیاڵ میتران كە تەمەنی بەرەو پیری هەڵكشابوو دانیشتبوو، هەستاو توند باوەشی كرد بە سەرۆك مام جەلال و هێرۆخان و شانازخان دا، لە روخساری دانیاڵ میتراندا ئەوە دەبینرا، زۆر دڵخۆشە كە دۆستێكی دێرین و تێكۆشەر و سەركردەیەكی سیاسیی و خەباتكارێكی چەندین ساڵە بۆ مافی میللەتەكەی، ئەمرۆ وەك سەرۆك كۆماری عیراق سەردانی دەكات و لەبیری نەكردووە.
لە دانیشتنەكەدا، دانیال میتران رووی كردە سەرۆك مام جەلال و وتی: زۆرم پێخۆشە تۆ دەبینم كە سەرۆكی عیراقی رۆژێكی خۆشە بۆ من، سەرۆك مام جەلالیش بە پێكەنین و لوتفەوە وتی: من هەر دۆستەكەی جارانم تۆش و فرانسۆ میترانی رەحمەتی ئازیز و خۆشەویست، پشت و پەنای ئێمە بوون و چاكەتان لەبیر ناكەین.
ماوەی دانیشتن و بەسەركردنەوەی خاتو دانیاڵ میتران، هیچی كەمتر نەبوو لە دانیشتن و كۆبونەوە رەسمییەكانی سەرۆك مام جەلال بگرە لە زۆربەیان زیاتر بوو.
دەتوانم بڵێم دانیشتنەكەی ماڵی خاتوو دانیاڵ میتران، دانیشتنێكی زۆر دۆستانە و خۆیی بوو، هەردوولا زۆر دڵخۆشبوون بەم بینینە، لە ئامانجی سەردانەكە و كەیف و خۆشی هەرودولا بەم دیدارە، تێگەیشتم خانەوادەی میتران لە فەرەنسا چەندە هاوكار و پشتیوانی كورد و مەسەلە رەواكانی بوون و چەند كاریگەرییان هەبووە، لەسەر سیاسەتی وڵاتەكەیان بە ئاراستەی پشتیوانیكردنی مەسەلەی كورد.
زیاتر بخوێنەرەوە
بارزان شێخ عوسمان
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵەیەکی هەڵکەوتوی نێو ژانەکانی گەل بوو
لەتیف نێروەیی
مامناسی، وەک فۆڕمێک لە تێگەیشتن لە خەسڵەتەکانی مام جەلال
د. شیلان فەتحی
مام جەلال؛ شکۆی نەتەوەیەک، سەمامی ئەمانی دیموکراسی
سالار مەحموود
کوردستانی عیراق بەڕێبەرایەتی سەرۆک مام جەلال لە دیکتاتۆریەت رزگاریی بوو
بارزان شێخ عوسمان
سەرۆك مام جەلال، چەمکێکی نوێ بەخشی بە سەرۆکایەتی
بڵێسە جەبار فەرمان
تەنیا چارەسەر بۆ مەسەلەی کەرکوک دیدی مام جەلالە
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
دامەزراوە
ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال
دەربارە
تیمی بەڕیوەبردن
پەیوەندی
کار و چالاکی
سیمینار
کۆنفرانس
دیبەیت
پرۆژە
لینکی زیاتر
کتێب
وتار
گەلەری
سکۆلارشیپ
میدیا
هەواڵەکان
سەردان
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2025 pjtfoundation.org ,All rigth reserved