من لەگەڵ ئێوەدام

2024-01-07

تووشبوونی مام جەلال بەجەڵتەی مێشك لە 17\12\2012 بۆشاییەكی فراوانی بەجێهێشت لەهەردوو گۆڕەپانی ناوخۆیی و دەرەوە، هەروەها شۆكێكی گەورەشی بۆ حزبەكەی ئێمە (حزبی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كورد لەسوریا) و بۆ سەركردایەتییەكەشی دروستكرد، بەو پێیەی پەیوەندی مێژووییمان لەگەڵ مام جەلال هەبوو كە بۆ زیاتر لە پێنج دەیە دەگەڕایەوە، بۆیە هەر دوای گەڕانەوەی لە سەفەری چارەسەر لە دەرەوەی سلێمانی، وەفدێكی سەركردایەتی (حزبی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا) لە 16\4\2014 سەردانیان كرد، بۆ پرسینەوە لە تەندروستی، وەفدەكەش پێكهاتبوو لە (عەبدولحەمید دەروێش و عومەر جەعفەر و ئەحمەد سلێمان و ئەحمەد بەرەكات و سەلمان ئیبراهیم و عەلی شەمدین و لەیلا حەسەن)، لەدیدارەكەدا هەڤاڵانی حزب خۆشحاڵی خۆیان بۆ باشبوونی تەندروستی سەرۆك  مام جەلال دەربڕی و باسیان لە رۆڵی مێژوویی و كاریگەری مام جەلال كرد لە رێڕەوی خەباتی بزووتنەوەی رزگاری كورد لە پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە.

باسكردنی یادەوەرییەكان

لەسەر رێنمایی هاوەڵەكانی مام جەلال، هەڤاڵانی حزب لەدیدارەكەدا باسی یادەوەرییە زۆر و كۆنەكانیان بۆ مام كرد، ئەو یادەوەریانەی كۆیانی دەكردەوە لەخەباتی هاوبەشیاندا بەمەبەستی چالاككردنەوەی زاكیرەی مام، لەكاتی دیدارەكەشدا مام جەلال بە بێ دەنگی و بەڵام بەگرنگییەكی زۆرە گوێ لە قسەكان دەگرت و جاروبار زەردەخەنەیەكی تێكەڵ بە حوزنیكی قووڵی دەكرد و بەهێمنییەكی زۆرەوە دەیڕوانییە سیمای هەڤاڵان، كە ئێمە هەستی پڕ لە خۆشەویستی و دۆستایەتیمان تێیدا دەبینی.
هەرچەند دیدارەكەمان لەگەڵ مام جەلالدا زیاتر لە نیو سەعاتی خایاند، بەڵام ئەو هیچ قسەیەكی نەكرد و تەنها بە ئاماژە وڵامی دەداینەوە، كاتێك هەستاین و خواحافیزیمان لێكرد، هەڤاڵ عەبدولحەمید دەرویش وەكو جاران پێی وت: جەنابی سەرۆك، هەڤاڵان دەگەڕێنەوە بۆ قامیشلۆ، هیچ شتێكت هەیە پێیان بڵێیت؟)، موفاجەئەكەش لێرەدا بوو كە هەموومانی تووشی سەرسامی كرد، كاتێك ئەم وشەیە لە زاری هاتەدەرەوەو وەكو هەورە بروسكەیەك بەرگوێمان كەوت و وتی:»لەگەڵ وێ مە (من لەگەڵ ئێوەدام)».
بەڵێ! مام جەلال لەگەڵ ئێمە بوو بەهەموو هەستیەوە و پاڵپشتێكی بەهێزی حزبەكەمان بوو بۆ زیاتر لەنێو سەدە، ئێمەش بێ دوودڵی لەگەڵیدا بووین لەخەباتی بێ وچان و قورسی دژ بەدیكتاتۆریەت و ستەمكاری، هەمووشمان پێكەوە لەپەیوەندییەكی خەباتگێڕانەی هاوسەنگدا و هەروەها هاوكار و دڵسۆزی یەك بووین،  خودی مام جەلال لەگەڵ هەموواندا بوو بەهەموو توانا و وزەو هەستی خۆیەوە و  لەپێناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی باڵادا.

هاندانی كوردی سوریا

كە مام جەلال لەناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا گەیشتە شام، بیرۆكەی هاندانی كوردی سوریای بۆ دامەزراندنی حزبێكی سیاسیی هاوشێوەی كوردی عیراق لەمێشكدا لەلا دروست بوو، حزبێك كە بتوانێت ئەركی بەرگری كردن لەگەلی كورد لەو بەشەی كوردستان بگرێتە ئەستۆ و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی كوردی سوریا بكات، مام گوێی نەدا بە هۆشدارییەكانی عەبدولحەمید سەراجیش لەو رووەوە كاتێك لە شام بینی لە 1957دا.
ئەوەبوو مام جەلال پەیوەندیی فراوانی و ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆی خستە خزمەتی دامەزرێنەرانی یەكەم (عوسمان سەبری و عەبدولحەمید دەروێش و حەمزە نوێران)، بۆ وەدیهێنانی دەستپێشخەرییە مێژووییەكەی و سەرخستنی لە 14\6\1957 و بەهاوكاری عەبدولرەحمان زەبیحی كە ئەوكات لەشام دادەنیشت.

پەیوەندییەكانی مام جەلال و سەركردایەتی حزبمان  رۆژ بەرۆژ گەشەی دەكرد و تا مام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە شام و لە 1\6\1975 دامەزراند و شۆڕشی نوێی لەكوردستان راگەیاند، یەكەم مەفرەزەشی لە ماڵی كەسایەتی نیشتمانی كوردی ناودار خەلیل عەبدی (صور) لە شاری قامیشلۆ لە 1\6\1976 دەرچوو، ئەوكات حزبی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا لەچوارچێوەی توانای كەمی خۆی درێغی نەكرد لە پێشكەشكردنی هاوكاریی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پاڵپشتی شۆڕشی نوێی گەلی كورد، بەوەش پەیوەندییەكانی هەردوو حزبی دۆست و برا باشتر و توندوتۆڵتر بوو لەپێناوی خزمەتی گەلی كورد و دۆزە نەتەوەییە رەواكەی، لەگەڵ هەموو ئەو لەمپەڕانەی دەهاتنە رێی لێرەو لەوێ، بەڵام ئەو پەیوەندییانە هیچ كاتێك نەبچڕان بەڵكو تا دەهات زیاتر دەچەسپا،  هەردوو حزبیش پێكەوەو لە كۆتایی حەفتاكان و ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، لەگەڵ چەند لایەنێكی تری كوردستانی بەشداربوون لە پێكهێنانی لیژنەیەكی كوردستانی كە دواتر بووە هەوێنی پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری، كە ئەركی ئەوەبوو ئامادەكاری بكات بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی كوردستانی بۆ هەموو حزبە كاراكانی سەر گۆڕەپانی هەر چوار پارچەی كوردستان، بەڵام بەداخەوە بارودۆخی ئەوكات نەیهێشت ئەو مەسەلەیە سەربگرێت.

مام جەلال بە كۆچی دوایی لە 3\10\2017 برینێكی قووڵی خستە دڵ و دەروونمانەوە، كاریگەرییەكی قووڵیشی لەرێڕەوی رووداوەكانی ناوچەكە و عیراق و كوردستانیش بەجێهێشت، چونكە ئەو سەمام ئەمان بوو.
سەرفرازی بۆ تۆ ئەی مامی نەمر لەدڵماندا.
مام جەلال لەدیداری لەگەڵ هەڤاڵانی حزبی دیموکراتی پێشکەوتووخوازی کورد لە سوریا
و: گۆران فەتحی

زیاتر بخوێنەرەوە

عیماد ئەحمەد

سێ (D) یەکەی مام
Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved