هەر کورد دەبین، دووربینییەکی مامۆستا ئتبراهیم ئەحمەد بوو

2026-04-08
راستە  مامۆستای مەزنی کوردایەتیی و کوردستانیی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد  بیست و شەش ساڵە لە ناوماندا نییە ، بەڵام پەیامە  مەزنەکانی  کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەدیهێنانیان  تەرخانکرد ، هەر بە زیندویی لە نێوماندا ماوەتەوە ، رۆژ لە دوای رۆژیش نوێ دەبێتەوە . 
 وا زیاتر لە  نۆ دەیەیە ، نەوە دوای نەوە پەیامەکانی  بە کتریی  دەسپێرن . ئەگەر  سەیری سەرەتای دەستپێکردنی   گەیاندنی ئەم پەیامەنەی مامۆستا بکەین کە دەستپێکەکەی لە شیعر و نوسینەوە بوە لە رۆژنامەی (ژیان) ی  پیرەمێردی نەمرەوە بوە ، راستەخۆ پەی بە فیکر و بیرکردنەوە نەتەوەیی و مرۆڤانەکەی دەبەین ، کە  بە کوردایەتیی کوردبون زاخاو دراوە . 
کوردبون لای  ئەم رۆڵە هەڵکەوتوەی گەلەکەمان  ئەو هەقیقەتە مێژوییە کە سەرباری هەمو دژواریی و جەور و ستەمەکان ، هەر بە زویندویەتیی ماوەتەوە . سیاسییەکان ، روناکبیرەکان ، خوێندکار و کاسبکاران ، هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردستان  بیرکردنەوە و روانینەکانیان  چەندە جیاواز و دوریش بێت  بەڵام لە کوردبون و شانازیی کردن بەوەی یەك نەتەوەی لێك دانەبڕاون ، یەك دەگرنەوە و کۆکن .
 هەر لەو پێناوەشدا بو کە  کۆلیژی حقوقی هەڵبژارد تا مافی ئەوەی هەبێت خاوەنی رۆژنامە یا گۆڤارێك بێت و فیکر و خەمە گەورەکەی تیادا بخاتە رو ، قەڵەم و فیکری هاوشێوەش لە خۆی کۆبکاتەوە .
ئەوەبو گەلاوێژ بوە ئەو سەکۆ و مینبەرە کە لە هەمو بەشەکانی کوردستانەوە هانای بۆ ببرێت ، پێشتریش لە نامیلکە بەناوبانگەکەیدا (کوردو عەرەب-١٩٣٧) کە  بە هۆیەوە روبەڕوی دادگابوەوە،،( جا کەی مامۆستا ی مەزن لەسەر ئەم هەڵوێستە نەگۆڕانەی روبەروی دادگا و بەندیخانە نەبوەتەوە)، بە شێوازێکی زۆر زانستیانە  هاوبەشیی راستەقینەی کوردی لە عێراق و بەشەکانی تریشدا خستوەتە بەرچاو ، بە ئامانجی هوشیارکردنەوەی رۆڵەکانی گەلەکەی و  بەدرۆخستنەوەی بوختانی نەیارانی کورد و هەڵوەشانەوەی پیلانەکانیان  بە نکووڵیی کردن لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد .  لە هەمان کاتدا بۆ پوچەڵکردنەوەی هور تۆمەتێك کە بدرێتە پاڵ کورد بەوەی دابڕاوە و دژ بە گەلانی ترە . شاکارە  ئەدەبیی و سیاسییەکانی تریشی  لە هەمان ئامانجەوە سەرچاوەیان گرتوە . ئەو گەنجینە سیاسیی ، ئەدەبیی و فیکرەیەی برایم ئەحمەد  لە بن نایەت تا لە بەرهەمەکانی ورد ببینەوە   هزری نوێی تیادا دەبینین . 
مامۆستای رابەری کوردایەتیی هەمیشە هاوارەکەی بۆ یەکگرتویی کورد بوە ، کە تاکە هەتوانی ساڕێژ کردنەوەی زامەکانی پارچە پارچە بونیەتی .  هەمیشە هانی رۆڵەکانی گەلەکەی داوە کە کوردبونیان   بە شانازیی لە نێو کۆڕو کۆبونەوەکاندا بخەنە رو ، چونکە ئەوە راستییەکی مێژویی حاشا هەڵنەگرە ، ئەوەشی بە بیر هێناونەتەوە کە لە هەر  تەنگانەیەکدا هەر کوردبون دەبێتە رێنما بۆ بەدەنگەوە چونی یەکتر . ئەوەش دوربینیی   ئەم رابەرە مەزنەی گەلەکەمان دوپات دەکاتەوە .  ئەوە بەو مانایە نەبوە کە گەلانی ترمان لا کەم بایەخ بێت بە پێچەوانەوە بۆ پێکەوە ژیان بوە لەگەڵ تورك و عەرەب و فارس و ئەوانی دیکەشدا ، بە ئامانجی سڕینەوەی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی ژێردەست ، ئەوەش کرۆکی پەیامە مرۆڤایەتییەکەی  بوە . 
بۆیە هەمیشە لە هەر سەکۆیەکی بۆی رەخسا بێت داکۆکیی لەو بیر و ئایدۆلۆژیایەی کردوە . لە کۆنگرەی نیویۆڕکی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق (٣٠/ئۆکتۆبەر -٢ی نۆڤەمبەری ١٩٩٩)، کاتێك لە گفتۆگۆی راپۆرتی سیاسیی کۆنگرەدا هەوڵ دەدرا  لەبەر خاتری ئەم و ئەو ،  خۆ بدزرێتەوە لە مەسەلەی  پەیڕەو کردن و چەسپاندنی شێوازی فیدراڵیی  لە پەیوەندیی  نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئایندەی عێراق  دا  ، پارێزەرەکەی کوردایەتیی لە مورافەعەیەکی 
لۆژیکیی و زانستیییدا ،  هەموانی سەرسام کرد . ئەوەش لەو روانگەیەوە بو کە کورد مافی خۆیەتی بڕیار بدات .
   لە کۆتاییدا ، هەموان ئەو راستییانەمان بە بیر دێتەوە کە لە  هەمو کۆستەکانماندا  لە هەر بەشێك لێمان قەومابێت کورد بون بەفریای یەکتری خستوین . تازەترین بەڵگەش  ئەو یەك دەنگییە بو کە سێ مانگ لەمەوبەر هەمو کورد نواندنی بۆ پشتتوانییکردن لە خوشکو براکانمان لە سوریا(رۆژئاوا) . سرودە مەزنەکەی هەر کوردەبین  بوە سیمبول و دروشمی تەواوی خۆپیشاندان و رێپێوانەکانی پشتیوانیی ، بە مەش ئەو  دور بینیی  و بیرتیژییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەهەر کاتێکی تر بەرجەستە بو ، کە کورد بون و هاوخوێنیی بۆ هەمولایەکی سەلماند کورد یەك مەسەلەی هەیە و چەندە جیاواز بن و لەیەکتر دوربن ، بەڵام  وەك بەردەوام مامۆستا ئیبراهیم  ئەحمەد دوپاتیکردوەتەوە ، هیچ سنورێك لەبەردەمیدا نییە  کە بتوانێت ببێتە رێگر لەبەردەم ئەو راستییەی کە کورد یەك مەسەلەی هەیە لە هەمو بارو دۆخێکدا ، ئەویش کورد بونە کە هەمومان کۆدەکاتەوە .

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved