ھێرۆخان پێشمەرگەی کامێرا لە شان

2024-01-07

زۆرن ئەوانەی لە بوارە جیاجیاکاندا پێشمەرگەئاسا تێدەکۆشن و هەوڵی بەرەوپێشبردن و پاراستن دەدەن.
میدیا لە ژیانی مرۆڤەکاندا رۆڵی کاریگەری هەیە، لەڕێگەی میدیاوە دەکرێت گۆڕان لە کۆمەڵگەدا بکرێت و بەرەو پێشەوەی ببرێت.
میدیا بە چەندەها جۆر و لە چەند رووێکەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر رەوتی ژیان و کۆمەڵگە هەبێت.

ئەرکێکی سەرەکی میدیا پاراستنی سەروەرییە مێژوییەکانە لە لە بیرچوونەوە و لەناوچوون ئەو سەروەریی و شانازییانە بگوازێتەوە بۆ نەوەی داهاتووە لەڕێگەی دۆکۆمێنتارییەوە.
هێرۆخان ئەو ئەستێرەیەی لە ئاسمانی شۆڕشی نوێدا دەدرەوشێتەوە نەک تەنها وەک سیاسەتمەدارێک و پێشمەرگەیەک، بەڵکو وەکو کامیراومن و فۆتۆگرافەرێک.
هێرۆخان بە کامێرا ڤیدیۆکەی و کامیرە فۆتۆگرافەکەی هەموو چرکە و ساتەکانی خەبات و بەرەنگاری و ستەمەکانی داگیرکەری ئەرشیف دەکرد.
ئەو ژنە باریکەلەیەی بە کامێرەیەکی کۆنی چەندەها کیلۆیی سەرشانییەوە داستانەکانی پێشمەرگەی تۆمار دەکرد و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام دەدان.
ئەو ژنەی دەیزانی بەڵگەی مێژووی چەندە بەنرخ و گرانبەهایە و چۆن لەڕێگەی گفتوگۆ لە زاری پێشمەرگەوە داستانەکان بگوێزێتەوە.

ھێرۆخان پێشمەرگەی کامێرا لەشان

ئەو سەرکردە ژنەی بڕوای تەواوی بە ئەرشیفسازی و کاریگەریی راگەیاندن ھەبوو، رۆژگار دەرفەتی دا بەشێک لە خەونەکانی بھێنێتەدی و پێشکەشی کوردستانی بکات.
بە دامەزراندنی تەلەفزیۆنی خاک و کەناڵی کوردسات کە لە ھەناوی ئەو کەناڵانەدا بەرنامەی رەخنەیی و رای جیاواز، ھونەر و فەرھەنگ بەمەودای فراوان رەنگی دابووەوە.
لە سەردەمێک دا کە سۆشیاڵ میدیا نەبوو کەناڵی ئۆپۆزسیون بوونی نەبوو، لەم کەناڵانە لەڕێگەی بەرنامەی بەرنامە و چەندەها بەرنامەی جیاوازەوە رەخنە لە حکومەت و دەسەڵات دەگیرا.
یەکەم فیلمی کارتۆنی دۆبلاج کراو بە زمانی کوردی بۆ منداڵان پەخش دەکرا.

ھەر بەوەشەوە نەوەستا گۆڤاری خاک و سیخورمەی وەک بڵاوکراوەی کاغەزین خستە سەر سەرمایەکانی، توانی زمانێکی نوێ لە رەخنەی تەنز ئامێز و کەشکۆڵی توانج لە کەموکوڕیی و نادادییەکان بگیرێت.
ئەو خەونی گەورەتر لە حزبایەتی ھەبوو بۆیە بیرۆکە و داھێنانەکانی لەسەرووی خواستی حزبیەوە بوو ئەو لە بۆتەی بابەتی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتیدا ھاوکاری و یارمەتیدەری پرۆژە و بەرنامە میدییایەکان بوو.
زۆری دەکردو زۆری دەبەخشی، بەڵام کەمترین خۆپیشاندان و خۆ دەرخستنی ھەبوو، کەم دوو، بەڵام زۆر بەخشش.

بەشێک لە میدیاکارە پرۆفیشناڵ و دەرکەوتووەکانی کوردستان لە سەرچاوەی ئەو میدیایانەوە دەرکەوتن کە ھێرۆخان پاڵپشتی بووە.
کەواتە نەک ھەر بۆ کەناڵی میدیا، بەڵکو بۆ پێگەیاندن و دەرکەوتنی میدیاکاری باش و پرۆفێشناڵیش ھێرۆخان لەم بوارەدا شوێن دەستی دیارە.
ھێرۆخان لەو سەرکردە دەگمەنانە بوو لەکاتی ئاڵۆزییەکاندا دەیویست میدیا رۆڵی ئاو ببینێ بۆ دامرکاندنەوە نەک رۆڵی بەنزین بەو تێرمەش ھانی میدیاکانی دەدا لەکاتی قەیرانەکاندا بەرپرسانە بەرخورد بکەن.
لەناو ئەوجی کێشمەکێشەکانی سیاسەت و بابەتی ھەڵبژاردن و شەڕە دەنووکی میدیاکاندا ئەو کەناڵانەی ھێرۆخان سەرپەرشتی دەکرد بەھێمنی و بەشنەی شەماڵ و چەپکە گوڵەوە زانیاری دەبەخشی بە خەڵک و پیشان دەدرا خزمەت تەنها لەڕێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیاسییەوە ناکرێ و ژیان بەرفراوانترە لەو تەسکبینیەی لەناو شەڕەکانی ئایدۆلۆژیادا ھەیە.

لەسەردەمی پێش گەشەکردنی سۆشیاڵ میدیا نەبوونی فەیسبووک، ئەنستاگرام و تیکتۆک لە کوردستان، ئەو پرۆژە رەخنەییەکانی لە حکومەت و ھەڵەی دامودەزگاکان بە شێوازی تەنز و بە ھونەر ئاراستە دەکردن.
لەو بوارەشدا ئەرشیفێکی گەورە ھەیە کە ھەموو ئەو چالاکی و ھەوڵی چاکسازییانە بە بیرۆکە و پشتیوانی ئەو ژنە سەرمەشقەی کوردستان بوو.
لەکاتێکدا گەورەکان لە دەست چەماندنەوەدابوون ھێرۆخان خەمی منداڵانی بوو بەھەموو شێوەیەک ھەوڵی ئەدا پەروەردەیەکی بنچینەیی نوێ بۆ مناڵانی کورد بوونیات بنێت، دەرکردنی گۆڤاری مناڵان و گۆڤاری پەپولە دیاریەکی میدیای مناڵان بوو کە دەیگەیاندە باخچەی ساوایان و قوتابخانەو کتێبخانەی شارەکان.

لەم بوارەدا بەتایبەتی چەند شیکردنەوە بکرێت و بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەمانەی کەناڵەکان دەستیان بەکار و چالاکی کرد
تێگەیشتن دروست دەبێت چ شۆڕشێکی میدیایی کرد ھێرۆخان لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی چەکداریی.
نازناوی پێشمەرگەی کامێرا لە شان بەشان و باڵای زراڤی ئەو ئەبڕم و لە یادی میدیاکانیدا یادی ئەویش دەکەم.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2024 . PJT Foundation. All right reserved