مام جەلال خوێندنگایەک بۆ دوێنێ و مانیفێستێک بۆ سبەی

2026-04-26


کاتێک باس لە مام جەلال دەکەین، تەنها باس لە سەرکردەیەک یان سەرۆک کۆمارێکی پێشوو ناکەین؛ بەڵکو باس لە دیاردەیەکی سیاسی و فەلسەفەیەکی حوکمڕانی دەکەین کە تێیدا "مەحاڵ" بوونی نەبوو. ئەو تەنها مێژووی نەنووسییەوە، بەڵکو ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی.

مام جەلال خوێندنگایەك بوو فێری کردین چۆن لە ناو جەرگەی ئاگردا، پردی پەیوەندی دروست بکەین. شیکاریی سیاسیی ئەو بۆ نەوەکانی داهاتوو پێمان دەڵێت:
مام دەیتوانی نەیارە سەرسەختەکان لەژێر یەک سەقفدا کۆبکاتەوە. ئەمە وانەیەکی زێڕینە بۆ ئایندە کە چۆن "کێشە" بگۆڕدرێت بۆ "دەرفەت". ئەو نەک هەر لە خەونەکاندا نەدەژیا، بەڵکو خەونەکانی بە ئامرازی واقیعی دەگۆڕی بۆ دەستکەوت.
گەورەترین میراتی فیکریی مام جەلال بۆ نەوەکانی داهاتوو، چەمکی پێکەوەژیان بوو. ئەو پێی وابوو هێز لە یەکڕەنگیدا نییە، بەڵکو لە تەواوکاریی فرەی ڕەنگەکاندایە، بۆ نەوەی داهاتوو ئەم دیدگایە دەبێت ببێتە دەستووری کارکردن. لە جیهانێکی پڕ لە ململانێی ئایینی و نەتەوەییدا، فەلسەفەی "چەپکە گوڵەکە" تەنها دروشم نییە، بەڵکو تاکە ڕێگەی ڕزگاریی نیشتمانییە، مام جەلال خاوەن بینین و بیرێکی دووربوو؛ کاتێک هەمووان پێیان وابوو ڕژێمی بەعس ناڕووخێت، ئەو نەخشەی عێراقی نوێی دەکێشا. کاتێک هەمووان بێئومێد دەبوون، ئەو دەبووە کانیی ئومێد، فێری نەوەکان دەکات کە سەرکردە نابێت پاشکۆی ڕووداوەکان بێت، بەڵکو دەبێت دروستکەری ڕووداوەکان بێت.
ئەوەی مام جەلالی کردە خوێندنگایەکی کاریگەر، تێکەڵبوونی بوو لەگەڵ خەڵک. ئەو "سەرۆکی پڕۆتۆکۆڵەکان" نەبوو، بەڵکو "سەرۆکی دڵەکان" بوو.
"پێویستە نەوەی ئایندە بزانن کە دەسەڵات ئامرازێکە بۆ خزمەت، نەک بۆ خۆسەپاندن. کێشی سیاسیی مام جەلال لە کورسییەکەیەوە نەبوو، بەڵکو لەو متمانەیەوە بوو کە لەگەڵ جەماوەردا هەیبوو."
خوێندنگای سیاسیی مام جەلال تەنها بۆ خوێندنەوە و شانازی کردن نییە، بەڵکو بۆ پراکتیکردنە. نەوەکانی ئایندە ئەگەر دەیانەوێت نیشتمانێکی ئارام و بەهێزیان هەبێت، دەبێت ئەم سێ بنەمایە لە مام جەلالەوە وەربگرن:
سەبرگرتن لە سیاسەتدا و  تەسلیم نەبوون لە کاتی تەنگانەدا، چەک تەنها بۆ بەرگرییە، بەڵام عەقڵ بۆ سەرکەوتنە، نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی خاک لە ڕێگەی خزمەتکردنی مرۆڤەوە.
مام جەلال نەمرە، چونکە ئەو بیرۆکەیەکە، و بیرۆکەکان هەرگیز نامرن؛ تەنها لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تری وشیار دەگوێزرێنەوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved