بەڵێن دەدەم ببمە محامی کرێکاران
2026-04-30
وتاری سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە ڕۆژی جیهانی جەژنی کریکاران لە ساڵی ٢٠٠٠
خوشک و برایانی خۆشەویست جەژنی یەکی ئایارتان پیرۆزبێت ، جەژنی یەکی ئایار جاران بەتەنیا جەژنی کرێکاران بوو، بەڵام دەمێکە یەکی ئایار بووە بە جەژنی کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیر و بازوش، بووەتە جەژنی هەموو ئەو کەسانەی کە خەبات دەکەن لە پێناو ڕزگارکردنی ئینسان لە زوڵم و زۆرو چەوساندنەوەو خوین مژین، بۆیە گرنگی یەکی ئایار زۆر فراوانترو بایەخدارترە بەوەی کە بۆتە جەژنی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵک، جەژنی یەکی ئایار هەر جەژنی یەک وڵات نییە، بەڵکو جەژنی کرێکاران و ڕەنجدەرانە لە سەرتاسەری جیهاندا، ئەم خاسیەتەش خاسیەتی نیشتیمانی و نەتەوایەتی پێکەوە گرێدەدات و گرنگییەکی گەورە دەدات بە خەباتی کرێکاران لەسەرتاسەری جیهاندا، کە لە ناوەڕۆکیا خەباتێکە دژی چەوساندنەوەو دژی زوڵمو زۆرو داگیرکردن و ستەمی میللی و چینایەتی، بۆیە پاراستنی ئەو هاوخەباتی و هاریکارییەی نێوان کرێکاران و ڕەنجدەران لە ناوەوەی وڵات و وە لەگەڵ وڵاتانی دنیاش، ئەرکێکی پیرۆزی کرێکارانی کوردستانیشە، خۆشبەختانە لە کوردستانی ئازاددا، دەتوانین بە ئازادی و بە سەربەستی جەژنی یەکی ئایار بکەین، وە لەم جەژنەشدا ئەرک و پێویستییەکانی سەرشانی خۆمان، وە داخوازییەکانی کرێکاران بخەینەڕوو.
دیارە کرێکاران وەک چینێکی نوێ لە کۆمەڵدا، وەک چینێک نەک هەر بەرهەمهێنەرن، بەڵکو بۆ پێشەوەبەری کۆمەڵیشن، چینێکن گرنگییەکی تایبەتیان هەیە لە ئێستا و لە دواڕۆژیشدا، ئەو چینەنە کەوا دواڕۆژی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی ئەوان نەخشەکەی دەکێشرێت، جگە لەو ڕاستییەی کە کرێکاران بۆ ڕزگارکردنی خۆیان، پێویستیان بە ڕزگارکردنی سەرتاسەری کۆمەڵ هەیە لە هەموو ئەو زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەیەی کە دەکرێت، بۆیە لەڕاستیدا جەژنی کرێکاران جەژنی هەموو کۆمەڵان و زۆر لێکراوان و بەشخوراوان و هەموو ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت خەبات بکەن لەپێناوی ڕزگارکردنی ئینسان لە زوڵم و زۆری نەتەوایەتی و چەوساندنەوەی چینایەتی، لەم بۆنەیەدا من پێمباشە کە وتەی ئەو برادەرەی کە لێپرسراوی کرێکارانە، بکرێت بە پەیڕەو بۆ کرێکارانی کوردستان، بەتایبەتی بۆئەوەی خەبات بکەن کەوا سەندیکاکەیان بکەنە سەندیکای زۆربەری هەرەزۆری کرێکاران، چونکە کرێکاران ئەگەر خۆیان ڕێک نەخەن و زۆربەیان یەک نەگرن هیچ نەبێت لە شێوەی سەندیکادا، ناتوانن ئامانجەکانیان بهێننەدی وە ناتوانن گەشە بکەن، وە ناشتوانن گەشە بدەن نە بە خەباتی دیموکراتی و سەندیکایی و نەبە خەباتی چینایەتی خۆیان، بۆیە ئەرکێکی پیرۆزی سەندیکا ئەویە کە هەوڵ بدات زۆربەی زۆری کرێکاران لەناو ڕێکخراوەکانی خۆیاندا کۆبکاتەوەو هێزو تواناکانیان سازبدات، پێویستە بەشی هەرەزۆر لە کریکاران وە ئەگەر بکرێت هەموویان بە جیاوازی بیر و باوەڕی سیاسییان، بەجیاوازی حزبایەتییان، بەجیاوازی بیرو باوەڕیشیان دەربارەی کۆمەڵیک گیروگرفتی کۆمەڵایەتی، کۆبکرێنەوە لەناو سەندیکاکاندا بۆ ئەوەی چینی کریکار وەک چینێک بخەمڵێت و بێتە بەرچاو پاشان لەناو بۆتەی خەباتی خۆیدا وردە وردە بتوێتەوەو هەنگاوەکانی پێویستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەوپێش بنێت، دیارە ئەوە هەوڵ و خەباتێکی زۆری دەوێت، لە خۆبوردنی دەوێت، دوربینی دەوێت، دوورکەوتنەوەی دەوێت لە دیدی تەسکی حزبایەتی، هیوادارم کرێکارانی ئەم بەشە ڕزگارەی کوردستان ببنە نمونە بۆ سەرتاسەری کوردستان، لە کۆکردنەوەو یەک خستنەوەی هێزەکانیان و بە تەبایی و بە کۆمەڵ کارەکان بکەن، لە سەرکردایەتی کرێکاراندا ڕەوایە کە نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکان کە وجودیان هەیە لەناو کرێکاران هەبن و بەشداربن، ڕکێخراوی کرێکاران دەبێت دەوری دروستکردنی جوڵانەوەی کرێکاری بهێنێتە کایەوە، خەمڵاندنی کرێکاران لەناو بۆتەی چینێکدا ئینجا خستنە گەڕیان و کار پێ کردنیان وەک و چینێک کە دەیەوێت ئامانجەکانی خۆی وە ئامانجی چینایەتی و نیشتمانی بهێنێتە دی.
بێگومان لە کوردستانی ئازاددا خەباتی چینی کرێکار و زەحمەت کێشان و ڕەنجدەران دەوام دەکات وە دەبێت گەشەی پێبدرێت، ڕاستە حکومەتەکەمان حکومەتی خۆمانەو بەشی هەرە زۆری خەڵک پشتیوانی لێ دەکات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە خەباتی کرێکاران بوەستێت و درێژەی پێ نەدرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێت خەباتی کرێکاران گەشەی پێ بدرێت وە بە ڕێبازی ڕاستی خۆیدا بەرەوپێش بچێت بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانیان، هەندێک لەو ئامانجانەی کە برادەران باسیان کرد قابیلی جێبەجێ کردنە و بەزوترین کات جێبەجێیان دەکەین، یەکێک لەوانە پەیوەندی بە منەوە هەیە کە مەسەلەی قانونی (١٥٠) من دەمێکە قانونی(١٥٠) فڕێداوەتە زبڵدانی مێژووەوە، بڕیارمانداوە لەم رۆژانە قانونێکی نوێ دروست دەکەین لەسەر پێشنیاری سەندیکای کرێکاران، بەڵام ئەوەندە دوورو درێژیان نووسی بوو کە پێویستی بە ڕێکخستن و چاکتر ئامادەکردن دەکات، ئەگەرنا بەتەمابووم ئەو قانونەتان لەگەڵ خۆم بۆ بێنم بۆ ئەم کۆبوونەوەیە، بەڵام بە دڵنیایی لەماوەیەکی کەمدا ئەو قانونە دەردەچێت کە چینی کرێکار دەبێتەوە چینی کرێکار وە داخوازییەکانی ترتان وەک کرێکاران لە قانوونەکەدا ڕەنگ دەداتەوە، قانونێکی پێشکەوتن خوازانە و نمونە لە ناوچەکەمان دادەنێین، بەکورتی دەتوانن وا لەو قانونە تێبگەن کە لە گیرفانتاندایەو لە دەرچوونە، بڕیاری لەسەر دراوە وا خەریکن لیژنەیەکی تایبەتی لێی دەکۆڵێتەوە، وە بێگومان رەئی سەندیکای کرێکاران بە هەند وەردەگرین، وە دەورێکی گرنگی دەبێت لە داڕشتنی خاڵەکانی بەندەکانی ئەو قانوونە.
دێینە سەر داخوازییەکانی تری کرێکاران کە لە پێشەوە دەیڵێم هەموو داخوازییەکان ڕاست و ڕەوان، بەڵام پیویستە ئەو ڕاستیانەش بزانین کە ئێمە چەندین ئابڵوقەمان لەسەرە، یەکێک لەوانە ئابڵوقەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە بنەڕەتدا دژی دیکتاتۆریەت داندراوە بەڵام ئێمەش بە ئاگرەکەی سوتاوین، ئابڵوقەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەکخەری بەرهەم هێنانە، بۆ نمونە هێنانی جگەرە بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوایە، بەڵام هێنانی فلتەر بۆ دروستکردنی جگەرە مەمنوعە، جارێکیان من ئەو قسەیەم لەگەڵ وەزیری خارجی ئەمریکی (جەیمس بەیکەر) کرد، زۆری لا سەیربوو وە باوەڕی نەکرد هەتا پرسی وتیان بەڵێ وایە، ئەوە چونکە فلتەرەکەی یان کاغەزی جگەرەکە داخلی بەرهەمهێنان دەبێت بۆیە قەدەغەیە، بەڵام هێنانی جگەرە قەدەغە نییە، ئەوە ڕێگرییەکە لە هێنانی کۆمەڵێک ئەدەواتی پێویست بۆ خستنەگەڕی کارگەکان، ئێمە ئەگەر بمانەوێت کارگەی جگەرەی سلێمانی چاک بکەیەنەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە نادەن، چونکە دەڵێن ئەمە لە بەرهەمهێنان دایە نەک لە خزمەتگوزاری، لەلایەکی ترەوە ڕێگری تر حکومەتی عێراقە، حکومەتی عێراق بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات کە پەکی ئەوە بخات کە کارگەکانی وڵاتی ئێمە بخرێنەوە گەڕ، دەمەوێت نمونەیەکتان بۆ بهێنمەوە، کارگەیەکمان هەیە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، ئەم کارگەیە پێویستی بە چەند ئەدەواتێکی ئیحتیات و چەند شتێک هەیە بۆ ئەوەی بخرێتە گەڕ، هەوڵێکی زۆر کە دوو ساڵ زیاترە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان داویەتی تا هاتنە سەر ئەو قەناعەتەی کە بەڵێ باشە با هەوڵبدەین بۆ چاککردنەوەی، کە بۆ ئەوەش پێویستە لەگەڵ شەریکەی (کرۆپ)ی ئەڵمانی قسەبکەن کە ئەم کارگەیەی داناوە ئینجا دەبێت حکومەتی ئەڵمان موافەقەت بکات کە شەریکەکە بێت ئیش بکات، دیارە دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکانیش موافەقەت بکەن، هەردوو لا موافەقەتیان کرد شەریکەکەش پسپۆڕێکی دانا کە تەماشای بکات بۆ ئەوەی بزانن کەلوپەل چی پێویستە بۆی بهێننەوە، ئەو پیاوەی کە دۆستی عێراقبوو وە لەسەر عێراق ئیستیقالەی دا، هاتە ئێرەو خەبەرەکەی وەک مژدە هێنا وتی ئێمە ئەو ئیشە دەکەین، من پێکەنیم وتم نایکەیت، وتی دەیکەین وتم ئاخر شتێکت لە بیرچووە، ئەو پیاوەی کە دێت دەبێت ڤیزەی هەبێت عێراق ڤیزەی ناداتێ، وتی نا من بەڵێم وەرگرتووە لە حکومەتی عێراق، منیش وتم کاکە لە تۆ باشتر حکومەتی خۆم دەناسم وەرە با گرەو بکەین، من دەڵێم حکومەتی عێراق ڕێگەنادات، وتی زۆرم پێناخۆشە تاڵەبانی، تەقدیرەکانت غەڵەت دەرچێت بەڵام دڵنیام ئەم تەقدیرەت غەڵەت دەردەچێت، منیش وتم زۆرم پێناخۆشە تەقدیرەکانم غەڵەت دەرچێت بەڵام بۆ ئەمەیان زۆر پێم خۆشەبێت، پاش ماوەیەک هاتەوە کزببوو وتی وەڵلا ڤیزەکەیان نەدا، منیش گوتم نەموت من حکومەتی خۆمان باشتر دەنسم لە تۆ؟ وتی نا هێشتا ئومیدم ماوە ئەو مەئمورەی کە بینیومە وەکیل وەزیربووە، من لەگەڵ مامۆستا تارق عەزیز کۆبوونەوەم هەیە ئەو پیاوێکی دیپلۆماتەو تێدەگات و بەدڵنیایی من موافەقەتی لێوەردەگرم، منیش وتم جاریکی تر گرەوت لەگەڵ دەکەم کە وەری ناگریت، دیسان چووەو هاتەوە وتی وادیارە تۆ حکومەتەکەی خۆت باشتردەناسیت، بەم شێوەیە تەماشادەکەیت ڕێگەنادەن پسپۆڕێک بێت بۆ ئێرە تەنها تەماشای کارگەکەمان بکات بزانین چی پێویستە کە بەگەڕی بخەینەوە، لەکاتێکدا ئەمە کارگەیەکە بۆ بەرهەمهێنان پێویستە، بۆ هەموو مەشروعەکان کە لە کوردستان دەکرێت، زۆر زۆر پێویستە، ئێستا مەجبورین ڕێگای قاچاغ بگرین بۆ چاک کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە بەڵام خوا لە سوڵتان مەحمود زۆر گەورەترەو لە کۆتایدا هەرچاکی دەکەینەوە، ئەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە برادەران کردیان بۆ بەگەڕخستنەوەی کارگەکان، بەڵێ زۆر زۆر پێویستە کە بخرێنەوە گەڕ، وە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵدەدات بیخاتەوە گەڕ، چونکە ئەمە هەم پێویستە بۆ خستنە گەڕی کرێکاران و هەم پێویستە بۆ دەرامەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر حکومەت ئەو توانایەیەی هەبێت کە کارگەکەی سەرچنار و تاسڵوجە بخاتەوە گەڕ، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ دەرامەت و بۆ پێدانی مووچەی هەم مەئمورەکان هەم کرێکارەکان وە بۆ باشکردنی ژیانی کرێکاران، هەروەها کارگەی جلوبەرگمان هەیە ئەوەش هەوڵی زۆری بۆدراوە کە بخرێتەوە گەڕ، منپێم وایە ئەم هەوڵەیان ڕەنگە سەربگرێت کە دەستکەوتی ئەو لایەنانەشی تیدایە کە لەگەڵیان قسەکراوە چ لە تورکیا و چ لە ئێران، کەواتە لەوەشدا هاودەنگین لەگەڵ برایانی کرێکاران کە پێویستە ئەو کارگانە بخرێنەوە گەڕ، ئێمە پێویستە ڕاستییەکی تریش بڵێین هۆیەکی تری دواکەوتنی بەدیهێنانی ئامجەکانتان ئەو گەمارۆیەیە کە براکانتان خستویانەتە سەر ناوچەکەی ئێمە وە بەناحەق و بەخۆڕایی ئێمەیان بێبەش کردووە لەبەشی خۆمان لە گومرگی برایم خەلیل، کە ساڵانە بە سەدان ملێون دۆلار و هەزاران ملیۆن دینار تەخمین دەکرێت، کە ئەگەر بەشی ئەم ناوچەی کوردستانەی لێدرابا و باش تەوزیع بکرایە دەتواندرا زۆر لە داخوازییەکانی کرێکاران بە ئاسانی جێبەجێ بکەین، زۆر لە داخوازییەکانی خانەنشینەکان و موچە خۆرەکان و کەسانی تر جێبەجێ بکەین، هیوادارین ئەوەش بە گفتوگۆو بەو هەوڵانەی کەلەبەردەماندایە بەشێوەیەک چارەی بۆ بدۆزینەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێویستە خەباتی خۆمان بکەین بۆ چاککردنی بارودۆخی ئابووریی خۆمان و کە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی هەموولایەکمان.
خوشک و برایانی خۆشەویست خۆتان خاوەنی وڵاتەکەن، وە من دەسەڵاتتان دەدەمێ کە لیژنەی سەندیکا بێت تەماشای بوجەی هەرێم بکات کە ببینن سەرچاوەکانی داهات چۆنە، وە چەند توانای بەدیهێنانی ئامانجەکان و داخوازییەکانی ئێوەی هەیە بەڵینتان دەدەمێ هەمووی جێبەجێ بکەین، بەڵام پێویستە ئەو ڕاستییەش بزانین کە کۆمەڵێک کەندو کۆسپ هەیە لە ڕێگەمان، هەندێک شتمان پێدەکرێت، وەک بابەتی قانونەکە وەک لە خستنەگەڕی هەندێک لە کارگەکان، دابین کردنی زەوی و زار بۆ کرێکاران، چاککردنی مەرجەکانی ئیشکردن، سەپاندنی هەندێک مەرج بەسەر خاوەن کارگە ئەهلییەکان بۆ ئەوەی ژیانی کرێکاران باشتر بکەین، هەروەها وەک هەندێک لە کارەکانی خزمەتگوزاری، هەرەوەزی، تەندروستی، کە پێویستە بیکەین، دیارە ئەوە لەپێش هەمووشتێک خەباتی خۆتانی دەوێ، یەکێتی ڕیزەکانی خۆتانی دەوێ، هاوکاری و هەماهەنگی خۆتانی دەوێت، لەهەمان کاتدا داواکردنی دەوێت لە حکومەتی هەریم، وە لە بەندەی موخلیستان، ئەوەی کە پەیوەندی بە منەوە هەیە دەتوانم ئا لەم شوێنەوە بەڵێنتان پێبدەم، من پیشەی ئەسڵیم محاماتە، بەڵێن دەدەم دەبمە محامی کرێکاران لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان، وە هەموو داخوازییەکانتان من دەیبەم و دیفاعی لێ دەکەم، وە ئەوەندەی مومکینە بۆتان جێبەجێ دەکەین، شتێکی تریش هەیە کە پێویستە بیخەمەوە یادتان ئەویش ئەوەیە سەرەتای ڕزگاری هەموو چین و گەلێک ئەمەیە کە هەر چینێک خۆی خۆی ڕزگاردەکات، هەرگەلێک خۆی خۆی ڕزگاردەکات، ئەم دەرسە کرێکاران دایان هێناوە لە مێژوودا کە بە خەباتی خۆیان تۆماریان کردووە، ئەی خوشک و برایانی کرێکار پێویستە ئەو دەرسەتان لە بیر نەچێت، کە ڕاتان دەکێشت و دەتان هێنێتەسەر سەرەتای پشت بەخۆ بەستن، خۆتانیش بیربکەنەوە بەتوانی خۆتان بەهاوکاری وهەماهەنگی هاودەردی و هاوخەباتی خۆتان، چیتان پێ جێبەجێ دەکریت و چی مومکینە بکرێت، پێویستە ئێوەش ئیشی بۆ بکەن، وە هیمەتی بۆ بکەن بێگومان لە ئێمەو مانانیشەوە وە بێگومان لە زۆربەی زۆری حزبە سیاسییەکانیشەوە پشتیوانی هاوکاریتان دەبێت.
پێویستە جەژنی کرێکاران بکرێتە بۆنەیەک بۆئەوەی ئێوە خەباتی خۆتان پەرە پێبدەن وە هەم بۆ ئەوەی ئێمەو مانان گوێمان پڕبێت لە داخوازییەکانتان، هەمیشە ئێوە داخوازییەکانی خۆتان بڵێنەوە، هەمیشە هەوڵبدەن ئەوەندەی کە بە ئێمە دەکرێت پێمان جێبەجێ بکەن، ئەوەندەی ئێمەش بۆمان دەکرێت بۆتان جێبەجێ بکەین، ئەوەی تریش پێکەوە خەبات بکەین بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانە بێنە دی، من هیوادارم ئەمساڵ ساڵی گەشەکردن بێت لە زۆر لایەنەوە، وەیەکێک لەوانە لایەنی کرێکارانە، کە ژیانیان باشتربکەین، وە هەوڵبدەین ئەو ئامانجە ڕەوایانەی کە هەیانە لە یاسای کرێکاراندا تۆماری بکەین، وە بیکەین بە بەندی قانونی، دوای ئەوە پێکەوە هەموو لایەکمان هەوڵبدەین بۆ ئەوەی ژیانی ئابووریی خەڵکی کوردستان گەشە پێ بدەین، وڵاتەکەمان وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئەگەر بێت و ڕێگامان بدەن ئەوشتانەی کە هەمانە لە وڵاتەکەی خۆماندا بەرهەمیان بهێنین دەتوانین ژیانێکی خۆش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابین بکەین، ئێمە وڵاتێکین نەوتمان هەیە گازمان هەیە هەموو جۆرە کانزایەکیشمان هەیە، جگە لەوەی وڵاتێکین کە دەشتی کشوکاڵیمان هەیە وەک دەشتی شارەزور، بتوێن، لەگەڵ کەمی بارانی ئەمساڵیش دا وەزعی باشە، هەروەها ئاوی ڕووبارەکان کە باداخەوە بۆ ئێمە بەکەڵک نایەت، ڕەنگە گەلێک لە خوشک و برایان کە لێرەن ئەو ڕاستییە نەزانن کە یەک دڵۆپ ئاوی دوکان و دەربەندیخان بۆ کشتوکاڵ لە کوردستان بەکارنایەت، بەڵکو هەمووی دەڕوات بۆ خواروی عێراق، تەنها یەک کەڵکی هەیە ئەویش بەرهەم هێنانی کارەبایە، لەبەر ئەوە پێویستە بیربکەینەوە لە گەشەپێدانی وەزعی کشتوکاڵیمان بە لێدانی بیری ئیرتیوازی، حکومەتەکەمان داوای کۆمەڵێک ئامێری کردووە کە داواکە بۆ هەڵکەندنی ٦٠ بیرە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق ئەوەندەی پێی دەکرێت ڕێگە دەگرێت لە هێنانی کە هەتا ئێستا ڕێگەی بە هاتنی یەک تاکە بیرهەڵکەن داوە ئەویش هەندێک شتی لێ گێڕاوەتەوە دەڵێت ئەمە بەکاردێت بۆ بیری قوڵ ڕەنگە لە دوارۆژدا بۆ هەڵکەندنی بیری نەوت کەڵکی لێوەرگرن، بەم جۆرە تەماشادەکەین لەچەندین لاوە ئابڵوقەدراوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان بژین، توانیومانە گەشە بکەین و ساڵ بە ساڵ وەزعمان باشترە لە پار، بۆ ئەمساڵیش ئیشەڵا وەزعمان باشتردەبێت و داخوازییەکانی کرێکاران ئەوەندەی لە توانادایە دەیهێنینەدی، بەڵام دیسان ئەم ڕاستییەتان نابێت لە بیربچێتەوە کە هەموو شتێک بەندە بە خەبات و تیکۆشان و یەکخستنی ڕیزەکانی خۆتان، من بەناوی یەکێتییەوە بەڵێنتان دەدەمێ پشتیوانی تەواوتانبین بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانتان، وە بێگومان ئێوەش هەوڵدەدەن بۆ باشکردنی بەرهەم هێنان و دابین کردنی پێویستییەکانی زیادکردنی بەرهەم هەروەها هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی هاوکاربن لە گەشەکردنی کوردستانە ڕزگارەکەی خۆماندا، ئەوەندەی پەیوەندی بە منیشەوە هەیە لە بابەتی قانونی و بەرزکردنەوەی داخوازییەکانتان بۆ حکومەتی هەرێم من وەک وتم دەبمە وەکیلی ئێوە، تکام وایە هیچ برادەرانی سەندیکاکان نەسڵەمێنەوە لەوەی کە هەروەختێک ویستیان داخوازییەکانیان بە من ڕابگەیەنن و بیانبینم وە گوێیان لێ بگرم کە بەپێی توانا یارمەتیان بدەین، وە لەو بوارانەی کە مومکینە لەئێستادا ئامانجەکانیان بۆ جێبەجێ بکەین، لەوبوارانەش کە پەیوەندی بە دواڕۆژەوە هەیە پێکەوە خەبات دەکەین بۆ بەدی هێنانیان، هەرچۆنیک بێت پێویستە ئەو ڕاستییەشمان لە بیرنەچێت کە ڕزگاربوونی کوردستان ڕزگاربوونی سیاسی تا ڕادەیەکی باش هاتۆتە دی، بەڵام ڕزگاربوونی ئینسانی کورد لە زوڵم و زۆری چەوساندنەوەو توندوتیژی خەباتێکی دوور و درێژی دەوێت، خەباتێکی نەپساوەی بە پشووی درێژ و ژیر و هۆشیارانەی دەوێت کە هیوادارم ئێوە ڕۆڵە و پێشمەرگەی ئەم خەباتەبن، هیوادارم کرێکارانی کوردستان وەک دەوریان لە مێژووی خۆیاندا لە نێوچەوانیان نووسراوە کە پێشڕەوبن لە خەباتی سیاسی چینایەتی کۆمەڵایەتیدا، ئاوهاش پێشڕەوبن لە گەشەپێدان لە پێشخستنی کوردستان و لە بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانیشمان، چونکە بەبێ ئامانجە سیاسییەکان ناتوانین ئامانجەکانی کۆمەڵایەتیی ئابووری جێبەجێ بکەین، بەتایبەت لە ئامانجی بەدیهێنانی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵی سەربەخۆدا کە لە چوار چیوەکەیدا خەڵکی کوردستان بە مافی چارەنووسی خۆیان شادبن کە بەشێوەی فیدڕاڵی بێت یان بە هەرشێوەیەکی تر، بتوانن کەڵک وەرگرن لەسەروەت و سامانی کوردستان وە سەروەت و سامانەکەش سەرف بکرێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان، لە پێش هەموویانەوە بۆ ڕەنجدەرانی بیروبازووی کوردستان وە بۆ جەماوەرو کۆمەڵانی خەڵک، هیوادارم ئەو ئاواتە ئاواتێکبێت کە هەموومان بە پەرۆشەوە خەباتی بۆ بکەین و لەماوەیەکی کورتدا پێی شادبین، بۆ خەباتەکەتان ئاواتی سەرکەوتن و بۆ خۆشتان ئاواتی شادی سەربەرزی دەخوازم.
هەمیشە هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن و زۆر سوپاس.
"من پیشەی ئەسڵیم محاماتە، بەڵێن دەدەم دەبمە محامی کرێکاران لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو داخوازییەکانتان من دەیبەم و دیفاعی لێدەکەم، ئەوەندەی مومکینە بۆتان جێبەجێ دەکەین"
سەرۆک جەلال تاڵەبانی
"پێویستە جەژنی کرێکاران بکرێتە بۆنەیەک بۆئەوەی ئێوە خەباتی خۆتان پەرە پێ بدەن، هەم بۆ ئەوەی ئێمەو مانان گوێمان پڕبێت لە داخوازییەکانتان، وە هەمیشە ئێوە داخوازییەکانی خۆتان بڵێنەوە، هەمیشە هەوڵبدەن ئەوەندەی کە بە ئێمە دەکرێت پێمان جێبەجێ بکەن، ئەوەندەی ئێمەش بۆمان دەکرێت بۆتان جێبەجێ بکەین"
× ئەم وتارە بەرهەمی بەشی ئەرشیفی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانییە