پێگه‌ی ژن، له مێژووی نوێی كورددا له بوێریی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب-ه‌وه بۆ بوێری و خاکەڕایی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
2026-05-05
له‌م رۆژانه‌دا، چه‌ند بابه‌تێكم له‌سه‌ر پێگه و دانایی (حه‌پسه‌خانی نه‌قیب) خوێنده‌وه، كه به‌راستی چه‌ندی له‌باره‌وه بنووسین و بڵێین كه‌مه، چونكه تاكه ژنی كورده كه له بیسته‌كان و سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، چه‌ند جارێك نامه‌ی تایبه‌تی ناردووه بۆ باره‌گای كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له جنێف و تێیدا باسی ئه‌و سته‌م و زۆرداری و غه‌درانه‌ی كردووه كه له كورد كراون، دیاره ئه‌و نامانه‌ی حه‌پسه خانی نه‌قیب به ئێستاشه‌وه بوونه‌ته به‌ڵگه‌ی گرنگ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژووی نوێی گه‌له‌كه‌مان و سوودی زۆر لێده‌بینرێت. یان كاتێك لە ساڵی 1923دا، سمکۆی شکاک ھاتە سلێمانی و پێشوازیی لێ‌کرا، ژنانی سلێمانی بە کاریگەریی حەپسەخان رۆڵی بەرچاویان ھەبووە و رژاونەتە سەر شەقامەکان و پێشوازی گه‌رمیان لێكردووه و ته‌نانه‌ت سمكۆی شكاك تووشی سەرسووڕمان بووه له‌وه‌ی كه كورد جگه له پیاوان، ئه‌م هه‌موو ژنه بوێر و چاونه‌ترس و ئازایه‌ی هه‌یه.
جگه له‌مانه‌ش لە 28ی حوزەیرانی 1930دا، یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد بە سەرۆکایەتی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە و كاریگه‌ریی زۆری هه‌بووه له هۆشیاری ژنان له‌و سه‌رده‌مه‌دا. ئه‌م گه‌وره‌یی و بوێرییه‌ی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب هانی دام بۆ پێگه‌ی ژنی كورد له رابردوو بگەڕێم، كه چۆن و بۆچی ژنی كورد دره‌نگ گه‌شاونه‌ته‌وه و هه‌میشه وه‌كو مرۆڤی پله دوو ته‌ماشاكراون به به‌راورد به پیاو.
بەشداریی ژن لە هەولێر و سلێمانی
سه‌ره‌تا هه‌ندێك زانیاریی گرنگم ده‌ستكه‌وت كه به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی حكومه‌تی عیراق، له ساڵی 1952 له هه‌موو پارێزگای هه‌ولێر ته‌نیا (759) و له هه‌موو پارێزگای سلێمانی (1132) كچ ده‌چوونه قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی. له هه‌ولێر ته‌نیا 39 و له سلێمانیش ته‌نیا 49 مامۆستای ژن هه‌بوون و وانه‌یان وتۆته‌وه، جا به‌راوردكارییه‌كه لێره‌دایه، چونكه هه‌ر ئه‌و ساڵه، واته ساڵی 1952 هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی له به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتووه، بۆ نموونه له شاری هه‌ولێر رێژه‌ی ژنانی نیشته‌جێ (131288) ژن بوون، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له پێنج ساڵان زیاتر بوون و نه‌خوێنده‌وار بوون گه‌یشتبووه (107940) ژن و له‌م ژماره زۆره ته‌نیا (759)یان خرابوونه به‌ر خوێندن، له سلێمانیش (124633) ژنی نیشته‌جێ هه‌بوو، ژماره‌ی ئه‌وانه‌یان له پێنج ساڵان زیاتر و نه‌خوێنده‌وار بوون، گه‌یشتبووه (101886) ژن، له‌م ژماره‌یه‌ش ته‌نیا (1132) كچ خرابوونه به‌ر خوێندن.
به‌م رێژه و ژمارانه‌ش بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ژنی كورد له دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌میش هه‌ر له كۆمه‌ڵگای كوردی به چاوێكی نزمتر له پیاو ته‌ماشاكراوه، هه‌رچه‌نده له‌و نێوه‌نده‌دا چه‌ندین كه‌ڵه ژن هه‌ڵكه‌وتوون و مێژوو و پێگه‌ی ژنی كوردی‌یان بۆ هه‌تاهه‌تایه به به‌رزی هێشتۆته‌وه، دیاره جگه له حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، بۆ نموونه (مینا خان)ی هاوسه‌ری قازی محه‌مه‌دی نه‌مر، له رۆژگاری كۆماری کوردستان لە مه‌هاباد جێگه‌ی حه‌پسه‌خانی نه‌قیبی گرتبۆوه و ته‌نانه‌ت به یه‌كه‌م ژن داده‌نرێت له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خه‌ریكی دروستكردنی رێكخراوێك بووه بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانی ژنان. دیاره چه‌ندینی تریش هه‌ڵكه‌وتوون وه‌كو قه‌ده‌م خێر و عادیله‌خانم و سه‌وسه‌ن ئه‌میری و له‌یلا قاسم و ره‌وشه‌ن به‌درخان و له‌یلا به‌درخان و له‌یلا زانا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ژنه شه‌ڕڤانه‌كانی رۆژئاوا و زۆری دیكه‌ش.
هێرۆخان ژنە پۆڵاینەکە
خۆ ئه‌گه‌ر قۆناغی دوای مینا خان-ی ژنه تێكۆشه‌ری رۆژهه‌ڵات وه‌ربگرین، ئه‌وا له باشووری كوردستان له ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاكان به‌دواوه تا راپه‌ڕینی 1991 و دوای ئه‌وه‌ش، ژنه تێكۆشه‌ر و سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌كو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م ژنه پۆڵاینه، جگه له‌وه‌ی كچی سه‌ركرده و رووناكبیر و سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌ی كورد مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بوو، له‌هه‌مان كاتدا هاوسه‌ری كاریزمای دیاری کورد و جیهان سه‌رۆك مام جه‌لال تاڵه‌بانی بوو، ئه‌م ژنه تێكۆشه‌ره نموونه‌ی بوێریی و به‌رخودان و دروستكردنی رۆحییه‌تی خاکەڕایی و گه‌وره‌یی ژنانی كورد بووه، چونكه باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌وه‌ی به (هێرۆ خان) كراوه به هیچ ژنێكی دیكه بكرێت، بۆ نموونه له مێژووی هیچ میلله‌تێك نه‌بووه و نه‌مبیستووه، كه هاوسه‌ری سه‌رۆكی حزبێكی گه‌وره كه خاوه‌ن 26 هه‌زار شه‌هید بێت و خاوه‌ن سه‌دان هه‌زار ئه‌ندام بێت، كه‌چی له پێناو پاراستنی ئه‌رشیف و خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌ی كاری كامێرامانی كردووه له شاخ، ته‌نانه‌ت كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی له لووتكه‌ی به‌هێزیی خۆیدا بووه و له گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی له ساڵی 1984 له نه‌ورۆزی سورداش، مام جه‌لال وتاره مێژووییه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد، ئه‌م هێرۆ خانه، به كامێراكه‌ی خۆیه‌وه و له‌ناو ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه وێنه و ڤیدیۆی وتاره‌كه‌ی گرتووه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه خاکەڕایی و گه‌وره‌یی ژنێكی كورد نه‌بێت ئه‌ی چییه؟!
دواتریش هه‌ر راسته‌وخۆ له داوی راپه‌ڕینی 1991ی باشووری كوردستان، یه‌كه‌م كاری هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، پاراستنی شوێنه‌وار و ماڵ و شوێنه گرنگه‌كانی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌تایبه‌ت له شاری سلێمانی كه ئێستاش به شانازییه‌وه باسیان ده‌كرێت كه هێرۆ خان خاوه‌نی ئه‌م سه‌روه‌رییه‌یه، جگه له‌وه‌ش یه‌كه‌م رێكخراوی تایبه‌ت به منداڵانی دامه‌زراند به‌ناوی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان كه ئێستاش به‌رده‌وامه له به‌خششه‌كانی بۆ منداڵان و به‌كاریگه‌رترین رێكخراو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عیراق داده‌نرێت بۆ به‌رگریی له مافه‌كانی منداڵان، هه‌روه‌ها پشتیوانیی له چه‌ندین ژن كرد بێنه پێشه‌وه.
پێگه‌ی ژن لای رووناكبیرانی كورد
یه‌كێكی دیكه له‌و كه‌موكوڕی و نادادیانه‌ی به‌رامبه‌ر به ژنی كورد كراوه و ئێستاش ده‌كرێت، نووسه‌ر و رووناكبیر و شاعیرانمان لێی به‌رپرسن، چونكه ئه‌و هه‌موو رووناكبیره‌ی كورد له کۆنەوە تا ئه‌مڕۆ به ده‌گمه‌ن چه‌ند كه‌سێكیان ستایشی گه‌وره‌یی ژنیان كردووه، ئه‌وانه‌ی دیكه ته‌نیا باسیان له جوانی و دڵدارییکردن کردووە و حه‌زه‌كانی خۆیان له رێگه‌ی شیعر و نووسینه‌وه به‌تاڵ كردۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ كه‌ڵه‌شاعیریش (نێر و مێ) لایان وه‌كو یه‌ك بووه و ره‌نگیداوه‌ته‌وه له‌به‌رهه‌مه‌كانیان، وه‌كو حاجی قادری كۆیی و مه‌لای گه‌وره و بێكه‌س و گۆران و هێمن موكریانی و...هتد، بۆ نموونه پیاوێكی گه‌وره‌ی وه‌كو مه‌لای گه‌وره، به‌ر له‌هه‌موو كه‌سێك كچه‌كەی خۆی خستۆته به‌ر خوێندن له‌شاری كۆیه، بۆ ئه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵگاكه بڵێت، ژنیش وه‌كو پیاو مافی هه‌یه و گرنگترین مافیش خوێنده‌وارییه و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه خه‌ڵكێكی زۆری شاری كۆیه و ده‌ورووبه‌ری و ته‌نانه‌ت شاری هه‌ولێریش به‌و هه‌ڵوێسته‌ی مه‌لای گه‌وره كاریگه‌ر بن و كچه‌كانیان ناردۆته به‌ر خوێندن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بۆ نموونه مێژوونووس و لێكۆڵیاری گه‌وره‌ی كورد كه‌مال مه‌زهه‌ر، له‌باره‌ی كچانی كورده‌وه ده‌ڵێت: (له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی له عیراق كچه كورده‌كانی زانكۆی به‌غدا ئازایانه له خۆپیشاندانه نیشتمانییه‌كان و ئاهه‌نگه نهێنییه‌كانی نه‌ورۆز به‌شدار ده‌بوون، ئه‌م ناوانه به‌شێكن له‌وانه‌ی به‌چاوی خۆم دیومن و له بیرمن: خوالێخۆشبوو رووناك زوهدی، نه‌وزه‌ر نوری، نازه‌نین ساڵح قه‌فتان، حۆریی عه‌لی ئاغا، دره‌خشانی عارق نه‌جیب، شه‌وقییه ئه‌حمه‌د، دره‌خشانی شێخ جه‌لال، زه‌كێی عومه‌ری سام ئاغا، سوره‌یا محه‌مه‌د، نه‌زیره ره‌شید، ناجی مسته‌فا و گوڵشه‌ن ر‌واندزی و ژماره‌یه‌كی تر).