مام جەلال چرایەک لە تاریکستاندا

2026-06-19



مێژووی گەلان پێمان دەڵێت کە سەرکردە مەزنەکان تەنها بەڕێکەوت دروست نابن، بەڵکو ئەوان زادەی قۆناغە سەختەکان و وەڵامدەرەوەی ویستی نەتەوەکانیانن لە پێناو ئازادیدا. لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، هیچ ناوێک وەک ناوی سەرۆک مام جەلال نەبووەتە چەترێک بۆ کۆکەرەوەیی، سیمبولێک بۆ حیكمەت، و خوێندنگایەك بۆ دیپلۆماسیەت و ژیریی سیاسی، ئەو تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو تەلارساز و ئەندازیاری قۆناغێک بوو کە کوردی لە پەراوێزی مێژووەوە گواستەوە بۆ ناوەندی بڕیاری سیاسی لە ناوچەکە و جیهاندا.
ژیانی مام جەلال، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خەباتی نیو سەدەی نەتەوەیەک بوو، لە سەرەتای لاوێتییەوە وەک شۆڕشگێڕێکی بەورە لە شاخەکانی کوردستانەوە دژی ستەمکاری جەنگا، بەڵام جیاوازیی گەورەی ئەو لەوەدا بوو کە تفەنگەکەی سەر شانی هەمیشە لەژێر چاودێری بیرکردنەوە و ڕوانگە قووڵە سیاسییەکەیدا بوو، ئەو باش دەیزانی کە دۆزی ڕەوای کورد لە پاڵ خەباتی چەکداریدا، پێویستی بە ئەقڵێکی ستراتیژی و زمانێکی دیپلۆماسیی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی دەنگی مەزڵومیەتی کورد بگەیەنێتە پایتەختەکانی بڕیار لە جیهاندا.
کاتێکیش وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عێراقدا هەڵبژێردرا، ئەو تەنها نوێنەرایەتی پێکهاتەیەک یان لایەنێکی نەدەکرد، بەڵکو بووە "سەمامەی ئەمان" و شادەماری ئارامی و هێمای یەکپارچەیی و قبوڵکردنی ئەوی دی، ئەو سەلماندی کە کورد دەتوانێت لە لوتکەی دەسەڵاتی دەوڵەتێکی ئاڵۆزی وەک عێراقدا بێت و بە حیكمەتی خۆی، هاوسەنگی لە نێوان هەموو نەیارەکاندا ڕابگرێت.
هێزی ڕاستەقینەی مام جەلال لە توانای بێوێنەی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکاندا بوو لە نێوان نەیارە هەرە سەرسەختەکاندا. فەلسەفەی سیاسی ئەو لەسەر بنەمای "دیالۆگ و تەبایی" داڕشتبوو. کاتێک قەیرانەکان لە کوردستان یان لە بەغدا دەگەیشتنە بنبەست، تەنها حیكمەت و زەردەخەنە پڕ لە متمانەکەی مام جەلال بوو کە دەبووە پردێک بۆ پەڕینەوە بەرەو ئاشتی. ئەو هەمیشە ماڵی کوردی وەک چەترێکی گەورە دەبینی کە دەبێت شوێنی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی تێدا ببێتەوە، چونکە بڕوای تەواوی بەوە هەبوو کە سەرکەوتنی نەتەوە تەنها لە یەکڕیزیدا کورت دەبێتەوە.
خزمەتی سەرۆک مام جەلال بە نەتەوەکەی، خزمەتێکی دروشماوی نەبوو، بەڵکو خزمەتێکی دامەزراوەیی و دەستووری بوو. لە ژێر سایەی سەرکردایەتی و چاودێری ئەودا، مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران، کە ئەوەش گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی بوو بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئەو زمانحاڵی گەلێکی بندەست بوو کە توانی بە زمانی یاسا، دیپلۆماسیەت و مەنتیق، دۆزی کورد لە مەترسییەکانی لەناوچوون بپارێزێت و بیخاتە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان.
سەرۆک مام جەلال مێژوویەکی لە دوای خۆی جێهێشت کە ناتوانرێت لە چەند دێڕێکدا کورت بکرێتەوە. ئەو کۆچی دوایی کرد، بەڵام خوێندنگا سیاسییەکەی، فەلسەفەی تەباییەکەی، و ڕوانگە ستراتیژییەکەی بۆ هەمیشە وەک چرایەکی ڕووناک بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندەی کوردستان دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ، گەورەترین وەفا بۆ ئەم سەرکردە مەزنە، گرتنەبەری هەمان ڕێبازی حەکیمانەی ئەوە؛ ڕێبازی دیالۆگ، یەکڕیزی، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و کارکردن بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوردستان لە هەموو کایەکاندا. مام جەلال تەنها سەرۆکێک نەبوو، بەڵکو ناسنامەی سەردەمێک لە ژیریی سیاسی بوو کە هەمیشە لە یادەوەریی مێژوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

زیاتر بخوێنەرەوە

د. ژینۆ عەبدوڵڵا

خاك و هێرۆخان
Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved