سەرۆک مام جەلال؛ خوێندنگەی کوردایەتی

2026-08-02
 
کاتێک ناوی سەرۆک مام جەلال بە چەمکی کوردایەتییەوە دەبەستینەوە، تەنها باس لە وشە و زاراوەیەک ناکەین، بەڵکو باس لە خوێندنگەیەکی فکری، نیشتمانی و مرۆڤایەتی دەکەین. لەناو ئەو خوێندنگەیەدا، سەرۆک مام جەلال دامەزرێنەر و مامۆستای بووە، ئێستا و پاش رۆژگارێک لە کۆچەکەی، ئەو خویندنگەیە هەر بەهێز، بە پێز و بە بەرهەم ماوەتەوە و نەوە دوای نەوە پێدەگەیەنێت.

ـ سەرۆک مام جەلال لەو خوێندنگە گەورەیەوە فێری دەکردین، کە کوردایەتی تەنها هەڵگرتنی ئاڵا و دروشم نییە، بەڵکو بریتییە لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک، دڵسۆزی بۆ نیشتمان و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لە هەموو دۆخێکدا. لە ژیانی ئەودا کوردایەتی بە کردار دەبینرا، نەک تەنها بە قسە.


ـ گەورەییی سەرۆک مام جەلال لەوەدا بوو کە خەباتی چەکداری، تێکۆشانی سیاسی و داناییی دیپلۆماسی بەیەکەوە کۆکردبووەوە. ئەو دەیزانی کە سەرکەوتنی گەلان تەنها لە مەیدانی شەڕدا بەدەست ناهێندرێت، بەڵکو پێویستی بە بیرکردنەوەی قووڵ، ستراتیژیی دروست و توانای گفتوگۆ هەیە.


ـ ئەو باوەڕی وابوو کە یەکگرتوویی، هێزی گەلە. هەرچەندە جیاوازیی سیاسی و فکری هەبێت، بەڵام هەموو ئەوانە دەکرێت لەپێناوی بەرژەوەندیی نیشتماندا لەسەر یەک مێز کۆببنەوە. ئەم بیرۆکەیە بوو کە سەرۆک مام جەلالی کرد بە سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو و سەرکەوتوو، ڕابەر و سەرکردەیەک هەمیشە ئامادە بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی چارەسەر.

ـ خوێندنگەی سەرۆک مام جەلال نەوەکان فێر دەکات کە سەرکردایەتیکردن بە مانای گوێگرتنە پێش قسەکردن، هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە پێش داواکاری، خزمەتکردنی خەڵکە پێش هەر بەرژەوەندییەکی تایبەت. ئەو باوەڕی وابوو ئەو سەرکردەیەی خەڵکی خۆی خۆش دەوێت، دەبێت لەکاتی سەختیدا لە پێش هەمووانەوە بێت، نەک لە دواوەیان.


ئەمڕۆ، پاش تێپەڕبوونی ساڵان، هێشتا بیر و میراتی سەرۆک مام جەلال زیندون و بە زیندویی دەمێننەوە، چونکە ئەو تەنها یادەوەرییەکی بەجێنەهێشت، بەڵکو خوێندنگەیەکی تەواوی بەجێهێشت، خوێندنگەیەک، کە وانەکانی بریتین لە یەکگرتوویی، ئازایەتی، دانایی، لێبوردەیی، گفتوگۆ و خزمەتکردن بە خەڵک و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان.

سەرۆک مام جەلال بە کردار سەلماندی کە کوردایەتی ئەخلاقە، بەرپرسیاریەتییە و پەیامێکی مرۆڤایەتییە. هەر بۆیە ناوی ئەو تەنها بەشێک لە مێژووی کوردستان نییە، بەڵکو پەڕەیەکی درەوشاوەیە لە خوێندنگەی گەورەی کوردایەتیدا، خوێندنگەیەک کە هەر نەوەیەک دەتوانێت لێی فێری خۆشەویستیی نیشتمان، دانایی لە بڕیاردان و دڵسۆزی بۆ گەل ببێت.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

ڕەئووف تۆفیق هەمەوەندی

هەنارەکانی سەرۆک مام جەلال
Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved