سەرۆک مام جەلال؛ پەیامهێنەری ئاشتی و دادپەروەری

2026-08-30
باس لە بیرمەندێك دەکەین کە سیاسەتی بە خزمەتکردنی مرۆڤ، ئاشتی و دادپەروەری گرێ دا ئەویش مام جەلال بوو.

مام جەلال باوەڕی وابوو کە هێزی ڕاستەقینە لە دەنگی گەل، گفتوگۆ و پێکەوەژیان‌دایە؛ نەك لە توندوتیژی و سەپاندنی ئیرادە، بۆیە لە دژوارترین قۆناغەکاندا پردی نێوان جیاوازییەکان بوو و هەمیشە هەوڵی دەدا ناکۆکییەکان بە زمانی لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن.

سۆشیال‌دیموکراتی لە ڕوانگەی مام جەلالدا تەنها دروشمێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو ڕێبازێك بوو بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەك کە تێیدا ئازادی و دادپەروەری هاوشان بن، کرێکار و جوتیار مافەکانیان پارێزراو بێت، ژنان بەشدارییەکی ڕاستەقینەیان هەبێت و گەنجان دەرفەتی خوێندن، کار و داهێنانیان بۆ بڕەخسێت.

لە فەلسەفەی سۆشیال‌دیموکراتیدا، حکومەت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییە، نە بۆ زاڵبوون بەسەریدا، سامانی وڵات هی هەمووانە و دەبێت بە دادپەروەری بۆ پەرەپێدانی پەروەردە، تەندروستی، کار و ژیانێکی شایستە بەکاربهێنرێت، ئەمەش ئەو پەیامە مرۆییەیە کە مام جەلال لە درێژایی خەبات و ژیانی سیاسیی خۆیدا هەڵگری بوو.

مام جەلال فێری کردین کە کوردستان بە یەکڕیزی بەهێز دەبێت، بە دیموکراسی پێش دەکەوێت و بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئارام دەگرێت، ئەو نیشانی دا کە خۆشەویستی نیشتمان تەنها بە قسە نییە؛ بە خزمەتکردن، لێبوردەیی و پاراستنی کرامەتی مرۆڤە.

ئەمڕۆ، باشترین ڕێزلێنان لە یاد و مێژووی مام جەلال ئەوەیە بیر و ڕێبازەکەی بکەینە کردار؛ لەبری دووبەرەکی، یەکڕیزی هەڵبژێرین؛ لەبری نادادپەروەری، یەکسانی؛ لەبری بێ‌هیوایی، داهاتوویەکی ڕوون بۆ گەنجان؛ و لەبری ملمڵانێ، گفتوگۆ و ئاشتی.

تێکەڵکردنی خەباتی نەتەوەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥، مام جەلال ئاراستەیەکی نوێی خستە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. ئەو باوەڕی وابوو کە خەباتی نەتەوەیی بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادییەکانی تاک و مافی ڕەنجدەران بەئەنجام ناگات. ئەم تێڕوانینە بووە هۆی ئەوەی کە هزری سۆشیال دیموکراتی بکاتە هەوێنی سەرەکی بۆ ئایدۆلۆژیای حیزبەکەی.

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئینتەرناسیۆناڵی سۆشیالیست
مام جەلال لێهاتووییەکی بێئەندازەی لە دیپلۆماسیدا هەبوو، ئەو توانی دۆزی کورد لە ئاستی هەرێمییەوە بەرێتە ناو کۆڕبەندی جیهانی. هەنگاوی زێڕینی ئەم ئاراستەیە ئەندامبوونی یەکێتی بوو لە رێکخراوی ئینتەرناسیۆناڵی سۆشیالیست، مام جەلال وەك جێگری سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە هەڵبژێردرا، کە سەکۆیەك بوو بۆ ناساندنی مەزڵومیەتی گەلی کورد بە حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی ئەوروپا و جیهان.
بنەما سەرەکییەکانی هزری سۆشیال دیموکراتی لای مام جەلال
دیالۆگ و فرەیی (پڵورالیزم) و باوەڕبوونی تەواو بە فرەحیزبی، ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە ڕای جیاواز، مافی ژنان و توێژەکان و پشتگیریکردنی بەهێزی ئازادیی ژنان و بەشداریپێکردنیان لە کایەی سیاسیدا، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و کارکردن بۆ نەمانی فاشیزم و نەتەوەپەرستی و جێگیرکردنی سیستەمێکی فیدراڵی دیموکرات لە عێراقدا کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت.
کارتێکەری لە قۆناغی سەرۆک کۆماریی عێراقدا
کاتێك لە ساڵی ٢٠٠٥ مام جەلال بووە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق، پرەنسیپەکانی سۆشیال دیموکراتی لە سیاسەتی بەڕێوەبردنیدا ڕەنگی دایەوە. ئەو وەک "چەتری کۆکەرەوە"ی تەواوی پێکهاتەکان (شیعە، سوننە، کورد، تورکمان و مەسیحی) کاری دەکرد و ڕێگری لە جەنگی ناوخۆیی و ئیتنی دەکرد، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەهای ئاشتی و پێکەوەژیانی سۆشیال دیموکراتی بوو.
مام جەلال توانی سۆشیال دیموکراتی لە دروشمێکی تیۆرییەوە بگوێزێتەوە بۆ پراکتیکێکی سیاسی کە ڕۆڵی هەبوو لە هاوچەرخکردنی کۆمەڵگەی کوردی و ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا.

مام جەلال ئەو بیرۆکەیەکی زیندووە، بیرۆکەی ئاشتی، دیموکراسی، دادپەروەری و خزمەتکردنی گەل.

ڕێبازی مام جەلال، ڕێبازی پێکەوەژیانە؛
ڕێبازی سۆشیال‌دیموکراتی، ڕێبازی دادپەروەرییە؛
و داهاتووی کوردستان، بە یەکڕیزی و ئیرادەی گەل دروست دەبێت.

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved