هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال بۆ بووژاندنەوەی ئابووری

2026-09-07
سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی یەکێك بوو لەو ڕێبەرانەی باوەڕی وابوو ئازادیی سیاسی بەبێ گەشەی ئابووری و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان، مانای تەواوی خۆی بەدەست ناهێنێت، لە دیدگای ئەودا ئابووری تەنها ژمارە و بودجە نەبوو، بەڵکو بنەمای ئارامیی کۆمەڵایەتی، سەقامگیریی سیاسی و داهاتووی وڵات بوو.

سەرۆک مام جەلال کەرتی تایبەتی بە ڕکابەری دەوڵەت نەدەزانی، بەڵکو بە هاوبەشێکی سەرەکیی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی دادەنا، بۆیە پشتیوانی لە بازرگانان، پیشەسازان و سەرمایەداران دەکرد، تا بە دامەزراندنی کارگە و پڕۆژەی بەرهەمهێن، هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن و بازاڕی ناوخۆ بجووڵێنن.

یەکێك لە هەنگاوە گرنگەکانی، دروستکردنی پردی گفتوگۆ لەنێوان دەسەڵات و خاوەن‌کاران بوو، ئەو پێی وابوو گوێگرتن لە گرفت و پێشنیارەکانی کەرتی تایبەت، بڕیارە ئابوورییەکان واقیعی‌تر و کاریگەرتر دەکات هەروەها سەروەریی یاسا، ئارامی، پاراستنی مافی خاوەندارێتی و کەمکردنەوەی ڕوتین بە بنەمای ڕاکێشانی سەرمایە دەزانی.

سەرۆک مام جەلال گرنگییەکی زۆری بە پیشەسازی، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەدا، باوەڕی وابوو پشتبەستن تەنها بە نەوت و هاوردەکردن، ئابووری لاواز و ناسەقامگیر دەکات، بۆیە داهاتی سامانە سروشتییەکان دەبوو بۆ دروستکردنی کارگە، نوێکردنەوەی ژێرخان و تواناسازیی گەنجان بەکاربهێنرێت.

لە ڕێبازی ئەودا، گەنج تەنها چاوەڕوانی دامەزراندنی حکومی نەبوو، بەڵکو دەبوو بە خوێندن، ڕاهێنان و پشتیوانیی دارایی، ببێتە خاوەنی بیرۆکە و پڕۆژەی تایبەت، چونکە ڕەخساندنی هەلی کار، نەك تەنها چارەسەری بێکارییە، بەڵکو هیوای گەنجان بە نیشتمان بەهێز و کۆچکردن کەم دەکاتەوە.

سەرۆک مام جەلال هەروەها گەشەپێدانی هاوسەنگی بە گرنگ دەزانی، واتە سەرمایەگوزاری نابێت تەنها لە چەند شارێکدا کۆبکرێتەوە، بەڵکو دەبێت شار و گوند و هەموو ناوچەکان، بەپێی توانای کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتیارییان، لە دەرفەتی گەشەپێدان بەهرەمەندبن.

بنەمای هەرە دیاری ڕێبازی مام جەلال، گفتوگۆ، ئاشتی و پێکەوەژیان بوو، ئەو دەیزانی کە ناسەقامگیری متمانەی ئابووری لەناو دەبات، بەڵام ئارامی دەرگا بۆ سەرمایەگوزاری، بەرهەمهێنان و گەشەپێدان دەکاتەوە.

باشترین شێوازی بەردەوامیدان بە هەنگاوەکانی مام جەلال، تەنها دووبارەکردنەوەی دروشمەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی دیدگاکانی بۆ پلان و کرداری ڕاستەقینەیە کەرتێکی تایبەتی چالاك، یاسای دادپەروەرانە، پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆیی، ڕێگرتن لە گەندەڵی و قۆرخکاری و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان.

میراتی ئابووریی سەرۆک مام جەلال لە پەیامێکی ڕووندا پوخت دەبێتەوە کە ئابووری لە خزمەتی کۆمەڵگا، سەرمایە لە خزمەتی بەرهەمهێنان و دەسەڵات لە خزمەتی دادپەروەریدا بێت، بەردەوامیدان بەو ڕێبازە دەتوانێت بناغەی وڵاتێکی بەهێز، بەرهەمهێن و سەقامگیر دابنێت.
 

زیاتر بخوێنەرەوە

Copyright © 2026 . PJT Foundation. All right reserved